ئەمەریکاو مێژوویەکی درێژ لە جیاکردنەوەی منداڵان لەکەس و کاریان !

نووسینی: شوان عەزیز

سیاسەتی دژە ئینسانی ئەمەریکا  لەبەرامبەر منداڵاندا لە ئەمەریکای ئێستای (تڕەمپ )ەوە دەستی پێنەکردوە ، بەڵکو مێژوویەکی زۆر درێژترو لەوە قوڵتری هەیە و تڕەمپیش تەنها درێژەپێدەری ئەو مێژووەیە!

دام ودەزگاکانی سەر بە کۆچ و کۆچبەرانی ئەمەریکا لە مانگی ئۆکتۆبەری ساڵی پارەوە سیاسەتێکی سفر لێبوردەییان بە فەرمانی ترەمپ لە دژی، بە قسەی خۆیان، کۆچبەرانی نایاسایی دا گرتۆتەبەر. هەرچەندە ئێستا ڕووی ڕواڵەتی ئەو سیاسەتەی ترەمپ ئەوەیە کە منداڵەکان لە دایک و باوک و کەس و کاریان جیانەکرێنەوە، بەڵام تائێستاش چارەنووسی ئەو ژمارە  زۆرەی منداڵان کە جیاکراونەتەوەو بە دوور لە دایک و باوکیان ژیان بەسەر دەبەن دیار نییە. زوربەی ئەو منداڵانەش کە ئێستا وەک لە وێنەو ڕاگەیاندنەکانەوە دەبینرێن لەناو قەفەزدان. هەندێک سەرچاوەی ڕەسمی قسە لەسەر ٢٣٠٠ منداڵ دەکەن و هەندێکی تریش باس لە ٣٧٠٠ منداڵ دەکات کە لە دایک و باوکیان جیاکراونەتەوە. هەندێک لەوانەش دایک و باوکیان ڕەوانەی ئەو وڵاتە کراونەتەوە کە لێیەوە بە نایاسایی هاتبوونە ناو ئەمەریکاوە.

ئەو سیاسەتەی ئەمەریکای تڕەمپ وەک هەندێک ڕۆژنامەنووس ئاماژیان پێداوە و شتیان لەسەر نووسیووە ڕێک بە ئەمەریکای پەنجا ساڵ لێرەو پێشی دەچوێنن لەبەرامبەر منداڵاندا. بۆ نموونە کاتێک کە ئەمەریکا لە ساڵی ١٩٦٨ کە هێرشی کردە سەر گوندی مای لای ڤێتنامی و قەتڵ وعامی خەڵکەکەی کرد. لە چاوپێکەوتنێکیدا کە ئێمی گودمان بڵاوی کردۆتەوە دەڵێت ئەوەی ئێستا تڕەمپ لە ئۆکتۆبەری ساڵی ڕابردووەوە دەیکات لەبەرامبەر منداڵانی پەنابەراندا هاوتەریبە لەگەڵ سیاسەتی ئەمەریکای پەنجا ساڵ پێش ئێستا کە لە ڤێتنامدا پەیڕەوی لێکرد.

هەندێک لە شارەزایانی مێژووی سیاسەتەکانی ئەمەریکاو هەندێک لە نووسەرو ڕۆژنامەنوسانیش پێیان وایە ئەوەی ئەمەریکا ئێستا دەیکات لەبەرامبەر منداڵاندا شتێکی تازە نییەو مێژوویەکی زۆر کۆنتری هەیە. ئەوان پێیان وایە ئەو مێژووە لە (تڕەمپ) ەوە دەست پێناکات، بەڵکو سیاسەتێکی کۆنترو قوڵتری هەیە کە زۆر لە پێش تڕەمپیشەوە ئەو سیاسەتە پڕاکتیزە کراوە. ئەوان پێیان وایە ئەمەریکای ئێستای تڕەمپ تەنها درێژەپێدەری ئەو سیاسەتەیەو هیچی تر. بۆ نموونە: ڕەسڵ کۆنڕێڕاس ،لە ئەسۆسیەیتس پرێس، لە بەدواداچونێکیدا لە ڕووی مێژوویەوە ئەوە دەسەلمێنێت کە سیاسەتی ئەمەریکای ئێستا لەبەرامبەر منداڵانی کۆچبەری نایاساییدا بەگشتی و جیاکردنەوەی منداڵانی تریش بەتایبەتی کارێکی تازەی ئێستای ئەمەریکا نییە کە سەرچاوەی لە  تڕەمپەوە گرتبێت.

ڕەسڵ، لەشاری ئەلبوکوێڕکۆ لە مەکسیک، ڕاپۆرتێکی بۆ ئەسۆسیەیتس پرێس لەوبارەوە ئامادە کردووە. بۆ سەلماندنی بۆچوونەکەی چەند نموونەیەک دەهێنێتەوە. هەروەها چەندین نووسەرو ڕۆژنامەنووسی تریش لەگەڵ ڕەسڵ هاوڕان و بەشێوەیەک لە شێوەکان دروستی ڕاو بۆچوونەکەی ڕەسڵ پشت ڕاست دەکەنەوە. هەندێک لەو نموونانەی  کە لە ڕووی مێژووییەوە دەیسەلمێنن کە ئەمەریکا مێژوویەکی زۆر کۆنی  قێزەونی هەیە لە چۆنیەتی مامەڵەکردنی لەگەڵ منداڵاندا ئەمانەی خوارەوە هەندێکیانن:

کۆیلایەتی

ئەمریکا لەسەردەمی کۆیلایەتی ڕەشپێستەکاندا سیاسەتی دەستبەسەراگرتنی منداڵی ڕەشپێستەکانی بەڕێوەدەبرد. پێش سەردەمی لەباربردنی منداڵ کاتێک کە ژنێکی کۆیلەی ڕەشپێست منداڵی دەبوو، خاوەن کۆیلە تەواوی دەسەڵاتی کڕین و فرۆشتنی بەسەر کۆرپەڵەکەدا هەبوو. دایکی منداڵەکە نەیدەتوانی هیچ هەڵوێستێکی هەبێت. هەر ئەوکاتە بابای ئەمەریکایی کە پشت ئەستووربوو بە سیاسەتی ئەوکاتی دەسەڵاتدارانی ئەمریکا منداڵە ساواکان و کۆرپەڵەکانی لە دایکە ڕەشپێستەکانیان جیا دەکردنەوەو دەیان بردن بۆ شوێنێکی تر. زۆرجاران هەبوو دایکەکان هەرگیز چاویان نەدەکەوتەوە بە منداڵە جگەرگۆشەکانیان.

هەمیشە خێزانە ڕەشپێستە کۆیلەکان بۆئەوەی نەکەونە بەرشاڵاوی جیاکردنەوەی منداڵەکانیان لێیان پەنایان بۆ ڕاکردن دەبرد. بەڵام ئەوەش ڕێگای مەرگ و پڕدەردی سەریتر بوو هەم بۆخۆیان و هەم بۆ منداڵەکانیان. چونکە لە کاتی گیران و کەوتنە بۆسەو کەمینی خاوەن کۆیلەکان ئەو خێزانانە زۆرجاران مەرگ چاوەڕێیان دەبوو. زۆر جاران کە دەگیرانەوەو دەکەوتنە بەر ئازاری لێدان و ئەشکەنجەدان  ئیتر ئاواتیان بە مردن دەخواست.

منداڵانی خەڵکە ڕەسەنەکەی ئەمەریکا لە خوێندنگا تایبەتییە ناوخۆییەکان دا!

 ئەمەریکا خوێندنگای تایبەتی لەسەرتاسەری وڵاتدا دامەزراند بۆ منداڵانی خەڵکە ڕەسەنەکەی ئەمەریکا کە بە هیندیەکانیش ناویان دەهێنێرێت. ژمارەی ئەو خوێندنگایانە خۆی دەدا لە نزیکەی ١٥٠ خوێندنگا. مەبەستی ئەمەریکا لەو خوێندنگایانەدا ئەوە بوو کە ئەو منداڵانە وا لێبکات کە داب و نەریت و مێژووی سپی پێست و دیانەتی مەسیحیەت وەربگرن و لەبەرامبەریشدا هەرشتێک کە پەیوەندی بە خۆیان و ڕەگەزی خۆیانەوە هەبێت وەلای بنێن و لەبیریان بچیتەوە. بۆ نموونە دەبوایە قژیان ببڕن بەو شێوەیەی کە سیاسەتی ئەوکاتی خوێندنگاکان دەیخواست لێیان. وە بۆیان نەبوو بە زمانی زکماکی خۆیان ئاخاوتن بکەن. بۆیان نەبوو جلی تایبەت بە خۆیان لەبەر بکەن. ئەو منداڵانە بۆ ماوەیەکی زۆر لە دایک و باوک و داب و نەریتی ڕەسەنی خۆیان دادەبڕان. وایان لێ دەکرا کاتێک کە دەیان بردنەوە بۆ لای دایک وباوک و کەسوکاری خۆیان هیچ کام لە دایک و باوکەکان منداڵی خۆیان نەدەناسیەوە. لە هەمان کاتدا  ئیتر منداڵەکانیش هەم گەورەبوون و ئیتر منداڵ نەماون و هەمیش تازە بیبڕای ببڕای لە ڕووی بیرکردنەوەو داب و نەریتەوەو تەنانەت لە ڕووی سیماو ڕواڵەتیشەوە لە هیندیەکانی باب و پاپیرانی خۆیان ناچن. زۆر جارانیش هەبووە کە تەنانەت دژایەتی کەس و کاری خۆشیان کردووە. بۆ نموونە دوای شەڕی ساڵی ١٨٩٠ کە بە کوشتارگەی (وند نی) دەناسرێت کە ئەمەریکا لە دژی هیندیە سورەکان ئەنجامی داو هێزەکانی ئەمەریکا ١٥٠ پیاوی لە هیندیەکانی ناوچەی لاکۆتا کوشت. دوای ئەوە خێزانەکانی ناچار کرد کە منداڵەکانیان بنێرنە ئەو خوێندنگایانەی کە بۆیان ئامادە کرابون. ئەو خوێندنگایانە بە کارگەی کوشتنی هیندیەکان لە ناوخۆیاندا دادەنران.. تاکو ئێستاش لە هەندێک شوێندا دژایەتی ئەو جۆرە لە خوێندنگای تایبەت بەو هیندیانە کراوەو منداڵەکانیشیان زۆرجاران ڕایان کردووە. یاخوود جار هەبووە کە پەنایان بۆ خۆکوشتنیش بردووە، یاخود خوێندنگاکانیان ئاگر تێبەرداوە، یاخود کەلوپەلەکانیان شکاندووە.

بەشێکی تر لەو منداڵانە تەواو ملکەچی بڕیارو سیاسەتەکانی ناو خوێندنگاکان بوون و بە هەموو شێوەیەک تێکەڵاوی داب و نەریتی سپیپێستەکان بوون. وە هەندێکیشیان سوودی زۆریان لێبینراوە بە هۆی زمانەکەیانەوە کە لەناو هێزە چەکدارەکانی ئەمەریکادا وەک کۆدی نهێنی بەکار هێنراوە لە جەنگی جیهانی دووەمدا.

برسیەتی و نەبوونی و قات و قڕی

برسیەتی و نەبوونی و کەم دەرامەتی خێزانەکان لە هەموو کات و شوێنێکدا دەبێتە هۆی ئەوەی کە ئەو خێزانانە ملکەچی بنوێنن بۆ هەرچی داخوازی و مەرام و سیاسەتێک بێت. تەنانەت کە ئەگەر بەزیانیشیان بشکێتەوە.  تەنها بۆ ئەوەی منداڵەکانیان و خۆیان لەبرسا نەمرن. بۆ نموونە لە سەرەتای هەزارو نۆسەدەکانەوە، هەندێک دەوڵەتی هەندێک لە ویلایەتەکانی ئەمەریکا منداڵانی خێزانە هەژارەکانیان بردوون و لە شوێنی تر ژیانیان پێ بەسەربردوون. کە لە هەندێک شوێن پێی گوتراوە هەتیوخانە. “لە ژێر سایەی ماڵی هەژاران دا” کە مێژووی هاوکاری کۆمەڵایەتی لە ئەمەریکایە و لە لایەن مایکڵ بی کاتزەوە بڵاوکراوەتەوە، ئەو هەتیوخانانە بەرەو ئاستێکی باڵاتر براون و لەلایەن ڕیفۆرم خوازانەوە بڕیار دراوە کە ئیتر منداڵەکان نابێت لە کەس و کاریان جیا بکرێنەوە. مەک کڵەین لەو بارەوە دەڵێت” تا ئێستاشی لەگەڵدا بێت ویلایەتەکانی ئەمەریکا هەژاری و نەبوونی خێزانەکان بە دەرفەت دەزانن و دەیکەنە پاساوی جیاکردنەوەی منداڵەکان لە خێزانەکانیان. بە تایبەتی خێزانی خەڵکی ئەمەریکیە ڕەسەنەکان و خێزانە ڕەشپێستەکان. لە هەندێک جاران دا بابەتی تێکچوونی دەروونی و ناتەواوی باری دەروونی خێزانەکان دەکەنە بیانوو بۆ لێسەندنەوەی منداڵەکانیان لێیان. هەر بۆ سەلماندنی ئەو بۆچوونەی مەک کڵەین ئەوەتە شایەتحاڵێک بە ناوی (ماڵکم ئێکس)  کە ئێستا چالاوانێکی سەرسەختی مافی مڕۆڤە بە زمانی خۆی دەربارەی مێژووی ژیانی خۆی  دەدوێ و دەڵێت “من ئەوکاتی کرێکارانی بەشی هاوکاری کۆمەڵایەتیم باش دێتەوە بیر. هەر دوای ئەوەی کە باوکمان کوژراو دایکمان بە تەنیا مایەوە لەگەڵ ئێمە. دەوڵەت هات ئێمەی هەموو بردوو دایکمان بەتەنیابێ منداڵ و بێ هاوسەر مایەوە. هەر زوو بیستم کە دایکمان لە خەم و خەفەتی دووری ئێمەو نەمانی باوکمان تووشی نەخۆشی دەروونی زۆر ترسناک ببوو.  هەر ئەو چالاکوانە درێژەی پێدەداو دەڵێت “ئاخر هەموو ئەو بەهانانەی کە دەوڵەت دەیهێنانەوە بۆ جیاکردنەوەی منداڵەکان لە کەس و کاریان هەمووی بەهانەی سیاسی و ڕەگەزپەرستی بوون کە مەرامی سیاسیان لە پشتەوە بوو.”

کۆچکردن و کۆچبەران

لە سەردەمی گرانییە گەورەکەی ئەمەریکادا لە ساڵەکانی ١٩٣٠ دا، لە هەردووک ویلایەتی گەورەی تەکساس و کالیفۆڕنیای ئەمەریکادا، دەسەڵاتدارانی دەوڵەتی ئەمەریکا دەستیان کرد بە دیپۆرتکردنەوەی بەکۆمەڵی خەڵکی مەکسیک کە هاتبوون لە ئەمەریکادا بژین و کار بکەن. تەنانەت هەموو ئەو مەکسیکیانەشیان دەرپەڕاند کە ببونە هاووڵاتی ئەمەریکی و چەندین دەیە و جیل  بوو کە لە ئەمەریکادا دەژیان. بەهانەی دەسەڵاتداران ئەوە بوو کە ئەو گرانییە لە بن سەری ئەوانەوەیە. هەندێک سەرچاوە باس لە دەرپەڕاندن و دیپۆرتکردنەوەی پێنج سەد هەزار بۆ یەک ملیۆن مەکسیکی دەکات لە ساڵی ١٩٣٠ دا. هەندێک سەرچاوە ئەو ساڵە بە ساڵی ڕاماڵینی مەکسیکیەکان  لە ئەمەریکادا ناو دەبات.

بە پێی کتێبی “چەندین دەیە لە خەیانەت” کە لە لایەن پرۆفیسۆرێکی زانکۆوە بە ناوی ئەینجڵس باڵدێڕامە وە بڵاوکراوەتەوە دەڵێت” هەندێک لە دایکان و باوکان و خێزانەکان منداڵەکانیان دەشاردنەوەو لەولاوە تەسلیم بە کەسێکی تری خزم یا ناسیاو یا برادەریان دەکردن تاکو بیان پارێزن لەوەی کە دەستی دەوڵەت بیان گاتێ و بەرەو شوێنێکی تر ببرێن”. زۆر لەو خێزانانە هەستیان بە فشارو زۆری دەکرد کە لێیان دەکراو منداڵەکانیان لێ جیادەکرانەوە. هەروەک ئەو مامۆستای زانکۆیە لە کتێبەکەیدا ئاماژەی پێداوە زۆرێک لەو منداڵانە ئیتر باوک و دایکی خۆیان نەدیوەتەوە..

کامپی گرتن و دەست بەسەرکردنی یابانیەکان

لە ساڵی ١٩٤٢دا  کاتێک کە ئەمەریکا لەشەڕدابوو لەگەڵ یابان دەوروبەری ١٢٠ هەزار کەسی بە ڕەگەز یابانی لەسەرتاسەری ئەمەریکادا فەرمانی گرتنی بۆدەرچوو. هەرهەموویان خرانە زیندانەکانەوە. لەو ژمارەیەش دەوروبەری ٣٠ هەزار کەسیان منداڵ بوون.

لە ساڵی ١٩٩٩ دا لە بەدواداچوونێکی پشتبەستوو بە دۆکیومەنت بە ناوی “منداڵانی نێو کامپەکان” فۆکەس کراوەتە سەر  ژیانی ناڕەحەت و پڕمەترسی ئەو منداڵانەی کە لەگەڵ دایک و باوکی خەفەتباریاندا خراونەتە کونجی زیندانەکانەوە. شتێکی سەرسوڕهێنەرتر لەوەش  ئەوەیە کە منداڵانی تۆزێ بەتەمەن و کە خەریکی ئەوە بوون ببن بە ١٨ ساڵ چاوەڕێ بوون ببن بە ١٨ ساڵ و بڕۆن لەگەڵ هێزەکانی ئەمەریکادا بەشداری شەڕ بن لە دژی یابان. ئەوەش بۆ ئەوە بوو تا بیسەلمێنن کە ئەوان و کەسو کاری ئەوان دژی ئەمەریکاو وەڵاتی ئەمەریکان نین و هەم بۆ ئەوەش کە لە دایک و باوکیان جیا نەکرێنەوە.

لەوبارەوە زۆرێک لە یادەوەری و بیرەوەری نوسراو لە ئارادایە کە لایەن ئەو منداڵانەوە نوسراوەتەوە. بۆ نموونە کیۆشی کەی موڕاناگا کە باوک و دایک و کەس و کاری ئەو لەو کاتەدا خرابوونە زیندانەوە لە ئەمەریکادا، ئەویش ١٨ ساڵی تەواو کردو چووە ڕیزەکانی سوپای ئەمەریکاو لە دژی یابانیەکان جەنگا تا لە ئیتالیا کوژراو لە دوای مردنیشی لەلایەن بیل کلنتۆن ی سەرۆکی ئەمەریکاوە مەدالیای ڕێزلێنان و ئازایەتی و دڵسۆزی بۆ ئەمەریکای پێ بەخشرا.

هەر بۆیەش گەلێک لە چالاکوان و بزوتنەوەی سیاسی و کۆمەڵایەتی و ڕێکخراوەکانی مافی مڕۆڤ و زۆرێکیش لەوانەی کە لە مێژووی حکومەتی ئەمەریکا شارەزان دەرحەق بە مەسەلەی جیاکردنەوەی منداڵان لە کەس و کاریان  ئەمڕۆ هاتوونەتە دەنگ. هەر بۆ نموونە ڕادیۆی سی بی سی لە ٢١ حوزەیرانی ئەمساڵدا قسەوباسی (لیندا ڕیڤاس) ی بڵاوکردەوە. لێندا پارێزەرەو نوێنەرایەتی ئەو دایکانە دەکات کە منداڵەکانیان لێ ستاندوون لە سنووری مەکسیک بۆ ئەمەریکا. لیندا پێی وایە چارەنووسی ئەو منداڵە جیاکراوانە چارەنووسیان باش نابێت بە هۆی فەرمانەکانی  تڕەمپی سەرۆکی ئەمەریکاوە.

لیندا ڕیڤاس چاوپێکەوتنی لەگەڵ ژمارەیەک لەو دایک و باوکانە کردووە کە منداڵەکانیان لێ سەندراون و بەرەو شوێنێکی نادیار براون و خۆشیان لە کەناری دیپۆرتکردنەوەدان بۆ وڵاتی خۆیان بە بێ منداڵەکانیان. ڵیندا دەڵێت هەرچەندە ترەمپ ئێستا ئەو بڕیارەی پێشووی پێچەوانەکردۆتەوەو ئێستا ئەو ڕازییە کە منداڵەکان لەگەڵ دایک و باوکیان بمێنن. بەڵام تڕەمپ هیچ بڕیارێکی دەرنەکردووە بۆ هێنانەوەی ئەو هەموو منداڵەی کە پێشتر جیاکرابوونەوە و ئێستا لەقەفەزدا ژیان بەسەر دەبەن. بۆ نموونە (ئانا) کە ژنێکی مەکسیکیەو چەندهەفتەیەکە بۆی دەرکەوتووە کە منداڵی لەسکدایە. لەهەمان کاتدا ئانا منداڵێکی ٥ ساڵانەی هەبوو ئەویشی لەسەر سنوور کە هاتە ناو دیوی ئەمەریکاوە لەلایەن پاسەوانەکانەوە لێی سەندرا. ئانا ئێستا خۆشی لەسەر کەناری ڕەوانەکردنەوەدایە بۆ مەکسیک بە بێ منداڵە پێنج ساڵەکەی.

پوختە: ئەوەی کە ئەمەریکای ئێستا دەیکات لەبەرامبەر منداڵاندا و خەتاکەی دەدەنە پاڵ ترەمپ و هەندێک پێی وایە ئەوە ترەمپە ئەو بڕیارەی دەرکردووە، بەڵام ڕاستیەکەی ئەوەیە کە ئەمەریکا مێژوویەکی درێژی لەوبارەوە هەیە. لەسەردەمی ترەمپ دا ئێستا بە پێی ڕاگەیاندنەکان ٢٣٠٠ تا ٣٧٠٠ منداڵ و کۆرپەڵەی ساوا لە دایک و باوکیان جیاکراونەتەوەو براون بۆ شوێنێکی تایبەت و بە دوور لە کەس و کاریان، بەڵام لەسەردەمی ئەمەریکای پێشترو سەردەمی سەرۆکەکانی تر کاری بەهەمان شێوە کراوەو زۆر جارانیش  لەو کارەی ترەمپ قێزەونتر بووە. بۆیە ئەمەریکا وەک سیستەم لەو ڕووەوە مێژوویەکی درێژی هەیەو هەر بەهەمان شێوەش کە ئەگەر بەری پێ نەگیرێت حەتمەن مێژووەکەی هەر درێژترو بەردەوام تر دەبێت. کەواتە ئەوە ئەرکی ئازادیخوازان، چالاکوانانی مافی مڕۆڤ و منداڵ بەتایبەتی، چالاکوانانی بواری کۆچ و کۆچبەران، بزوتنەوە کۆمەڵایەتی و سیاسی و بەرەی لیبڕال و ئازادیخواز و هەموو ئەوانەی کە پێیان وایە ئەوەی ئەمەریکا دەیکات کارێکی نامڕۆڤانەیەو لەگەڵ بەهاکانی ئینساندا نایەتەوە، پێویستە بێنە دەنگ و ئەمەریکا بخەنە ژێر فشارو بیوەستێنن. با هیچی تر ئەمەریکاو دۆستەکانی نەتوانن ئەوەی بیانەوێت بیکەن و بیسەپێنن بەسەر بەرەی مڕۆڤایەتیدا.

بۆ ئامادەکردنی ئەو بابەتە سوودم لە هەندێک سەرچاوەی ئەنتەرنێت وەرگرتووە کە لە نێویاندا ئەمانەی خوارەوە بەشێکیانن:

http://www.cbc.ca/radio/asithappens/lawyer-for-separated-families-fears-there-are-horrors-to-come-in-trump-s-new-order-1.4716288

https://www.democracynow.org/2018/6/21/how_four_words_changed_the_course_of

https://www.truthdig.com/articles/the-u-s-has-split-up-families-throughout-its-history/

تێبینی: ئەم بابەتە لە بۆپێشەوەی ژمارە ٣٣ بەرواری ١/٨/٢٠١٨ بڵاوبۆتەوە….

Check Also

سەردانی سودانی بۆ کۆشکی سپی

عوسمانی حاجی مارف هەر لەسەرەتای دانیشتنی بایدن و سودانی، بایدن ڕایگەیاند کە ئەمریکا پابەندە بە …

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *