حزبی کرێکارانی بەریتانی شەڕی چینایەتی ڕادەگەیەنێ

سالار حمە سەعید

کۆنفرانسی حزبی لەیبەر (کرێکاران) ی بەریتانی کە لە ٢٣ ی ئەم مانگەدا دەستی پێکرد ولە ٢٦ی سپتمبەردا کۆتاییپێهات، کۆنفرانسێکی سەرکەوتووانەی ئەنجامدا بەوەی زۆر ڕاشکاوانە شەڕی خۆی ڕاگەیاند بەرامبەر بۆرژوازی لەدیفاع و بەرگری لە کرێکاران. جۆن مەکدۆنێڵ بەپێی میدیاکانی بەریتانیا ”جەنگێکی چینایەتی ڕاگەیاندووە” و لەزاری حزبەکەیەوە پلانی خۆیانی ڕاگەیاند کە لە ئەگەری سەرکەوتنیاندا لە دەورەی داهاتووی هەڵبژاردنەکانی پەرلەماندا بەوەی کرێکاران سەهم و بەشیان پێ بدرێ لە هەرکۆمپانیایەکدا کە ژمارەی کرێکارانی لە ٢٥٠ کرێکار زیاتر بێت، سندوقێک تەرخان بکرێت بۆ خڕکردنەوەی لە سەدا ١٠ ی سەهم و شێری (بەشی) سوودی کۆمپانیاکان بۆ کرێکاران کە ئەمە دەسەپێنرێ لەلایەن حکومەتی لەیبەری داهاتوودا لە حاڵی گرتنی دەسەڵات دا. کە ئەم لەسەدا ١٠ یە لە شێر و سەهمە وەک بەش و سەهمی کرێکارەکانە لەو سوود و قازانجەی کە کۆمپانیاکە کردوویەتی، کە دەکاتە بڕی ٥٠٠ پاوەند لە ساڵێکدا بۆ هەر کرێکارێک، وە هەر بڕێکی زیاتر دەخرێتەوە سەرخەزێنە بۆ خزمەتگوزاری گشتی خەڵک. ئەو بڕە پارەیەی کە تەرخاندەکرێ ١٠.٧ ملیۆن کرێکار دەگرێتەوە. ٤ بلیۆن پاوەند لە شێر و سەهمی قازانج بە کرێکاران دەدرێ لە دەوری یەکەمی حکومەتی جێرمی کۆربن دا. ساڵانەش خزمەتگوزارییە گشتیەکان ٢بلیۆن پاوەند وەردەگرن.
لەیبەر پلانی هەیە کە دەست بەرێت بۆ بڕی شەش بلیۆن پاوەند لە بزنس و کەسب و کارو بازرگانییەکان. ئەم پلانە پێشبینی ئەوەی لێدەکرێ کە ناڕەزایەتی گەورەی لێبکەوێتەوە لەلایەن سەرمایەداران و خاوەن کۆمپانیاکان.
حزبی لەیبەر دەڵێ بەم پلانە تەنها بەش و شێر نادرێ بە کرێکاران، بەڵکو لە کۆمپانیاو کارگەکانیشدا دەنگ یان دەبێت.
ماکدۆنێل دەڵێ ئەوە تەنها کرێکاران نییە کە سوود لەم پلانە وەردەگرن، بەڵكو تەواوی کۆمەڵگە سوودمەند دەبێت، قازانجەکە دابەش دەکرێ بەسەر هەموو کۆمەڵگەدا. ئەوەی شایەنی باسە کرێکاران بەردەوام سەهم و بەشیان لە قازانج و سوودی کۆمپانیا و کارگەکاندا کەم و بەرەو کەمتر چووە، بەپێی ئامارەکان زۆرترین سەهم و بەش کە کرێکاران هەیان بووە لە سەرەتای شۆڕشی پیشەسازی دابووە لەساڵی ١٧٧٠ کاندا. ئەگەر کرێ و هەقدەستی کرێکاران هاوشان بوایە لەگەڵ بەرزبوونەوەی بەپێزی بەرهەمهێنان لەساڵی ١٩٩٠ەوە ئەوا ئەمڕۆ لەسەدا ٢٠ بارو ڕەوشێکی باشتر و ژیانێکی ئاسوودە تردا دەژیا وە یاخود ٣ ڕۆژ پشووی هەفتەیان دەبوو بەهەمان ئەو مووچە وهەقدەستەی ئێستایان.
ئەبێ ئەوە لەیاد نەکەین کە ئەمە کارو کردارێکی بێ وێنە و بێ نەزیر نییە لەبەرئەوەی سۆشیال دیمۆکراتەکان لە ٨٠ کاندا پەیمانیاندا بەکرێکاران کە لەسەدا ٢٠ ی قازانج و سوودی کۆمپانیاکان بدرێ بە کرێکاران. لە وەڵام بەم بەڵێن و پلانانەی لەیبەر، میدیاکان دەستیان کردوە بە پەلاماری ئێجگار توند بەهێنانەوەی بڕوبیانووی جۆراوجۆر بۆ جێبەجێ نەبوونی ئەم پلانە کە گوایا ئەمە هانی خاوەن کۆمپانیاکان دەدات کە زیاتر لە ٢٥٠ کرێکار نەخەنە سەرکار وەیا دەرکردنی ئەو کرێکارانەی سەرووی ئەو ژمارەیە کە لەیبەر دایناوە. هەروەها پاساوی تر دێننەوە کە خاوەن کارەکان و سەرمایەداران وەڵامی ئەم جۆرە داوایانە نادەنەوە تەنانەت ناکرێ زۆریان لێ بکرێ کە ئەو بڕە پارەیە بدرێت بە کریکاران.
ئەوی ڕاستی بێت ئەم کۆنفرانسە و ئەوەی کە لەکۆنفرانسەکەدا ڕوویداوە و وتراوە لە سەرکۆنەکردنی ئەنتی سیمیتیزمەوە بیگرە تا قسەکردن لەسەر دووبارەکردنەوەی هەڵبژاردنی گشتی پەرلەمان ئەگەر بریگزت بە سات و سەودا مامەڵەیەکی باشەوە نەیەتەدەر، دەنگدانەوەیەکی باشی بووە لەناو ڕاوبۆچوونی خەڵکدا و لەلایەن سەندیکا کرێکاریەکانەوە پشتگیری دەکرێن، خەڵک دڵخۆشە بەوەی لە کۆنفرانس وتراوە سەبارەت بەپلانەکانی لەیبەر لەدەرکێشانی بەریتانیا لەم بارو رەوشە و قەیرانە ئابووریەدا، لەیبەر دەڵێ کە ئێمە پلانمان هەیە بۆ باشترکردنی بارو رەوشی ئابووری بەریتانیا و لەدەستووری کارماندایە کە یاسا کارێکی باشتر بۆ کرێکاران بهێنینە پێشەوە.
کۆتایی سپتمبەری ٢٠١٨

ئەم بابەتە لە بۆپێشەوەی ژمارە ٣٧ دا بڵاوبۆتەوە

Check Also

سەردانی سودانی بۆ کۆشکی سپی

عوسمانی حاجی مارف هەر لەسەرەتای دانیشتنی بایدن و سودانی، بایدن ڕایگەیاند کە ئەمریکا پابەندە بە …

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *