پورە بەهێی باینجان لە نووسینەوەی بیرەوەریەکدا: تیرۆری ئەو پۆلە هاوڕێیە لای من نە زەمەنێکی درێژەو نە دوێنێشە، بەڵکو هەر وەک ئەوە وایە کە ئەمڕۆ تیرۆر کرابن…

بەرزوبەڕێزبێت یادی ئەو پۆلە هاوڕێیەی کە بەفەرمانی کۆماری ئیسلامی ئێران، یەکیەتی نیشتیمانی کوردوستان تیرۆری کردن!.
بیرەوەریەکی کورت لەگەڵ هاوڕێ لەتیف
نووسینی : (پورە بەهێ )ی باینجان
٨ی تەموزی ٢٠١٨
١٤ی تەموزی ٢.١٨ دەبێتە ١٨ ساڵی تەواو بەسەر تیرۆرکرانی ئەو پێنج هاوڕێ کۆمۆنیستەی کە یەکیەتی نیشتیمانی کوردوستان تیرۆری کردن، بەڵام لای من وەک ئەوە وایە کەهەر لەم ساڵداو هەر لەم ڕۆژانەدا تیرۆرکرابن. لای من نە زەمەنێکی درێژەو نە دوێنێشە. بەڵکو هەر وەک ئەوە وایە کە ئەمڕۆ تیرۆر کرابن. ئەمەش لای من ئەوە دەگەیەنێت کە ئەو هاوڕێیانە هەمیشە زیندون و لەبیرناچنەوە. لای من هەموو ١٤ی حەوتێک ئەو پۆلە هاوڕێیە تیرۆر دەکرێن بە بەردەوامی هەموو ساڵێ. واتە قەت لەبیرناچنەوە. هێشتا لای من خوێنەکەیان گەشە، واتە دەبێ یەکێتی نیشتیمانی چاک ئەوە بزانێت ئەو هاوڕێیانە لەبیرناچنەوەو ڕۆژێکیش دێت تاوانبارو تیرۆریستان دەدرێنە دادگا.
من جیاوازی ناکەم لە نێوانی ئەو پێنج هاوڕێ تیرۆرکراوەدا، بۆ من هاوڕێیان محەمد مستەفا، ئیبراهیم محمد کە ناسرابوو بە هاوکار، ئومێد نیکبین، عەبدول باست محسن کە ناسرابوو بە شێخ عەبدول هەر چواریان لای من وەک هاوڕێی ئامینی خوشکم تەماشایان دەکەم، بەڵام ئەوەی کە زۆر ناسیومەو تێکەڵاو بووم لەگەڵیداو بیرەوەریم لەگەلیدا هەیە (هاوڕێ لەتیف)ە. بۆیە لێرەدا ئەو بیرەوەریە کورتەم لەسەر هاوڕێ لەتیف دەبێت.
من پوری (هاوڕێ)م، پێش تیرۆرکرانی هاوڕێ ماڵمان لە ئۆردوگای باینجان بوو. نازناوی پورە بەهێی باینجانیش هەر هاوڕێ و منداڵەکانی تری( ئامین)ی خوشکم دایان بەسەرم دا. هەر لەو بارەوە کە لە ڕادیۆی حیزبەوە ناوی ئەو کەسانەیان دەخوێندەوە کە کۆمەکیان بە حیزب دەکرد، ئەو کۆمەکەی من بە ناوی پورە بەهێی باینجانەوە دەخوێنرایەوە. جا سەیر لەوەدا بوو کە کارگوزارێکی حەسەن ناوی پورە بەهێ بوو. لەو نێوەدا خەڵکی باینجان کە گوێیان لە ڕادیۆی حیزب دەگرت وایان دەزانی کە ئەوە پورە بەهێی کارگوزارەکەی حەسەنە. زۆر کەس بە حەسەنیان وتبوو کە بۆچی پورە بەهێی کارگوزارەکەت کۆمەک بە حیزبی کۆمۆنیست دەکات لە کاتێکدا خۆی پێویستی بەکۆمەک و هاوکارییە.
هاوینی ساڵی ١٩٩٩ بوو، لە ڕێگەی ماڵی ئامینی خوشکمەوە خەبەرم بۆ هاوڕێ ناردبوو کە هەم بێت سەر لە پوری بدات و هەمیش بێت ئەو کۆمەکەی کە دام ناوە بیبات بۆ بارەگای حیزب.
ئێوارەیەکی درەنگ بوو. حەسەن وتی: بەهێ بۆ شتێک لێ نانێی بیخۆیین؟ خەریکی ئەوەبووم کە خواردنێک بۆ ژەمی ئێوارە لێبنێم. لە پڕ یەکێک لە خوێندکارەکانی حەسەن لە دەرگایداو وتی مامۆستا میوانتان هەیە. من هەروەک پیشەی هەمیشەییم چووم دەرگاکە بکەمەوە، هەرکە دەرگام کردەوەو هاوڕێم بینی لەگەڵ کوڕە خوێندکارەکەدا باوەشم کرد بە هاوڕێداو هاوارم کرد وتم حەسەن ئەوە هاوڕێیە!! ئیتر حەسەن هاتو باوەشی پێدا کردو یەکسەر هەر بەزمانی لادێکانی بناری پشدەرێ کە زێدی حەسەن خۆیەتی وتی: بەهێ دەچم ئەو مریشکە دەکوژمەوە!! بۆ هاوڕێ. هاوڕێ پێکەنی و وتی کاک حەسەن پیاوی چاک بە مەیکوژە بەڵکو سەری ببڕە با گۆشتەکەی بخۆین (بە قاقای پێکەنینەوە ئەمەی وت).
هاوڕێ زۆر کوڕێکی دەم بەپێکەنین و پڕ لە زەوق و خۆشی بوو، ئەو شەوە خواردنێکی خۆشی لادێییمان بۆ هاوڕێ سازکردو بەیەکەوە خواردمان. هاوڕێ حەزی لە ڕان بوو، هەردووک ڕانەکەم بۆئەو داناو حەسەنیش هەروەک هاوڕێ حەزی لەڕان بوو، بەڵام ڕان هیچ بۆ حەسەن نەمایەوە. تەنها یەک مریشکی کوشتەوە!! هههه ئەویش هەر دوو ڕانی هەبوو. هاوڕێ وتی: کاک حەسەن خۆت ڕۆژێکی تر مریشکێکی تر بکوژەو ڕانەکانی بخۆ.
هاوڕێ زۆر حەزی لە قەیسی بوو، زۆر حەزی لە ڕانی مریشک بوو، بەڵام منیش درێغیم نەکرد لە ئامادەکردنی ئەودوو شتە بۆ هاوڕێ، بۆیە ئێستاش هەر بە یادی هاوڕێ وە من قەیسی دەخۆم و هەمیشە حەزم لە قەیسیە.
ئەو شەوە بە نوکتەو قسەی خۆش تا درەنگانێک نەخەوتین، بەیانی بوو هاوڕێ وتی: پورە بەهێ دەمەوێت بڕۆم کوا چیتان داناوە بۆ حیزب وەک کۆمەک؟ دەیبەم و دەڕۆم. منیش هەندێک لە شەکرو چاو شتی ترم پێچابۆوەو دامە دەستی و باوەشم بە هاوڕێ دا کردو وتم بە حەسەن: با لەگەڵی بڕۆین هەتا لای پاسەکان و لەگەڵی هەڵبگرین، هاوڕێ بەپێکەنینەوە وتی: زۆر ڕاستە پورە بەهێ نەک هەر ئەوە، بێنە کرێی پاسەکەشم بدەنێ ئەوسەرەو سەر. هاوڕێ وتی پورە بەهێ مادام کۆمەکتان کردووە بە حیزب بە منیشی بکەن، ئاخر من ئێستا کوڕی حیزبم. بۆچی کۆمەک بە حیزب دەکەن، بەڵام بە کوڕی ئەو حیزبەی ناکەن؟. وتم بە حەسەن هاوڕێ ڕاست دەکات هەم حیزب و هەمیش هاوڕێ پێویستیان بە کۆمەکە.
ئەو هاوینە ئاخرین جاری هاوڕێ بوو کە بێتە ماڵی من لە باینجان. ئیتر من هاوڕێم لە ماڵی خۆمان نەدیتەوە. ئاخرین جارێک کە هاوڕێم بینی ڕۆژی دەرچوونمان بوو لە کوردوستان، سەرەتای مانگی ئایاری ساڵی ٢٠٠٠ بوو. بە دوو مانگ پێش تیرۆرکرانی لەگەڵ چوار هاوڕێکەی تری بەدەستی یەکیەتی نیشتیمانی. ئەو جارە لە ماڵی ئامینی خوشکم بوو کە هاوڕێم بینی و ماڵ ئاواییم لێکرد. هاوڕێ بە پێکەنینەوەو زەردەیەکیش کەوتە سەر ڕوومەتی و وتی: پورە بەهێی باینجان لەوانەیە ئیتر یەکتر نەبینینەوە. باوەشی پێداکردم و یەکترمان ماچ کرد. ئەوە ئاخرین جار بوو کە توندوپڕ لەخۆشەویستی باوەش بە هاوڕێدا بکەم. ئەویش باوەش پێداکردنی ماڵئاوایی بوو، کە ئاخیرەن ماڵئاوایی یەکجارەکی بوو.
هاوڕێ زۆر ڕاستی کرد، ئیتر ببڕای ببڕای هاوڕێم نەدیتەوە. ئەو دەستە ڕەشە خیانەتکارەی یەکیەتی نیشتیمانی کوردوستان نەیهێشت جارێکی تر پورە بەهێی باینجان هاوڕێ لەتیف ببینێتەوە. هەر ئەو دەستە ڕەشەی یەکیەتی بوو کە نەیهێشت نەجیبە کەریم شێخ عەبدولی هاوسەری ببینێتەوە و لەیلاش محمەد مستەفای هاوسەری ببینێتەوە. نە کەسوکاری ئومێد و نە کەسوکاری ئیبڕاهیمیش توانیان ئیتر ئیبڕاهیم و ئومێد ببیننەوە. یەک دەست بوو کە وای کرد. ئەویش دەستە تیرۆریستەکەی یەکیەتی نیشتیمانی کوردوستان بوو.
هاوڕێ گیان دڵنیابە لەناو دڵی کەس و کارت و هەموو هاوڕێیانت دای. دڵنیابە درێژە پێدەری ڕێبازەکەتین. دڵنیا بە تۆ نەمریت و هەمیشە زیندووی لەدڵی خەڵکی بەشمەینەت و کرێکاران و زەحمەتکێشاندای بۆ هەتا هەتاێێ.. تیرۆرستان و گوێ لەمستانی کۆماری ئیسلامی ئێرانیش هێندەی تر قەبارەی مێژووی تیرۆرستیان گەورە دەکەن.
هاوڕێ گیان دڵنیابە تۆ کوڕی حیزبی کۆمۆنیست بووی و هەر ئەو حیزبەش لە خوێنی تۆ و هاوڕێکانت خۆش نابێت. هەر ئەو حیزبەی کە تۆ تا ١٤-٧-٢٠٠٠ لە ناویا بووی و لێی دانەبڕای تا یەکیەتی نیشتیمانی بە تیرۆرکردنت دایبڕاندی، بەڵام تەنها بە لاشە دابڕای لە حیزب، بەڵکو بە گیان و بیرو کردارت هاوڕێکەی جارانی ناو حیزبی کۆمۆنیستی کرێکاریت.
جارێکی تر بەرزو بەڕێز بێت یادی هاوڕێ و هاوڕێکانی تری هاوڕێ لەتیف کە بەدەستی یەکیەتی نیشتیمانی لەسەر فەرمان و داخوازی کۆماری ئیسلامی ئێران تیرۆر کران.

تێبینی: ئەم بابەتە لە بۆپێشەوەی ژمارە ٣٢ بەرواری ١٥/٧/٢٠١٨ بڵاوبۆتەوە

 

Check Also

سەردانی سودانی بۆ کۆشکی سپی

عوسمانی حاجی مارف هەر لەسەرەتای دانیشتنی بایدن و سودانی، بایدن ڕایگەیاند کە ئەمریکا پابەندە بە …

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *