گرینگی وشیاربوونەوە بۆ ڕزگاری لەچەوسانەوە

عبدالرحمن رسول

هیچ ئازار و ناخۆشییەک لە خۆیەوە دروست نابێت بۆ مرۆڤەکان و لە خۆشییەوە کۆتایی نایەت. هەر ئازارێک هۆکاری خۆی هەیە بۆ دروستبوونی.

با لایەنی تەندروستی بەنموونە وەربگرین کاتێک ئازاری بەشێک لەجەستەمان هەیە، ئەگەر گوێ بەچارەسەری نەدەین ڕۆژ لەدوایی ڕۆژ ئازارەکە زیاد دەکات، هەتا وایی لێدێت ناتواندرێت بەئاسانی چارەسەر بکرێ، پێویست دەکات سەردانی پزیشکی تایبەتمەند بکەین، پزیشکیش پاش وردبینی ئەوجا چارەسەرمان پێ دەڵێت بە خواردنی دەرمان یان بەپێی دانی ڕێنمایی.

ئەگەر لە ڕێنمایییەکانی پزیشک دەربچین چارەسەری نەخۆشی و ئازارەکانیش سەختر دەبن. پێویست بە نەشتەرگەری دەکات، هەتا زۆر جار بەنەشتەرگەریش  ئازار و نەخۆشییەکە  کۆتایی نایە.

لەکۆمەڵگەی نابەرابەر و چەوساوەدا بەهەمان شێوەی جەستەی مرۆڤە کاتێک وشیار نەبین لەسەرەتا بۆ چارەسەری کێشە وقەیرانەکانی کۆمەڵگە، ئەوا کات لەدوایی کات  کێشە و قەیرانەکان گەورەتر دەبن وهەنگاو بە هەنگاو چارەسەرەکان سەختر دەبن، هەربۆیە گرینگترین هەنگاو بەهێزکردنی وشیاری وبەئاگایییە بۆ بەدیهێنانی کۆمەڵگەیەکی باشتر لە کۆمەڵگەی ئەمڕۆ کە کۆمەڵگەیەکە لێوان لێوە لە نابەرابەری و نایەکسانی و هەڵاواردنی جنسی و نەتەوایەتی و ئایینی و چەوسانەوە و ئازار وئەشکەنجە و سوکایەتیکردنی بە بەهاجوان و مافەکانی مرۆڤایەتی گیرۆدەیە بەچەندین کێشە و قەیرانی جۆراوجۆر. وشیاری بەمانای ئەوە ناڵێم کە بڕوانامەی خوێندن و زانست لەبوارێک یان بەشێک یان جۆرێک لە پەیمانگا و زانکۆ و دانیشگاکان بە دەست بهێنیت، هەڵبەتە بەدەستهێنانی بڕوانامەش گرینگە، بەڵام زۆرێک لە مرۆڤەکان بەشێک لەبەشەکانی خوێندن تەواو دەکەن، بەڵام بەلای وشیاری و بە ئاگایی و ناسینی جۆرو هۆکاری بەردەوامبوونی چەوسانەوە و نابەرابەری دا ناچن. هەنگاوێکی دروست کە پێویست دەکات سەرجەم مرۆڤەکانی کۆمەڵگە لەخەمی دابن وشیاربوونەوە خۆیانە تایبەت بە هۆکاری چەوسانەوە و نابەرابەری و کێشە و قەیرانەکانی کۆمەڵگەکەیان.

وشیاری بۆ ئەوە گرینگە کە مرۆڤەکان دەرگاو نەخشەڕێگای ڕزگاری لەچەوسانەوە ونابەرابەری و بەدیهێنانی ئازادی و ئاسوودەیی و بەختیاری مرۆڤەکان بدۆزنەوە، بەدەست و هێزی خۆیان کۆتایی بە نابەرابەری بهێنن. ڕزگاری مرۆڤە هەژار و کۆیلە و چەوساوەکان هەرگیز مەحاڵ نییە، بەڵام بەمەرجێک هێزی خۆیان کۆبکەنەوە و مرۆڤە چەوساوەکان خۆیان ڕێکخراو بکەن بۆ ڕزگاری و بەدیهێنانی ماف و ئازادییەکان. ڕێکخراوبوون بەو مانایە ناڵێم تەنها کردنەوەی بارەگا و نووسینگەو کۆمیتە و ناوەندبێت لەچەشنی دیوەخانەکانی سەردەمی دەرەبەگایەتی و خێڵایەتی بێت یان بۆ خۆژیاندن و خۆ زنجیرکردن بێت لەچەشنی ڕازیبوون بەسیستەم و یاساکانی زاڵمانەی چەوسانەوە.

وشیاری بۆ ڕێکخراوبوون بۆ هەرچی زووتر کۆکردنەوەی هێز و بازوی چەوسێنەرانی کۆمەڵگە گرینگە بۆئەوەی خۆیان واتە چەوساوەکانی ئەمڕۆ کۆمەڵگە بەدەستەوە بگرن، بۆئەوەی کرێکارانی کارگەکان خۆیان نەخشەڕێگای بەڕێوەبردنی کۆمەڵگە دابڕێژن. بۆئەوەی جوتیاران ودەستفرۆشان و زەحمەتکێشان و هەژارانی کۆمەڵگە بەشداربن لە داڕشتنی یاساو سیستەمی داهاتوویی کۆمەڵگە. ئەگەر حیزب یان ڕێکخراوێک ئەمە نەکات و بەم جۆرە گەشە بەتێکۆشانی نەدات نەبوونی باشترە.

وشیارییەک پێویستە بۆ تەواوی ئەو مرۆڤانەی کەناڕازین بە گەندەڵی و دزینی پارە و سامانی گشتی کۆمەڵگە کە لەلایەن کەمینەیەک لەمرۆڤە درۆزن و فێڵزان  ودز و گەندەڵکارانەوە کە ڕۆژانە بە تاڵان دەبرێت بۆئەوەی بە تێکۆشان وخەباتی یەکگرتووانە کۆتایی بە سیستەم و یاساکانی پارێزەری گەندەڵ و دز و مافیا و چەقوکێشانی کۆمەڵگە بهێنێت، بۆئەوەی لەسەر لە داواکردنی  موچەی تەواو و بیمە تەندروستی و ماف وئازادییەکان چیتر مامۆستا و فەرمانبەر بەرشەق و زلە و فیشەک نەدەرێت، بۆئەوەی لەسەر ئەنجامدانی خۆپیشاندان بۆ داواکردنی ماف و ئازادییەکان کەس نەڕفێندرێ و بێ سەروشوێن نەکرێ و زیندانی وئەشکەنجە و ئازار نەدرێت،  پێویست دەکات هەموو وشیاربن بە جۆرێک کە بەهاوبەشی تێکۆشان بکەن هەتا وەکو سیستەمی دز و مافیا و گەندەڵکار و ژن کوژ و ڕۆژنامەنووس کوژو و ڕەخنەگر کوژ لە گۆڕبنێن .

لە کۆمەڵگاى سەرمایەدارىدا بەهۆى یاسا دژە ئینسانییەکانى ئەم سیستەمە مناڵان لە چەوسانەوە و فەلاکەت و ئازار و بێخانە و لانەیى و برسێتى و کارى تاقەت پروکیندا دەگوزەرێن، بەشێکیان کرێن و فرۆشتن بە جەستەى ناسکیانەوە دەکرێت بەشێکى تر لەبەر نەبوونى و هەژارى خانەوادەکەیان بە ناچارى قوتابخانە و خوێندنگاکانى جێدێڵن. لەژێر سایەی ئەو سیستەمە چەوسێنەردا ژنان وکچان و ئازار و ئەشکەنجە دەدرێن  و دەچەوسێنەوە و دەکوژرێن. لەژیرسایەى یاسا کۆنەپەرستەکانى سەرمایەداریدا بەشێکى کەم لە خەڵکى کۆمەڵگەکان قازانج و سود دەکەن ئەوانیش کە لە دەسەڵات و حکومەت و حیزبەکانى دەسەڵاتدارەوە نزیکن یان شەریکن بۆ بوارى سەرمایە و بازرگانى. زۆرینەى خەڵک لە فەلاکەت و هەژارى و بێکارى دا دەگوزەرێن کەواتە لە هەر کۆمەڵگەیەکدا کە حکومەت پشت ببەستێت بە یاساکانى سەرمایەدارى و بازارى ئازاد ئەوا رۆژ بە رۆژ کۆمەڵگە بەرەو قەیرانى زیاتر و کێشەى ئابوورى و سیاسى زیاتر دەچێت .

لە ژێر سایەی سیستەمی سەرمایەداریدا قسەکەران و مەلا و هەڵسوڕاوانی دینی بەجۆرێک بانگەشە بۆ بیروباوەڕیان دەکەن کە خزمەت بە مانەوەی سیستەمی چەوسێنەری سەرمایەداری بکات، هەربۆیەشە سەرجەم دەسەڵات و سیستەمە دینییەکان کار بۆ مانەوەی سیستەمی چەوسێنەری سەرمایەداری دەکەن، خۆیان دەبنە پارێزەری جدی ئەو سیستەمە چەوسێنەر و نابەرابەرە. خەڵک پێوستە وشیاربێت و بزانێت کە سیستەمە دینی و قەومییەکانن ناتوانن خۆشبەختی و ئاسودەیی و بەرابەری و ماف وئازادییەکان بۆ تاکەکانی هاوڵاتی بەدیبهێنن، بەڵکو سیستەمە دینی و قەومییەکان بە هۆی درێژەدانی سەرکوت و ملهوڕی و دەسەڵاتی مافیانەیان دەبنە لەمپەر و ڕێگر لە چەسپاندنی ماف و ئازادییەکان .

لە وڵاتی ئێران و عێراق و تورکیا و….هیتد بەهۆی هەبوونی سیستەمی دینی و قەومی یە کە کۆمەڵگە گەڕێندراوەتەوە بۆ دواوە لە ڕوویی شارستانی و مەدەنی، مەلاکانی ئیسلامیی کۆمەڵگەیان پەلکێشی ناو چەندین کێشە و قەیران کردووە، ئەبێت خەڵک وشیاربێت کار بۆ تێکۆشانی جەماوەری هاوبەش بکات بۆ دەرهێنانی کۆمەڵگە لەو کێشە و قەیرانانە کە لەلایەن سیستەمی دەسەڵاتدار بۆ خەڵکی کۆمەڵگەی  سازکردووە.

لە باشووری کوردستان بەهۆی زاڵبوونی دەسەڵات وسیستەمی خێڵاتی و حیزبی  کۆمەڵگەیی باشووری کوردستان گیرۆدەی ئەزمە و قەیران وکێشە گەلێک بووە کە دەرچوون و ڕزگاربوون لێی پێویستی بە وشیاربوونەوە و بە ئاگابوون هەیە بە جۆرێک  کە هەموو مرۆڤە بێبەش و چەوساوە و دڵ ئازاردراوەکان بەیەکەوە و یەکگرتووانە بهێنێتە مەیدانی  شۆڕش و تێکۆشانێکی ئازایانە و دڵسۆزانە بۆ گۆڕانکاری و دەرهێنانی کۆمەڵگە لەو زەلکاوە و لێتاوە قەیراناوییەی سەردەمی ئەمرۆ کە حیزبەکانی پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتی نیشتیمانی کوردستان لە ماوەی زیاتر ۲۸ ساڵەی بەڕێوەبردنی دەسەڵاتیان لە کۆمەڵگەدا  ساڵ لە دوایی ساڵ کێشە و قەیرانەکانیان بۆ خەڵک زیاد کردووە وهەر ساڵە و دەوڵەتێکی داگیرکەریان  بە چەک و سەربازی زۆرەوە هێناوەتە سەر باشووری کوردستان بە ئارەزوویی خۆیان پارچەیەک و چەند ناوچەیەکیان داگیرکردووە.

حیزبەکانی تری بەناو ئۆپۆزیسیۆن لەجۆری ئیسلامییەکان و بزوتنەوەی گۆڕان کە پێ یەکیان لە ناو دەسەڵات و حکومەتدا بووە و پێیەکی تریان لە دەرەوە،  هەروەها هەبوونی هێزێکی نوێی وەک هاوپەیمانی و نەوەی نوێ کە هیچ ئاسۆ و ئومێدێکی لێ چاوەڕوان ناکرێ لەبەرئەوەی تا ئێستا هیچ نەخشەڕێگایەکی دروستیان نەخستۆتە ڕوو بۆ گۆڕانکاری لەجۆری  سیستەم لە عێراق و باشووری کوردستاندا. بەشێکی زۆری قەیران و کێشەکان بەهۆی هەبوونی سیستەمی دینی و قەومییە لە عێراقدا کە لە عێراق سیستەمی شارەستانی و سیکۆلار نییە بۆیە شەڕ و کێشەکان بەردەوام و درێژەی هەیە.

لە  باشووری کوردستاندا وێڕاى هەموو ئەمانەى سەرەوە حکومەت و دەسەڵات بەهۆى حیزبەکانەوە پەڕپوتتر و وێرانترە کە هیچ ئاسۆیەک بۆ ئایندەى کوردستان نابیندرێت کە هەنگاو بندرێت بەرەو کۆمەڵگەیەکى مەدەنى و شارستانى و بەرابەر. کەواتە هەنگاوی یەکەمی خەڵکی ناڕازی و چەوساوە پێش ئەوەی بیر لەخۆپیشاندان و سازکردنی ناڕەزایەتییەکان بکەنەوە، پێویستە بیر لە چۆنێتی کۆکردنەوەی سەرجەم  خەڵکی ناڕازی و چەوساوە بکەنەوە وێڕای هەبوونی بیروباوەڕ و بیرکردنەوەی جیاواز، ئەبێت لە گۆشەیەک و لەدەروازەیەکەوە کار بۆ  جێبەجێکردنی  نەخشە ڕێگایەکی هاوبەش و یەکگرتوانە بکرێت، ئەبێت سەرجەم ئەم  هێزە ناڕازییە بە بەرنامە و نەخشە ڕێگایەکی سیکۆلار وشارستانی کار بۆ بنیادنانی  کۆمەڵگەیەکی  ئازاد و بەرابەربکرێت.

   

تێبینی: ئەم بابەتە لە بۆپێشەوەی ژمارە ٣٠ بەرواری ١٥/٦/٢٠١٨ بڵاوبۆتەوە…

Check Also

سەردانی سودانی بۆ کۆشکی سپی

عوسمانی حاجی مارف هەر لەسەرەتای دانیشتنی بایدن و سودانی، بایدن ڕایگەیاند کە ئەمریکا پابەندە بە …

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *