”ئەوە نا دیموکراسیانەیە کە دموکراسی زیاترت بوێ؟ “

سەردێری ڕۆژنامەیەکی بەریتانی دەڵێ:

”ئەوە نا دیموکراسیانەیە کە دموکراسی زیاترت بوێ؟ ”

سالار حمەسەعید:

تێگەیشتنی جۆراوجۆردەکرێ بۆ ئەم سەردێڕە بەڵام ئەوەی بۆ من گرنگی هەیە ئەوەیە کە وشەی دیموکراسی لێرەدا وشەیەکی کلیلییە. بەڕای من ئەم سەردێڕە وەک هۆشداری دانێکە بە زۆرینەی خەڵک کە لە ژێرەوە خەریکە دەنگیان بەرزدەبێتەوە و لێرەو لەوێ قسە دەکەن گلەیی وگازەندەیان هەیە. هۆشداریەک کە ئەم باڵە لە نوێنەرایەتی بۆرژوازی یەوە دەیەوێت بیگەیەنێ ئەوەیە کە نابێت چاوەڕوانی زۆرتان هەبێت لە دیموکراسی لەوەی کە هەیە و لەوەی کە پەیوەندی بە زۆرینەی خەڵکەوە هەیە. خەڵکینە دەبێ بزانن کە دیموکراسی تەنها لە یەک شت دا مانا دەدات بۆ ئێوە ئەویش دەنگ دانە. تەنها یەک ئەرک تان هەیە و بەس پاش دەنگ دانەکەتان هەمووتان بڕۆنەوە ماڵی خۆتان و تا چوار ساڵی تر باس لە دیموکراسی مەکەنەوە، هەمووی بەخۆمان بسپێرن. ئەڵبەتە بۆرژوازی دەیەوێ دیموکراسی بە مورادیفی ئازادی بەکارببات و بیدات بەگوێماندا کە دیموکراسی یانی ئازادی. ئەوە نیە دەنگ دەدەن بەو کەسەی کە دەتانەوێ دەسەڵات بگرێتەدەست، ئەی ئەوە ئازادی نیە؟ ئێوە ئازادن لە هەڵبژاردنی ئەو حزب و کەسەی دەتانەوێت حوکمتان بکات. زۆر میهرەبانن سەرپشکمان دەکەن کە کێ هەڵبژێرین، له نێوان خراپ و خراپتر و خراپتريندا. دەخالەتی خەڵک لەم پرۆسەی دیموکراسیەدا تەنها ئەمە یە و لێرەدا کۆتایی پێ دێت. ئیتر باقیەکەی و خێرو بێرەکەی کەمایەتیەکی کۆمەڵگا دەیدروێتەوە کە نە لەدوور و نە لەنزیک پەیوەندی بە بەرژەوەندی و خواست و داواکاری خەڵکی بێ دەرەتان وهەژارو کەم دەستەوە نیە.

ئەڵبەتە سیستەمی سەرمایەداری لە ڕێگەی ئەم پرۆسە دیموکراسیە حزبەکانی دەکاتە حوکمڕەوا، بەڵام پرسیارێکی گرنگ لێرەدا دێتە پێشەوە: ئەم باسە لەچیەوە هاتووە، بۆ نابێ پێمان لە بەڕەکەی خۆمان زیاتر ڕاکێشین؟ بۆنابێ داوای زیاتر بکەین؟ هەموو ئەم باسانە لەپەیوەند بە ریفراندۆمەوە بووە، کە ئایا ریفراندۆمێکی تر بکرێتەوە یان نا؟ لەبەرئەوەی حزبی کۆنسێرڤەتیڤ گەیشتۆتە بن بەست و تەواوی ڕێگەکان تروسکاییان تیدانەماوە ناچار ئەم مەسەلەی ریفراندۆمە دووبارە لەم چەند ڕۆژەی ڕابردوودا برەوی پەیداکردوە و بە گەرمی باس لەکردنەوەی دەکرێت. جا لەبەرئەوە هەندێ لە دەمڕاستەکانی بۆرژوازی دەڵێن خەڵکینە ئێوە کاری خۆتان کرد و ئازادیەک کە ئێمە پێمان داون لەسایەی سیستەمە داد پەروەرەکەمانەوە کە دەنگدانە و بەشداریکردنە لە ریفراندۆم تەواو بوو و کاری خۆتان ئەنجام دا و چیدی پێویست ناکات داوای دیموکراسی زیاتر بکەن . کەواتە دیموکراسی زیاتر یانی ریفراندۆمێکی تر کە دەڵێن ئێمە بەباشی نازانین و داوای مەکەن. ئەڵبەتە ئەمە قسەی هەموو باڵ و لایەنەکانی بۆرژوازی نیە.

 

Check Also

سەردانی سودانی بۆ کۆشکی سپی

عوسمانی حاجی مارف هەر لەسەرەتای دانیشتنی بایدن و سودانی، بایدن ڕایگەیاند کە ئەمریکا پابەندە بە …

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *