د. بەرهەم ساڵح لە لوتکەی دەسەڵات و گەندەڵیەوە بۆ بانگەشەی دادپەروەری و دیموکراسی

نووسینی: عەبدوڵا مەحمود

لەدرێژەی لێکترازان و هەڵوەرینی رۆژ بەرۆژی یەكیتی نیشتیمانیدا، بەم دوایانە بەرهەم ساڵح وەکو یەکێک لە جێگرانی سکرتێری گشتی یەکێتی، لەگەڵ ژمارەیەک لە کادران و لایەنگرانی ئەو حزبە لە یەکیتی نیشتیمانی هاتە دەرەوە و قەوارەیەکی سیاسی نوێیان بەناوی “هاوپەیمانی بۆ دیموکراسی دادپەروەری راگەیاند”.

هاتنەدەرەوەی بەرهەم ساڵح و هەڵوەرین و لێکترازانی یەکێتی تا رادەی جیابوونەوەی باڵ و لاباڵی تر لە داهاتوودا… لە دۆخی یەکێتی نیشتیمانیدا، چاوەروانکراوە… یەکێتی نیشتیمانی بەدوای نەخۆش کەوتنی تاڵەبانیەوە تا ئێستا، حزبێکی بێ رابەرە، هاوکات حزبێکە دەمێكە هیچ جیاوازییەکی لەگەڵ پارتی و حزبەکانی تردا نەماوە، وە خاوەنی هیچ سیاسەت و ئەجندایەکی سەربەخۆیی سیاسی نییە و بۆتە حزبی پاشکۆی پارتی و ڕووداوەکان… ئەوەی ئێستا یەکێتی دەچەرخێنێ سیاسەتێکی دیاریکراو و نەخشەو پرۆژەیەک نییە… روداوەکانن یان سیاسەت و نەخشەی پارتییە کە یەکێتی پەلکێشی دوای خۆیان دەکەن… بەدوای مەرگی تاڵەبانیشدا دۆخی یەکێتی بەرەو خراپتر بوون چووەو میراتگرانی تاڵەبانی لەجەنگی یەکتریدا، بێ تاڵەبانی و بێ بەدیلی تاڵەبانی، پابەندی هیچ پرانسیبێکی حزبی یان ئەتەکێتێکی رەوشتی سیاسی تەندروست نابن… ئەم هەلومەرجە زەمینەکانی داروخانی یەکێتی چ لە ناوخۆی و چ لە ئاستی کۆمەڵایەتیدا، سازکردووە…

بەرهەم ساڵح لە غیابی تاڵەبانی و لەهەلومەرجی نەخوازاوی یەکێتی و لە جەنگی نێوان باڵ و لاباڵەکانی یەکێتیدا، بەتایبەتیش کە ئەو خاوەنی هیچ هێزێکی چەکداری نەبوو، دەبووە قوربانییەکی فەرامۆش کراو… بەرهەم ساڵح بەناچاری بۆ بەرگرتن بەوەی ببێتە قوربانیەک لەنێوان ئەم کێبەرکێ ناوخۆییەی یەکێتی، لە یەکێتی هاتە دەرەوە، بەڵام هاتنە دەرەوەی د، بەرهەم لە یەکێتی هەر بەو هۆیەوە نەبوو کە ئەو بەبێ پشتیوانی هێزێکی میلیشیایی نەیدەتوانی ببێتە قوتبی ململانێ لەناوخۆی یەکێتیدا، بەڵکو ئاسۆیەکیش بۆ دەرچوونی یەکێتی لەو ئەزمەیەی یەخەگیری بووە، لە ئارادا نەبوو. بەرهەم ساڵح بە مەبەستی بردنی ئۆردو و تواناو نیگەرانییەکان لەگەڵ خۆی لەناو یەکێتی و ئەو بۆشایەیە سیاسیەی لە زۆنی سەوزدا هەیە، ماڵی خۆی لە یەکێتی جیاکردەوە.

بەرهەم ساڵح هەم ئاگاداری هەلومەرجی ڕێکخراوەیی یەکێتی و نیگەرانی جەماوەرەکەی بوو، هەمیش بۆشایی سیاسی لە زۆنی سەوزدا، راستیەکی سادەبوو… بۆیە بەرهەم ساڵح بەخوێندنەوەی بۆ دۆخی زۆنی سەوزو هاوکات پاشەکشەو رەوینەوەی خۆشباوەییەکی زۆر بە بزوتنەوەی گۆڕان، و پاشانیش مەرگی نەوشیروان مستەفا، ئەو هۆکارانەن کە ئەو دەیەوێت کەڵکیان لێوەربگرێت… زۆنی سەوز هەم لە بۆشایی سیاسی و هەم لێوان لێو لە تورەیی و نارەزایەتی و هاوکاتیش بێ رابەری جێکەوتوو خاوەن کاریزما ماوەتەوە… بۆیە ئەم دۆخە باشترین ژینگەیە بۆئەوەی حزبێک یان رەوتێک ئەسپی خۆی تیادا تاو بدات… بەرهەم ساڵح بە بەجیابوونەوەی لە یەکێتی و کۆکردنەوەی نارازییەکانی ناو یەکێتی و حزبەکانی تر و پاشانیش قەوارەدان بە کیانێکی سیاسی، دەیەوێت ئەم ژینگەیەو ئەو هێزە زۆر و زەوەندە نیگەران و پەش و بڵاو و تۆراوەی یەکێتی و حزبەکانی تر بخاتە خزمەت خۆیەوە… تا ئێرە وادەردەکەوێت بەرهەم ساڵح یارییەکی مۆفەق ئامیزی کردووە، بەتایبەتیش کە شێوازی جیابوونەوەکەی لە یەکێتی بە جۆرێک بوو، لە جیاتی ئینشیقاق” جیابوونەوە” ناوی نا هاتنە دەرەوە، بەم هەنگاوەش خۆی لە توەریی و غەزبی خێرای یەکێتی دورخستەوە…

کێشەی سەرەکی لێرەوە دەست پێدەکات کاتێک قەوارەکەی رادەگەیەنێت و هەڤاڵ دەکات بە هاودید… پێش وەختە رەوت و قەوارەکەی دەخاتە بەردەم کارەسات و ئەو کاتەش بەیانی سیاسەت و نەخشەو ئەجندای سیاسی دەکات، و ناسنامەی قەوارەکەی رادەگەیەنێت، ئەو راستیە نیشان دەدات کە ئەم قەوارەیە، تەنها دەتوانێ باڵێكی یەکێتی بێت، لە دەرەوەی یەکێتی، بێ ئەوەی جیاوازییەکی هەبێت لەگەڵ ئەو یەکێتیەی لێی جیابۆتەوە…

بەرهەم ساڵح نە مۆدیلێکی نوێی رێکخراوەیی حزبی و نە پرۆژەیەکی جیاوازی سیاسی تازە، دەخاتە روو. ئەوەش دەکاتە ئەوەی یەکێتیەکی بچوکی نوێ لە دەرەوەی یەکێتی، قوت بکاتەوە…

بەرهەم ساڵح و قەوارەکەی دیدیان بۆ پەیوەندی هەرێم و عێراق، بۆ ئایندەی سیاسی کوردستان، بۆ دین و پەیوەندی بە سیاسەت و یاساو پەروەردەو فێرکردنەوە، بۆ مافە و مەدەنییەکان، وە لەپەیوەند بە ئازادییەکان و مافی هاوڵاتی و تاکەوە… هەڵگری هەمان بۆچوون و دیدی یەکێتی و حزبە سیاسییە ئیسلامیەکانە کە لەکوردستان هەن و پێشتر کارنامەو پەیامیان لەئاستی سیاسی و کۆمەڵایەتیدا لە محەک دراوە.

د. بەرهەم دووخول سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان و دووخول جێگری سەرۆکی حکومەتی عێراق و ماوەیەکی زۆر جێگری سکرتێری گشتی یەکێتی نیشتیمانی کورستان بووە… واتە بەهەموو پێوانەیەک د. بەرهەم لە هەرەمی دەسەڵاتی حکومی و حزبیدا بووە…

لەسەردەمی دەسەڵاتدارێتی حکومەتی هەرێمی سەردەمی دکتۆردا، باڵای دزی و گەندەڵی و سیستیماتیک و نادادپەروەری بەو پەرێ خۆی گەیشتووە، یەکەمین چەخماغەی بزوتنەوەی نارەزایەتی جەماوەری فراوان لە زۆنی سەوزدا بەدژی دەسەڵاتی بزوتنەوەی کوردایەتی، ١٧ شوبات لە دژی دەسەڵاتی گەندەڵ و دزی حكومەتی هەرێم لە کاتی د. بەرهەم بووە، زۆرترین سەرکوت و لەخوێن هەڵکێشانی خۆپیشاندەران کە داوای نان و ئازادی و دادپەروەری و شکۆی ئینسانی و دژی گەندەڵی بوون لە ژێر سایەی لوتکەی دەسەڵاتی د، بەرهەم دا رویداوە، و تا ئێستاش بکوژانی ئەم تاوانکارییە، بە سزای یاسایی نەگەیشتوون. کەواتە سەردەمی دزی و گەندەڵی و نادپەروەری و سەرکوت و دژی ئازادی، لەسەردەمی دکتۆر بەرهەمدا، لەلوتکەدا بوو… ئێستا د. بەرهەم بانگەشەی وەستانەوە بەدژی گەندەڵی و تیکۆشان بۆ دادپەروەری و دیموکراسی دەکات… چ ریاکارییەکی ئاشکرای ناوازەی مێژووی هاوچەرخی کاراکتەرە سیاسیەکانی بزوتنەوەی کوردایەتییە؟

دەبێ بپرسین، کێ رێگر بووە لەوەی د.بەرهەم لە لوتکەی دەسەڵاتی خۆیدا، نموونەیەکی باشی دەسەڵاتدارێتی نیشان بدات؟ کێ رێگربووە لەوەی کایەی دیموکراسی فراوان بکرێتەوە و ماف و ئازادییەکان بە فەرمی بناسن؟ کێ دەستی گرت گەندەڵکاران و دزان، توشی لێپێچینەوەی یاسایی ببن، یاسا بۆ هەمووان یەک بوردی هەبێت؟ کێ رێگر بوو خزمەتگوازیییە زۆر سەرەتاییەکان فەراهەم بکەن؟ کێ رێگربوو لەوەی دیواری!! دیگەڵەی زۆنی سەوزو زەرد، برمێنرێت؟ کێ دەستی گرتن و سیستەمی خوێندن و پەوەردە، سەردەمی بکەن؟ تەنانەت ئەگەر رێگری هەبووە لەوەی لە زۆنی زەردی ژیر قەڵەمرەوی پارتییدا، کارەکانتان و پرۆژەکانتان و دیموکراسی و دادپەروەریەکەتان بخەنە بواری جێبەجێکرنەوە، کێ رێگر بوو لە زۆنی سەوزدا، وەکو کەسێک لە هەرەمی دەسەڵاتی حزب و حکومیدا، خزمەت بە شاری سلێمانی و زۆنی سەوز بکەن، گەندەڵی و دزی نەهێڵن یان کەمی بکەنەوە و کار بۆ دادپەروەری بکەن و دادگا ویاسا لەدژی دزان و گەندەڵگاران بجوڵێنن؟ دیموکراسی و ئازادی و رێزی لێبگیریت و لانی کەمی دادپەروەری، هەنگاوی بۆ بنرێت؟ لەسەردەمی د. بەرهەمی ئێستای بانگەشە چی بۆ دیموکراسی و دادپەروەری… رەشترین دەسەڵاتی سەرکوت و کوشتار و بێمافی و بێ خزمەتگوزاری و بێدادترین سیستەمی ئابوری و نادادپەروەری بوونە سیمای کۆمەڵگەی کورستان بەگشتی و زۆنی سەوز بە تایبەتی… ژمارەی ملیۆنێر و ملیۆنێرەکان، لە زۆنی سەوزدا بوون بە سەدان و بەدەیان… سەدان ملیۆنێر و دەیان ملیاردێر و لەسەردەمی مامۆستای دادپەرەوەی بۆ هاودید و هاوڵاتیانی کوردستان، قوت بوونەوە، کە لە بەرامبەردا ئۆردوی هەژاران و بێکاران و نەداران، بەوپەری خۆی گەیشتووە.

د. بەهەم… زاکیرەی تێک نەچووە، بەڵام زاکیرەی هاوڵاتیان بە ئیفلیج تەماشا دەکات… ئەگەر نا هەموو کەس دەزانێت، دکتۆر بەرهەم کە ئێستا فرمێسک بۆ دیموکراسی و دادپەروەری و دەسەڵاتدارێتی باش و خزمەتکاری خەڵک هەڵدەرێژێت… پێچەوانەی ئەوەی لە لوتکەی دەسەڵاتدارێتی حزبی و حکومی خۆیدا، بە کردەوە نیشان داوە…

سەبارەت بە چەمکی دادپەروەری و دیموکراسی کە بنەمای سەرەکی بانگەشەکانیەتی، وەکو لەچەند دیمانەیەکدا، خستیە روو  دادپەروەریی و دیموکراسی!! ئیسلامییە… دادپەروەرییەکە، لەسەر بنەمای” لان شکرتم و لازدنکم”ە…. بە هەژاران و بێبەشان دەڵێی رازی بن و کونجی قەناعەت بگرن… چەند شوکرانە بژێر بێن بۆتان زیاد دەکەین!!…  دیموکراسیەکەشی ئەوەیە” ومن لم یحکم بما انزل اللە فاولئک هم الفاسقون” لەسەر پرسی ژنیش دەڵێ” الرجل قوامون علی النساء بما فضل اللە بعضهم علی بعض…” و ” الدنیا متاع و خیر متاع الدنیا المرأة الصالحة”…

بەڵی بەرهەم سالح، چ بانگەشەی دیموکراسیەکەی و چ دادپەوەرییەکەی… سەرچاوەگەرتووی شەرع” قورعان و حەدیس”ە… چەندین ساڵ ژیانی لە دەرەوەی وڵات و لانکەی دیموکراسی!! تەنها هێندە حاڵی بووە، بۆ هێنانی دەنگ و بوون بە هێز دەستەو دامێنی کۆنەپەرستی دینی و بانگەشەی ئەوە بێت بڵێت دادپەروەری لە ئیسلامدا هەیە!!! لە جیاتی ئەوەی پێداگری لەسەر مافی هاوڵاتی بوون ئازادی و یەکسانی یاسایی ژن و پیاو و ئەو دیموکراسییە بکات، کە بینیویەتی و باشیش دەزانێت… چۆنە. ئەوەی کە وای کردووە بەرهەم ساڵح و هاودیدەکانی ئامێز بۆ ئیسلام و کۆنەپەرستی دینی و شکۆ بەخشێن بە مەلای بەڵاشخۆرەوە بکەن، هاودیدیانە لەگەڵ خێڵێ بزوتنەوەی بۆرژوا ناسیونالیستی و کورد و رەوت گەلی ئیسلامی… رەوت و قەوارەکەی بەرهەم ساڵح لەناوخۆیاندا هاودیدن بۆ هاودیدیان لەگەڵ ئەو حزبە قەومی و دینیایەنەی لە کوردستان هەن، نەک هاودیدیان بۆ جیاوازی بەخشین و نیشاندان بەو حزب و لایەنە سیاسیانەی کۆمەڵگەی کوردستانیان، دەیان ساڵ بەرەو دواوە بردۆتەوە…

قەوارەکەی بەرهەم ساڵح، لە هەمان قوماشی یەکێتی و پارتی و ئیسلامیە داعشیەکانی کوردستانەو هیچ جیاوازییەکی لەسەر هیچ پرسێکی سەرەکی لەگەڵیاندا نییە… بەرهەم ساڵح وەکو کاراکتەرێک کە لە ترۆپکی دەسەڵاتی گەندەڵ و دزی بزوتنەوەی کوردایەتی بوو لە حزب و حکومەتدا، نابێ رێگەی پێبدرێت بە فریوکاریی درۆینەوە، پارێزگاری هەمان سیستەم و دەسەڵاتدارێتی سوک بوو ریسوای کوردایەتی، لە بەرگێکی تردا بکات…

ئەرکی بەرەی چەپ و کۆمۆنیست و ئازادیخوازە کە ماهیەتی ئەو رەوتە نیشانی کۆمەڵگەو رای گشتی بدەن و هاوکات هەوڵیان بخەنە گەر بۆ ئامادەکردنی ئەڵتەرناتیفێکی پێشرەو شۆرشگێڕانەوە ئازادی بەخشی رێکخراو بۆ رزگارکردنی کۆمەڵگە لەدەست بزوتنەوەی بۆرژوازی کورد و ئەو کۆمەڵە حزب و رێکخراوەی سیاسییەی نوێنەرایەتی چینی بۆرژوازی کورد دەکەن..

Check Also

هێرشی ئیسرائیل بۆ سەر ڕەفەح! دوا بزمار لە تابوتی زایۆنیزم و هاوپەیمانە جیهانیەکانی

بەیاننامەی ژمارە ٦ی سێ حیزبی کۆمۆنیستی- کرێکاری لە ناوچەکەدا: ئەمڕۆ ٧ی ئایار، لە دۆخێکی پڕ …

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *