پرۆسەی دیموکراسی وامان ناوێ!

حەمە غەفور

بە گوێرەی ئاگادارییەک کە ئەمڕۆ حزبی کۆمۆنیستی کرێکاری کوردستان بڵاوی کردۆتەوە، تیمێکی شەش کەسیی ئەو حزبە لە شاری سلێمانی لە کاتێکا سەر لە بەیانی ئەمڕۆ خەریکی پەخش کردن و چالاکی بوون بۆ بایکۆت کردنی هەڵبژاردنی پارلەمانی کوردستان لە لایەن هێزیکی ئاساییشەوە دەست بەسەر دەکرێن و ڕەوانەی زیندان دەکرێن! دوای بڵاو بوونەوەی ئەو ئاگادارییە و پاش چەند سەعاتێک تیمەکە ئازاد کراون.

وێڕای شەرمەزار کردنی ئەم هەنگاوەی ئاساییشی سلێمانی بۆ پێشێل کردنی مافی بانگەشەی پێچەوانە دژی هەڵبژاردن، جەخت کردن لەسەر چەند خاڵێک لەم بارەیەوە بە پێویست دەزانم:

یەک، هەموو حزبەکان تا ئەم ساتەش موزایەدە بەسەر خەڵکی کوردستانەوە دەکەن و دەڵێن هەڵبژاردن پرۆسەیەکی دیموکراسیانەیە! بەڵام لە پراتیکدا بە پێچەوانەی ئەو ئیدیعایەی خۆیان دەجووڵێنەوە، چونکە ئاساییشی سلێمانی شەش کادر و ئەندامی حزبێکی سیاسی ڕاپێچی زیندان کردووە لەسەر ئەوەی مومارەسەی هەقی دیموکراسیانەی خۆیان کردووە. تا ئەم ساتەش هیچ حزبێکی بەشداربووی پرۆسەی هەڵبژاردن ئیدانەی ئەو هەنگاوەی ئاساییشی سلێمانی نەکردووە!

دوو، پرۆسەی بەڕێوە بردنی گاڵتەجاڕی هەڵبژاردن لە بنچینەدا خۆی هیچ شەرعییەتێکی نییە، چونکە هەر ئەم جەماعەتە و هەر ئەم کۆمەڵە حزبە چوار خولی دیکەی پارلەمانیان پشتی سەر ناوە، بەڵام هیچ خێر و فەڕێکی بۆ زۆرینەی خەڵکی کوردستان نەبووە جگە لە ماڵوێرانی! لەگەڵ ئەوەشدا زۆربەی هەرە زۆری هاوڵاتیانی کوردستان بە کردەوە و بە بزووتنەوەی ناڕەزاییەکانی خۆیان بە تایبەتی لەم ساڵانەی دواییدا شکست و بنبەستی سیاسەت و بەرنامە و ئەدای ئەم دەسەڵاتە و سەرجەمی حزبەکانیان ڕاگەیاندووە و لە درووشمەکانیانا ڕاشکاوانە پێیان ووتوون: “بڕۆن لە کۆڵمان ببنەوە با کەسانی شاییستە دەسەڵات بگرنەدەست”!

سێ، ئەم دەسەڵاتە و ئەم حزبانە بە پارە و پوولی تاڵان کراوی خەڵکی کوردستان پرۆسەی هەڵبژاردنی پارلەمانیان بەڕێ خستووە، بودجەی بێ ئەندازەیان هەڵڕشتووە بۆ فریودانی خەڵک و بەڕێوەبردنی بانگەشەی چەواشەکارانەی خۆیان، میدیا و تەلەفزیۆن و هەموو شتێکیان داگیر کردووە بۆ درۆ و بەڵێنە پووچەکانیان لە پێناو هەڵخەڵەتاندنی هاوڵاتیان سا بەڵکو پاڵیان پێوە بنێن بۆ بەشداری و چوونە سەر سندووقەکانی دەنگدان، بەڵام ڕێگانادەن حزبێکی سیاسی ئازادانە بە زەحمەتی کادر و ئەندامانی و بە پارەی گیرفانی خۆیان بانگەشەی دژبەری خۆیان و چالاکی جۆرا و جۆریان بۆ ئەوەی بەرچاو ڕوونی بدەن بە هاوڵاتیان بایکۆتی ئەم گاڵتەجاڕە بکەن و ڕێگای خەباتێکی کۆمەڵایەتی فراوان بگرنەبەر لە پێناو دەسەڵاتێکی جێ متمانەی خەڵکی ستەم لێکراوی کوردستاندا!

کەوابێ، ئەم دەسەڵاتە و حزبەکانی بەشدار لەم گاڵتەجاڕەدا باسی دیموکراسییەک دەکەن کە بە دڵی خۆیان بێ و هەر تەنیا خۆیان تیایا باڵادەست و مانۆڕ لێدەر و هەمەکارە بن! کاتێکیش هەر کەس و لایەک دژی ئەم پرۆسەیە و دژی ئەم مەرام و نییەتەی ئەوان وەستایەوە و ڕەخنەی هەبوو سەرکوتی دەکەن! ئەمەیە دیموکراسییەکەیان! ئێمەش پرۆسەی دیموکراسی وامان ناوێ!

٢٢ ئەیلوول ٢٠١٨

Check Also

سەردانی سودانی بۆ کۆشکی سپی

عوسمانی حاجی مارف هەر لەسەرەتای دانیشتنی بایدن و سودانی، بایدن ڕایگەیاند کە ئەمریکا پابەندە بە …

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *