شاپور عبدالقادر و چەند بیرەوەریەکی نەوتراو

لاوژە جەواد

18ی ئەپریل, 20 ساڵ بەسەر تیرۆری دوو هاوڕێی ئەزیزمان، دوو ڕابەری جەماوەری خۆشەویستی کرێکاران و ئاوارەکان، دوو ئینسانی کۆمۆنیست و ئازادیخواو یەکسانیخوازدا تێدەپەڕێت.

شاپورو قابیل لە دەرئەنجامی کێشمەکێشێکی نێوان بەرەی یەکسانیخوای و بەرەی کۆنەپەرستی لە شاری هەولیر بەدوای فتوای مەلا بەشیر لەبەرچاوی دەسەڵاتدارانی ئەم شارەو لەناو جەرگەی شاری هەولێر تیرۆر دەکرێن.

لە 20 ساڵی ڕابردودا ئێمە هاوڕێیانی شاپورو قابیل و خەڵکی ئاوارەو زەحمەتکێش هەوڵمانداوە کە یادەوەری و کارە جوانەکانیان لەپێناوی ئازادی و یەکسانی بۆ ئینسان بخەینە ڕوو، بەهەق هەوڵمانداوە زیاتر بە نەوەی تازەیان ئاشنا بکەین و کارە جەماوەری و پڕ بەرهەمەکانیان بکەینە ڕێنیشاندەری خەباتمان لەپێناوی ئەو ئاڵایەی کە شاپورو قابیل هەڵگری بوون لە ساڵی نەوەدەکانی سەدەی رابردودا.

من نامەوێت لێرە بچمە سەر وردەکاری و کارو خەباتیان ئەوەی لێرە باسی دەکەم چەند بیرەوەریەکی تایبەتییە لەگەڵ هاورێی ئەزیزم شاپور عبدالقادر.

من لە ساڵی 1994 لە هەولێر لە چوارچێوەی خەباتی جەماوەریدا کە خۆم ئەندامی ڕیکخراوی سەربەخۆی ئافرەتان بووم هاوڕێیان شاپورو قابیلم ناسی. زۆر سەرسام بووم بە ڕۆڵ و کاریگەریان، بە بزێوی و کۆڵنەدانیان لەپیناوی سەندنەوەی قوتی دزراوی خەڵکی ئاوارەو زەحمەتکێش، بەڵام لە نزیکەوە تێکەڵاوی و ناسینم لەگەڵ هاوڕی شاپور دەگەڕیتەوە بۆ هاوینی 1996 ئەوکاتەی کە پەیوەندیم بە هێزی عەسکەری حیزبی کۆمۆنیستی کرێکاری عیراقەوە کرد لە سلیمانی، لەوکاتەدا بارەگای سەرەکی لە گردەکەی نێوان بەختیاری و زەرگەتە بوو بە گردی زەرگەتە دەناسرا.

شاپور جارێکی تر سەرسامیکردمەوە ئەمجارەیان بە پێداگری لەسەر ئازادی و یەکسانی، ئەو کاتەی من پەیوەندیم بە هێزی عەسکەری کرد لە بارودۆخێکی تایبەتی زۆر خراپدابوم، لە سەروبەندی جیابونەوەم بوو لە هاوسەری یەکەمم، زۆر دۆخم خراپبوو دەترسام لەوەی توشی توندوتیژی و هەرەشە ببمەوە، ئەو کەسە بەردەوام دەهات سەردانی دەکردم و هەوڵی ئەوەی دەدا کە دۆخی نێوانمان ئارام بکەینەوە. شاپور هەستی بە نائارامی من کردبوو، هاوڕێیانی ئاگادارکردبۆوە سەرباری ئیشوکارو سەرگەرمی زۆری کە هەرچەند جارێک ئەو هاوڕێیە هات و ویستی من ببینێت سەرەتا ئەو ئاگادارکەینەوە، من بەوەم نەزانیبوو بەلامەوە سەیربوو هەموو جارێک شاپور بەر لەمن لە ژوری میوان ئامادەبوو بۆ قسەکردن لەگەڵی. زۆر بەرگری لەمن دەکرد و پێداگری لەوە دەکرد هیچ کەسێک مافی ئەوەی نییە نەک تەنها لەناو بارەگا بەڵکو لە دەرەوەش فشار بۆمن بهێنێت. ڕۆژێکیان نائارامی دروستبوو من ڕووبەڕوی هەرەشە بومەوە، لەم ماوەیەدا شاپور منی لە شوینێ خۆی هێشتبۆوە بۆ ئەوەی ئارامببمەوەو هەست بە ترس و دڵە ڕاوکێ نەکەم، تەنانەت ئەو دڵسوزی و میهرەبانیەییم بیرناچێتەوە کە شەوانە وەک ئەوەی منداڵی ساوابم دەهاتە سەر سەرم بۆ ئەوەی دڵنیابێت کە بە ئارامی خەوتوم و ترس و دڵەڕاوکێم نییە.

دوای ماوەیەک کە ئەم کێشە کۆتایی هات و من هەر لەوێ لەگەڵ هاوڕێ جلیلی هاوسەرم ئاشنا بووم، هاوڕێ شاپور زۆر خۆشحاڵ بوو بەوە، وە بەردەوام لە بەرگریکردن بوو بۆمن. ( دیارە ئەم چاودێریکردن و دڵنیابون لە دۆخمان تەنها بۆمن وانەبوو وەک خاسیەتێکی زاتی بۆ هەموان بە هەمان شێوە بوو بەتایبەت هاوڕێ ژنەکان). هەندێک لە هاوڕێکان نارەزایەتیان دەربڕی کە من و جەلیل نابێت ژیانی تایبەتمان لەناو بارەگاکانی حیزب مومارەسە بکەین و دەبێت لە دوو مەقەری جیاواز دابندرێین ئەم داواکارییەیان گەیاندە هاورێ شاپور. شاپور زۆر موسەیتەرو بەبێ بیرکردنەوە یەکسەر وەڵامیدانەوەو وتی” ئێوە ئاگادارن خەریکن دەکەونە داوێکی زۆر کۆنەپەرستانە؟ جیاوازی ئێوەو مەلای مزگەوتەکان چییە کە فەتوای کوشتنی ژنان لەسەر شەرەف دەدەن؟ جیاوازی ژیانی تایبەتی ئێوەو هاوسەرەکانتان لەگەڵ ئەم دوو هاوڕێیە چییە؟ جیاوازیەکە تەنها ئەوەیە کە ئەوەی ئێوە مەلا بڕیاری لەسەرداوە بەڵام ئەوان نەچونەتە لای مەلا، دەکرێت من ئێوە جیاکەمەوە؟ هەرکات تۆ ” بە هاوڕێی داواکاری وت” و هاوسەرەکەتم جیاکردەوە ئەوکات ئەوانیش جیادەکەمەوە”  بەم شێوەیە بە ڕونی و بە توندی بەرخودی بەوهاورێیانە کرد، کە جاریکی تر نەوێرن ئەو باسە بکەنەوە.

ڕۆژێکی تریان لەسەر شێوەی جلپۆشینم چەند هاوڕێیەک ناڕەزایەتیان دەربڕی، من ئاگاداری ئەوە نەبوم، ئەوەندەم زانی شاپور شۆرتێکی کابۆی لەبەرکردبوو ڕاستیەکەی لامەوە سەیربوو پیشتر بەم شێوەیە نەمبینیبوو، لەسەر نانخواردن هاتە لای منەوە دانیشت و وتی” جەماعەت ئەمڕۆ شۆرتم لەپێیە” کەس وەڵامی نەدایەوە ئەوێش بەدەمە پر لە خەندەو لەهجە کەرکوکیەکەی وتی” معین ئەگەرلاوژە بومایە هەموتان ناڕەزایەتیتان دەردەبڕی، چ عەجەب کەس قسە ناکات، ئەگەر ناوم شاپور بوایە هەروا بێدەنگ دەبوون؟ جیاوازی پۆشینی شۆرتەکەی من و عەزیەکەی لاوژە چییە؟ تەنها ئەوە نەبێت من پیاوم و ئەو ژن. هەرکەس ناڕازیە بە پۆشینی جلی ئەوانیتر و ناڕەزایەتی دەردەبڕیت ئێرە جێگای نییە بابچیتە بەردەم مزگەوتی گەورە یان شێخەڵاو هەڵا بکێشێ بەڵام ئەوکاتەش لەوێ بازاڕی وەڵامی خۆتان پێدەدەینەوە”.

شاپور زۆر بۆی گرنگ بوو بارەگاکانی حیزب شوێنێکی ئارام بێت بۆ هاوڕیان بەتایبەت بۆ ژنەکان و بەکەم سەیرنەکرێن، هەرچەند ڕۆژ جارێک هاورێ ژنەکان کە ئەوکات، من، ژاڵە، هێرۆ و ناهید محسین، ساکار، وە چەند هاوڕێیەکی بێژەری رادیۆ کە بەدڵنیایەوە هاوڕێ سوهام حسینم بیرماوە، کۆدەکردەوەو قسەی لەگەڵ دەکردین، پرسیاری لێدەکردین کە دۆخمان چۆنە؟ وە زۆرجار بابەتەکەی دەخستە سەر ئەوەی کە سەرباری ئەوەی کە ئێمە باوەڕی تەواومان بە یەکسانی هەیە بۆ وەک پێویست ژنان ڕوناکەنە حیزب وە بەتایبەتی هێزی عەسکەری؟ بۆچی ژمارەی ژنانمان زۆر کەمترە لەوەی دەبێت ببێت، چاوی دەخستە ناو چاومان و گوێی لێدەگرتین وە هەمیشە پرسیاریدەکرد کە دەبێت چی بکەین بۆ ئەوەی کە ئاڵوگۆر بەدیبهێنین؟

کۆمۆنیست بوونی شاپور، هەستکردن بە بەرپرسیاریەتی، سوربونی لەسەر کۆمۆنیزم و بەرپاکردنی شۆڕشی کرێکاری، بەرگریکردنی لەمافی تاک و مافی ژن وایکرد من سوربم لەسەر ڕیبازەکەم و کۆمۆنیست بوونم وایکرد کە زیاترو زیاتر پەرە بەگەشەدان بە خەبات لەپیناو کۆمەڵگایەکی ئازادو یەکسان بدەم.

یادی هاوڕێیان بەرزو بەڕێزە.

تیبینی: ئەم بابەتە لە بۆپێشەوەی ژمارە ٢٤ بەرواری ١٥/٤/٢٠١٨ بڵاوکراوەتەوە…

 

Check Also

سەردانی سودانی بۆ کۆشکی سپی

عوسمانی حاجی مارف هەر لەسەرەتای دانیشتنی بایدن و سودانی، بایدن ڕایگەیاند کە ئەمریکا پابەندە بە …

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *