بایکۆتی هه‌ڵبژاردن ده‌ربڕینی ناڕه‌زایه‌تی و دوورکه‌تنه‌وه‌یه له ده‌سه‌ڵاتی گه‌نده‌ڵ وه‌ڵام به ئاسۆس هه‌ردی
بنار مسته‌فا:
له دوا *وتاریدا ئاسۆس هه‌ردی هه‌وڵ ده‌دات جه‌ماوه‌ری ناڕازی بۆ به‌شداریکردن له هه‌ڵبژاردن هەڵخرێنێت و دەنگنەدان بکاتە هاوتای پشتیوانی له دەسەڵات. وێڕای نیشاندانی تێگه‌شتنی بۆ ئه‌وانه‌ی له بارودۆخ و گوزه‌رانی ژیانیان ناڕازین و نیازیان نییه ده‌نگ بده‌ن، هاوکات ده‌رئه‌نجامی ملهوڕی ده‌سه‌ڵاتی ئاینده ده‌خاته ئه‌ستۆیان. ئه‌م به‌رپرسیارێتییه بۆ سه‌ر شانی بەرەی بایکۆت، پەیگیری تێگه‌شتن و هاوسۆزی بۆیان ده‌خاته ژێر پرسیاره‌وه.
ئاسۆس ده‌پرسێت، که به نه‌چوون بۆ ده‌نگدان خه‌ڵکی ناڕازی چیان ده‌ست ده‌که‌وێت، به‌ڵام وه‌ڵامی پرسیاری پێچه‌وانه‌ی ناداته‌وه، که به ده‌نگدان چیان ده‌ست ده‌که‌وێت. هه‌ر خۆی کۆمه‌ڵێک فاکتی له هه‌ڵبژاردنه‌کانی ڕابردوو و تووڕه‌ی خه‌ڵکی هێناوه‌ته‌وه، که ده‌یسه‌لمێنن له هه‌ڵبژاردنه‌کانی ڕابردوودا خه‌ڵکی پاش ده‌نگدانیان نه‌ک به ده‌ستی به‌تاڵ گه‌ڕاونه‌ته‌وه، به‌ڵکو ژیان و گوزه‌رانیان ته‌نانه‌ت خراپتریش بووه. ئه‌مه ڕاستییه‌کی هێنده ڕۆشنه، که زوڕناژه‌نانی هه‌ڵبژاردنیش نه‌یانتوانیوه خۆیانی لێ بدزنەوە و ئاسۆسیش ئاماژه‌ی پێ کردووه.
پاش لیستکردنی کۆمه‌ڵێ هۆکاری تری خه‌ڵکی ناڕازی له بایکۆتی هه‌ڵبژاردن، ئاسۆس ده‌ڵێت “رێژەی بەشداری کەم بێت یا زۆر، ئەوەی لەسندوق دێتە دەرەوە، بە‌بڕیارو ئیرادەی خەڵک لەقەڵەم دەدرێت، بەوانەشەوە کە ناچن بۆ دەنگدان.” ئاسۆس فه‌رزی ئه‌وه‌یه که ده‌سه‌ڵات له کوردستان له‌سه‌ر بنه‌مای ده‌نگدانی خه‌ڵکی داده‌مه‌زرێت و هیچ ئاماژە بە ماهیه‌تی ڕاسته‌قینه‌ی هه‌ڵبژاردنه‌کان له کوردستاندا ناکات و هیچ سه‌رنجێکیشی له‌سه‌ر خودی هه‌ڵبژاردنه‌کان نییه. شاراوه نییه، که له سایه‌ی ده‌سه‌ڵاتی میلیشیادا ده‌نگدانی خه‌ڵکی هیچ کارێکی پێ ناکرێت و هه‌ڵبژاردن ته‌نها بۆ شه‌ریعیه‌تدانه به ده‌سه‌ڵاتیان. بۆیه ئه‌و پڕۆسه‌یه ته‌نها ناوی هه‌ڵبژاردنه، به کرده‌وه هه‌ڵبژاردن نییه و ده‌نگدانی خه‌ڵکی کاری پێ ناکرێت.
به پێی بنه‌مای هێنانه‌وه‌ی فاکت و نمونه‌کان، دیاره که ئاسۆسیش ئه‌وه درک ده‌کات، که پاش ده‌نگدانیش ده‌سه‌ڵات له شوێنی خۆی ده‌بێت و سندوقه‌کان بۆ گرێدانی ئیراده‌ی خه‌ڵکه به ده‌سه‌ڵاته‌وه. له بری قەبوڵ نەکردن و خۆجوداکردنه‌وه و وه‌ستانه‌وه له به‌رانبه‌ر ئه‌م کاره نابجێیه، ئه‌و ڕێگه‌ی خۆگونجاندی هه‌ڵبژاردوه وبانگه‌وازی خه‌ڵکی ده‌کات به‌شداری بکه‌ن، تا پشتیوانی خه‌ڵکی به کارنامه‌ی ده‌سه‌ڵاتی ئاینده‌وه هه‌بێت. باشتر دەبوو ئاسۆس هۆشداری بدایە دەسەڵاتدارن، کە ڕێژەی زۆری بایکۆت مایەی قەبوڵ نەکردن و ناشەرعی بوونی دەسەڵاتە لە لایەن خەڵیکەوە و ناتوانن ده‌سه‌ڵاتیان وه‌ک ئیراده‌ی خه‌ڵکی ته‌ماشا بکه‌ن. به‌داخه‌وه ئاسۆس ڕووی گله‌یی له جه‌ماوه‌ری ناڕازییه.
ئه‌گه‌ر به‌ڕاستی له‌م ناوچانه خه‌ڵکی ده‌سه‌ڵاتدارانی دیاریکردبێت، ئه‌وا مانای وایه که خه‌ڵکی کوردستان ده‌سه‌ڵاتی میلیشیا و گه‌نده‌ڵ و تاڵانچیان هه‌ڵبژاردووه، له ئێران خه‌ڵکی جمهوری ئیسلامی ده‌خوازێت و پێشتریش خه‌ڵکی که‌سانی وه‌ک سه‌ددامی هه‌ڵبژاردووه. ئاگاهانه یان نائاگاهانه، خه‌ریکه ئاسۆس ده‌سه‌ڵاتدارانی سه‌رکوتکه‌ر و تاڵانچی ده‌کاته نوێنه‌ری ڕاسته‌قینه‌ی خه‌ڵکی. ئه‌م جۆره ده‌سه‌ڵاتانه به هێزی چه‌کداری و سه‌رکوت به ده‌سه‌ڵات گه‌شتوون و ماونه‌ته‌وه، نه‌ک ده‌نگدان. پاش سه‌قامگیکردنی ده‌سه‌ڵاتیان هه‌ڵبژاردن ڕێکده‌خه‌ن، تا ڕووکه‌شی ڕاسته‌قینه‌ی ده‌سه‌ڵاتیان بشارنه‌وه و په‌نجه‌مۆری خه‌ڵکی بده‌ن له ده‌ستوورکاری بێڕه‌حمی ده‌سه‌ڵاتیان. هه‌ر لایه‌نێکی نوێش بچێته ئه‌م پڕۆسه‌یه‌وه، ئه‌وا ده‌بێته شه‌ریکی ئه‌م ده‌سه‌ڵاتانه. له کوردستان به کرده‌وه ئه‌مه ئه‌زموون کراوه، که ئه‌وانه‌ی بڕیاربوو گۆڕانکاری له ڕێگه‌ی هه‌ڵبژاردنه‌وه ئه‌نجام ده‌ده‌ن, بوونه شه‌ریکی دوو حزبی ده‌سه‌ڵاتدار و دەسەڵاتەکەیان بەهێزتر و پته‌وتر کرد.
ده‌نگنه‌دان به مانای ده‌ستکه‌وتی ڕاسته‌وخۆ نییه، به‌ڵکو نیشاندانی ناڕه‌زایه‌تی و به‌شدارنه‌بوونه له پلانی ده‌سه‌ڵاتداران و شه‌ریکه‌کانیان. وێڕای ئه‌مه‌ش با هه‌ندێ له ده‌ستکه‌وتی ده‌نگنه‌دان لیست بکه‌ین: بایکۆتی هه‌ڵبژاردن واته شه‌رعیه‌ت نه‌دان به ده‌سه‌ڵاتی گه‌نده‌ڵ و سه‌رکوتکه‌ر. له کاتێکدا کارنامه‌ی ده‌سه‌ڵاتداران و شه‌ریکه‌کانیان ئاشکرایه، خه‌ڵکی پێویست ناکات به‌شداربێت تێیدا و خۆی له‌و پۆخڵه‌واته به دوور بگرێت. ناچوونه ناو گه‌مه‌یه‌که‌وه که ده‌سه‌ڵاتدارانی سه‌رکوتکه‌ر دیاری ده‌که‌ن، دەستکەوتێکی مەزنە!
ڕێژه‌ی بایکۆت چه‌نده فراوانتر بێت، هێنده که‌متر ده‌سه‌ڵاتداران ده‌توانن کاره پۆخڵه‌واته‌کانیان به ده‌نگ و خواستی خه‌ڵکی پێناسه بکه‌ن، وه‌ک له ڕابردوودا تا بێتام ترین ئاست کردوویانه. ده‌نگنه‌دان مانای شه‌رعیه‌تدانه به قووڵبوونه‌وه‌ی زیاتری قڵشتی نێوان خه‌ڵک و ده‌سه‌ڵات، سه‌لماندنی دوو ڕێگه و دوو به‌رژه‌وه‌ندی جیاواز و دژ به‌یه‌ک له نێوان خه‌ڵکی و ده‌سه‌ڵاتداران، به‌ڵگه‌ی حاشاهه‌ڵنه‌گری دابه‌شبوونی کۆمه‌ڵگا له نێو دوو چینی دژ به‌یه‌ک: خه‌ڵک و ده‌سه‌ڵات و ڕێگه‌گرتن له هه‌ر چه‌شنه پلانێکی بەستنەوەیان بە یەکەوە. ئه‌مانه خۆی له خۆیدا ده‌ستکه‌وتی گه‌وره‌ن، که ده‌نگدان پێچه‌وانه‌که‌ی ده‌دات.
ده‌نگنه‌دان بێهیوایی نییه وه‌ک ئاسۆس و بانگه‌شه‌که‌رانی تری ده‌نگدان ڕیکلامی بۆ ده‌که‌ن، به‌ڵکو پڕۆتێست و شێوه‌یه‌کی ده‌ربڕینی ناڕه‌زایه‌تیی ئاگاهانه‌یه! به‌ڵام بێگومان به ته‌نها ده‌نگنه‌دان کافی نییه بۆ ئاڵوگۆڕ له ده‌سه‌ڵاتی سیاسی‌دا، به‌ڵکو هاتنه‌مه‌یدان و ڕێکخراوبوونی خه‌ڵکی ده‌خوازێت و ئه‌مه باسێکی تره. بایکۆتی هه‌ڵبژاردن ته‌نها هه‌نگاوێکه له ڕاستای به‌هێزکردنی به‌ره‌ی جه‌ماوه‌ری و پێکهێنانی بۆشاییه‌کی فراوانتر له نێوان خه‌ڵکی و ده‌سه‌ڵاتداران به هه‌موو لایه‌نێکیه‌وه. دەنگدان گورزێکە له هه‌موو ئه‌م ئاراستانه.
بۆیە هاونیشتمانیی بەڕێز، ئەگەر تۆش وەک من لەم دۆخە ناڕازیت، دودڵ مەبەو لەئێستاوە بڕیاری خۆت بدە. چونکە بەشداری کردنت، تەنها خزمەتی ئەوانە دەکات کە لێیان ناڕازیت و کوردستانیان بەم رۆژە گەیاند. ده‌نگ مه‌ده و بایکۆتی ئه‌و سیناریۆییه بکه، که به نرخی هه‌ڵبژاردن پێمانی ده‌فرۆشن.
*ئاسۆس هەردی: ناڕازیم‌و بەشداری لەهەڵبژاردندا دەکەم, ماڵپه‌ڕی ئاوێنه, 6.5.2018