لە راسيتيدا من کۆمۆنيستم

کۆمۆنیزم دووبارە دەبێتەوە وێردی زمانی لاوان لە بەریتانیا

نوسینی: سالار حمەسەعید

ئاش سەرکار: من لە راستیدا کۆمۆنیستم. سۆسیالیزم دەرفەت و هەلی بۆ ڕەخساوە لە بەریتانیادا. ئاش سەرکار، کە سەرنووسەرێکی ” نۆڤارا میدیا ”یە بووە باسی ئەم هەفتەیەی میدیاکان لە بەریتانیا، ئەم ژنە گەنج و لاوە کە تەمەنی ٢٦ ساڵە لە بەرنامەی ”بەیانی باش بەریتانیا ” Good Morning Britain لەبەردەم یەکێک لە بەناوبانگترین پێشکەشکارانی بەرنامە و شۆ تەلەفیزیۆنییەکانی بەریتانیا بەناوی ” پیرز مۆرگان” ەوە زۆر بە شانازیەوە ڕایگەیاند کە لەڕاستیدا کۆمۆنیستە. ئەم ژنە گەنج و لاوە مۆرگان بە گەوج ناوزەد دەکات. ئەمە لەکاتێکدا مۆرگان بەناوبانگە لە بەریتانیادا بە لایەنگریکردنی لە ترەمپ و سیاسەتەکانی. مۆرگان تاسەر ئێسقان کۆنسێرڤەتیڤ و لایەنگری ڕاستڕەوترین باڵی بۆرژوایی، لەوە تووڕەیە کە ئەو ژنە سەرنووسەرە گەنجە بەڕاشکاوانە رایدەگەیەنێ کە دەچێت لە ناڕەزایەتیەکانی دژ بە هاتنی ترەمپ بەشداری دەکات. ئاش سەرکار دەڵێ من لایەنگری “جێرمی کۆربن” ی حزبی کرێکارانم. هەروەها دەڵێ کە ئێمە هەل ودەرفەتێکمان هەیە بۆ سۆسیالیزم. ئێستا کات و دەرفەتمان هەیە بۆ سۆسیالیزم لەبەریتانیا. تێڕوانینی کۆمۆنیستی دەکرێ ڕێنمابێت بۆ ئەم سەردەم و کاتە. بۆرژوازی دژایەتیەکانیان بەرامبەر کۆمۆنیزم بە بیانووی جۆراوجۆرەوە دەردەبڕن چونکە کەوتوونەتە پەلەقاژە و بەرگریکردن لە سیستەمە پڕ لە قەیرانەکەیان. ئەوان بە کۆمۆنیستەکان دەڵێن کە ئەوا دووبارە ڕوخساری ناحەزی خۆیان پیشاندەدەنەوە پاش ئەوەی سیستەمەکەیان تاقیکرایەوە و کارەساتی لێکەوتەوە و جگە لە کوشت و کوشتار هیچ یادەوەریەکی پەسەندی بەجێ نەهێشت. ئەگەر تەواوی ئەم قسە پووچانەتان ڕاست بێت ڕەخنەگرانی کۆمۆنیزم، ئەی خێرە وا کێچ کەوتۆتە کەوڵتان و نازانن چۆن بێزاری خۆتان لەسەرهەڵدانی ئەم شەپۆلە لە ناڕازیانی کۆمۆنیست دەربڕن و سەرسوڕمانی خۆتان بەوە دەردەبرن کە چۆنە پەند و عیبرەتتان لە ڕابردووتان وەرنەگرتووە. ئەگەر قسەکانتان ڕاستە کەواتە بۆ نیگەرانن. ئەگەر ڕوخساری کۆمۆنیزم وا ناحەز و قێزەونە ئەی بۆچی ئەو گەنج و لاوانە ڕوو دەکەنە کۆمۆنیزم؟ کەواتە وتەکانتان نادروستە، کەواتە تەواوی راستی لە کەمپەکەی ئێوەدا نییە. ئێوە باس لە ٣٠ ملیۆن کوشتار دەکەن کە گوایا ئەمە کۆمۆنیزمە بۆتە مایەی کوشتاری دەیان ملیۆنی خەڵکی روسیە و سیبیریا و شوێنەکانی تر.

ئەگەرچی نامەوێ بەراوردێک بکەم لەنێوان سەرمایەداری و سیستەمێک کە ستالین ڕابەرایەتی دەکرد و سیستەمێک کە بە سۆسیالست ناوزەد کراوە کە گوایا ئەوە کۆمۆنیزم بووە. بەڵام کە باس لەکوشتار دەکەن ئەی بۆ باس لەو هەموو کوشتارانە ناکەن کە تائێستا لە ژێر سایەی سیستەمی کاپیتالیزمدا ڕوویداوە و روودەدات.

لە جەنگی جیهانی یەکەمدا چەند ملیۆن خەڵکی بێتاوان کوژران؟ ئایا زیاتر لە ٣٧ ملیۆن لە خەڵکی بێتاوان نەکوژران؟ کاتێ دەستتان کردە جەنگی یەکەم لە ساڵی ١٩١٤ دا هێشتا روسیا لەژێر سایەی قەیسەردا نەبوو؟ ئەوە لە دەوری کۆتایی جەنگە خوێنینەکەتان بوو کە لەسەر دابەشکردنەوەی بازار و بەرژەوەندییەکانی سەرمایە بوو ئەو شەڕە کارەسات بارەتان بەسەر خەڵکی بێتاوانی جیهاندا سەپاند. هێشتا سۆسیالیزم نەهاتبووە ئاراوە کە ئەو جەنگەتان نزیک بەکۆتایی گەیاند. وە لەکاتی شۆڕشی ئۆکتۆبەردا رابەری ئەو شۆڕشە دووری گرت لە تێوەگلان لەوەها شەڕێکی کاولکەردا. تەواوی ئەو جەنگ و کوشتارانەی کەلە وڵاتانی جیهاندا روویاندا و روودەدەن دەستی ئەم سیستەمە کاپیتاڵیستەی ئێوەی تێدایە و نە بەدوور نە بەنزیک پەیوەندی بە سۆسیالیزمەوە نییە و نەبووە.

ئێوە باس لە ئازادی دەکەن، کام ئازادی؟ ئازادیەک کە باسی لێوەدەکرێ هەر ئەوەیە کە هەر چەند ساڵێک جارێک چەوساوەکان بڕیار دەدەن کە نوێنەرێک هەڵبژێرن لە چینی چەوسێنەر و دەسەڵاتدار کە نوێنەرایەتی بکات و بیچەوسێنێتەوە. ئەمە ماهیەتی ئازادییە لە سیستەمی سەرمایەداریدا.

سەرچاوەکان: گاردیان بەرواری ٢٢ی تەمموزی ٢٠١٨ CITYAM.COM رۆژنامەی سیتی ئام کە رۆژنامەیەکی دارایی مالی یە لەلەندەن دەردەچێت.

نوڤارا ميديا، سايتێكى چەپى راديكاله بابەتەكانى وتارى نوسراو و چاوپێكەوتنى ڤيديۆييه.

Check Also

هێرشی ئیسرائیل بۆ سەر ڕەفەح! دوا بزمار لە تابوتی زایۆنیزم و هاوپەیمانە جیهانیەکانی

بەیاننامەی ژمارە ٦ی سێ حیزبی کۆمۆنیستی- کرێکاری لە ناوچەکەدا: ئەمڕۆ ٧ی ئایار، لە دۆخێکی پڕ …

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *