خەڵکی ئێران هەنگاوێکی تر چوونە پێشەوە…!

لە گۆشەیەکی ترەوە
پرس و ڕای هەفتانە
موزەفەر عەبدوڵا
۲٦_٦_۲٠۱۸

خەڵکی ئێران هەنگاوێکی تر چوونە پێشەوە…!
ڕژێمی ئیرهاب و ئیعدام و دیکتاتۆری ئیسلامی ئێران لە دەیان ساڵی دەسەڵاتدارێتیدا تا ئێستا نەک هەر یەک رۆژ بەڵکو یەک سەعاتیش بە بێ ناڕەزایەتی کرێکاران و توێژە بێ بەش و چەوساوەکانی ترەوە تەمەنی بەڕێ نەکردووە.
ئەگەرچی ئەم ناڕەزایەتیانە هەمیشە وێڕای پاشەکشە بە رژێم لێرەو لەوێ بەڵام هاوکاتیش بە هێرش و سەرکوت لە لایەن رژێمەوە کۆتایی پێهاتووە یاخود بۆتە قوربانی نا ڕۆشنی ئاسۆو ئامانجە سیاسی و بێ رابەرایەتی و بێ بەدیلی شۆڕشگێڕانەکەی .
ئەگەرچی لە گۆڕەپانی سیاسیدا دەیان حزب و رێکخراوی سیاسی هەن کە خۆیان بە خاوەنی بەرنامەو سیاسەتی کۆمۆنیستی و شۆڕشگێرانە دەزانن و بانگشەی بۆ دەکەن، بەڵام لە واقعدا کەمترین کاریگەری سیاسی کۆمەڵایەتیان هەیە لەسەر ئەم ناڕەزایەتیانە وە هەر ئەمەشە وای کردووە کە ئەم ناڕەزایەتیانە زۆر جار بە ئاشکرا لە لایەن باڵێکی بۆرژوازییەوە، تەنانەت لەناو خودی رژێمەوە بەلاڕێدا ببرێت و بۆ ماوەیەک کۆتایی پێ بهێنرێت، نەک هەر ئەمەش بەڵکو جار هەبووە ئەم بە لاڕێدا بردنە خودی حزبە چەپ و کۆمۆنیستەکانیشی توشی سەرگەردانی کردووە. جوڵانەوەی سەوز نموونەیەک بوو لەوانە.
بەڵام ناڕەزایەتییە جەماوەرییەکان لەگەڵ هەموو ئەم پاشەکشە پێکردن و بەلاڕێدا بردن و بێ ڕابەریی و بێ ئەلتەرناتیڤیە شۆڕسگێڕانەیەش هەر سەری هەڵداوەتەوەو بەردوام بووەو هەنگاو بەهەنکاو چۆتە پێشەوەو دەچێتە پێشەوە. بەرەو سەرەوە چوونی دروشم و خواستەکانیان نموونەو بەڵگەی ئەم چوونە پێشەوەیەیە.
هەروەها ناڕەزایەتی یە جەماوەری یەکانی ئەم یەک دوو رۆژە لە تاران و چەند شاری تر نموونەیەکی تری ئەم چوونە پێشەوەیەن کە سێرەی لە روخانی ڕژێم گرتووە.
ئەم ڕاستیانە پێمان دەڵێت کە ئێستا لەهەر کات زیاتر جەماوەری ناڕازی، بە تایبەتی کرێکاران و توێژە ستەمدیدەکان، پێویستیان بە یەک ڕابەری کۆمۆنیستی خاوەن عەزم و ئیرادەو رۆشن هەیە تا نەک هەر چەند هەنگاوێک ئەم ناڕەزایەتییانە رڕکخراو ترو یەکگرتوو ترو ئاسۆدارتر بکەن بەڵکو بازی گەورەی پێبدەن .
بە مانایەکی تر ناڕەزایەتی شۆڕشگیرانە لە ئێران چاوەڕێی رابەرایەتی و رابەرییەکی رۆشنتر لە بەلشەفیزم و لینینە بە پێی هەلومەرجی دونیای ئەمڕۆ تا نەک هەنگاو و چەند هەنگاو بەڵکو هەنگاوی گەورە بە جەماوەری کرێکاران بدات بەرەو روخانی ڕژێم و گرتنی دەسەڵات و درزتێکردنی دیواری سیستەمی دونیای سەرمایەداری و دووبارە کردنەوەی ئەزمونی سەد ساڵ لەمەوبەری ئۆکتۆبەر.

 

Check Also

سەردانی سودانی بۆ کۆشکی سپی

عوسمانی حاجی مارف هەر لەسەرەتای دانیشتنی بایدن و سودانی، بایدن ڕایگەیاند کە ئەمریکا پابەندە بە …

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *