١٤/٧/٢٠٠٠ یادی تاوانێکی لەبیرنەکراوی یەکێتی نیشتیمانی و  باوکی هەژارانە!!، لەدژی کۆمۆنیزم و ئازادیخوازی!

نووسینی: عەبدوڵا مەحمود
١٤/٧/٢٠٠٠ بەراسپاردەی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان و بەسەرکردایەتی و ئەندازیاری باوکی هەژاران!! بەپێی نەخشەیەکی پلان بۆ دارێژراو، هێرشێکی چەکداریان کردە سەر نوسینگەو بنکەکانی حزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی و رێکخراوە جەماوەرییە رادیکاڵەکانی وەکو ڕێکخراوی سەربەخۆی ئافرەتان، سەنتەری پاریزگاری ژنان، سەنتەری بەرگری لە مناڵان، و مامۆستایان… لەو هێرش و پەلامارەدا، پینج ئینسانی کۆمۆنیست و تێکۆشەری ڕزگاری هەژاران، بەرۆژی روناک و لە بۆسەیەکی قیناوی و داخ لەدڵانەدا بەرامبەر بەکۆمۆنیزم و ئازادیخوازی، قەسابی کران.
پاساوی هێرش و قەدەغەکردنی حزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی بردنە دەرەوەی بارەگای چەکداری حزبەکان و داماڵینی شار بوو، لە چەک. ئەو پاساوەی کە بەر لەهەموو کەس و لایەنێک شانی خۆیانی دەگرتەوە، ئەوە ئەوان بوو، شارو شارۆچکەکانیان میلیتاریزە کردبوو، ئەوە بارەگاو ماڵی بەرپرسە حكومی حزبیەکانیان بوو، کە بەچەک تەنرابوون و لەگەڵ جوڵە کردنیشیان ماشێنی پر چەکدار و بیکەیسی لەسەر سیمای مەدەنیەتی شاریان، بە بەرەی جەنگ و دۆخی نایاسایی گۆڕی بوو. ئێستاشی لەگەڵ بێت هیچ حزب و لایەنێکی سیاسی بارەگای چەکداری حزبەکانی نەبردە دەرەوەی شارەکان و شارەکانی لە دیاردەی چەک دانەماڵی. ئێستاشی لەگەڵ بێت ئەوە هێزی ئاسایش و پاراستن و دژە تیرۆری دەمامکدار و بێ دەمامک و یەکەی ٧٠، ٨٠ چەکداری نایاسایی یەکێتی و پارتین بۆ پاڕیزگاری لەدەسەڵات هەمیشە ئامادەن ناوجەرگەی شارو شارۆچکەکان میلیتاریزە بکەن و رۆڵەی خەڵکی کرێکارو زەحمەتکێش و خۆپیشاندەران بۆ داوای ئاو و نان و موچە و خزمەتگوزارییەکان، بدەنە بەردەستڕیژی گوللە. خەڵکی کوردستان ویەکێتی و باش دەیانزانی حزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی جگە لە چەند دەستەیەکی پاریزگای لە نوسینگەکانی زیاتر هێزی چەکداری نییە. ئەمە پاساوێک بوو، پاساوێک هیندە نەزانانەو نەفامانە کە هەر زوو خۆیان بەدرۆیان خستەوە. باوکی هەژاران کە بەرێوەبەر و ئەندازیاری هێرشەکە بوو بۆ سەر حزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی لە دانیشتنی رەسمیدا لەگەڵ رابەری حزب بە ئاشکرا دانی نا بە هۆکاری هێرشەکەیان… ئەو وتی ئێمە گوشاری ئیرانمان و عێراقمان لەسەرە… ئەو دانپیانانە بەسە بۆئەوەی سفەت نۆکەری یەکێتی دەربخات و هۆکارێکی هێرشەکەش نیشان بدات… بەڵام ئەوە هیشتا لایەنێکی ریوایەتەکەیە، لایەنێکی تر و سەرەکی بۆ ئەوەی یەکیتی ناچار بە هێرش بۆسەر حزب بکات، ئەوە بوو کە پێشتر لە شکاتنامەیەکی ئابروبەرانەدا، رایان گەیاندبوو کە کۆمۆنیزمی کرێکاریی، دەیانەوێ یاسای باری کەسێتی سەردەمی بەعس هەڵبوشێنەوەو لە جێگایدا یاسای باری کەسێتی مۆدێرن و ئینسانی بخەنە جێگاکەی، تێدەکۆشن بۆ یەکسانی ژن و پیاو، داوای ریفراندۆم بۆ جیابوونەوەی کوردستان، دەکەن…
بەڵی هێرشی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان، بۆسەر نوسینگەو بنکەکانی کۆمۆنیزمی کرێکاریی و رێکخراوە جەماوەرییەکانی نزیک لێیان، لەلایەکەوە جێبەجێکردنی پلانی ئیران و دوبارەکردنەوەی سفەت نۆکەری بوو، لەلایەکی تریشەوە هێرش بوو بۆسەر کۆمۆنیزم و ئازادیخوازی کە کۆمۆنیزمی کرێکاریی ئاڵاهەڵگری بوو.
ئەو سەردەمە تاکە رەخنەی ریشەیی و چینایەتی لەدەسەڵاتی سیاسی وسەرمایەی بزوتنەوەی کوردایەتی، لە کۆنەپەرستی ئیسلامی و رەوتەکانی، لە پیشیلکردنی ئیرادەی سیاسی خەڵکی کوردستان لەلایەن وڵاتانی کۆنەپەرستی ناوچەکەوە، کۆمۆنیزمی کرێکاریی بوو، تاقانە هێزی لە مەیداندبوو بۆ بەرگری لە خواست و مافی کرێکاران و بێبەشان، لە ژنان و لاوان و لەمەدەنیەتی کۆمەڵگەی کوردستان و لە ئازادییە سیاسیەکان و مافە فەردی و مەدەنییەکان، لە بریاری ئازادانەی خەڵکی کوردستان بۆ دیاریکردنی ئایندەی سیاسی کوردستان، کۆمۆنیزمی کرێکاریی بوو. کۆمۆنیزمی کرێکاریی ئەوکاتە تەنها رەوتیکی رەخنەگرانەی سیاسی و فکری نەبوو، بەڵکو هاوکات بەکردەوە لە مەیداندا بوو، هیزێکی ناسراو خۆشەویست، کە رۆژ بەرۆژ پاوانی دەسەڵاتی بزوتنەوەی کوردایەتی لەمەنگەنە دەدا… وە بەکردەوە ببووە کۆسپێک لەسەر رێگای نەخشە و رێگاچارە کارو و کردەوکانیان. بزوتنەوەی کوردایەتی و حزبەکانی کە بەدرێژایی مێژووی سیاسی خۆیان، روبەرووێ رەوت و هیزێکی چینایەتی و کۆمەڵایەتی و جیاواز لە مەیدانی بەرامبەرکێی کۆمەڵایەتی و سیاسییدا نەبوون، پێشرەوی و رۆڵی ئەم رەوتەیان بۆ تەحەمول نەدەکرا. بەرگەی رێگاچارەی جیاواز بۆ پرسی سیاسی و دۆخی هەڵواسراوی کوردستان، یەکسانی ژن و پیاو هەڵوەشاندنەوەی یاسای باری کەسێتی، رێکخستنی جەماوەر بۆ بەدەستهیانی مافەکانیانیان نەگرت. یەکێتی وەکو هیزێک هەراسان لە کۆمۆنیزمی کرێکاریی و ئازادی بوو.
هیچ هێزو رەوتێکی سیاسی لەناو خانەوادەی بۆرژوازی کوردا، بە وێنەی یەکێتی، بانگەشەی دیموکراسی ئازادی و مافی مرۆڤ و مەدەنیەت و ناکات و نافشێ، کەچی لە مەیدانی واقعی و لە ئاستی پراکتیکیدا هیچ هیزێک هێندەی یەکێتی دژی دیموکراتی و ئازادی و رێزگرتن لە مافی مرۆڤ و مەدەنیەت و مافە سەرەتاییەکانی هاوڵاتیان و تاکی کۆمەڵگە، نییە.
هێرش بۆسەر رەوتی کۆمۆنیزمی کرێکاریی، نەک هەر کۆمۆنیزمی کرێکاریی و حزبەکەی توشی پاشەکشەکرد، بەڵکو ئازادی و ئازادیخوازیش پاشەکشەی پێکرا. هێرش و سەرکوت کەشی زۆرتری بۆ ئاوەڵابوو، کۆنەپەرستان و رەوتەکانیان، جڵەو بەرەڵاتر بوون. کرێکاران و زەحمەتکێشان، ژنان و لاوان و پشتیوانیەکی گەورەیان لە مەیدانی بەرامبەرکێی کۆمەڵایەتی و چینایەتییدا لەدەستدا، دەنگی ئازادیخوازی خەفەتر کرا، بەڵام نەتوانرا تورەیی جەماوەری بێبەشان جڵەو بکرێت، و رەوتی پاشەکشەو ریسوای بزوتنەوەی کوردایەتی بەری پێبگیرێت… ئەگەر لەکاتی ٢٠٠٠دا، کۆمۆنیزمی کرێکاری ڕەچەشکێنی کرد و دەیان بەناو پیرۆزی لە نەریتەکانی بزوتنەوەی کوردایەتی، بێبەها کردو دەرگای کردەوە کە بتوانرێت پیروزیەکانی بزوتنەوەی کوردایەتی و رەخنەبکرێن و پەردەیان لەسەر هەڵبماڵرێت. ئەو کاتە رەخنە تیژەکانی کۆمۆنیزمی کرێکاریی و لە رەوشت و نەریت و سیاسەت و کەلتور و ئەخلاقیات و بۆچووکانی بزوتنەوەی کوردایەتی ریزێکی بەرین لە نووسەر و ئیلیتی سیاسی خستبووە سەر هەوای نیگەرانی و هەراس و کۆمۆنیزمی کرێکارییان بە توندرەو و جوێندەر وێنا دەکرد، کەچی ئێستا بەفراوانترین شیوە و لەئاستی بەرینی کۆمەڵایەتیدا بزوتنەوەی کوردایەتی لەژیر هەرەشەی بزوتنەوەی نارەزایەتی جەماوەریدایە و میراتی کۆمۆنیزمی کریکاری لایەن و هۆکارێکی سەرەکی ئەو جەرائەتەیە کەرووبەرووی بزوتنەوەی کوردایەتی و حزبەکانیەتی.
١٤/٧/٢٠٠٠ یادی تاوانێکی لەبیرنەکراوی بزوتنەوەی کوردایەتییە، کە یەکێتی نیشتیمانی کوردستان فەرمانی ئەنجامدانی داوەو نەوشیروان مستەفای باوکی هەژاران!! جێبەجێی کردووەو لەم تاوانکاریەشەدا پینج ئینسانی تێکۆشەری رزگاری بەکردەوەی هەژاران، بە بریاری باوکی هەژاران!! گیانیان لێسەندرایەوە کە یەکێک لەو هاوڕێیانە بەدیلی کەوتە دەستیان، و بە کەوش و شەقی بەڵتەجیەکانی بزوتنەوەی کوردایەتی لە خەستەخانەدا، گیانی دەکێشرێت…
ئەو تاوانەی یەکێتی نیشتیمانی، لەپاڵ زنجیرە تاوانەکانی تری هاوشانەکانی لەناو خانەی بزوتنەوەی کوردایەتیدا نەک هەر لەبیرناچنەوە، بەڵکو دەبنە بەڵگەی دادگاییکردنیان، لەهەر راپەرین و شۆرشێکی بێبەشاندا…
١٤/٧/٢٠١٨

تێبینی: ئەم بابەتە لە بۆپێشەوەی ژمارە ٣٢ بەرواری ١٥/٧/٢٠١٨ بڵاوبۆتەوە

 

Check Also

سەردانی سودانی بۆ کۆشکی سپی

عوسمانی حاجی مارف هەر لەسەرەتای دانیشتنی بایدن و سودانی، بایدن ڕایگەیاند کە ئەمریکا پابەندە بە …

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *