ئایارو میدیای کوردی!

نووسینی: مستەفا باهیر

هەمو ساڵێک لە یەکی ئایاردا، کرێکاران یادی ئەوە رۆژە دەکەنەوە، کە پۆلیسی شاری شیگاگۆ لە چواری ئایاری ساڵی ١٨٨٦ لە ساحەی هایمارکێت، هێرشیان کردە سەرکرێکاران. جگە لەوەی کە ژمارەیەکی زۆرلە کریکاران کوژران، هێرشیش کرایە سەر ریکخراوە کریکارییەکان و ڕابەرەکانیان دەستگیر کران و لە دادگایەکی بێسەروبەردا بریاری لەسێدارەدان بۆ پێنج  لە رابەرانی کرێکاریی  دەرچوو. لە ١١ نوڤەبەری ١٨٨٧  لەسیدارەدران. لە سالی ١٨٩٠ بەدواوە کریکاران ساڵانە ئەم یادە بەرز رادەگرن لەزۆربەی وڵاتەکانی جیهان ئەو رۆژە بوە بە پشوی رەسمی.

عێراقیش یەکێکە لەو وڵاتانە، لە دوای هاتنە سەر دەسەڵاتی عبدالکریم قاسم لە کۆتایی٥٠کاندا ساڵانە کرێکاران بەهاوکاری حزبی شوعی توانیویانە یادی ئەو رۆژە بکەنەوە. لەدوای نەمانی قاسمیشەوە، لەلایەن سەندیکا زەردەکانی سەردەمی بەعس یادی ئایار کراوەتەوە، بەڵام زیاتر بۆ  ستایشکردنی دەسەڵاتی بەعس بووە.

لەدوای ڕاپەرینی خەڵکی کوردوستان و بە‌هێزبوونی کۆمۆنیزمی کریکاری و دامەزراندی حزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی عێراق، یەکی ئایار و رێزگرتن لەو رۆژە سیمایەکی تری بەخۆیەوە گرت و بەنەریتێکی تەواو جیاواز یادکردنەوەی ئایار جێکەوت…، نەریتیك کە سەر بە بزوتنەوەی سەبەخۆیی چینایەتی کڕیکارییە… لەو کاتەوە  یادی ئەو رۆژە ساڵانە بەرز ڕادەگیرا، لە ساڵی ١٩٩٤ لە مەلعەبەکەی سلیمانی بە دەیان هەزار لە خەڵکی کرێکارو زەحمەتکێش مەراسیمی ریزگرتن لە یەکی ئایاریان کردەوە. لە ساڵی دواتریش لە هەولێر بە دەیان هەزار لە باخچەی گلکەند کۆبوونەوە. تا یەکێتی لەسەر داوای ئێران هێرشی نەکردبووە سەر کۆمۆنیستەکان و باوکی هەژاران  لە ١٤/٧/٢٠٠٠ قەتلوعامی کۆمۆنیستەکانی نەکرد، لەناو شاری سلیمانی و هەولێر و زۆریک لە شارو شارۆچکەکان ساڵانە کۆمۆنیستەکان و رابەرانی کرێکاری یادی یەکی ئایاریان بە شیوازی جۆراوجۆر دەکردەوە…و ئاکسیۆنی ئایاریان بەرز ڕادەگرت، بەڵام لەو کاتە بەدواوە، تارادەیەکی زۆر مەراسیمە ئایارییەکان بەرەو لاوازی چوون و پاشەکشە بە ئاکسیۆنە ئایارییەکان کرا.

ئەمسال کۆمۆنیستەکان لەدەوری یەک کۆبونەوەو کۆمیتەیەکیان دروست کرد بە ناوی کۆمیتەی یەکی ئایار لە ناو شاری سلیمانی و دەوروبەری یادی ئایاریان بەرز ڕاگرت. دەتوانین بڵێین لە دوای ٢٠٠٠ یەکەمین جارە بەوهێزەوە کۆمۆنیستەکان بێنەوە سەر شەقام نمایشێکی وا گەورە لەئایاردا نیشان بدەن. بە سەدان کەس لە شەقامی سالمەوە بە دروشمی ئازادی، یەکسانی، حکومەتی، کرێکاریی بەرەو باخچەی گشتی بەڕیکەتن و لەوێش درێژەیان بە مەراسیمەکەیاندا، بەڵام ئەوەی جیگای پرسیار بوو لای هەندی کەس کە بۆچی هیچ میدیایەکی کوردی، لەو مەراسیمەدا بەشداری نەکرد.. بیگومان جوابەکەی لای من روونە، چونکە زۆربەی میدیاكانی هەرێمی كوردستان، بەهەرسێ میدیای بینراو بیستراو خوێندراو، هی حزبەکانن، یاخود میدیای سێبەری حیزبین، لەلایەن  سەرکردایەتی حزبیشەوە ئاراستە دەكرێن. ئەم میدیایانە دژی بەرژەوەندی چینی کرێکارانن، هەر بۆیە هەمیشە لەهەوڵی ئەوەدان کە خاڵە بە‌هێزەکانی چینی کرێکار دەر نەخەن و دژی بوەستنەوە. بۆیە خۆیان نادەن لە بڵاوکردنەوەی نمایشیکی ئاوا، و لە جێگایدا هەوڵدەدەن کە بیشارنەوە.

میدیاکەی باوکی هەژاران (گۆڕان) کە خۆی بە میدیای ئۆپۆزسیۆن دەناسێنێ، کاری سەرەکی ڕەخنەگرتن بوو لەدەسەڵاتی پارتی ویەکێتی. خۆی بە خەمخۆری هەژاران دەناسی، بەتایبەتی لەکاتی گواستنەوەی هەواڵەکانی  خۆپیشاندانەكانی ١٧ شوباتی ٢٠١١ ، تا جێگای خۆی کردەوە لەناو دەسەڵاتدا وپاشان بینیمان کە خۆپیشاندانەکانی خەڵکی شارۆچكەی هەژارنشینی سەیدسادق کرا، ئەو گرو تینەی ١٧ شوباتی نەمابوو. حزبەکەی باوکی هەژاران ئێستا زیاتر بووە بە حزبی ئیخوانیەکان بۆیە ئەوانیش وەک باوکی هەژاران دژی کۆمۆنیستەکانن خۆیان لە گواستنەوەی هەوڵی کریکاری دور دەگرن.

هەرچی میدیای حزبە ئیسلامیەکانیشە وەک گای ئیسپانی وان لەهەرشوێنێک ئالای سور ببین پەلاماری دەدەن. خۆیان لە شوێنی وا نزیک ناکەونەوە.

بەشێکی تر لە میدیاکان کە هی سەرمایەدارەکانن خۆیان بە میدیا ئەهلی سەربەخۆ دەناسێنن چەند دەوڵەمەندیکی دز لە پشتیانەوەیە. ئەم میدیایانەش بیگومان نایانەوێت هێزی کرێکار پێشان بدەن.

بەکورتی دەتوانین بڵێین کە هەموو میدیاکانی کوردی هی حزبەکانن حزبەکانیش نوینەری سەرمایەدارانن میدیاکانیش لە بەرژەوەندی چینی سەرمایەداران کار دەکەن و دژی چینی کرێکارانن وهیج کات نایانەویت سەرکەوتنی ئەو چینە پیشان بدەن. بۆیە لە یەکی ئایاردا هیچ یەکێک لەومیدیایانە لەو مارشەدا بەشداریان نەکرد و هەتا نەشیان توانی وەک ئەرکی ئەخلاقی میدیایی ئەوهەواڵە بڵاو بکەنەوە. دوور لە هەموو ئەخلاقێکی میدیایی. ئەو هەواڵەیان لە گوێگران و بینەران و خوێنەرانی خۆیان شاردەوە.

بێدەنگی و خۆدزینەوەی میدیاکان، لە گوێزانەوەی هەواڵی ئاکسیۆن و خۆپیشاندن و کۆبونەوەی کرێکاران لەناوجەرگەی شارو لەیەکی ئایاردا، ئەو راستیە بەیان دەکات.. کە کوردستان بە کردەوە خاڵییە لە میدیای ئازادو سەربەخۆ… بانگەشەی میدیای سەربەخۆ و بێ لایەن، تەنها درۆیەکە بۆ شیواندنی رای گشتی… ئەم میدیایانە ئامادەن دۆزینەوەی وێنەی کۆنی بەرپرسێکی حزبی بکەنە مانشیت، دوودێر نووسینی بێ ناوەرۆکی تازە دۆزراوەی فڵانە بەرپرسی مردوو بکەنە تایتڵی گەورە، کۆبونەوەی بێناوەرۆکی حزبەکان بکەنە سەردێر… بەڵام چاوی بینینی ڕێپێوانی کرێکارانیان نییە، گوێی بیستنی دروشمی ئازادی و بەرابەری و حکومەتی کرێکارییەکان نییە، زومی ئاقڵێ!! کامیراکانیان حەشامەتی ریزگرتن لە یەکی ئایار نابینێ… چ میدیایەکی سوک و بازاری کۆنترۆڵی کۆمەڵەگەیان کردووە!!.

یەکی ئایاری ئەمساڵ دەتوانین بڵێین سەرەتای کارێکی سەرکەوتوی چینی کرێکاران وکۆمۆنیستەکانە بۆیە دەبیت کۆمۆنیستەکان وکرێکاران دەست بەم سەرکەوتنەوە بگرن و بتوانن لە دوای ئایاریشەوە پیکەوە کاری هاوبەش بکەن بزوتنەوەکەیان بەرەو سەرکەوتن بەرن تەنها ڕێگاش بۆ سەرکەوتنیان یەکگرتنیانە، لەو چوارچێوەیەشدا پێویستە میدیای ئازاد و میدیای بەرگری لە بزوتنەوەی کرێکاریی و بێبەشان، هەوڵی بۆ بدرێت و ئەو بۆشاییە لە کاری میدیایی لە بزوتنەوەی کریکاریی و کۆمۆنستیدا، پڕ بکرێتەوە…

 

تێبینی: ئەم بابەتە لە بۆپێشەوەی ژمارە ٢٨ بەرواری ١٥/٥/٢٠١٨ بڵاوکراوەتەوە…

 

 

Check Also

هێرشی ئیسرائیل بۆ سەر ڕەفەح! دوا بزمار لە تابوتی زایۆنیزم و هاوپەیمانە جیهانیەکانی

بەیاننامەی ژمارە ٦ی سێ حیزبی کۆمۆنیستی- کرێکاری لە ناوچەکەدا: ئەمڕۆ ٧ی ئایار، لە دۆخێکی پڕ …

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *