وتەی عامر سابیر لە دەسپێکی مەراسیمی ڕێزلێنان لە ژیان و خەباتی هاوڕێ جەبار مستەفا لە سدنی….

ئامادەبووانی بەڕێز،…

میوانە خۆشەویستەکان،…

سەرەتا بەناوی خانەوادەی هاوڕێی ئازیزمان جەبار مستەفا و کۆمیتەی بەڕێوەبردنی مەراسیمەکەو هەروەها بەناوی کۆمیتەی ئوسترالیای حزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی کوردستان، بەخێرهاتنی گەرمتان ئەکەین، وە سوپاسی ئامادەبوونتان ئەکەین لە مەراسیمی ڕێزلێنان لە نزیک بە پێنج دەیە خەبات و تێکۆشانی نەپساوەی هاوڕێ جبار لە پێناوی ئازادی و یەکسانی و دنیایەکی باشتردا.

هاوڕێ جەبار لە ۳۱/۱۲/۲٠۱۸ و لە تەمەنی ٦٦ ساڵیدا، دوای ١٨ مانگ ململانێی سەخت لەگەڵ نەخۆشی شێرپەنجەدا، لە ئامێزی خۆشەویستی خانەوادە و دۆست و هاوڕێیانیدا بۆ هەمیشە چاوی لێکنا و بەجێیهێشتین.

هاوڕێ جەباری ئازیز، هاوژینی شیرین، باوکی زاریا و ماردین و لیزا و ئەندامی کۆمیتەی ناوەندی حزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی کوردستان بوو. ئەو کۆمۆنیستێکی بە ئەزمون و شۆڕشگێر بوو،  تێکۆشەرێکی دێرین و  نەسرەوت و ماندوونەناسی ڕێگای ئازادی و یەکسانی ئینسانەکان بوو. تا دوا ساتەکانی ژیانی لەسەر ڕێباز و ئامانجە بەرز و ئینسانییەکەی بەردەوام بوو. ئەو دەیان ساڵی تەمەنی لەپێناو کۆمۆنیزم و ئامانجی بەرزی ئینسانیدا دانا و لەم ڕێگایەدا خۆیی و خانەوادەکەی گەلێک ناسۆرییان چەشت و قوربانیاندا.

هاوڕێ جەبار باوەڕی تەواوی بە یەکسانی هەمەلایەنەی ژنان و پیاوان هەبوو، ئەو ڕابەر و هەڵسوڕاوێکی بزوتنەوەی یەکسانیخوازی ژنان بوو. هاوڕێ جەبار، دنیای سەرەوخوار و چەوسێنەری سەرمایەداری بە شایستەی مرۆڤی ئەم سەردەمە نە دەزانی. ئەو پێیوابوو ئینسانەکان شایستەی دنیایەکی باشتر و خۆشگوزەرانترن. ئەو عەوداڵی ژیانێکی ئازاد و یەکسان بوو بۆ هەمووان.

ئەو پێی وابوو کە ئەم دنیای یەکسانییە، بە سەرمایەداران و چەوسێنەران، یان ڕیفۆرم و ئارایشتکردنی نیزامی ستەمگەری سەرمایەداری بەدی نایەت. بەڵکو تەنها بە ژێرەوژوورکردنی مەیسەر دەبێت. هاوڕێ جەبار پێی وابوو هێزی ماددی ئەم گۆڕانکاری و شۆڕشە کۆمەڵایەتییە، چینی کرێکارو زەحمەتکێشانی کۆمەڵگایە و ئاڵای ئەم شۆڕشەش کۆمۆنیزمی مارکسە.

چەندین دەیە خەباتی نەپساوە، ئەوی بەو ئەنجامە گەیاندبوو کە ئەم شۆڕشە کۆمەڵایەتییە بەبێ حزبی چینایەتی کرێکاران بەدی نایات. هەربۆیە رێکخستنی کرێکاران لە حزبی کۆمۆنیستیدا بە ئەرکێکی هەرە لەپێشی خۆی دانابوو. حزبێک کە ئامڕازی دەستی چینی کرێکار و چەوساوەکان بێت بۆ ژێرەو ژوورکردنی نیزامی پێچەوانەی سەرمایەداری و بەرپاکردنی دنیای ئازاد و یەکسانی سۆسیالیستی.

هاوڕێ جەبار پێی وابوو کە خەباتی کرێکاران بە پەرشوبڵاوی و بەبێ ڕێکخراوبوونیان لە حزبی چینایەتی خۆیان بەسەمەر ناگات. هەربۆیە یەکێک لە خەسڵەتە بەرجەستەکانی هاوڕێ جەباری خۆشەویست، حزبییەت و خەباتی ڕێکخراوانەی حزبی بوو.

هاوڕێ جەبار مستەفا وەکو کۆمۆنیستێکی شۆڕشگێڕ لە مەیدانی پڕ لە کێشە و هەوراز و نشێوی خەباتی چینایەیتدا تا دەهات باوەڕی بە مارکسیزم و تیوری کۆمۆنیزم و بزوتنەوەی کۆمۆنیستی کرێکاری مەحکەمتر ئەبوو. ئەو دەوری کاریگەر و ڕۆڵی سەرەکی لە دامەزراندن و رابەریکردنی ڕێکخراوەکانی یەکێتی تێکۆشانی کارگەران، بڵێسە، دەستەی کرێکارانی پێشڕەو و یەکێتی خەباتی کۆمۆنیزمی کرێکاری و پاشانیش هەردوو حزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی عێراق و حزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی کوردستاندا گێڕاوە.

بە مەرگی هاوڕێ جبار مستەفا بزووتنەوەی ئازادی و یەکسانی ئینسانەکان، بزووتنەوەی کرێکاری و کۆمۆنیستی عێراق و کوردستان، یەکێک لە پڕ ئەزموونترین و شێلگیرترین و بەرچاو ڕۆشنترین ڕابەرانی خۆی لەدەستدا. لە دەستدانی هاوڕێ جەبار بۆشاییەکی گەورە و هەرگیز پڕنەکراوە لە بزوتنەوەی کۆمۆنیستی کرێکاری و حزبەکانیدا پێکئەهێنێ. هاوڕێ جەبار و تێکۆشەرانی وەکو ئەو، لەدڵی ئازادیخوازان و یەکسانیخوازاندا هەر بەزیندوویی دەمێننەوە.

هاوڕێیان و کرێکارانی سوشیالیست پەیمانی درێژەپێدانی ڕێگای ئەو تا دامەزراندنی کۆمەڵگای ئازاد و یەکسانی کۆمۆنیستی بە پەیمانی هاوبەشی خۆیان دەزانن. یادی ئەو هەمیشە لە دڵماندایە.

لەمەودواش لە پیکتلاین و مانگرتن و خۆپیشاندانە کرێکارییەکان و لە مەیدانەکانی تری خەباتماندا ئەو بە ڕێنوێنییەکانی وەک ڕابەرێک هەمیشە لە گەڵماندا دەبێت.

بەرزو بەڕێزە یادی هاوڕێ جەباری کۆمۆنیست و خۆشەویست.

06/01/2019

Check Also

سەردانی سودانی بۆ کۆشکی سپی

عوسمانی حاجی مارف هەر لەسەرەتای دانیشتنی بایدن و سودانی، بایدن ڕایگەیاند کە ئەمریکا پابەندە بە …

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *