بۆچی لیست و حزبە براوەکان پەلەی پێکهێنانی حکومەتیانە؟

عەبدوڵا مەحمود

لەچوارچێوەی هەوڵەکان بۆ پێکهێنانی حکومەتی داهاتوی عێراقی دوای هەڵبژاردنەکاندا، ئەم هەفتەیە هەردوو رەوتی شیعەگەرای سیاسی(سائیرون فەتح) هاوپەیمانیەتیەکیان پێکهێنا…

ئەم دوو رەوتە کە یەکێکیان هادی عامری بەرپرسی حەشدی شیعی”شەعبی” و موقەدا سەدری بەپرسی سوپای مەهدی پێشوو رەوتی سەدر رایان گەیاند، هەردووکیان دوو رەوتی کۆنەپەرستی تایفی، سەر بە بزوتنەوەی ئیسلامی سیاسی شیعین. بەدوای راگەیاندنی ئەو هاوپەیمانیەتەدا بێدرەنگ هەردوو هێز و حزبی دەسەڵات بەدەستی کوردستان، پارتی و یەکێتی لەبەیانێکی هاوبەشدا پشێوازییان لەو هاوپەیمانیتە تازەیەی رەوتی سائیرون و فەتح کرد و هەردوولاش بڕیاریاندا، کە شاندی هاوبەش بۆ سەردانی لایەنەکان پێک بهێنن.

هەوڵی چڕوپڕی بەشێک لە لایەنە سیاسیەکان، ج لە عێراق و چ لە ئاستی کوردستاندا، و پەلەکردنیان بۆ ئەوەی هەچی زووە حکومەت لە عێراقدا پێک بێت، سەرچاوەکەی بۆئەوە دەگەرێتەوە کە دەیانەوێت هەرچی زووە دۆسیەی ساختەکاری و ئەو رەخنانەی شەقام داگر بووە لەسەریان، دابپۆشن و کایەی هەڵبژاردنەکان و ساختەکاری و سوتاندنی ئەنباری دەنگەکان، وەکو بەشێکی دانەبڕاو و چاوەروانکراوی گاڵتەجاری هەڵبژاردنەکان، بکەنە رابردوو، وە دیزە بەدەرخۆنەی بکەن.

ئەوەی لەو نێوەدا جێگای هەڵوێستەو رامانە، رۆڵی حزبەکانی بزوتنەوەی کوردایەتی و بەتایبەتیش یەکێتی و پارتییە، کە زۆر بەپەلە پێشوازیان لە رێکەوتنی رەوتی سائیرون و فەتح کرد و ئەو هەنگاوەیان بە ئەرینی دایە قەڵەم. پاساوی پێشوازی پارتی و یەکێتی لەو هاپەیمانیەتیە، ئەوەیە کە بەهەنگاوێکی دەزانن بۆ دەرچوونی دۆخی سیاسی عێراق، لەو ئەزمەو تەنگژانەی کە بەرۆکی بەعێراق گرتووە. دیارە ئەوە درۆیەکی ئاشکراو فریوکارییەکی بێ کۆتا نەزانانەیە. بۆ هەموو کەسێکی هوشیار ئەوە روونە کە یەکێتی و پارتی دەیانەوێ هەرچی زووە، فایلی ساختەکاری دابخرێت و هات و هاوار و ئاه و ناڵەی رەوتە بەناو ئۆپۆزیسیۆنەکانی کوردستان، بەوەی کە مەزڵومن و فێڵیان لێکراوە، دابمرکێنەوە و ئەو برگە ناشیرینەش، تێپەرێنن. وە دەیانەوێ بەشداری نەکردنی زوربەی خەڵکی کوردستان لە هەڵبژاردنەکاندا، کە زادەی تورەیی و نارەزایەتیان بوون بە دەسەڵات و ئۆپۆزیسێۆن! بشارنەوە. کە بەراستی گاڵتەجاری هەڵبژاردنی پوچتر لە پوچ کرد.

لەوەش ناشیرینتر ئەوەیە کە هەموو حزبەکانی ناو خانەوادەی بۆرژوازی کورد، بە دەسەڵات و ئۆپۆزیسێۆنەوە، پەلەیانە و دەست و دامێنی رەوتە دینی و قەومیەکانی عێراقن بۆ زوو سازدانەوەی حکومەت و پچرینی کورسی و بەشی سیاسی دەسەڵات و داهات و پۆست… وە هەر لایەنەیان دەیەوێت لە باڵانسی نێوان لایەنەکانی عێراق رۆڵ بگێرن و لە پاداشتی ئەو رۆڵەیاندا، بەشی زۆرتر بپچرن و ئەمەش لە کێبەرکێی ناوخۆی کوردستاندا، بکەنە سەرمایەی ململانێی سیاسی دەورەی داهاتوویان.

لە کەنار ئەو هەوڵە ناشیرنانەدا، کە حزبەکانی کوردستان دەیدەن، هیچ کام لەو حزبانە چ بە جیاو چ بە کۆمەڵ خاوەنی ئەجندایەکی سیاسی و هەڵگری هیچ پاکیجێکی رۆشنی سیاسی نین، تا لەبەرامبەر بە هێزەکانی بەغدادا، بەدەستیەوە بگرن، هەموو ئەو حزبانە و بەتایبەتیش ئەوانەی کەخاوەنی دەسەڵاتن لە کوردستان، جگە لەوەی باسی هاوبەشی سیاسی، دیموکراسی تەوافوقی، پابەند بوون بەدەستور، کە بەشێوەی گشتی لە دوای ساڵی ٢٠٠٣ و دوای پەسەندکردنی دەستورەوە بەدەستیانەوە گرتووە، شتیکی تریان بۆ وتن و کردن و پابەندبوون و پێداگرتن لەسەری نییە. ئەمەش هەم بەشێوی نارۆشن و گشتیەو هەمیش ئەوە دەهەو نیویكە پوچی خۆی نیشان داوە، کە نەک بەشوێنێک نە گەیشتووە، بەڵکو خودی دەستورە تایفی و قەومیەکە، پەیوەندی فیدرالی کوردستان بە عێراقەوە، لە ژێر پرسیاردان و بەکردەوەش ئێستا خۆیان بوونەتە سەرچاوەی کیشەو کێبەرکێی نوێ.

ئەوە کە حزبەکانی خانەوادەی بۆرژوازی کورد، خاوەنی هیچ پرۆژەو نەخشە رێگایەکی رۆشن نین لە بەرامبەر بە بزوتنەوە سیاسیەکانی عێراق، وای کردووە رۆژ بەرۆژ زیاتر پیگەو جێگاو ڕیگای سیاسیان بەرەو لاوازی بچێت و ناچار لەناو بازنەی و پاشەکشەی پەیتا پەیتادا، ببنە حزبی  پاڕانەوە و سواڵکەری سیاسی ئاشکرا. سواڵی پۆست و داهات و بەشی سیاسی و پاشقولگرتن لە یەکتری، تارادەی جاسوسی کردن بۆ هێزەکانی بەغدا پەلکێشی کردوون.

ئەم نەبوونی روئیاو دەست بەتاڵییە سیاسیە، هەر لەبەرامبەر بە هێزەکانی بەغدادا نییە، تەنانەت لە کوردستانیش هیچ کام لەو حزبانە خاوەنی پرۆژەیەکی سیاسی رۆشن و ئەجندایەکی دیار و نەخشە رێگایەکی دیاریکراو نین. ڕووداوەکانن ئەو حزبانە دەئاژۆن، کاریگەری دەخەنە سەریان، سیاسەتیان بەسەردا دەسەپێنن… لە حاڵێکدا دەبێ حزبی سیاسی خاوەن روداو خوڵقێن و بەشێک لە رووداو و کاریگەریان لەسەر روداو پرس و ئاریشە سیاسیەکان هەبێت. هەر ئەم دۆخەشە هەموو هێزەکانی بزوتنەوەی کوردایەتی رووبەرووی شکست و ئەزمەی ناوخۆیی کردووە و بۆتە هۆکاریکیش بۆ زبر بوونی پەیوەندی خودی نێوان حزبەکان.

هەر حکومەتێک لە عێراقدا پێک بێت، بەپێی ماهیەتی چینایەتی و سروشتی پیکهاتەکەیان و ناوەرۆکە قەومی و دینی  و مەزهەبی تایفی بوونەکەیان، ناتوانن حکومەتی دانیشتوانی عێراق و مافی یەکسانی هاوڵاتیان بن بێ جیاوازی. لەوەها حاڵەتێکدا ئەو حزبانە کە نەتوانن مافی هاوڵاتی بوونی یەکسان بۆ دانیشتوانی عەرەب زمان لە عێراقدا زامن بکەن و لەچوارچێوەی ناسنامەی تایفی و دینی و مەزهەبی دەربچن، چۆن دەتوانن مافی سادەی هاوڵاتیانی کورستان زامن بکەن. لەوەش واوەتر پابەند بن بە بەرەسمی ناسینی ئیرادەی سیاسی خەڵکی کوردستانەوە بۆ بڕیاردان لەسەر چارەنووس و داهاتووی سیاسی و حقوقیان. هەروەها حزبەکانی کوردستان لە چوارچیوەی بانگەشەی فەرمیاندا بۆ یەکپارچەیی خاکی عێراق و پێداگریان لەسەر پەیوەندی فیدالی کوردستان بە عێراقەوە، چۆن دەتوانن بە فەرمی ببنە هێزی بەرگریکەر لەخواستی ئازادانەی خەڵکی کوردستان. حزبەکانی بزوتنەوەی کوردایەتی هاوشانی حزبە و رەوتە بۆرژوازییەکانی عێراق، لە ئێستادا بە کردەوە لەدژی خواستی خەڵکی کوردستانن بۆ بریاردان لەسەر چارەنووس و ئایندەی سیاسی بە جیابوونەوەو سەربەخۆیی و پێکهێنانی وڵاتێکی سەربەخۆشەوە.

حکومەتی ئایندەی عێراق، حکومەتی دابەشکاری قەومی و دینی و تایفی و مەزهەبی دەبێت، لەسەر بنەمای سرێنەوەی ناسنانەی هاوڵاتی بوون و ژێر پیخستنی مافی هاوڵاتی بوون.

تێبینی: ئەم بابەتە لە بۆپێشەوەی ژمارە ٣٠ بەرواری ١٥/٦/٢٠١٨ بڵاوبۆتەوە…

 

Check Also

سەردانی سودانی بۆ کۆشکی سپی

عوسمانی حاجی مارف هەر لەسەرەتای دانیشتنی بایدن و سودانی، بایدن ڕایگەیاند کە ئەمریکا پابەندە بە …

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *