کاتێک ڕابەر لە ئاپۆڕەی ناڕەزایەتی چەوساوەکانەوە دێتە دەر…!

لە بیستەمین ساڵیادی تیرۆری هاوڕێیان شاپورو قابیلدا

نووسینی: مزەفەر عەبدوڵا

بیست ساڵ لەمەوبەر لە ڕێکەوتی ١٨-٤-١٩٩٨ دا بە ئاشکرا لەناو شاری هەولێرو لە سایەی دەسەڵاتی پارتی لەلایەن چەند کەسێکی سەر بە تاقمە ئیسلامییە تیرۆریستەکانەوە دوو ڕابەری جەسورو ماندونەناس و دڵسۆزی جەماوەری چەوساوەی کوردستان، بە تایبەتی خەڵکی ئاوارەو بێخانەو لانەو بێکارو هەژار، و لایەنگرانی مافەکانی ژنان تیرۆر کران، کە ئەوانیش هاوێیان شاپور عەبدولقادرو قابیل عادل لە ڕابەرای حزبی کۆمۆنیستی کرێکاری بوون.

ئەگەر چی ئەو کات پارتی کەسانێکی دەسگیر کرد کە گوایە هەستاون بەم تاوانە، بەڵام ئەوەی گومانی تیا نییە تا ئیستاش ئەوەیە کە هاندەرو بڕیاردەری سەرەکی ئەم تاوانەیان نەک هەر دەسگیر نەکردوە، بەڵکو پارتی بۆ مەبەستەکانی خۆی پلەو پایەی پێداون و کردویانن بە ئەندام پەرلەمانییش چ لەسەر لیستی پارتی چ لەسەر لیستی ئیسلامییەکان. ئەوانەش مەلا بەشیری سەر بەپارتی کە بە ئاشکرا لە خوتبەری رۆژی هەینییەوە هانی خەڵک دەدات بۆ کوشتنی هاوڕێیان هەروەها  مەلا بیلالی سەر بە کۆمەڵی ئیسلامیش بە پێی دانپیانانی یەکێک لەوانەی دەسگیرکراون باسی چۆنێتی کوشتنیان دەگێڕێتەوەو دەڵێت ئەوان دەستەیەکی چوارکەسی بوونە لەلایەن مەلا بیلالەوە راستەوخۆ سەرپەرشتی کراون تا ئەم تاوانە ئەنجامدەن. کەچی ئەم دوو کەسە تا ئێستا ئازادن وەک سەدان و هەزاران تاوانباری تیرۆریستی تر.

هەمو ئەم بەڵگانە لە کاتێکدایە کە ڕابەری حزبی کۆمۆنیست لەو ساتەوە چەندین جار لە ڕووی یاساییەوە دەستی بردوە بۆ ئەم کەیسەو بە جدی دادگای لێیان گرتووە، بەڵام پارتی هەر جارەی بۆ مەبەستێکی خۆی ئەم دەست و ئەو دەستی پێدەکات.

خۆ هەر کاتێکش کێشەو ململانێیان لەگەڵ تاقمە ئیسلامییەکان توند بووبێتەوە ئەوە سەرانی پارتی ئاماژە بە کەیسەکە دەدەنەوە ئەویش بۆ مڵکەچ پێکردنیان. ئەمەش جارێکی تر ئەوە دەسەلمێنێتەوە کە پارتی  وەک لایەنی دەسەڵاتدار بیانەوێت و نەیانەوێت ڕۆڵیان هەبوو چ لە هاندانی مەلاو ئیسلامییەکان بۆ ئەم تاوانە چ لەوەی هەندێک لە تاوانباران ئاشکران و بایی ئەوەندەش بەڵگە هەیە بۆ دەسگیرکردن و سزادانیان، بەڵام بێ دەنگەی لێدەکەن.

بۆیە ئەم کەیسە لەهەموو ڕوویەکی سیاسی و یاساییەوە لای جەماوەری ئازادیخواز بە گشتی و حزبی کۆمۆنیستی کرێکاری بە تایبەتی، هەمیشە بەکراوەیی دەمێنێتەوەو هەرگیز فەرامۆش ناکرێت تا ئەو ڕۆژەی دەسەڵاتێک دەبێت لانی کەمی ئازادی و عەدالەت و سەروەری یاسا بپارێزیت و لە سایەیدا ئەم تاوانبارانەش ڕووبەڕوی دادگاو سزا بکرێنەوە.

هەر بەم بۆنەیەوە بە پێویستی دەزانم جارێکی تر ئاماژەیەکی کورت بە پێگەی ئەم دوو هەڵسوڕاوە کۆمۆنیستە بدەم کەچۆن ئەوان لە ناو ئاپۆڕەی ناڕەزایەتی جەماوەرەوە وەک دوو ڕابەر هاتونەتە دەرەوە.

بێگومان شاپورو قابیلش وەک سەدان و هەزاران کەسی تر هەر لە دەورانی هەرزەیی و لاوێتییەوەو لە چوارچێوەی بارودۆخی پڕ لە ململانێ و کێشمەکێشی سیاسی و چینایەتی و شەڕو ستەم و بێمافی تر لە سایەی ڕژێمی قەومی فاشی بەعس و باڵادەستی ڕەوتە بۆرژوا قەومییەکانی تر لە ئاستی عێراق و کوردستان ئاشنا بوونە بە  فکرو کاری سیاسی و پاشان ڕوهێنانیان بۆ بیروکاری کۆمۆنیستی.

بە تایبەتی لە دەورانی جەنگی ئەمریکا لە عێراق و، پاشان ئاوارە بوون و بێخانەو لانەیی و بێکاری و هەژاری …هتد ئەمانیش چارەنووسیان بەستراوەیە لەگەڵ ئەو جەماوەرە. بێگومانە ئەم دۆخەش کە دەسەپێت بەسەر خەڵکدا ئیتر خەڵکیش ناڕەزایەتی دەردەبڕێت بەرامبەر ڕژێم و دەسەڵاتە سەرکوتگەرەکان بۆ بەدیهێنانی ماف و خواستە سەرەتایییەکانیان. بە تایبەتی  هەزاران کەس لە خەڵکی ئاوارەو بێخانەو لانە کە لە دەسەڵاتی بەعس هەڵاتبوون بۆ ژێر دەسەڵاتی پارتی ویەکیتی.

ئەمانیش لەگەڵ دەیان و سەدان کەسی تر لەناو ئاپۆرەی ناڕەزایەتی جەماوەردا بە جەسوری و شێلگیری و دڵسۆزی و ،هەروەها بە هەوڵ وخەباتیان بۆ یەکگرتووکردنی خەڵک و دانانی نەخشەو پلان بۆیان بە کردەوە بوونە نوێنەرو ڕابەری جەماوەری ناڕازی.

لە ماوەیەکی کەمتر لە ساڵێک بە هاوکاری دەیان هەڵسوراوی تری چەپ و ئازادیخواز توانیان خەڵکی ئاوارەو بێخانەو لانە لە زۆربەی شارەکانی کوردستان، بە تایبەتی لە هەولێر، لە کۆمەڵەی ئاوارەکان ڕێکخەن و چەندین خواست و داوایان بە هێزی یەکگرتوانە بەدیبێنن. جا چ ئەو خواست و داوایانە بەسەر دەسەڵاتی تازە داسەپاوی حزبە قەومییەکاندا سەپاندبێتیان چ لەڕێگای ئەو هاوکارییانەی کە دەزگا خێرخوازی و ئینساندۆستە جیهانییەکانەوە دەدرا. ئەمان بە شێوازیکی دادپەروەرانەو دڵسۆزانەو خۆنەویستانە لە ڕێگای کۆمەڵەی ئاوارەکانەوە دەیانگەیاندە خەڵک.

بەڵام لەگەڵ چوونە سەری ئاستی  هۆشیاری چینایەتی و ڕێکخراوەیی ئەو خەڵکەدا، کە ئەمان لە نوێنەران و ڕابەرە بەرجەستەکانیان بوون، ئیتر سەرانی دەسەڵاتی قەومی و خێڵەکی و میلیشایی کە نەیان دەتوانی بە شێوازی ململانێی سیاسی و مەدەنیانە پاشەکشە بە جەماوەرو رابەرەکانیان بکەن، بۆیە هەمیشە خەریکی پلانگیری و ئاژاوەگیری بوون لە دژیان. وە چەندین جاریش ڕووبەڕوی هەڕەشەو گوڕەشە بوونەتەوەو هەوڵی دەسگیرکردن و بێسەروشوێنکردنیان دراوە لە لایەن سەرانی دەسەڵاتەوە.

هەرچەند سەرانی دەسەڵات توانیان بە جۆرێک لە جۆرەکان سەرکەوتوبن لە لاوازکردنی کۆمەڵەی ئاوارەکان لە ڕێگای پارە بەخشینەوەو ناردنی کەسانی سەربەخۆیان بۆ ناویان و پڕوپاگەندەکردن لە دژیان، بەڵام لەگەڵ هەمو ئەمانەشدا ئەوان بەردەوام بوونە لەسەر کارو خەباتکردن لە مەیدانی ترو شێوازی تر بۆ بەرگری لەماف و ئازادییەکانی جەماوەرو ڕێکخراوکردنیان بەئاسۆ ئامانج و بیروکارو نەریتی کۆمۆنسیتانە.

تایبەتمەندی تری ئەم دوو ڕابەرە جەماوەرییە ئەوە بوو کە تەنها لە نێو ڕیزەکانی خەڵکی ئاوارە هەڵسوڕاو نەبوون، بەڵکو لەنێو توێژە ستەمدیدەکانی تریش لەوانە بێکاران و کارمەندان و خوێندکاران و بزوتنەوەی یەکسانیخوازی ژنانیش ڕۆڵی بەرچاویان هەبوو. بە تایبەتی لە دوای پێکهێنانی حزبی کۆمۆنیستی کرێکاری عیراق لە ٢١-٧-١٩٩٣  ڕۆڵی بەرچاویان هەبوو لە پێکهینان و جێگرکردنی بیرو نەریتی کۆمەڵایەتی و کۆمۆنسیتانە. بە تایبەت لە شاری هەولێر لە سالی ١٩٩٥ بەدواوە ئیتر بوونە نوینەری سیاسی راستەقینەی حزبی و جەماوەری ستەمدیدە بەرامبەر دەسەڵاتداران. وە بەرگریان لە پرس و مافەکانی ژنان بەرامبەر یاساو باوەڕو نەریتی داکەوتو و داسەپاوی خێڵەکی حزبە دەسەڵاتدارەکان و تاقمە ئیسلامییەکان و مەلاکانیان مەیدانێکی تری گەورەی کارو خەباتیان بوو. ئەم ڕۆڵەشیان لە مەراسیمی یادی سێ ساڵەی حزبی کۆمۆنیست لە ٢١-٧-١٩٩٧ لە هۆڵی میدیا لە هەولێر کە ئەو کات ئەندامی کۆمیتەی ڕێکخستنی شاری هەولێر بووم ئاشکراترو بەرجەستە تر بووە لە پێشو. لەو کاتەوە ئیتر کێشەو ململانێیان لەگەڵ تاقمە ئیسلامی و مەلاکانیان لە ساڵی ١٩٩٨ گەیشتە ڕادەیەک کە ئیتربۆ ئیسلامییە تیرۆریستییەکان تەحەمول نەدەکرا. هەر بۆیە ملهورانە پەنایان بردە بەر پلانگیران و هاندانی کەسانی لۆمپەن و هەندێک مەلاو رۆڵی هەلپەرستانەی پارتی چەند تاوانبارێک لە بنکەی بێکاران بە ڕۆژی ڕوناک تیرۆریان کردن، بەڵام هەر وەک ئاماژەمان پێداو جارێکی تریش جەختی لێ دەکەینەوە کە یادی ئەم ڕابەرە جەسورانە کە لە ناو ئاپۆڕەی ناڕەزایەتی جەماوەر هاتونە دەرەوە هەمیشە زیندوەو کەیسەکەشیان لە ڕووی سیاسی و یاسایییەوە هەمیشە بە کراوەیی دەمێنێتەوە تا ئەو کاتەی بچوکترین دەرفەت دەبێت بۆ سزادانی تاوانباران.

هاوکات ئێمە لەگەڵ هەمو بەرەی ئازادیخوازی بە درێژەدان بە خەباتیان تا گەییشتن بە ئامانجەکانیان، کە بەدیهینانی سۆسیالیزمە، بەردەوام دەبین.

بەرزو بەرێز بێت یادی ئەم دوو ڕابەرە جەماوەریەی چەوساوەکانی کوردستان!

ڕیسوایی بۆ تیرۆریزمی ئیسلامی و دەسەڵاتی سەرکوتگەری قەومی و خێڵەکی میلیشایی لە کوردستان!

تیبینی: ئەم بابەتە لە بۆپێشەوەی ژمارە ٢٤ بەرواری ١٥/٤/٢٠١٨ بڵاوکراوەتەوە…

 

Check Also

سەردانی سودانی بۆ کۆشکی سپی

عوسمانی حاجی مارف هەر لەسەرەتای دانیشتنی بایدن و سودانی، بایدن ڕایگەیاند کە ئەمریکا پابەندە بە …

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *