مانگی ڕەمەزان  مانگی پێشێلکردنی ئازادی  و بێ کاری و گرانی و کۆنەپەرستییە!!

رۆژ عەزیز

هەموو ساڵێک کە مانگی رەمەزان دێتەوە، ئاستی بێکاری و پێشێلکردنی ئازادییەکان، بەرینتر و فراوانتر دەبێتەوە… هەموو ساڵێک لەم مانگەدا بەهەزاران کرێکار بێ کار دەکرێن لە چێشتخانەو چایخانەکان و بارەکان… و بێ ئەوەی خاوەن کار قەرەبووی ئەو مانگەیان بۆ بکاتەوە یان دەسەڵات بەرپرسێتی هەڵبگرێت و لەجیگایدا بیمەی قەرەبوویان بداتێ.

بەشێک لەخاوەن گازینۆو چێشتخانەکان بەهۆی پابەندبوونیان بە مانگی ڕەمەزانەوە دوکانەکانیان دادەخەن کرێکارەکان بێکار دەکەن لەو مانگەداو قەرەبووی ئەو مانگەشیان بۆ ناکەنەوە، بەشێکی دیکەشیان کە چێشتخانەو گازینۆکان دادەخەن دەسەڵات پێیان دادەخات و دەبێت وەک ڕێز گرتنێک لەمانگی رەمەزان دایبخەن یان دەسەڵات  بەپارەیەکی زۆری چێشتخانەو گازینۆکانیان بۆ دەکاتەوە و مۆڵەتی کارکردنیان پێدەدات لەو مانگەدا کە  کار بکەن. بێ کارکردنی کرێکارانی چێشتخانەو گازینۆکان هەم دەسەڵاتداران وحکومەت لێی بەرپرسن وە هەم خاوەن کار لێی بەرپرسەو دەبێت بێمەی بێ کاری ئەو مانگەیان پێ بدرێت.

کرێکاری بەشمەینەت تاوانی چییە لەو مانگەدا بێکار دەکرێت؟ بێکارکردنی کرێکاران دەبێت دەسەڵات و خاوەن کار هەقی ئەو مانگە بێکاریەی پێ بدات، بۆ دەبێت بەناوی ڕێزگرتن لە پیرۆزییەکانی مانگی ڕەمەزان کرێکاران بێکار بکرێن، ئەی وەک بێکاریان دەکەن بۆ بیمەی بێکاری ئەو مانگە دەسەڵات یان خاوەن کار پێیان نادات؟. ئەمەش گەورەترین هێرشە بۆسەر سفرەی کرێکاران… بەجیا لەوەش مانگی رەمەزان بەهۆی زاڵکردنی کەشی کۆنەپەرستانەو تەخشان و پەخشانکردنی زەخیرەیەکی فراوانی بۆگەناوی ئیسلامی و خورافی، کۆمەڵگە دادەگرێت و ئینسان هەست دەکات لە کۆمەڵگایەکی ئیسلامی و لەژیر سایەی خولەفاکانی راشیدین دایە… لەو مانگەدا فەزایەکی ئیسلامی دواکەوتویی و کۆنەپەرستی بەرۆکی کۆمەڵگە دەگرێت و ئازادییەکان و بەتایبەتیش ئازادییە فەردییەکان دەکەونە بەر شەپۆلی بەردەوامی کارگەی بازرگانی و پیشەسازی پیاوانی دینی و رەوتە ئیسلامییە رەنگاورەنگەکانی کۆمەڵگەوە… خیڵی مەلای بەلاشخۆر، کادرانی حزب و رێکخراوە ئیسلامیەکان، بێ گویدانە هیچ پرانسیب و رەوشتێکی شاری و شارستانی، مینبەری مزگەوتەکان و بڵندگۆکانی بەردەستیان، دەخەنە گەر و لەهیچ ئیهانەو سوکایەتیەک بە کەسانی پابەند نەبوو بە مانگی رەمەزان و نەریتەکانی، دریغی ناکەن… لەناو ئەو شەپۆلی سوکایەتی و بێ رێزییەدا ژنان قوربانی یەکەمن، چونکە کەشێک دەخوڵقێنن کە ژمارەیەکی زۆر لە ژنان ناچار بە پۆشینی جل و بەرگی ئیسلامی و حجابی ئیسلامی دەکەن و ئازادی فەرییان لێدەسەنەوە… مناڵان راپێچی مزگەوتەکان دەکەن… لەهەر جیگایەکیش کە بۆیان بکرێت… هیرش و سوکایەتی بەو ژنانە دەکەن کە پەیرەوی نەریتە دیلی هێنەرەکانی مانگی رەمەزان و ئیسلام ناکەن… وە هیچ رێزێک بۆ ئاتەئیستەکان و بێ باوەرەکان، بۆ مەسیحی و یەزیدی و … دانانین… دەیانەوێت دەمی هەموو کەسێک ببەستن و رێگای خواردن و خواردنەوەی ئازادانە لەهەموو کەسێک بگرن….  هات و هاواری بەردەوامی میکۆفۆنە دەم ئاوەڵا و دەنگ گرەکان و  دەهۆڵ کوتانی نیوەشەوان، بەتەواوی خەڵکی هەراسان دەکەن… بە تایبەتیش مناڵان و کەسانی پەککەوتەو نەخۆش…

مەسەلەیەکی تر ئەوەیە مانگی رەمەزان لەگەڵ خۆیدا گرانیەکی ئەژدیها ئاسا لەگەڵ خۆی دەهێنیت، نرخی کەل و پەل و پێداویستیەکانی ژیان و گوزەرانی خەڵکی لەلایەن بازرگانان و پیاوانی لەخواترسیان، بەرزدەکرینەوە و زۆر جار دووقات نرخەکانیان هەڵدەکشیت… بەڵی مانگی رەمەزان بازار و گرانی دەکاتە دیکتاتۆریەتیکی ویژدان تۆپیوو…

ئەمە بێجگە لەوانەی لەسەرەوە باسم کردن  چێشتخانەکانیش دەبێت پەردەیان پێوە بکرێت وەک ڕێزێک بۆ مانگی ڕەەمەزان و ڕۆژوەوان و دوکانی مەی فرۆشی دەبێت دابخرێت باڕەکان دەبێت دابخرێن کرێکارەکانیشیان دەبێت بێ کار بن و خاوەن دوکان و بارەکانیش لەو مانگەدا دەبێت کرێی باڕو دوکانەکەیان لەسەر حسابی گیرفانی خۆیان بدەن.

لەو مانگەدا حوجرەکان پڕ دەکرێن لەمناڵان بەناوی دەرسی قورئان و دواتریش هانی توندوتیژیان دەدەن کە ئەوانەی نوێژ ناکەن بێ باوەڕن یاخود ئەوانەی جلوبەرگی مەدەنی دەپۆشن بەچاوی ناشرین لە کۆمەڵگەدا سەیر دەکرێن لەلایەن هێزە ئیسلامیەکانەوە، کەنالەکانی هێزە ئیسلامی و ناسیونالیستەکانی کورد دەکرێنە مینبەری   دواکەوتویی و کۆنەپەرستی خورافات و هەموویان دواکەوتویی و کۆنەپەرستی بەسەر کۆمەڵگەدا پەخش دەکەن و ئیسلام و نەریتەکانی دەمەزەرد دەکەنەوە.  ئەوانەی بەڕۆژو نین سوکایەتیان پێدەکرێت وهەرکەس لەبازارەکان شت بخوات دەم بجوڵێنێت دەیان کەس سەیری دەمی دەکەن و تانەو تەشەری لێ دەدەن، وە کاتێکیش جەژنی رەمەزان هات ئیتر رۆژوەوان دەکەونە سوکایەتی پێکردنی ئەوانەی بەڕۆژو نین و دەڵێن جەژنت پیرۆز بێت لەو لاشەوە تەعلیقێکی لێ دەدەن دەڵێن هەرچەندە جەژنی تۆ نییە بەس قەیناکە جەژنت پیرۆز بێت.

یان هەندێک جار ئەوانەی بەرۆژو بوون تەعلیق لەوانە دەدەن کە بەرۆژو نەبوون دەڵێن جا تۆ بۆ نانی جەژن دەخۆیت خۆ تۆ موسڵمان نیت بەرۆژو نەبوویت. خاڵێکی دیکەی ئیزعاج کردن ئەوەیە هەموان لە رۆژی عارفەدا ماندون شەتەکن بەهۆی فرکان فرکانەوە بەدوا شت کڕیندا خاوەن دوکان ماندوە کەچی کە یەکەم رۆژی جەژن هات ئیتر بەرە بەیان خەڵک ڕاکە ڕاکیەتی بۆ ماڵان وجەژنە پیرۆزەو گەردن ئازادی لەیەکتر بیر لەوە ناکەنەوە ئاخر ئەم ئینسانانە ماندوبوون رۆژی پیشوو ترو وە درەنگانی شەوو لەسەرکار هاتوونەتەوە کەچی بەیانی زوو هەڵدەکوتنە سەر ماڵیان جەژنە پیرۆزەیان لێ دەکەن.

ئەو خێزانانەی کە پابەندی نەریتەکانی مانگی رەمەزانیش نەبوون، لە رۆژی جەژندا رزگارییان لە میوانی بەکۆمەڵ نابێت، کە سەرلەبەیانی زوو دەچینە سەریان، گوایە گەردن ئازایی و پیرۆزبایی جەژنیان پێ رادەگەیەنن..

هەموو ئەو کەشە نا تەندوست و کۆنەپەرستانە ئیسلامیە کە لەو مانگەدا، کۆمەڵگە دادەگرێت… بە پلەی یەکەم حزبە دەسەڵات بەدەستەکان بەرپرسن لێی… ئەوە ئەوانن رێگەیان بۆ بەمەلاکان و مزگەوتەکان، بە رەوت و کادرە ئیسلامیەکان داوەو تەراتین بکەن و مافە فەردی و مەدەنییەکانی خەڵک و ئازادییەکان پایماڵ بکەن… ئەو حزبانە کە شادەماری پیکهاتەیان پشت بەستنە بە شەیعەت” قورعان و حەدیس”، لەوە زیاتریان لێ چاوەروان ناکرێت…

لەکۆتایدا دەمەوێت ئەوە بڵێم نابێت ڕێگە بدرێت بەناوی پیرۆزی مانگی ڕەمەزانەوە کرێکاران بێ کار بکرێن دوکانی مەی خواردنەوەو باڕەکان دابخرێن و چێشتخانەو گازینۆکان دابخرێن… نابێت ڕێگە بدرێت مەلاو ئیسلامی سیاسی لە مزگەوتەکانەوە سوکایەتی بە خەڵک و خودی ژنان بکرێت کە بەڕۆژو نین یاخود ژنان کە  جلوبەرگی مەدەنی دەپۆشن. پێویستە لەلایەن بەرەی پێشکەوتنخوازی کۆمەڵگەوە دەسەڵات ناچار بکرێت، ریز لە مافە فەردی و مەدەنییەکان و ئازادییەکان بگرێت و ئازادی دینداری و بێ دینی، بە فەرمی بۆ هەموو تاکەکان رێز لێبگرێت…

تێبینی: ئەم بابەتە لە بۆپێشەوەی ژمارە ٢٨ بەرواری ١٥/٥/٢٠١٨ بڵاوکراوەتەوە…

 

Check Also

هێرشی ئیسرائیل بۆ سەر ڕەفەح! دوا بزمار لە تابوتی زایۆنیزم و هاوپەیمانە جیهانیەکانی

بەیاننامەی ژمارە ٦ی سێ حیزبی کۆمۆنیستی- کرێکاری لە ناوچەکەدا: ئەمڕۆ ٧ی ئایار، لە دۆخێکی پڕ …

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *