لەپێشوازی ساڵی تازەی خوێندندا

بەیانی بەرواری ٢ ئۆکتۆبەر، بریارە دەرگای قوتابخانەو پەیمانگا و زانکۆکان، بەرووی خوێندکاران و مامۆستایان و کارمەندانی پەروەردە بکرێتەوە… سەرەتا بەبۆنەی دەستپێکی ساڵی تازەی خوێندنەوە پیرۆزبایی لە هەموو خوێندکار و کارمەندو مامۆستایانی ئازدیخوازو پێشکەوتنخواز و وێل بەدوای پەروەردەو فیرکردنی ئینسانی سەردەمیدا… دەکەین.
دەسپێکی تازەی خوێندنی ئەمساڵ، رێک بەدوای هەڵبژاردن بۆ پەرلەمانی!! کوردستان و بەدوای سێڵاوێک لە وەعدەو بەڵێنی حزبەکانی بزوتنەوەی کوردایەتیدا دەست پێدەکات… کە بەهەموویان بەڵێنی گۆرێنی کوردستان بە بەهشستانی گۆی زەویان دەدا… دیارە ئەو شاڵاوی بەڵینە بەجیا لەلایەنە فریوکارییەکەی ریشەی لە نەبوونی خزمەتگوازری و ماف و ئازادی و پێداویستیە هەمەلایەنەکانی هاوڵاتیان دایە، لە هەموو زەمینەکاندا، لەوانەش لە زەمینەی خوێندن و فیرکردن و پەروەردەدا…
وە سەرەتای ساڵی خوێندن، لە هەلومەرجێکدا دەستپێدەکات، کە نەبوونی و گرانی، بێکاری و بێمافی، مانەوەی سیستەمی” پاشەکەوتکردنی موچە” بەهەژارکردنی زۆرتری مامۆستایان و کارمەندان… هەرەشەیەکی ئاشکرایە لەسەر سیستەمی خوێندن و پەروەردە و ئایندەی چەندین نەوە لە قوتابیان و خوێندکاران، لە ئاستە جیاجیاکانی خوێندندا…
هەروەها لەکاتێکدا دەرگای قوتابخانەو پەیمانگاو زانکۆکان، دەستپێدەکات، کە ئاماری بێبەشی خوێندکاران لەسەرەتاییترین پیداویستی قوتابخانەکان و هەلومەرجی خوێندن و پەرەوەردە، مەترسیەکی گەورەیە… بەپێی لێدوانی بەرپرسی راگەیاندنی یەکێتی مامۆستایانی کوردستان، ئەحمەد کەرکوکی لە بەرنامەیەکی تەلەفزیۆنیدا،خستیە روو … بەسەدان قوتابخانەو بە دیاریکراوی ٥٦٩ قوتابخانە مەترسی ڕوخانیان لەسەرە کە ٢٥٠ هەزار خوێندکار تیایدا دەخوێنن. وە هاوکات ئاماژە بەوە دەکات کە زیاتر لە دووهەزار قوتابخانە دوو دەوام و ٣٠٠ قوتابخانە سێ دەوامیان تیا دەکرێت. وە دەلێت کە لە سەدا ٢٥ قوتابخانەکان لەهەریمی کوردستاندا ئاوی خواردنەوەیان نییەو سەدا پەنجای قوتابخانەکان بێبەشن لە تاقیگە. وە دوای ٢٧ ساڵ، لە رەخنەگرتن و پەردە هەڵمالێن لەسەر دەستێوردانی حزبەکان لە کایەکانی کۆمەڵگەدا، دەڵێت لە وەزیرەوە بۆ کارگوزارێک بە تەزکیەی حزبی دادەنرێت و ئەوەی ئاوڕی لێنادرێتەوە سلکی خوێندن و پەروەردەیە و بەو هۆیەشەوە دەڵێت ساڵانە زیاتر لە ١٠ هەزار قوتابی وازلەخوێندن دەهێنن…ئەوەش ناشارێتەوە کەهەموو ئەو بەڵێنانەش کە لەکۆنفرانسی پەروەردەیی ساڵی ٢٠١٥ بریاری لێدراوە کە زیاتر لە سەد راسپاردەو بریار بوو، یەک راسپاردەو بریاری لێ جێبەجێ نەکراوە… لە کۆتایییدا دەڵیت” لەهەرێم نە پەروەردەمان هەیە، نەخوێندن….”
ئەمەی سەرەوە لێدوانی کەسێکی بێئاگا و رەخنەگرێکی دەرەوەی سلکی پەروەردە نییە، ئەوە تەنها بەشێک و مشتێکە لە خەرواری ویرانی سیستەمی خوێندن و فێرکردنی هەرێم… لەزمانی بەرپرسی راگەیاندنی یەکێتی مامۆستایانەوە… ئەو ئامارە ترسناکەو ئەو دۆخەی کە خوێندکار رووبەرووی دەبنەوە، لە پاڵ هەلومەرجی مامۆستایان و برینی موچەو گرانی بازار و شکاندنی شکۆی مامۆستایان، مەنهەجی کۆنەپەرستانە و سەرچاوە گرتوو لە شەرع و کۆنەپەرستی… ریسوای حکومەت و دەسەڵاتی بزوتنەوەی کوردایەتی دەخاتە روو… بوونی یەک لەو ئامارانە لەهەر وڵاتێکی دنیادا، حکومەت ناچار بەدەست لەکارکێشانەوە دەکات… بەسەدان قوتابخانە مەترسی روخانیان هەبێت… یانی مەرگی دەیان هەزار قوتابی لە ژێر رەحمەتی مەترسی دارمانی لەناکاوی قوتابخانە وێرانەکاندا دایە. خوێندکارانێکی زۆر لە ئاوی خواردنەوە بێبەشن… چ شەرمەزارییەکە، خوێندکار و قوتابی و مناڵان تینویان بێت و ئاوی خوارنەوەیان نەبێت… هیشتا و دوای ٢٧ ساڵ قوتابخانەی دوو دەوام سی دەوامی هەبێت… ئەمە ئەگەر بریاری بەگۆر سپاردنی خوێندن و پەروەردە نەبێت، دەبێ چ ناوێکی تری لێ بنرێت… ئەمە جینۆسایدانی پیگەیاندن و داروخاندنی ئایندەی چەندین نەوە نەبێت، دەبێ چ پێناسەیەکی بۆ بکرێت… بێ دەنگی بەرامبەر بەو دۆخەی خوێندن و پەروەردە ئاینندەی خوێندکاران و قوتابیان، بەراستی تاوانێکی نەبەخشراوە… لەسەدا یەکی داهاتی بەرپرسە حزبی و حکومیەکان، و مەلتی ملیاردێر و ملیۆنێرەکان، دەتوانێت کۆتایی بەو مەرگەساتە بهێنێت، بەڵام چاوچنۆکی حزب و سەرمایەدارانی چاوچنۆکیان، کەخۆیان و مناڵەکانیان، لە قوتابخانەی تایبەتی و مامۆستای متەخەسیس و گیرفانی پر بەهرەمەندن… بۆیان گرنگ نییە زوربەی هەرە زۆری قوتابیان و خوێندکاران، لەخەونی پیگەیشتن و فیرکردن بێبەش بکرێن یان لاشەی ناسکیان، لە ژێر داوپەردوی روخاوی قوتابخانە وێرانەکاندا، ئەنجن ئەنجن ببێت… پێویستە مامۆستایانی ئازادیخوازو هەموو ئینسانیكی ویژدان زیندوو لەگەڵ کەسوکاری خوێندکاران، لەبەرامبەر بەو هەلومەرجە دڵهەژێنەدا بێنە مەیدان و ڕیگەنەن ئەو کارەساتە رووبدات، کە لە زمانی بەرپرسی راگەیاندنی یەکێتی مامۆستایانەوە ئاماژە بە گۆشەیەکی کراوە…
ساڵی تازەی خوێندن بەحەق دەبێ ساڵی وەستانەوەبێت بۆ کۆتایی هێنان بە پاشەکەوتی موچە و ساڵی پەرەدان بە نارازایەتی مامۆمۆستایان و کارمەندان و کەس و کاری خوێندکاران و خوێندکاران بێت… لە پێناو سیستەمێکی تەندروستی پەروەردەو فێرکردنی شارستانی، لە پێناو کۆتایی ‌هێنان بە سیستەمی داروخاوی پەروەردەو فیرکردن و بێ بەشیەکانیان، لە خزمەتگوزاری سادەی وەکو کتێب و قەڵەم و دەفتەرەوە بۆ بینای شیاوی خوێندن و مامۆستای پیویست و ژینگەیەکی ئارام کە شکۆفایی ببەخشیت بە تاکەکان و پرسی پەروەردەو خوێندندا…

ئەم بابەتە لە بۆپێشەوەی ژمارە ٣٧ دا بڵاوبۆتەوە

Check Also

سەردانی سودانی بۆ کۆشکی سپی

عوسمانی حاجی مارف هەر لەسەرەتای دانیشتنی بایدن و سودانی، بایدن ڕایگەیاند کە ئەمریکا پابەندە بە …

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *