تا سیستەمى ئیسلامی نەگۆڕێ هیچ مافێک بەدى نایە لە ئێران

عبدالرحمن سول

ناڕەزایەتییەکانی خەڵکی ئێران بەهۆی شکستە سیاسییەکانى ئیسلامییەکان وشکستى پلاتفۆرم و پلان و بەرنامەکانى ئەم سیستەم بۆگەنەوە دوبارە دەستیپێکردۆتەوە. بارى ئابوورى و ئیدارى و کارگێڕى و سیاسى و کۆمەڵایەتی کە لەناوخۆیی ئێراندا لەلایەن ئاخوندییەوە دەستی بەسەرداگیراوە. و بە زەبرى هێزى میلیشا و سوپایی تیرۆریستى پاسداران و هێزە ملهورو سەرکوتگەرەکانى پۆلیس و ئیتڵاعات وچەقوکێش و مافیاکانى ترى ئیسلامیی وداسەپاندنى بیروباوەڕى کۆنەپەرست و دژە مرۆڤایەتى بۆماوەى چل ساڵە بەزۆر خۆیان بەسەر کۆمەڵگای ئێران و ڕۆژهەڵاتى کوردستاندا کردووە بە ملۆزم، هەرچى سەروەت و سامان ژێر زەوى و سەرزەوى و پول وتمەن هەیە لە ڕێگەى بەرپرسە گەندەڵکار و دز و مافیاکانى مەلاى ئیسلامیییەوە بەتاڵان دەبرێت بۆخۆیان. لە وڵاتان کۆشک وفێلا و باڵەخانە و میوانخانە و ئەپارتمانى گرانبەهاى پێ دەکڕن یاخود ئەم سەروەت و سامان پول وپارەى گشتى خەڵک کە بە دزى و تاڵانى دەستیان کەوتووە بەگەروویی ڕێکخراوە و حیزب وگرووپەکانى هاوشێوەى خۆیان لە توندڕەوى وتیرۆریستیدا تەخشان وپەخشانى دەکەن. بەهۆى هاوکارى و یارمەتى ئەم ڕژێمە ئیسلامییە کۆنەپەرستەوەیە کە بۆ ماوەى چل ساڵە بەبەردەوامى هاوکارى و پشتیوانى حیزب و ڕێکخراوە توندڕەو تیرۆریستییە ئیسلامییەکان دەکات، لە چەندین وڵاتى وەک سوریاو عێراق و یەمەن و فەلەستین ولوبنان و …هیتد. شەڕو ئاوارەیی و کۆمەڵکوژى درێژەى هەیە. بەهۆى بەردەوام بوونى دزى و گەندەڵى بەرپرسەکانەوە کۆمەڵگەى ئێران و کوردستان پەلکێشى چەندین کێشە و قەیرانى جۆراوجۆرى وەکو بێکارى و هەژارى و نەبوونى و بەرزبوونەوەى نرخى کاڵا وشمەک و پێداویستییەکانى ڕۆژانەى خەڵکى کرێکار وهەژار و زەحمەتکێش بۆتەوە. هەر ئەمەشە وادەکات ڕۆژ لەدوایی ڕۆژ کاریگەرى زیاتر بێت خەڵکى ئێران و کوردستان بەرەو بێکارى و هەژارى و نەبوونى زیاتر بچن. لەگەڵ هەموو ئەمانەش دا بەرپرسانى ئەم ڕژێمە هەستاون بەبڵاوکردنەوەى مادە هۆشبەرەکان لەناو گەنجان و لاوان ئەمەش تەنها بۆئەوەیە گەنجان ولاوان بیر لە گۆڕانکارى سیستەمى کۆمەڵگە نەکەنەوە. لەئێستادا چەندین نەخۆشى بەهۆى بڵاوکردنەوەى مادە هۆشبەرەکانەوە لە ناو کۆمەڵگەدا بڵاوبۆتەوە. بەرپرسەکانی ڕژێمی ئاخوندی ئیسلامی لەئەنجامی ئیفلاس وشکستی سیاسەتی ئابووری و ئیداری و کارگێڕیانەوە کۆمەڵگەی ئێرانیان تووشی چەندەها کێشە و قەیرانی جۆراوجۆر کردۆتەوە ئەوا ئەم جارەش دیسان کێشەی نزم بوونەوەی دراوی تمەن و بەرزبوونەوەی نرخی کاڵا و شمەکەکانی دەستی پێکردەوە کە بۆ هەموو قەیران وکێشەکان تەنها خەڵکی زەحمەتکێش و کرێکار و دەستفرۆش و هەژار باجەکەی دەدات. ئەوا ئەم جارەش خەڵکی ئێران بەهۆی دابەزینی بەهایی دراوی تمەن و دراوی ئێرانەوە ناڕەزایەتییەکانى خەڵکى ئێران و کوردستان سەری هەڵداوەتەوە. خەڵکی زەحمەتکێشی تاران بەهۆی بەرزبوونەوەی نرخی كاڵا و كەمبوونی كریار خۆپیشاندانیكی جەماوەریان وەرێخست و بە جۆرێك كە زۆربەی دوكان و بازار داخران. ناڕەزایەتی و خۆپیشاندانی جەماوەری خەڵکی شاری تارانی پایتەختی ئێران کە لە ڕۆژی دوو شەممە/۲٤/٦/۲۰۱۸ و ڕۆژانی پێشتر بە جۆرى جیاواز و ڕۆژانی دواتریش کە درێژەی هەیە، شان بەشانی شار و شارۆچکەکانی تری شاریار، کەرەج، قیشم، بەندەر عەباس، مەشهەد وکرماشان و شارەکانی تری ئێران و کوردستان. ئەم نارەزایەتیانەى قۆناغى ئێستاى ئێران درێژکراوەى ناڕەزایەتى و خۆپیشاندانەکانى خەڵکى شارەکانى ئێران و کوردستانە كە لە ٧ی بەفرانباری ساڵی ڕابردوودا دەستی پێكرد و بەشێكی زۆری شارەكانی ئێرانی گرتەوە. ناڕەزایەتییەك كە بە شێوەیەكی دڕندانە لەلایەن ڕژیمی كۆماری ئیسلامییەوە هەوڵی سەركوتی درا و چەندین كەس لەسەر شەقامەكان بەتەقەی ڕاستەوخۆی هێزە ئەمنیەتییەكان كوژران و ژمارەیەكی زۆریش لە زیندانەكاندا بەشێوەیەكی گوماناوی گیانیان لەدەستدا. جگە لەمەش تا ئێستا دەیان و سەدان كەس لە خۆپیشاندەرانی ئاخێزی بەفرانبار لە زیندانەكاندان و ژمارەیەكیش ناچار بوون وڵات بەجێبێڵن بۆئەوەى زیندانى نەکرێن و لەسێدارە نەدرێن. پێویستە خەڵکى ئێران و کوردستان بگەن بەو ئەنجامەى کە بەردەوام بوونى کێشە و قەیرانەکان لە ئەنجامی شکست و ئیفلاسی سیاسەتی ڕژێمی ئاخوندی مەلاکانەوەیە کە بە درێژایی چل ساڵە ڕۆژانە گەنجان و لاوان و هەڵسوڕاوانى سیاسى و ڕۆژنامەنووس و ڕۆشنبیران کە جیاوازن لەبیرکردنەوەو بیروباوەڕ و ئایین و تێڕوانیندا لەسێدارە دەدات. لە ئێستاشدا چەندین کەس لە ناو زیندانەکانى ئەم ڕژێمە فاشییەدا چاوەروانى جێبەجێکردنى یاساى دژە ئینسانى لەسێدارەدان دەکەن، تەنانەت بەشێک لە زیندانەکان لەلایەن ڕێکخراو و ناوەندەکانى بەرگرى کارو داکۆکى کار لەمافەکانى مرۆڤ لە جیهاندا ناویان تۆمارکراوە بەڕەسمى داواى لە کۆمارى ئیسلامیی ئێران کراوە کە یاساى لەسێدارەدان هەڵبوەشێنێتەوەو هیچى تر خەڵک لەسێدارە نەدات، بەڵام ئەم ڕژێمە لەبەرئەوەى لە دڕندەیی و فاشیزمدا لە لوتکەدایە هەرگیز بەقسەى هیچ کەس و ڕێکخراو و ناوەند و دەوڵەتێکى پێشکەووتو ناکات. ڕۆژانە بە ئاشکرا لەسەر شەقامەکان بەرچاوى خەڵک مرۆڤەکان لەسێدارە دەدات. هەموو زوڵم ستەم و چەوسانەوەیەک چۆن سەرەتایی هەیە و قۆناغى گەشەکردن و بەهێزبوونى هەیە قۆناغى کۆتایشى هەیە ئەوەى سیستەمى ئاخوندى ئیسلامیی ئێران لە ئێستادا لە قۆناغى کۆتاییدایە. لەبەرئەوەى هەموو گیانى ئەو سیستەمە کۆن ڕزیو بووە بەهیچ شێوەیەک پینەو پەڕۆناکرێت داڕزیوە تەنها ڕێگا دەبێت بخرێتە ناو زبڵدانى مێژووە لەلایەن خەڵکى تێکۆشەرى ئێران و کوردستانەوە. ئەوەی ئەمڕۆ لە شارەكانی ئێراندا دەبیندرێت دەنگێكی ناڕەزایەتیی پەنگخواردووی دەیان ساڵەیە كە لەژێر سێبەری دەسەڵاتی فاشیزمی ئیسلامیدا تەنگی بە هەموو چین و توێژەكانی خەڵك هەڵچنیوە. بەپێی راپۆرت و هەواڵى ڕاگەیاندنەکان لە هاتنە سەرخیابانى خەڵکى خۆپیشاندەر و ناڕازى شارەکانى ئێران، هێزەكانی رژیم رژاونەتە بارزار و دەیانەوێ‌ لە رێگەی زەبروزەنگ كۆنترۆڵی نارەزایەتییەكان بكەن و وەك لە راپۆرتەكان دەردەكەوێ‌ لە رێگەی گازی فرمێسك رێژ هێرش دەكرێتە سەر خۆپیشاندەران و بەشێكیش لە خۆپشاندەران و نارازییان بریندار بوونە. چەندین گرتە ڤیدۆیی لە بەشەکانى میدیا و ڕاگەیاندنەکانى وەک فەیسبوک و تویتەر و ماڵپەڕ و تەلەفیزیۆنەکانەوە بڵاوکراوەتەوە کە هێزە سەرکوتگەرەکانى ڕژێمى کۆنەپەرستى ئیسلامیی زۆر بەتوندى و نامرۆڤانە هێرش دەکەنە سەر خەڵکى خۆپیشاندەر و ناڕازى، تەنانەت دیمەنەکان دیارن بەقامچى و دار و فیشەک و گازى فرمێسک ڕێژ بە زۆر دەیانەوێت خۆپیشاندان و ناڕەزایەتییەکان هەر وەک خۆپیشاندانەکانى ڕابردوو سەرکوت بکات. چەندین کەس برینداربوون لەماوەى ئەو چەند ڕۆژەدا کە برینى بەشێکیان زۆر سەختە ئەگەرى گیان لەدەستدانى چەندین خۆپیشاندەر هەیە. هەواڵەكان باس لەوە دەكەن كە بێجگە لە تاران، لە شاریار، كەرەج ، قیشم، بەندەر عەبباس و مەشهەد و کرماشان چەندین شارى ترسەبارەت بەگرانی لەرادەبەردەر دوكانداران نارەزایەتیان دەربریوە. ئاسۆشیتدپریس لە راپۆرتێكدا ویرای ئاماژە بە خوپیشاندانی ئەم چەند ڕۆژەى بازاریانی تاران وتی نارەزایەتیەكانی خەڵکی ئێران لە مانگی بەفرانباری رابردوو هەروا بەردەوامە و درێژەی هەیە. کەواتە خەڵکی ئێران ناکرێت هیچ چاوەڕوانێکیان لە کارەبەدەستانی ئەو ڕژێمە سەرکوتگەر و فاشییە ئیسلامیییە هەبێت پێویستە هەنگاو بۆ تێکۆشانی هاوبەش و یەکگرتوانە بنێن بۆ ڕوخانی سیستەمی ئیسلامی لەئێران لەبەرئەوەى هەنگاوى ڕوخانى سیستەمى کۆنەپەرستى ئیسلامی ئێران هەنگاوەکانى دەستى پێکردووە هەرگیز بەرەو دواوە ناگەڕێتەوە، و بەرەو پێشەوە دەڕوات. هەربۆیە باشترین نەخشە ڕێگاى چارەسەر کە پێویستە جێبەجێ بکرێت ئەویش بۆئەوەى ئەم ڕوخان و کۆتاییهێنان بە سیستەمى ئاخوندى مەلاکانى ئیسلامیی بە کەمترین زیانى ماددى و مەعنەوەى و گیانى کۆتایی پێبێت زۆر پێویستە خەڵکى تێکۆشەرى ئازادیخواز و یەکسانیخواز و سیکۆلار و پێشکەوتنخوازى ئێران گەشە بە هەماهەنگى و یەکگرتوویی خۆیان بدەن، ئەرکى خەڵکى ناڕازى و خۆپیشاندەرە لەپێناوى سەرکەوتن و بەدیهێنانى ماف و ئازادییەکان خۆیان ڕێکخراو بکەن بە جۆرێکى توندوتۆڵ کەبتوانن لەسەراسەرى ئێران و کوردستاندا بەیەکەوە بێنەمەیدان بۆ ڕوخانى ڕژێمى ئیسلامی، لە ئێستاوە کار بۆ دامەزراندنی سیستەمێکی سیکۆلار و ئازادو شارستانی بکەن. خەڵکى ناڕازى ناوخۆیی ئێران وشیارە دروشمەکانیان واقعى و لەجێگاى خۆیدایە (مردن بۆ ديكتاتۆر و مردن بۆ خامەنەیی و ..) ئەمە یەکەمین خۆپیشاندان نییە، بەڵکو ساڵانە خەڵک ناڕازى یەو خۆپیشاندان دەکات، بەڵام بەزەبرى سەرکوت و زیندان و کوشتن بڵاوە بە خۆپیشاندانەکان کراوە. لەخۆپیشاندانەکانى چەندساڵ پێش ئەم ساڵ و ساڵى ڕابردوو کە لە زۆرێک لەشارەکانى ئێران و کوردستان خۆپیشاندان کرا، چەندین مانگ پێشتر خۆپیشاندانى شارەکانى کوردستان بۆپشتیوانى لە داواکارى کۆڵبەرانى زەحمەتکێشى کوردستان و کە یەکێک لە داواکارییەکان نەکوشتنى کۆڵبەران لەلایەن هێزەکانى پاسدارانەوە و تەقەنەکردن لە کۆڵبەران و دانەنانى مین وتەقەمەنى لەسەر ڕێگایی کۆڵبەران وهەروەها خۆپیشاندانى شوفێرانى لۆرییە بارهەڵگرەکان، هەروەها بە بەردەوامى خۆپیشاندان و نارەزایەتى خەڵکى ئازادیخواز و پێشکەوتنخوازى ئێران و کوردستان و ناوەند و ڕێکخراوە جیهانییەکانى داکۆکى کار لەمافەکانى مرۆڤ بۆ هەڵوەشانەوەى یاساى دژە ئینسانى لەسێدارەدان لەئێران، چەندین و چەندین داواکارى تر، بەڵام هەتا ئێستا هیچ یەکێک لە داواکارییەکان جێبەجێ نەکراوە لەلایەن دەسەڵاتدارانى حکومەتى ئیسلامییەوە. ناڕەوایە وناگونجێت داوا لەو دز ومافیانەى کە ئێستا بەرپرسن لە ناو حکوەت و دەسەڵات کە خواست و داواکارییەکانى خەڵکى ناڕازى و خۆپیشاندەران جێبەجێ بکەن لەبەرئەوەى لەلایەک هەروەک ئاسنى سارد کوتانە لایەکى تریش بە درێژایی چل ساڵە خەڵکى ئێران و کوردستان داواى ماف و ئازادییەکان دەکەن، بەڵام بەپێچەوانەوە زیاتر دەسەڵاتى فاشیزمى و سەرکوتگەرى بەهێزتر دەکات ئازادى و مافەکان زیاتر پێشێل دەکات، قەیران و کێشەکانى بێکارى و هەژارى و نەبوونى و گرانى بۆ خەڵک زیاتر دەکات. کەواتە ئەم سیستەمە بۆگەن و ڕزیو بووە، پێویستە خەڵکى تێکۆشەرى ئێران و کوردستان چیتر نەوەستێت پاشکەشە نەکات لە داواکارى و خواستە ڕەواکانى، پێویستە ئەم سیستەمە فاشییە ئیسلامییە بگۆڕێت بە سیستەمێکى مەدەنى و شارستانى و ئازاد.

Check Also

سەردانی سودانی بۆ کۆشکی سپی

عوسمانی حاجی مارف هەر لەسەرەتای دانیشتنی بایدن و سودانی، بایدن ڕایگەیاند کە ئەمریکا پابەندە بە …

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *