دیمانە لەگەڵ… نەریمان ئەمین” ناسراو بە ئاسۆ” سەبارەت بە چۆنیەتی گیران و بیرەوەرییەکانی ناو زیندانی رژێمی بەعس

      تێکۆشانی کۆمۆنیستەکان، لە پێناو دنیایەکی باشتر و دامەرزاندنی کۆمەڵگەیەکی سۆشیالیستیدا، مێژوویەکی درەوشاوەیە… لەو رێگایەدا ژمارەیەکی زۆر لە کۆمۆنیستەکان گیانیان لەدەستداوە، یان لەلایەن جەلادەکانی بەعس و پارێزەرانی نیزامی زاڵمانەی سەرمایەدارییەوە، توشی راوەدونان و گرتن و شکنجە بوونەتەوە… بۆپێشەوە بە مەبەستی ناساندنی ڕۆڵی تێکۆشەرانەی ئەو کۆمۆنیستانەی لەلایەن بەعسەوە گیراون، تەوەرەیەکی تایبەتی دەکاتەوە… کەهەر جارەی گفتوگۆیەک لەگەڵ یەکێک لەو هاوڕێیانە دەکات، کە زیندانی کراون…

ئامادەکردنی/ ئاراس ڕەشید

بۆپێشەوە: سەرەتا پێمان خۆشە خۆتان بناسێنن؟

 نەریمان ئەمین عومەر ( ناسراو بە ئاسۆ) لە دایک بووی ساڵی 1965‌ شارۆچکەی قەرەداغ. خوێندنی سەرەتای و ناوەندی و ئامادەییم لە شاری سلێمانی تەواوکردوە. لە زانکۆی سەڵاحەدین خوێندنی ئەندازیاری بەشی کارەبام خوێندوە. بەهۆی کاری سیاسیەوە لە خوێندن دابڕاوم. ‌لە ساڵی 1990 ژیانی هاوسەریم پێکهێناوە. خاوەنی کچ و کوڕێکم (نۆژەن ٢٦ساڵ ئارۆس ٢١ساڵ).

بۆپێشەوە: ئێوە لەگەڵ چ لایەنێکی سیاسی بوون، بۆ گیران و چۆن گیران؟

 من ئەندامی ڕێکخراوی ڕەوتی کۆمۆنیست بووم. بەهۆی کاری سیاسیم لەم ڕێکخراوەدا دەستگیرکرام، دوای ئەوەی لەلایەن سیخوڕێکی دەزگاکانی ئەمنی سلێمانی بەناوی ‌‌”ح، م، س” دەست نیشان کرابووم، شەوی ٥\٦ی ٩ی ١٩٩٠ لەشاری سلێمانی دەستگیرکرام.

بۆپێشەوە: لەکوێ گیران و ماوەی چەند زیندانی بوون؟

لەشاری سلێمانی گیرام و هەر ئەو شەوە برام بۆ ئەمنی بەلدە یەک شەو لەێ مامەوە دواتر بردمیان بۆ ئەمنە سوورەکە.

من ماوەی شەش  مانگ و سێ ڕۆژ زیندانی بووم.

بۆپێشەوە: دۆخی ناو زیندان چۆن بوو، مەبەستمان ئەوەیە جۆری لێدان و شکنجەو لێپرسینەوە چۆن بوو؟ پەیوەندیتان لەگەڵ زیندانیەکانی تر چۆن بوو؟

ئەمنە سوورەکەی سلێمانی؛ زیندانێکی ناسراوە بۆ خەڵکی کوردستان. دیارە لەسەرەتای دەستگیرکردندا مرۆڤ تەنها بیر لەوە دەکاتەوە کە بەتوانا و خۆڕاگربێت بەرامبەر بە هەموو شێوەکانی ئەشکەنجە. ئێمە کۆمەڵێك هاوڕێی سیاسی یەکتربووین هەوڵماندەدا وورە بدەینە یەکتر. زیندان بۆخۆی مانای وەرگرتنەوەی ئازادییە،  بۆیە هەمیشە هەستمان بەوە دەکرد دەبێت هاودەم و هاوڕێی یەکتربین.

ئەشکەنجە جۆری زۆربوو لە هەڵواسین و کارەبا لێدان و لێدان بەکێبڵ و دار و شەق و بۆکز لەگەڵ جۆرەها ئەشکەنجەی دەروونی بۆ ڕوخاندنی ئیرادەی زیندانیان. ژووری تاک (ئینفرادی) و ژووری بە کۆمەڵ (قاعە) لە زینداندا هەبوو، هەر زیندانیەک دەهێنرا یەکەم جار لە ئینفرادی دادەنرا دوای لێکۆڵینەوە دەبرایە قاعە.

ئێمە کۆمەڵێكی زۆر لە گروپەکانی چەپی کوردستان گیرابووین لە هەموو ڕێکخراوەکانمان لەگەڵ بوو. هاوڕێیەتیەکی زۆر باش وخۆش لەنێوانماندا هەبوو. کۆمۆنیستەکان بووبووینە نموونەیەکی پێشڕەو بۆ هەموو زیندانیەکانی تر و کۆمەک و ڕێنمایی زۆربەی زیندانیەکانمان دەکرد و نەمان دەهێشت هیچ جۆرە ناڕێك و پێکیەک لە نێو زیندان دروست ببێت.

بۆپێشەوە: چۆن و کەی ئازاد کران؟ دەتوانن بیرەوەریی ناو زیندانمان بۆ بگێرنەوە، خۆش یان ناخۆش؟

من لەگەڵ هەموو زیندانیانی ئەمنە سورەکە لە ٨ی ٣ی ١٩٩١ لە ڕاپەڕینە جەماوەریەکەی شاری سلێمانی ئازادبووم.

دیارە هەڵچوونی جەماوەری شار و ئیرادەی خەڵک توانی دیواری زیندانی ڕژێمی فاشی بەعس بڕوخێنی و ئێمە ڕزگارمان ببێت.

لە ناو زیندان یادەوەری خۆش و ناخۆشمان زۆر بینی لێرەدا هەندێک بۆ خوینەری بۆپێشەوەی ئازیز دەگێڕمەوە.

لێرەدا پێمخۆشە ڕووداوێك باس بکەم کە بەسەر کوڕێکی گەنجی عەرەب هات؛ لە هۆڵی ژمارە سێ (٣) بووین کە ئەم کوڕە گەنجەیان هێنا، من هەر زوو چووم بۆلای و لەگەڵی باسی شێوەی دڕندەی ڕژێمم بۆ باسکرد و پێموت: نابێت باسی هیچ شتێك بکەیت و خۆت بدەیتە دەستیانەوە، ئەویش بڕیاریدا وا بکات و هیچ شتێک نەدرکێنێ. دوای چەند کاتژمێرێک هاتن و بردیان بۆ لێکۆڵینەوە، دیارە ئێمە گوێمان لە دەنگی هاوڕێیان دەبوو هەندێك جار لە کاتی لێکۆڵینەوەدا، دوای یەك کاتژمێر دەرگا کرایەوە، کەسێکیان کرد بە ژووردا هەرچەندە سەیرم کرد نەمناسیەوە، دوایی بە جلەکانیا زانیم (علاء)ە، سەری زۆر ئاوسابوو دەم و چاوی بەهیچ شێوەیەك لە (عەلاء) نەدەچوو، چوومە پێشەوەو وتم: (عەلاء)، وتی: بەڵێ؛ ئەوە منم نەمتوانی خۆڕاگرم ببورە، من هەرگیز نەمزانی بوو ئەم ڕژێمە ئەمەندە دڕندەیە بەڕاستی یەکەم جارە لەگەڵیان مامەڵە بکەم. دیارە زۆر ڕووداوی لەم جۆرە ڕووی دەدا، ئێمە هەردەم هەوڵمان دەدا کە پاڵپشتی هاوڕێ زیندانیەکانمان بکەین، بەڕاستی مرۆڤی زۆر قارەمان لەم زیندانانەدا گیانیان لەدەست دەدا.
دیارە ئێمە ڕۆژانە بەدوای هەواڵی دەرەوە بووین، هەوڵماندەدا کە دانەبڕێین و ڕووداوەکانی کوردستان و جیهانیش زۆر بۆ ئێمە گرنگ بوو. ئێمە کە جار جار زیندانی تازە دەهات هەر هەموومان وەك شاهەنگ چواردەوریمان دەگرت و پرسیار دوای پرسیار ئاراستەمان دەکردن، بەدوای وردەکاریەکانی ڕۆژانەی خەڵك و ڕژێم و جیهانەوە بووین.

جاری واهەبوو کەسێ دەگیرا هیچ جۆرە زانیاریەکی باشی نەئەدا بە ئێمە، بۆ نموونە؛ جارێکیان شۆفێرێکی تەکسی گیرا کە تەنها یەک شەو لامان بوو بەربوو. دوای دوو ڕۆژ دیسان گیرایەوە ئێمە خۆشحاڵ بووین کە هەندێک هەواڵی تازەمان بداتێ کەچی زۆر بەئاسانی وتی: هیچ ڕوونادات و منیش هەر خەریکی عەشق بازی خۆمم، ئێمە تۆزێك تووڕەبووین و لۆمە و سەرکۆنەمان کرد.

یاده‌وه‌رییه‌کی خۆشی زیندان…

ئێمە ئەو کات ( کۆتایی ساڵی  ١٩٩٠) لە زیندان بووین هیوامان بە هاتنی سەری ساڵی تازە زۆر بوو، کە ببێتە ساڵی ئازادی و سەرفرازی، بۆیە هەر چەند ڕۆژ پێش هاتنی سەری ساڵ خۆمان بۆ ئەو شەوە ئامادە دەکرد، ئامادەکاری ئێمە نەڕازاندنەوەی ژوور بوو، نە هێنانی تیپی مۆسیقا بوو، بەڵام شتێك بۆ ئێمە گرنگ بوو کە بتوانین هەموومان لەسەر سفرەیەکی تۆزێك پۆشتە دانیشین و نانێکی کەمێك زیاتر هەبێت بیخۆین.

بۆیە هەر چەند ڕۆژێك پێش سەری ساڵ هەوڵمان دەدا کە هەرکەس و لای خۆیەوە شتێك لەو خواردنە زۆر کەمە لابدات بۆ ئەو شەوە، جا لە پارچەیەك نان بۆ خورمایەك یان پەتاتەیەك ئەمەمان کرد، توانیمان بڕێکی باش کە ئەو شەوەی پێ بەرینە سەر کۆبکەینەوە. ئینجا دانانی بەرنامەی چالاکیەکان و جۆری یارییەکان و گۆرانی و نوکتە و مەتەڵ، دواتر لە شەوی سەری ساڵدا هەموو بەیەکەوە لە هۆڵی ژمارە پێنج (٥) توانیمان شەوە ئاهەنگێك سازبکەین، کە تا ماوەیەکی زۆر جێگەی ئەو شەوە مایەوە لە زهنی هەمووماندا، بەڕاستی شەوێکی خۆش و یادگاریەکی خۆشمان تۆمار کرد.

ئێمە دەنگ خۆش و حیکایەت خوان و نوکتەبازی زۆر باشمان لە نێودا بوو، کوڕێکی گەنجی جوانی خەڵکی ( پشدەر ) گیرا بەناوی ( جەمال) کە بەڕاستی بۆ ئێمە بووە سەرچاوەی خۆشبەختی. ئەم کوڕە دەنگێکی زوڵاڵی خۆشی هەبوو، لە هەمان کاتدا دەیتوانی لاسایی هەموو گۆرانی بێژە ڕەسەنەکان بکاتەوە، گەر وەك ئەوانی نەووتبێ بەبڕوای من ناخۆشتری نەدەووت. هەموو گۆرانیەکانی ئەوانیشی دەزانی ئیتر ئەم دەنگ خۆشە شەوانە کۆڕو کۆمەڵەکانی ئێمەی زیاتر خۆش دەکرد، هەرگیز بێ دڵی نەدەکردین.

مانگرتن:

هەر بە ڕابەرایەتی ئێمە بوو کە توانیمان لە (١٧/٢/١٩٩١) دا وەک لە پێشەوە باسم کرد گەورەترین ناڕەزایەتی ڕێکبخەین و هەموو هێزەکانی تری ناو زیندان بێنینە سەر ئەوەی کە مانبگرین لە خواردن و تا داواکانمان بەدی نەیەت دەست لە مانگرتن هەڵنەگرین. ئەوەبوو توانیمان هەموو بەڕێوبەرایەتی زیندان بهێنینە ناو هۆڵەکە و داواکانمان دەربارەی خواردن و بێ کارەبایی و پیسی سەرئاوەکان خستە ڕوو. دیارە توانیمان کە وایان لێ بکەین خواردنەکەمان بۆ باش بکەن و کەم کەم کارەبا هەبێت و لانی کەم چرایەك بهێنن بۆئەوەی شەوانە بەر پێی خۆمان ببینین، بەڕاستی کارێکی زۆر جەسورانەبوو کە ئێمە ( کۆمونیستەکان) جێگەی دەستمان بە زیندانەوە دیاربوو.

بۆپێشەوە: ئێوە دوای ئەو هەموو ساڵە، کە دەسەڵاتی بزوتنەوەی کوردایەتی دەبینن، چی دەڵێن؟

دیارە دەسەڵات لای هەر لایەنێک بێت کە بەرژەوەندی سەرمایەداری بپارێزێ تەنها ڕۆژ ڕەشی و نەهامەتی بەولاوە هیچیتری پێ نییە بۆ خەڵکی کرێکارو زەحمەتکێش.

ئەم دەسەڵاتەی کوردایەتی لەم ماوە درێژەی دەسەڵاتیدا تەنها مافیا ئاسا خەریکی دزین و بەتاڵانبردنی سەروەت و سامانی خەڵک بووە بۆ گیرفانی چەند مەسئولێک و دوو بنەماڵەی بەرزانی و تاڵەبانی. ئەم ڕووداوانای دوایی و ناڕەزایەتی جەماوەری خەڵكی کوردستان نیشانەی پڕبوونی جامی ڕق و کینەی خەڵکە لەم دەسەڵاتە گەندەڵ و مافیایە. 

تەنها هێزی خەڵک و رێکخراوە کرێکاریەکانە کە دەتوانێ ئەم دەسەڵاتە گەندەڵە بگۆڕیت بە دەسەڵاتی خەڵک و هێنانە کایەی ژیانێکی ئینسانیانە بۆ کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان.

بۆپێشەوە: دیارە ئەو کاتە ئەندامانی لایەنەکانی تریش لە زینداندا هەبوون، دەتوانیت ئاماژە بەوانیش بکەیت؟

لەو کاتەی ئێمە لە زینداندا بووین؛ جگە لە ڕەوتی کۆمۆنیست، ڕێکخستنەکانی ئەم ڕێکخراوە کۆمۆنیستیانەشی تێدابوو (دەستەی پێشڕەوانی پرۆلیتاریا، کۆمەڵەی یەکی ئایار، زوربەی گیراوەکانیش لە دەستەی پێشڕەوان بوون). جێی ئاماژەیە کە بەدەر لە زیندانیەکانی کۆمۆنیست، ڕێکخراوی سلێمانی ی ن ک زوربەی گیرابوون، کۆمەڵێكی زۆری کادرە نهێنیەکانیان لەگەڵ ئێمە بوون، پێش ڕزگاربوونمان هەموویان ڕەوانەی بەغدا کران و (جەباری حاجی ڕەشی) و هاوڕێکانی لە سێدارەدران. چەند ئەندامێکی ئاڵای شۆڕش و پاسۆک و حزبی شیوعی لەناو زیندانەکاندا بوون. دیارترینیان مامۆستا ئەحمەد و کەمال قەرداغی و کەمالی پاسۆک، کە دواتر ئەمانە هەموو حوکم دران. دوای تیرۆرکردنی فایەقی مۆتێ کە فاڵگرەوەیەکی دیاری سلێمانی بوو لەلایەن ئیسلامیەکانەوە. کۆمەڵێکی زۆریان لێگیرا و پێش ڕزگاربوونمان بەچەند کاتژمێرێک، ئەمنەکان لەبەردەم زیندان کەسێکیان ڕەمی کرد.

سەرکەوتووبێت ناڕەزایەتی خەڵکی کوردستان …

لەگەل ڕیزو خۆشەویستیم بۆ خوێنەرانی بۆپێشەوە…

نەریمان ئەمین ( ئاسۆ )

تیبینی: ئەم دیمانەیە لە بۆپێشەوەی ژمارە ٢٤ بەرواری ١٥/٤/٢٠١٨ بڵاوکراوەتەوە…

Check Also

هێرشی ئیسرائیل بۆ سەر ڕەفەح! دوا بزمار لە تابوتی زایۆنیزم و هاوپەیمانە جیهانیەکانی

بەیاننامەی ژمارە ٦ی سێ حیزبی کۆمۆنیستی- کرێکاری لە ناوچەکەدا: ئەمڕۆ ٧ی ئایار، لە دۆخێکی پڕ …

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *