پەروەردەی خورافەی ئێران و گرفتەکانی ژنان

نووسینی: هەتاو عەبدوڵاهی
هەر بەو جۆرەی کە ئاگادارین پەروەردە نەخش و ڕۆڵی گرینگ و کاریگەر لە بیچمگرتنی بیر و میشکی تاکەکان و داهاتوویان دەگێڕێ. شێوە و جۆری پەروەردە دەتوانێ گارانتی سەرکەوتن یان داڕمانی کەسایەتی و شوناسی تاک لە ناو کۆمەلگە بێ. پەروەردەیەک کە هەڵقولاوی سیستمێکی ئینسانی و مرۆڤپەوەر بێ و لەو دا دین لە دەولەت جیابێ، هەروەها زۆر گرینگە کە جیاکاری و هەڵاواردنی رەگەزی تێیدا بوونی نەبێ و منالان بە گشتی بە خورافاتی دینی و تفکیکی جنسیەتی گەورە نەبن و بەرەو داهاتووی روون هەنگاو بنێن. یەکێک لە جۆرەکانی پەروەردە کە لەو بوارەدا رۆڵی گرینگی هەیە پەروەردەی مەکتەب و قوتابخانەیە، کە هەروەکوو ئەوەی ئاماژەمان پێکرد پەروەردەیەکی مرۆڤپەروەرانە کە لەودا دین لە دەوڵەت جیا بێ و خورافە دەرخواردی تاک نەدرێتەوە. بە بۆنەی کرانەوەی مەکتەبەکان دەمانەوێ باس لە سیستمی پەروەردەی ئێران بکەین کە پڕاو پڕە لە تاوان و توندوتیژی و خورافیاتی دینی، سیستمێکی پەروەردەیی ئیسلامی کە ناکرێ ناوی پەروەردەی مرۆڤی لێ بنرێ، چوونکە کارەساتێکی مەترسیدارە کە سالانە بە ملیون مناڵ تێیدا شوناس و کەسایەتیان لێ زەوت دەکرێ. سیستمی پەروەردەی ئێران ساڵەهایە هەوڵ بۆ ئەوە دەدات کە لە مناڵانی ئەو ولاتە وەک ئەبزار کەڵک وەرگرێ بۆ مانەوەی حکومەتە لەرزۆکەکەی. لە ناو توێژی پەروەردەی ئێران کچان و ژنان زیاتر دەکەونە پەراوێزەوە و ئەم سیستمە کێشە و گرفتی زۆری بۆ توێژی ژنان پێک هێناوە. ساختاری پەروەردەی ئێران تەژیە لە هەڵاواردنی رەگەزی و هەر لە سەرەتاوە منالان بە بڤە و خورافاتی ئیسلامی بار دێنێ، چوونکە پەروەردەی ئیسلامی بەشێکی گرینگ لە وانەکانی کچان و کورانی ئێرانییە، ئایینێک کە شوناس و کەرامەت لە تاک دەستێنێتەوە و هەڵاواردنی رەگەزی تێیدا نیهادینە کراوە. هەر بەو هۆکارەیە کە لەو نێوەدا ژنان کە شارۆمەندی پلە دوو لەو ئاینی ئیسلامن، لەو سیستمە دینی و خورافیەدا دەکەونە بەر بێ بەزەییانەترین شێوازەکانی پەراوێز خستن و لە تەمەنی کەم دا ئەو وانە فێردەبن کە دەبێ فەرمانبەری یاسا ئیسلامی و دژە مرۆڤیەکان بن و لە رەگەزی بەرامبەریان لاوازترن. کچانی ئێرانی لە یەکەم رۆژی کرانەوەی مەکتەب خۆیان ناتوانن بڕیار بۆ جۆری پؤشینی خۆیان بدەن و بە حیجابی ئیسلامی کە سوکایەتیە بە کەرامەتیان دەبێ برۆنە مەکتەب و لە یەکەم رۆژەوە ئەو وانە نامرۆڤایەتییە فێر دەبن کە ئەوان شارۆمەندی پلەی دووی ئەو سیستمەن و دەبێ جیا لە کوڕان وانە فێر بن و حیجابی ئیسلامی رەچاو کەن. کچانێک کە لە روانگەی شەریعەتی ئیسلامی لە تەمەنی نۆ ساڵێ جێژنی تەکلیفی شەرعیان بۆ دەگیرێ و پێان دەوترێ کە جەستەیان ئامادەی سێکسە و هەر پیاوێک بە رەزامەندی باوکیان دەتوانێ لە ژێر ناوی مارەیی و زەواج دەستدرێژیان بکاتە سەر. هەڵاواردن و جیاکاری رەگەزی ساڵەهایە لە ژێر ناوی ئیسلامیکردنی مەکتەب و زانکۆکان یەکێک لە گرفتە سەرەکیەکانی کچانی ئێرانیە، کە دەتوانێ شوێن دانەریی نەرینی لە هەموو زەمەنێکی ژیانیاندا بنێ. کچانی ئێرانی بە پێی شەریعەتی ئیسلام و حاکمیەتی ئیسلامی ئێران ناتوانن زۆرێک لە وانەکان بخوێنن. بۆ نمونە ژنێکی ئێرانی قەت ناتوانێ پلەی دادوەری وەرگرێ. گەڵالەی ئیسلامی کردنی زانکۆکان زیاتر لە دە سالە بەرێوەدەچێ بە جۆرێک کە تەنانەت زۆرێک لە وانەکانی کارناسی باڵاشی گرتۆتەوە و گرفتێکی زۆری بۆ خوێندکارانی ژن پێک هێناوە. ساڵەهایە حکومەتی ئیسلامی ئێران کە حکومەتێکی دژە ژنە بە ئامانجەوە وانەی خورافە و ئاینی دەرخواردی تاکەکانی کۆمەلگە دەدات و ئەو جۆرە لە پەروەردەی نیهادینە کردووە و بە ڕاشکاوی بەرگری لێ دەکات، پەروەردەیەک کە لە کۆمەڵگەیەک و سیستمێکی پیاوسالار دەوترێتەوە و پیادە دەکرێ کە تا سەر ئیسقان دژ بە مرۆڤەکان بە گشتی و ژنان بە تایبەتیە. شەریعەتێک کە بە پاڵپشتی یاسای ئیسلامی بەردەوام ژنانی وەکوو ئەبزاری زاو و زێ و مانەوەی نەسلی ئینسانەکان وبۆ رەزامەندی پیاوان بەکار بردووە. لەسایە سەری هەر ئەو پەروەردە دینەوە ژنان نەیانتوانیوە هیچ کات پێگەی خۆیان بەو جۆرەی کە هەیە نیشان بدەن و کەرامەتیان بەردەوام پێخوست کراوە. چوونکە پیاوانی کۆمەلگەی ئێران بە پشت بەستن بەو یاسا و شەریعەتانە بێ ئەوەی کە ئامانجی ئەو رژیمە بزانن ژنان دەخەنە ژێڕ ڕکێفی خۆیانەوە و وەکوو مڵکی سەرەکی خۆیانی سەیری دەکەن. لە دنیای هەنووکەیی دا کە ژنان لە پلەی سەرۆک وەزیران و سەرۆک کۆمار دان و رێبەریی بزوتنەوە گەلی جۆراوجۆر دەکەن هەروەها هەروەک دەبینین رۆڵی گرینگیان لە هەموو جیهان هەیە ژنانی ئێرانی هێشتاکە لە مەکتەبەکان وانەی منداڵداری و ژنی ناو ماڵیان پێ دەوترێتەوە و ژنان و کچانی ئێرانی لە شەقامەکانی ئەو وڵاتە بۆ دەرکەوتنی چەند تاڵی مویان دەکەونە بەر بێ بەزییانەترین توندیوتیژی دەزگا ئەمنیەتیەکانی کۆماری دژە ژنی ئیسلامی ئێران. کچان و ژنانی ئێرانی دەبێ بە بەرتەسککردنەوەی سەرەتاییترین مافی شارۆمەندیان لە فەزای پەروەردەیی پڕاوپڕ لە سوکایەتی وکۆمەڵگەی پیاوسالاری ئێرانی تەنانەت بیر لە ئەوە بکەنەوە بەرچەسپی ناموسیان لێ نەدرێ و لەو فەزا نائەمنیەتی و نائینسانیە رۆژانە دەبنە قوربانی ناموس پەرستی و تیزاب پێداکردن، چوونکە ئەخلاقیاتی ئیسلامی لەو وڵاتە بوونی هەیە ئەخلاقیاتێکی دژە مرۆڤ کە ساڵەهای سالە هەر لە سەرەتای هاتنە سەر کاری کۆماری ئیسلامی بەرهەم هێنراوە و لە مناڵیەوە تاکەکانی پێ گەورە بووە. کچان زۆر جار دوای بێ هیوا بوون لەو سیستمە ئاموزشی و نائینسانیە و بێ هیوا بوون لە بنەماڵەکان، کە بێ گومان بنەماڵەش وەک یەکەیەکی بچووکی کۆمەڵگە خۆی قوربانی ئەو سیستمەیە، لەبەر نەبوونی ئازادی و ژیانێکی ئاسودە زۆربەیان بەرەو شارە گەورەکانی وەکوو تاران رادەکەن و بۆ بژێوی ژیانیان و بۆ چارەسەرکردنی برسێتی ناچارن هەموو کارێک بکەن. سپاسی پاسدارانی کۆماری ئیسلامیش لە هیچ هەوڵێک لەو نیوەدا پاشگەز نابێ و ساڵەهایە کەڵکی نابەجێ لە کچانی راکردوو وەردەگرێ و بۆ کڕین و فرۆشتنی مادەی هۆشبەر کەڵکیان لێ وەردەگرێ و بە دەیان و سەدان بار دەستدرێژیان کردووە سەر ئەو ژنانە و وەکو و کالای جنسیش کڕین و فرۆشیان پێ دەکات، ئەوە ئورگانێکە لە سیستمێکە کە پەروەردەی دینی تێیدا بەرێوەدەچێ و بە ناو دەبێ دەزگای ئەمنیەتی تاکەکان لە ئێران بێ. سوپای پاسدارانی ئێران دەزگایەکی سەرکوتە کە ناوی لە لیستی رەشی باندە مافیاکانی مادەی هۆشبەر دایە و دەستی بۆ هەموو جینایەتێک بە دژی تاکەکان لە ئێران بە گشتی وژنان بە تایبەتی ئاوەلایە. سوپای پاسدارانێک کە بۆتە یەکێک لە باندە مافیاکانی هەناردەکردنی ژنان و کچانی ئێرانی بۆ عەشیرەت و شێخە هەوەس بازەکانی عەرەب لە ولاتانی عەرەبی، وساڵەهایە کارنامەیەکی رەشی بۆ خۆی تۆمار کردووە. یەکێکی تر لە گرفتەکانی کچان کڕین و فرۆشی مادەی هۆشبەر لە مەکتەبەکانە کە هەر لەلایەن سپای پاسدارانەوە ساڵەهایە بەرێوە دەچێ. سەرەرای هەموو گرفتەکانی ژنان لە مەکتەب و سیستمی پەروەردەیی، ئەوان لەگەل نەبوونی ئەمنیەت بەرەوروون ژنان و کچانی ئێرانی رۆژانە هەر لەو سیستمەدا و لە قوتابخانە و زانکۆکان لەلایەن بەرپرسانی حکومەتی دەستدرێژی جنسیان دەکرێتە سەر و ئەو دیاردە قیزەونە لە ماوەی سالانی رابردوودا رووی لە زیاد بوون کردووە، کە ئەویش هەر لەو ڕوانگە ئەبزاری و جنسیەی کە کۆماری دژە ژن خوڵقێنەرێتی سەرچاوە دەگرێ. ئەگەر باس لە گرفتی ژنان و کچانی ئێرانی لە سیستمی ناپەروەردەی کۆماری ئیسلامی بکەین لەوانەیە لە دوتوویی بابەتێک ئاوا دا نەگونجێ، بەلام ئێمە ویستمان کە چاوخشاندنێکمان هەبێ بەسەر ئەو سیستمە و لایەنە نێگەتیڤەکانی بخەینە روو. کیشەی سەرەکی ژنان نیگای ئەبزاری و جنسی نیسبەت بەوانە کە هەڵقوڵاوی روانگەی خورافە و ئیسلامی و یاسا دژە ژنیەکانی کۆماری ئیسلامی ئێرانە، روانگەیەکی نامرۆڤانە کە لەناو کۆمەڵگە و بنەماڵەکان بنجی داکوتاوە. بۆیە بۆ چارەسەری هەموو ئەو کێشانە و گۆڕینی ئەو روانگەیە پێویستە بیر لە نەمان و هەڵتەکانی کۆماری ئیسلامی و ئەو حکومەتە بکەینەوە و هەوڵەکانمان لەو راستایە بخەینە روو، چونکە ئازادی تاکەکان و بە تایبەتی ژنان بەندە بە نەمانی ئەو حکومەتە دژە ژنە لە ئێران.

ئەم بابەتە لە بۆپێشەوەی ژمارە ٣٧ دا بڵاوبۆتەوە

Check Also

سەردانی سودانی بۆ کۆشکی سپی

عوسمانی حاجی مارف هەر لەسەرەتای دانیشتنی بایدن و سودانی، بایدن ڕایگەیاند کە ئەمریکا پابەندە بە …

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *