گفتوگۆ لەگەڵ سەردار عەبدوڵا سەبارەت بەزیندانی بوونی لە زیندانی بەعس

بەشی سێهەم و کۆتایی گفتوگۆ لەگەڵ سەردار عەبدوڵا سەبارەت بەزیندانی بوونی لە زیندانی بەعس

بۆپێشەوە: چۆن و کەی ئازاد کران؟ دەتوانن بیرەوەریی ناو زیندانمان بۆ بگێرنەوە، خۆش یان ناخۆش؟

سەردارعەبدوڵا: سەبارەت بە بیرەوەریەکانم لە زیندان کە بەشی دووەمی پرسیارەکەتان بوو؛ ئاشکرایە بیروەریەکانی زیندان تاڵن، بەڵام بیرەوەری خۆشیشی هەیە. لە بیرەوەرییە ناخۆشەکانم؛ ڕۆژێکیان جەلادیک کە ناوی جومعە بوو زۆر سەرسەری ولۆمپن بوو، بە زڕە زڕی زنجیری کلیلەکانیەوە هات بەرەو دەرگای ئینفرادیەکەم، لە کونی پەنجەرەی دەرگاکەوە نەڕاندی بەسەرمدا بە عەرەبی وتی هەستە گەواد، منیش هەستامە سەرپێ و ئەویش دەرگای کردەوە وتی”وەرە لەگەڵم” منیش رۆشتم تا گەشتینە قادرمەکان وتی ئەزانی بۆ کوێت ئەبەم؟ وتم نەخێر! وتی بۆ ئیعدام کردن… منیش زەردەخەنەیەک گرتمی، بینیمی لە پڕێکدا یەک کێبڵی ئەستوری کیشا بە سەرمدا، سەرم ئەوەندەی مشتی دەستم ئاوسا، ئیتر بەشەق وبە کێبڵ تیم بەربوو، ناوە ناوە دەیووت من ئەڵیم ئەتبەم بۆ ئیعدام! کەچی تۆ پێ ئەکەنی! منیش ئەمزانی کە درۆ ئەکات و ئەشکەنجەی نەفسیم دەدات، بۆیە پێ ئەکەنیم. یەکێکی تر لەو بیرەوەریانە کە تاڵ بوون بۆم،  ڕۆژێکیان زیندانیەکیان هێنا تازە بوو، بەستیانەوە بە دەرگاکەی بەرانبەرمەوە، پاشان ئەمنەکان رۆشتن، لە کونی دەرگاکەمەوە قسەم لەگەڵ کرد، هانم ئەدا کە خۆی ڕابگرێ وئیعتراف نەکات، کەچی چوو بوو ئێعترافی کردبوو، و ناوی منیشی دابوو کە هانم داوە بۆ خۆڕاگری، ئیتر هاتن منیان بردە خوارەوە بۆ لای نەقیب ماجید، ئەشکەنجەیەکی زۆریان دام، نەقیب پێی وتم گەواد؛ تۆ بۆ ئەوە باش نیت ئیعدام بکرێی، تۆ بۆئەوە باشی  فڕێت بدەینە زیندانێکەوە تاریک بێت چاوت بە رووناکی نەکەوێت تا ئەمریتت، لە جنوب کەسمان زۆر وا لێ کردووە!  وتی تۆ جگە لەوەی خۆت زانیاریمان پێ نادەی خەڵکیش هان ئەدەی وەک خۆت بن! منیش وتم راست نییە، من کەسم هان نەداوە، ئەوەندەی تریان لێدام. بیرەەوەری خۆشیش هەبوو بە تایبەتی تۆ کە لە زینداندان بیت چاوەرێ دەکەی لە بچوکترین ئومیدیش کە بۆت بێتەوە. پاش چوار مانگ لە ئێنفرادیەکەمەوە بینیم چەند کەسی تازەیان ‌‌هێناوە، بەستننیانەوە بەدەرگای هؤڵەکانەوە سەیرم کردن ناسیمنەوە هەموویان هاورێم بوون، کە لەسەر بڵاوکردنەوەی بەیاننامەی ڕەوتی کۆمۆنیست بۆ ڕاپەڕین گیرا بوون، (هەورامان علی و بەهنام ونەبەرد وعەبدولرەحمان وعادل) بوون، ئێمەیەش هەر کاتێک زیندانی تازەیان دەهێنا دوور لە چاوی جەلاد وئەمنەکان گۆرانیمان بۆ دەوتن، گۆرانی باوی ئەو سەردمەش ئەوەی عەباسی کەمەندی بوو کە دەیووت(تۆ چاوت دیێشێت) بۆ ئەوەی ورەیان بەرز بێت، کاتێ قسەم کرد لەگەڵ هەورامان عەلی، هەواڵی دەرەوەم لێ پرسی؟ هەواڵێکی خۆشی پێدام، وتی منداڵەکەت سەلامەتە و ئازاد کراوە، ئێستا لە هەڵەبجەی تازەیە لای خەسووتە، منیش خۆشیەک وئومێدێک ڕووی تێکردم ،زۆر خۆشحاڵی کردم بەو هەواڵە. یەکێکی تر لە بیرەوەریەکانم؛ ڕۆژێکیان وتیان سەردار؛ وتم بەڵێ، ئەوکاتە تازە لە ئینفرادیەکان هەڵیان دابوومە هۆڵێکەوە لەگەڵ ١٥ کەسی تر، وتیان وەرە دەرەوە، دەرگایان کردەوە چووم ئەمجارە بۆ ژووری لێکۆڵینەوە نەبوو، بۆ دەرەوە بوو پێم وابوو ئەمبەن ئەمکوژن!، بەڵام لە دوورەوە دایکم بینی، یادی بەخێر چاوەرێی ئەکردم ڕێگەیان دابوو دایکم بمبینێ وەک زیندانیەکانی تر، دیارە هەموویان لە پێش من کەسی خۆیان بینی بوو، من دوا کەس بووم لەم بارەوە ( کردنەوەی مواجەهەکە لە ژێر فشاری کەسوکاری زیندانیەکاندا بوو). کاتێ دایکم منی بینی خەریک بوولە هۆش خۆی بچێت و  بکەوێتە سەر زەوی، چووم باوەشم پیا کرد، ئەملاو ئەولای تێر ماچ کردم، منیش بە ئەسپایی بە هەورامی بە گوێمدا چرپاند؛ وتم خەمم مەخۆ یەک مانگی تر نابات ئێمە ئازاد دەبین! وتی چۆن بڕوا بکەم؟ وتم بەعس ئەڕوخێت و ئێمەیش ئازاد ئەبین، بەشێکی ئەم قسانەم خەیاڵ بوو… بۆئەوەی ئەو خەم نەخوات، بەشێکیشی تەوەقوعی خۆم بوو. مفەوەز تاریق کە کوردی سۆرانی ئەزانی گوێی لێ گرتین، هیچ تێ نەگەیشت، چونکە هەورامی نەئەزانی، ئیتر بۆ ١٠ دەقە دایکمم بینی. یەکێ لە بیروەریە خۆشەکانم بوو، جا سەیر ئەوەبوو تەوەقوعەکەم وەک خۆی هاتەدی، پاش تێپەربوونی یەک مانگ بە سەر بینینی دایکما ئازاد بووین

بۆپێشەوە: دیارە ئەو کاتە ئەندامانی لایەنەکانی تریش لە زینداندا هەبوون، دەتوانیت ئاماژە بەوانیش بکەیت؟: ئێوە دوای ئەو هەموو ساڵە، لە دەسەڵاتی بزوتنەوەی کوردایەتی دەبینن، چی دەڵێن؟

سەردار عەبدوڵا : لەو کاتانەدا چەپەکانی نزیک لە کۆمۆنیزمی کرێکاریی خەریکی کاری ڕێکخستن وچالاکی سیاسی بوون بە نهێنی. حیزبەکانی بزووتنەوەی کوردایەتی ڕێکخستنیان نەمابوو لەناوخۆی کوردستاندا، ئەوان وەک هێزی چەکدار مابوون، ئەویش لەدەرەوەی سنورەکان بوون. زۆربەی سەرکردەکان چووبوونە ئەوروپا خەریک بوو ئاشبەتاڵیان دەکرد، کۆمەڵەی ڕەنجدەران دوا بەرپرسی خەلیەیان گیرا کە تەحسین قادر بەرزنجی بوو ئەوانی تریشیان چوونە دەرەوە. هەروەها کەریم ئەحمەدی سکرتێری ئەوکاتەی حیزبی شوعی لە چاوپێکەوتنیکی ڕێگای کوردستاندا وتی” حیزبەکانی بەرەی کوردستانی ڕێکخستنیان نەمابوو، تەنها حیزبی شیوعی نەبێت چەند شانەیەکیان مابوو! ئێمە وەک چەپەکان هەرچەند بەهرەمەند نەبوووین لە حیزبی سیاسی خۆمان لەو کاتەدا، بەڵام بۆئەوە کارمان دەکرد کە کۆمەلگەیەکی یەکسان بە دەست بینین، وە ئەو دونیا پێچەوانەیە بخرێتە وە سەر ئەسڵی خۆی. بۆئەوە کارمان دەکرد خەڵک خۆی دەسەڵات بەدەستەوە بگرێ لە ڕێگای شوراکانی خۆیانەوە، لەم پێناوەدا ئێمە کەوتینە زیندانەوە، بەڵام ئەمەریکاو هاوپەیمانەکانی سیناریۆیەکیان دروست کرد، بووە هۆی هێنانەوەی حیزبەکانی بزووتنەوەی کوردایەتی و دەسەڵاتیان بە زەبری هێزو چەک، دەستیان دایە تاڵان و برۆ لە سەرەتاوە بە فرۆشتنی هەموو ئەو ئامێرانە دەستیان پێکرد کە بۆ خزمەتی خەڵک پێویست بوون، وەک شۆڤڵ و دەزگاکانی کارەبا دەیانبردە ئێران بە نرخێکی هەرزان دەیان فرۆشتن. ئیتر لەوکاتەوە تا ئێستاش خەڵکیان بێ کارەبا کردووە، وەک خزمەتێکی سەرەتایی خەڵكیان لێ بێبەش کرد، ئیتر نەک ئەو ئامانجانەی ئێمە بەدی نەهات کە دەمانویست سامانی کۆمەلگە بۆ کۆمەڵگە بێت و یەکسانی وئازادی بۆ سەرجەم تاکەکانی کۆمەڵگە بێت، بەڵکو چەوساندنەوە زۆر زیادی کرد وهەژاری زیاتر باڵی کێشا بە سەر کۆمەڵگەدا، لەولاشەوە سەرکردەکانی بزووتنەوەی کوردایەتی بوونە خاوەن سەرمایەی سەدان ملیار دۆلار، مووچەیان لە خەڵک بڕی، بێکاری زیادی کرد و سەرکوتی ئازادی گەڕایەوە، دەیان کەسی سیاسی موخالیف ورۆژنامەنوسیان تیرۆر کرد، ستەمەکان لەسەر خەڵک زیاتربوو.

 

تێبینی: ئەم دیمانەیە لە بۆپێشەوەی ژمارە ٣٠ بەرواری ١٥/٦/٢٠١٨ بڵاوبۆتەوە…

 

 

Check Also

سەردانی سودانی بۆ کۆشکی سپی

عوسمانی حاجی مارف هەر لەسەرەتای دانیشتنی بایدن و سودانی، بایدن ڕایگەیاند کە ئەمریکا پابەندە بە …

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *