فۆبیای سەردەشت… فوبیای لە ئازادی…

عەبدوڵا مەحمود

٥ی ئایار، هەشت ساڵ بەسەر تیرۆری سەردەشت عوسمانی نووسەر و رۆژنامەنووسدا دەگوزەرێت. هەشت ساڵ بەسەر پەروەندەیەکی شەرماوەری دەسەڵاتی مافیایی و دژی ئازادییدا تیپەردەبێت… ساڵی پار و لە سەرەوختی یادی سەردەشتدا، دەستێکی چەپەڵی درێژکراوەو گرێدراو بە تیرۆری ئازادییەوە، دەستی برد بۆ شکاندن و شێواندی گڵکۆی سەردەشت و ئەمساڵیش لەسەرەوەختی یادی هەشت ساڵەیدا، ژمارەیەک لە کتێبەکانی لە یەکێک لە بازگەکانی دەسەڵاتی بزوتنەوەی کوردایەتی و تیکەڵ بە تیرۆر، دەستیان بەسەردا گیراو بەهزاد حسێن، یەکێک لە ئەندامی ستافی ئامادەکاری کتێبەکە کە ئەو کتێبانەی دەگواستەوە بۆ هەولیر دەستگیر کرا…

دەسەڵاتی دژە ئازادی لە کوردستان، سەردەشتی تیرۆر کرد، تا قەڵەمە ئازادو یاخییەکان چاوترسێن و دەستەمۆ بکات. تا نوکی رەخنە لەدەسەڵاتی تاڵانچی و مافیایی و کۆنەپەرستی کوردی کول بکات. تیرۆری سەردەشت، برینێکی قوڵی کردە ناو دڵی خانەوادە و هاوڕێ و خزم و ئازیزانی، بەڵام ئەم رەفتارە تیرۆیستییە دژە ئینسانی و ئازادییە، سەردەشتی کردە موڵکی نەتەوەیەک، کردییە ناسنامە و سومبلی ئازادی… ساڵی ٢٠١٧ گڵکۆ و ئارامگەی سەردەشتیان شکاند، تا دوای مەرگیش بوار بۆ ئارامی سەردەشت نەهێڵنەوە و رێبوارانی رێگای سەردەشت توشی سڵەمینەوە رامان و ترس بکەن… کەچی هەم گڵکۆکەی رەنگینتر کراو هەم رێبوارانی ئازادی و ئۆردویی ئازادیخوازی نەفرتیان لە دەسەڵاتی زراو تۆقیوو لە سومبلەکانی ئازادی، چووە سەرو نەسڵەمینەوە. رێگەیان نەدا پەیکەری سەردەشت لە بەردەم زانکۆدا دابنرێت، کەچی باڵا و سیمای ئازادیخوازی سەردەشت، ئێستا لەبەردەم هەموو زانکۆ و دەنگی راساوی بێبەشاندا، وەک پەیکەرێکی جوڵاوە دەبینرێت… و لەهەموو جێگایەکە کە ئازادی تیایدا ویستی ئینسانە. ئەمساڵیش دەست بەسەر کتێبەکەیدا دەگرن، و بەئاشکرا دەڵین”کتێبی سەردەشت عوسمان لە تی ئێن تی‌و بۆمب‌و تلیاک مەترسیدارترە” دیارە بەدەستبەسەراگرتنی کتێبەکانی سەردەشتیش، کتێبەکە و بابەتەکان و نووسەرەکانیشی، وە لەوەش واوەتر سەردەشت مەزنتر دەکەن.

 ئەوە کە ئاسایشی پارتی دەڵێت کتێبی سەردەشت لە تی ئین تی و بۆمب و تلیاک مەترسیدارترە… ڕاستیەکی ئاشکرایە. مەترسیدارە، بۆسەر دیکتاتۆریەت و سەرکوت و بۆ دەسەڵات و باندە ئینسان کوژەکان… ئەو دانپیانانەش فۆبیای ترس لە ئازادی و سەردەشت بەیان دەکات.

دەسەڵاتی پارتی کەهەم تۆمەتبارە بە تیرۆری سەردەشت و لە ژێر سایەی دەسەڵاتی ئەودا بە ئاشکراو رۆژی روون رفێنراوەو بەچەندین بازگەی چاوتیژی زێرەڤانی و کامیرا ئاقڵەکانیدا، گواستراوەتەوە شارێکی تر، پارتی سیناریۆی رێکخەر بوو تا دوای تیرۆری سەردەشتیش، سەردەشت بە هاوکار و دەست تێکەڵاوبوون لەگەڵ تیرۆریستان تۆمەتبار بکات… و هەمیش لە گەمەی دادگایی و بەدواداچوونی لیژنەی موچەخۆردا، شاهیدی ئاشکراو بەڵگەی روون شوێن گوم بکەن و دۆسیەی فریوکارانە بۆ سەردەشت دابتاشن… پاشانیش گڵکۆکەی لە ژێر سایەی دەسەڵاتی پارتیدا بشێونرێت و بشکێنرێت و ئێستاش لە بازگەی ژێر سایەی دەسەڵاتی ئەودا کتێبەکەی دەستی بەسەردا دەگیرێت… ئەوانە هەموو بەڵگەی دوو راستین، یەکەم پارتی بەرپرسیاری یەکەمی دۆسیەی سەرەکی سەردەشتە لە هەرەشەوە بۆ تیرۆر و پاشان تیرۆری مەرگ و دووەمیش، بەیانی ترسی پارتییە لە ئازادی و سەردەشت وەکو رەمزی ئازادی لەکوردستاندا…

پارتی و دەسەڵاتی ترساو لە ئازادی سەردەشت و ئازادیخوازان تیرۆ دەکەن، تا ئازادی کەلەپچەو زیندانی بکەن، کەچی باڵای خەبات بۆ ئازادی بڵندتر دەبێت. دۆسیەی ساختە بۆ سەردەشت دادەتاشن، کەچی سەردەشت رونتر و رۆشنتر وەکو بەرگریکاری ئازادی دەبێتە میدالیای سەرسنگی ئازادیخوازان. گڵکۆی سەدەشت دەشکێنن، کەچی گڵکۆ بەگوڵی دەستی ئازادیخوازان و نەیارانی ستەم و زۆرداری رەنگینتر دەکرێت و باڵای کێلەکانی دەبنە چقڵی، چاوی ستەمکارو دەربارەکانی دەسەڵات. رێگە لەدانانی پەیکەرەکەی دەگرن، کەچی ئەو نەمرەو پەیکەرەکەی لەهەموو جێگایەکە، کتێبەکانی دەست بەسەردا دەگرن… دڵنیابن، کتێبەکان دەبنە رازێنەرەوەی کتیبخانەی ماڵەکان و سەرچاوەیەک بۆ وانەی ئازادی فیربوون.

بەرزوبەرێز بێت یادی تیکۆشان و یاخی بوونی سەردەشت بۆ ئازادی و دادپەروەری… 

تێبینی: ئەم بابەتە لە بۆپێشەوەی ژمارە ٢٧ بەرواری ١/٥/٢٠١٨ بڵاوبۆتەوە

Check Also

سەردانی سودانی بۆ کۆشکی سپی

عوسمانی حاجی مارف هەر لەسەرەتای دانیشتنی بایدن و سودانی، بایدن ڕایگەیاند کە ئەمریکا پابەندە بە …

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *