بۆ پشتگیری لە ناڕەزایه تیەکانی خەڵکی عێراق

       ڕەحمان حسەین زادە

ناڕەزاییی بەرهەقی تا ئیستا دە ڕۆژی شارەکانی خوارووی عێراق، دەستەی فەرمانڕەوای سەرتاپا گەندەڵ و دەوڵەتی سیناریۆی ڕەشی عێراقی تووشی شۆک کردووە. ناڕەزاییەکان بە دژی بێکاری و هەژاری و نەبوونی ئاو و کارەبا و کەمیی خزمەت گوزارییە گشتییەکان لە شاری بەسرا دەستی پێ کرد و تەشەنەی کرد بۆ شارە گەورەکانی دیکەی خوارووی عێراق. خەڵکی بێ بەش و سەرتاپا تووڕە و قین لە دڵ بەرامبەر ئەحزابی دەسەڵاتداری گەندەڵی ئیسلامی هەڵمەتیان بردە سەر ئۆفیس و بارەگای ئەم حزبانە و ئاگریان تێ بەردان. خەڵکی هەق خواز بە درووست دیارییان کردووە، سەرچاوەی بێبەشییەکان و کێشە و گرفتارییەکانیان دەستەی فەرمانڕەوای ئێستا و دەوڵەتی پێكهاتووە لە لایەن هەر ئەم حزبە ئیسلامی و قەومیانەوە یه. هەر بە هۆی ئەمەوەیە لە هەر جێیەک هێزیان بەسەریانا شکابێ، دار و دەستەی کۆنەپەرست و مافیایی دەسەڵاتدار پاک دەکەنەوە و ئەمە چەندەمین جارە، دەست ئەدەنە ئەم هەنگاوە تێکۆشەرانەیە. خەباتی کرێکاران و خەڵکی بەش خوراو لە دژی هەژاری و بێکاری و برسییەتی و نەبوونی ئاو و کارەبا و خزمەت گوزارییە گشتییەکان و بۆ باشبوونی هەل و مەرجی ژیان و گوزەران بە شێوەی عەمەلی و واقعی لە خەباتیاندا بۆ کۆتایی هێنان بە حاکمییەتی ڕەشی دەوڵەتی کۆنەپەرستی ئێستا و ئەحزابی پێکهێنەری ئەو یەکیان گرتووە. خەسڵەتێکی گرنگی دەرکەوتووی ئەم ناڕەزاییانە دوژمنایەتییانە لەگەڵ ئیسلامی سیاسی، لەگەڵ ئەحزابی ئیسلامی، بە تایبەتی ئەو ڕەوتە ئیسلامیانەی وابەستەن بە جمهوری ئیسلامییەوە. دروشمی “نە شیعە و نە سوننی حکومەتی عەلمانی”، هێمای ئەم واقعییەتەیە. لە هەمان کاتدا خودی جمهوری ئیسلامی ئێران و خومەینی و هێما و ڕوخسار و ئاسەوارەکانی دیکەی کەوتوونەتە بەر هێرش و پەلاماری ئەم خەڵکە بەتەنگ هاتووەی دەستی ئیسلام و جمهوری ئیسلامی. خاڵێکی جێگای سەرنج ئەمەیە خەسڵەتە هاوبەشەکانی نێوان ناڕەزاییەکانی تا ئێستای شارەکانی خوارووی عێراق و بزووتنەوەی عەزیم و بەربڵاوی دە ڕۆژەی مانگی دیسەمبەری ساڵی ڕابوردووە، کە زیاتر لە سەد شاری ئێرانی گرتەوە. هەڵسەنگاندنی ئەم لایەنەی مەسەلەکە لە دەرفەتێکی دیکەدا ئێجگار پێویستە، چونکە هیچ گومانی تیا نییە کە خەبات و تێکۆشانی هەق خوازانە و ئازادیخوازانەی شارەکانی ئێران و عێراق کاریگەریی جددییان بەسەر یەکترییەوە بووە و ودەبێ. کۆمۆنیستەکان و ئازادیخوازانی هەر دوو لای سنوور پێویستە ئەم ڕەوەندە هۆشیارانە و نەخشە مەندانە بۆ پێشەوە ڕابەری بکەن.

کۆمۆنیستەکان و حزبی کۆمۆنیستی کرێکاری عێراق و دەرفەتێکی دیکە

پێویست بە ووتن ناکا، پێشڕەوی و سەرکەوتنی بڕێنەرەوەی ئەم خەبات و تێکۆشانە بەرهەقەی خەڵکی بێ بەشی عێراق لە گرەوی دابین کردنی ڕابەرایەتی ڕادیکاڵ و ئازادیخوازانەدایە. هەر ئێستا ئەم نیگەرانییە وجودی هەیە، دەبینین باڵەکانی دیکەی بۆرژوازی و تەنانەت کۆنەپەرستانی ئیسلامی چەشنی موقتەدا سەدر و سیستانی و ئەوانی تر بە مانۆڕی فریوکارانەیان، هەڵبەتە لە نەبوونی ڕابەرییەکی ڕادیکاڵ و پابەند بە بەرژەوەندییەکانی خەڵکی ناڕازی، دەیانەوێ ئەم شەپۆلی ناڕەزاییە ڕەوا و بەرهەقە بخەنە ژێر کۆنترۆڵی خۆیانەوە. هێزی ڕادیکاڵ و ئازادیخواز و کۆمۆنیست ناتوانێ و نابێ بە تەحلیل و تەوزیحی نیگەرانییەکان ئیکتیفا بکات، بەڵکو دەبێ قۆڵی لێ هەڵماڵێ، بە حوزور و ئیرادەی هۆشیارانە و نەخشەداری خۆی، باڵاکردن و بردنە سەرەوەی ڕابەرایەتی ڕادیکاڵ و سۆشیالیستی ئەم خەبات و ناڕەزاییانە دابین بکات. جەماوەری فراوانی کرێکار و خەڵکی ڕاپەڕیو لە دەروونی قووڵایی کۆمەڵگاوە بە جەسارەت و هەق تەڵەبی تەواوەوە هاتووەتە مەیدان دەوڵەتی عەبادیی تەنگەتاو کردووە. جارێکی دیکەش دەرفەت کراوەتەوە تا کۆمۆنیستەکان و حزبی کۆمۆنیستی کرێکاری عێراق ڕۆڵی خۆیان بگێڕن. دەبێ ئەم فرسەتە بەدەستەوە بگرین.

ئێمە وەکو کۆمۆنیزمی کرێکاری و حزبی حکمەتیست هەمیشە و داییم لە تەنیشت ناڕەزاییە هەق خوازانەکانی خەڵکی عێراق، لە تەنیشت خەباتی کۆمۆنیستەکان و حزبی کۆمۆنیستی کرێکاری عێراق و ئازادیخوازانی ئەو کۆمەڵگەیەدا دەبین، وە لە ڕاستای بەهێز کردن و بە سەرکەوتن گەیاندنی ئەم خەبات و تێکۆشانەدا هەوڵەکانی خۆمان بە جددییەتی تەواوەوە درێژە پێ ئەدەین.=

٢٠ تەمموز ٢٠١٨

Check Also

هێرشی ئیسرائیل بۆ سەر ڕەفەح! دوا بزمار لە تابوتی زایۆنیزم و هاوپەیمانە جیهانیەکانی

بەیاننامەی ژمارە ٦ی سێ حیزبی کۆمۆنیستی- کرێکاری لە ناوچەکەدا: ئەمڕۆ ٧ی ئایار، لە دۆخێکی پڕ …

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *