کامیان گاڵتەجاڕی سەرەکی یە: هەڵبژاردنەکە یان بە تەنها ئاکامەکەی..؟!

لە گۆشەیەکی ترەوە
پرسوڕای هەفتانە
١٤-٥-٢٠١٨
موزەفەر عەبدوڵا
کامیان گاڵتەجاڕی سەرەکی یە: هەڵبژاردنەکە یان بە تەنها ئاکامەکەی..؟!
سەرەنجام دوای چەند هەفتە لە بەڕێخستنی هەراو هوریاو سوکایەتی و تۆمەتبارکردنو هەڕەشەو گوڕەشەو پەلاماردانو لێدانو بریندارو کوشتن لە یەکتر لە ژێر ناوی کەمپەینی سیاسی هەڵبژاردن لە لایەک و لە لایەکی تریشەوە هەڕەشەو گوڕەشەی نان و موچە بڕین و ترس و تۆقاندنی خەڵکی، گاڵتەجاڕی بەناو هەڵبژاردنی تاقمە مافایییەکانی لە عێراق و کوردستان لە ١٢ مانگ ئەنجامدرا.
بەڵام لە بەرامبەر هەموو ئەم پرۆسە گاڵتە جاڕی و هەڕەشانەی لایەنە دەسەڵاتدارو بەناو موعارەزەکانیش زۆرایەتی خەڵکی، لە پێشیانەوە کۆمۆنیستەکانو ڕێکخراوەکانیان، بەتایبەتی حزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی کەمپەینێکی سیاسی بۆ ڕیسواکردنی ئەم گاڵتەجاڕیە بەڕێخست.
لە چوارچێوەی ئەم کەمپەینەشدا منیش لە گۆشە نیگای جۆراوجۆری پرسوڕای هەفتانەوە چەند وتارم نوسی بۆ دەرخستنی ناوەڕۆکی ئەم بەناو هەڵبژاردن و بەناوەڕۆک گاڵتەجاڕییە کە لایەنەکانی دەسەڵات و موعارەزە سەرگەرمی بون بۆ تەفرەدانی جەماوەرو مانەوەی خۆیان لە دەسەڵات.
ئێستاش دوای تەواوبونی هەڵبژاردنو دەنگدانە گاڵتەجاڕییەکە لە ئاستی عێراقو کوردستان زۆربەی لایەنەکان، بە تایبەتی بەناو موعارەزەکان، دەنگی ناڕەزایەتی یان بەرزکردۆتەوە لە ئاکامەکەی بە گاڵتەجاری ناوی دەبەن، وە دژی وەستاونەتەوە بەبەهانەی ئەوەی ئاکامەکەی دەسکاری کراوەو تەزویر کراوەو ئامێرەکانی دەنگدان هاک کراوەو چەند بەهانەی تریش.
وە لەسەر زاری وتەبێژو سەرانیانەوە، بە تایبەتی شەش لایەن لە کوردستان، ڕایانگەیاند کە ئاکامی هەڵبژاردن قەبوڵ ناکەنو بە گاڵتەجاڕی ناویان بردووە. هاوکات داوا دەکەن کە یان دووبارە دەنگەکان جیا بکرێتەوە بە ئامادەبونی لێژنەیەکی سەرپەرشتی بێلایەن یان جاریکی تر هەڵبژاردن بکرێتەوە.
بەڵام پرسیاری سەرەکی لێرەدا ئەوەیە ئاخۆ کامیان گاڵتەجاڕی سەرەکی یە هەڵبژاردەنەکە خۆی یان بەتەنها ئاکامەکەی…؟!
وەڵامی بەرەی ئازادیخوازیو یەکسانیخوازی، لە پێشیانەوە کۆمۆنیستەکانو حزبی کۆمۆنیستی کرێکاری بۆ ئەو ڕاو هەڵویستەی ئەو لایەنانەی کە پێیان وایە بە تەنها ئاکامی هەڵبژاردنەکە گالتەجاڕی یە، ئەوەیە کە ئێمە چەندین بەڵگەو فاکتی سیاسی و مێژوویی جۆراوجۆرمان لە نوسینو بەیانەکان ‌هێنایەوە کە ئەوەی پێی دەڵێن هەڵبژاردنو دەنگدان بۆ پەرلەمان جگە لە گاڵتەجاڕی زیاتر هیچی تر نییە . وە ئەو بەڵگەو فاکتانە لە وتارو نوسینو قسەوباسو گفتوگۆو چاوپێکەوتنی سەدانو هەزاران کەس تا دەگاتە بەیانی حزبی کۆمۆنیستی کرێکاری و ڕێکخراوە کۆمۆنیستی یەکانی تردا هاتوەو ڕونکراوەتەوە.
وەک وتم شەخسەن ٥ وتارم لەمباریەوە نوسی کە ئەمە نە هەڵبژاردنەو نە سەرجەم ئەم هەلومەرجو سیستەمە سیاسییەو نە ئەو هێزانەی کە ئەم هەڵبژاردنە لەسایەیان دەکرێت دەتوانن و دەیانەوێت هەڵبژاردنێک کە لانی کەمی پرەنسیبە نێو دەوڵەتییەکانی خودی بۆرژوازی تیدا بێت، بەڕیوە بچێت. وە ئەم لایانانە دەیانەوێت بەناوی هەڵبژاردنەوە پەنجەمۆری کەمایەتی یەکی خەڵک وەرگرن تا شەرعیەت بە دەسەڵاتە میلیشاییە چەتەگەرییە قەومی و خێڵەکی و ئیسلامی و تایەفی یەکانیان بدەنو بەس.
ئێستاش ئەم ڕاستی یە تەواو لە لایەن خودی لایەنەکانی دەسەڵاتو بەناو موعارەزەوە دانیان پیادا نا، ئەمە جگە لەوەی لە کۆی هەموو ئەو ڕێژەیە لە خەڵکی کە مافی دەنگدانی هەیە بە ڕەسمی تەنها نزیک بە لەسەدا چلو سێ دەنگیان داوە. تەنانەت بە پێی هەندێک هەواڵ کە بڵاوکراوەتەوە لە زمانی هەندێک سەرچاوەی دەرەکی یەوە کەمتر لە ڕێژەی سەدا بیستیش دەنگیان داوە.
ئەمانەش ئیتر بەڵگەو فاکتو ڕاستی ترن و ڕاو هەڵوێست و بۆچونەکانی ئێمە باشتر دەسەلمێنن کە ئەمە هەڵبژاردن نی یە بەڵکو لە گاڵتەجاریش گاڵتەجاری ترە. ئەمە ئیتر خۆی لە خۆیدا بەتاڵکردنەوەی ناوەڕۆکی ئەم بەناو هەڵبژاردنەیە کاتێک کەمترین ڕێژەی خەڵک ئامادەی دەنگدان بونەو زۆرایەتی ڕەها چ بایکوتیان کردوە. جا چ دژی هەڵبژاردنەکەو سەرجەم پرۆسەکەو تەنانەت وەک ئێمە بە گاڵتەجاڕیان زانیوە.
لە ڕویەکی ترەوە تا ئەو جێگایەش دەگەڕێتەوە بەوەی کە ڕێژەی ڕەهای خەڵک دەنگی نەداوە، ئیتر بە هەر بەڵگەو بەهانەیەوە بێت ئیتر ئەوە رادەی دژایەتی ئەو خەڵکە دەگەیەنێت بۆ دەسەڵاتی ئەم تاقمانە. بۆیە پێویستە لەسەر ئەو خەڵکە ناڕازی یە لە جەماوەری کرێکارانو توێژە ستەمدیدەکانو هەموو بەرەی ئازادیخوازی و چەپ و کۆمۆنسیتەکان یەکگرتوانە بێنە مەیدان تا ئەم تاقمانە جارێکی تر نەتوانن بەناوی هەڵبژاردنو دەنگدانەوە یاری بە چارەنوسیان بکەنو دەسەڵاتی سەرکوتگەری میلیشایی بسەپێننەوە .
ئەگەر بەرەی ئازادیخوازی و یەکسانیخوازی، لە پێشیانەوە کۆمۆنیستەکان، ڕیکخراوترو یەکگرتوتر بن ئەوە بێگومانە بەهێزی یەکگرتوانەیان نایەڵن ئەم تاقمە میلیشایی یە قەومی و خێڵەکی و ئیسلامی و تایەفی یانە گاڵتەجاڕی وا بەناوی هەڵبژاردنەوە ئەنجام بدەن. هاوکاتیش تاقمی وەک ئەم بەناو موعارەزانە پەیدا نابن کە پێیان وابێت سیستەمە سیاسی یەکەو هەڵبژاردنە کە هیچ گرفتو خەوشی تیدا نی یە بەڵکو تەنها ئاکامەکەی گاڵتەجاری یە.

Check Also

هێرشی ئیسرائیل بۆ سەر ڕەفەح! دوا بزمار لە تابوتی زایۆنیزم و هاوپەیمانە جیهانیەکانی

بەیاننامەی ژمارە ٦ی سێ حیزبی کۆمۆنیستی- کرێکاری لە ناوچەکەدا: ئەمڕۆ ٧ی ئایار، لە دۆخێکی پڕ …

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *