ترمپ و کیم جۆن رێکەوتن و دنیاش لەژێر هەرەشەی نابود بووندایە!!

عەبدوڵا مەحمود

سێ شەممە کە دەکاتە ١٢/٦/٢٠١٨ هەر یەک لە دۆناڵد ترەمپی سەرۆکی ئەمریکاو کیم جۆن ئۆن سەرۆکی کۆریای باکور، دوای دەیان دەهە لە ململانێ و كیبەرکێی بەرزو نزم، کۆبونەوەیەکی لوتکەیان لەیەکێک لە ئوتێلە گرانبەهاکانی دورگەیەکی سەنگاپوور ئەنجامدا. لە کۆتاییدا یاداشتی لێک تێگەیشتینێکی گشتی هاوبەشیان، واژۆ کرد.

بە گوێرەی سەرچاوە میدیاییەکان، پرسە سەرەکیەکانی کۆبوونەوەکە، داماڵینی چەکە ئەتۆمیەکانی کۆریای باکور، کەمکردنەوەی کێشەکانی نیمچە دورگەی کۆریا، کۆتاییهێنان بە دەستووەردانی ئەمریکا لەناو کۆریا و پاراستنی، کشانەوەی سەربازانی ئەمریکا لەو نیمچە دورگەیە…تاد.

ئەم کۆبونەوەیە بە کۆبونەوەی مێژوویی!! لەقەڵەم درا… کۆبونەوەیەک کە دوای کێبەرکییەکی توندی نێوان دوو وڵات هات، کە پێشتر هەڕەشەی سرینەوەی یەکتریان لەسەر هەسارەی زەوی دەکرد.

بەدوای کۆبونەوەکەش هەریەکە لەترەمپ و کیم جۆن، کۆبونەوەکەیان بەسەرکەوتوو و هەڵدانەوەی لاپەرەیەکی نوێ و سپاردنی گرژەیەکانی پێشوو بە میژوو… لەقەڵەمدا. هاوکات هەریەکە لە بەرپرسانی روسیا و چین، خۆشحاڵی خۆیان بە ئەنجامدانی کۆبونەوەی لوتکە دەربری.

بێگومان کۆبونەوەی ترمپ و کیم جۆن… وەکو سەرۆکی دوو وڵاتی لەچەکی ئەتۆمی و ویرانکەر هەڵکێشراو… بەڵێنی کیم جۆن بۆ لەناوبردنی چەکە ترسناکەکان، لەوەش واوەتر هەر هەنگاوێک لەراستای کەمکردنەوەو داماڵینی وڵاتە زلهیزو ناوچەیەکان، لە چەکی ئەتۆمی و بایەلۆژی و کیمیایی و وێرانکەرو یاساغکراو!!! لە دیدی خەڵکی ئازادیخواز و ئاشتیخوازی جیهانەوە، هەنگاوێکی ئیجابی و جێگای رامانێکی ئەرێنییە. تەنانەت خاوبوونەوەی هەر گرژییەک و لاچوونی سایە و هەرەشەی شەری وڵاتانی زلهێزو ناوچەیی، لە روانگەی دنیای شارستانی ژێر هەرەشەی جەنگدا، قابیلی پیشوازییەو هەنگاوێک دورکەوتنەوەیە لە وێرانکاریی… لەو راونگەیشەوە رێکەوتنی نیوان ئەمریکاو کۆریای باکور،” ئەگەر بەکردەوە دەربێت” بەو هۆیەوە لاچوونی مەترسیەکی گەورەیە لەسەر دنیا، و بەرگرتنە بەئەگەری جەنگێکی خوێناوی ویرانکەر، قابیلی پێشوازییە.

سەرباری ئەو رێکەوتننامەیە، هێشتا ئەو کۆبونەوە و تەنانەت رێکەوتننامە گشتیەش، بۆ ئاساییکردنەوەی پەیوەندی نێوان ئەمریکاو کۆریای باکور و هاوکات هەردوو کۆریا لەگەڵ یەکتری و بەڵێندان بە لەبەینبردنی چەکە ترسناکەکان، ناتوانیت دنیا لە خەتەری جەنگی ئەتۆمی و جیهانی و ناوچەیی رزگاربکات، راستیەکی حاشاهەڵنەگرە…

تا ئەوکاتەی یەکێک لە پایەو روکنەکانی ململانیی وڵاتە سەرمایەدارییەکان و قوتبە گەورەکان، خۆ پڕچەک کردن بێت، هەڕەشەی جەنگ بێت، دەستێوردان لە وڵاتانی ئاڵۆزکاوی پرکێشەی سیاسی و کێبەرکێی چەور و زبر بێت، پەنابردن بۆ رێگاچارەی سەربازی، جێگای رێگاچارەی ئاشتی و دیبلۆماسی بگرێتەوە، وە تا ئەوکاتەی جەنگ وەکو رێگایەک بۆ کۆنتڕۆڵێ بازاری سەرمایەو دەستبەراگرتنی دەستی کاری هەرزان بێت، وە جەنگ بە وێنەی یەکێک لە کەناڵەکانی قەرەبووکردنەوەی ئەزمەی نیزامی سەرمایەداری لێی بڕوانرێت… دنیا ناتوانیت ئارام بێت و دانیشتوانی گۆی زەویش خاترجەم بن.

رێکەوتنی سەرەتایی و گشتی ئەمریکاو کۆریای باکور، لە ئیستادا، لەگەڵ ئەوەدا هەنگاوێکی ئیجابی و دورکەوتنەوەی سایەی جەنگێکی خوێناوی وێرانکەرە…” ئەگەر بە ریکەوتننامەکەوە پابەند بن” بەڵام هێشتا بەشی هەرەزۆری دنیا، لەسەر دەستی خودی وڵاتانی زلهێزی وەکو ئەمریکاو روسیاو هاوپەیمانە جیهانی و ناوچەیەکانیان، لەرێگای شەری راستەوخۆ و بە وەکالەتەوە… دەرگیری جەنگە. جەنگ و کێشمەکیش، لە ئەمریکای لاتینەوە بۆ بەشێکی زۆری وڵاتانی ئەفریقاو ئاسیا… مۆتەکەیەکەو دەستی ناوەتە بینەقاقای ملیۆنان ئینسانەوە.

جەنگ و دەستێوەردانی سەربازی و هەرەشەی جەنگ… تا ئێستا لۆژیکی زاڵی نیزامی سەرمایەدارییە بۆ کۆتاییهێنان بە ئاریشە سیاسی و ململانێی زبرە وڵاتی و نەتەوەیی و دەوڵەتەکانی دەرگیر بە کێشەکان. رۆڵی ئەمریکاو غەرب و روسیا لەکیشەکانی دنیادا، رۆڵی بەبارمتەگرتن و بە سەرمایەکردنی ئەو کیشەو ملململانیانەیە بە مەبەستی داسەپاندنی هەژموونی و کوێخاتەتی بەسەر دنیا بە قازانجی خۆیاندا…

کۆتاییهێنان بە خەتەری جەنگ، و ململانێی خۆ پڕچەککردن،… لە ڕێگای کۆبونەوەی سەرکردە لۆمپنەکانی سەرمایەوە بەشوێنێک ناگات…بۆئەوەی وڵات و زلهێزە لە چەکە ترسناکە هەڵکێشراوەکان، چەکەکانیان دابماڵن، جەنگ لۆژیکی وەڵامدانەوە بە گرژی و ناکۆکیەکان نەبێت، پێویستە ئۆردوی ئینسانی هەراسان لەجەنگ و نائەمنی، بێتەدەنگ و بێدار بێتەوە… بەبێ هەستانی ئەو غولە و راسانی لە ئاستی فراوانی کۆمەڵایەتی و جیهانیدا، جیهان هەر لەبەردەم وێران بوون و جەنگی قوتدانی دنیادا، دەمێنێتەوە.

 

تێبینی: ئەم بابەتە لە بۆپێشەوەی ژمارە ٣٠ بەرواری ١٥/٦/٢٠١٨ بڵاوبۆتەوە…

 

Check Also

سەردانی سودانی بۆ کۆشکی سپی

عوسمانی حاجی مارف هەر لەسەرەتای دانیشتنی بایدن و سودانی، بایدن ڕایگەیاند کە ئەمریکا پابەندە بە …

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *