ماڵئاوایی لە هاوڕێ جەبار مستەفا…

 ڕاپۆرتی ڕێوڕەسمی دوادیدار و ماڵئاوایی و بەخاکسپاردن، هەروەها مەڕاسیمەکانی ڕێزلێنان لە شاری سیدنی ئوسترالیا

 

جەبار مستەفا، ڕابەرێکی بەرجەستەی بزووتنەوەی کۆمۆنیزمی کرێکاری عێراق و کوردستان و ڕێبوارێکی ماندوونەناسی ڕێگای ئازادی و یەکسانی ئینسانەکان بوو. ئەو لەسەرەتای ساڵانی حەفتاکانی سەدەی رابردووەوە تا دوا ڕؤژەکانی ژیانی، ساتێک لە تێکۆشان لەم پێناوەدا وچانی نەدا. سەرکوت و زیندانی و ئەشکەنجەی رژێمی بەعس نەک ئەویان لە خەبات و تێکۆشان لەپێناوی ئازادی کرێکاران و بەشمەینەتانی کۆمەڵگادا سارد نەکردەوە، بەڵکو تا دەهات بڕوای ئەویان بە ئازادی و کۆمۆنیزم پتەوتر دەکرد.

بەداخەوە ڕۆژی ٣١/١٢/٢٠١٨ ، دوای ساڵ و نیوێک ململانێ لەگەڵ نەخۆشی شێرپەنجەدا، دڵی گەورەی جەبار مستەفا لەشاری سیدنی ئوسترلیا لە لێدان کەوت. مەرگی ناوادەی ئەو لەتەمەنی ٦٦ ساڵیدا، خەم و پەژارەی خستە دڵی سەدان و هەزاران ئینسانی ئازادیخوازەوە.

بۆ ڕێزلێنان لە نزیک بە نیو سەدە خەبات و تێکۆشانی ئەم ڕابەرە گەورەیەی ڕێگای ئازادی و یەکسانی، لەلایەن خانەوادەکەی و حیزبی کۆمۆنیستی کرێکاری کوردستان و هاوڕێ و دۆستانییەوە، دوو مەراسیم لەشاری سیدنی ئوسترالیا بەڕێووەچوون. لەم دوو مەراسیمەدا ژمارەیەکی زۆر لە جەماوەری ئازادیخواز و کەسایەتی و لایەنی سیاسی بەشدارییان کرد.

ڕۆژی شەممە، ٥/١/٢٠١٩ پاش ڕێوڕەسمی دوا دیدار و ماڵئاوایی خانەوادە و دۆستانی لە هاوڕێ جەبار، مەراسیمێک لەسەر تەرمەکەی لەهۆڵی پاینگرۆڤ نۆرس چەپڵ لەگۆڕستانی پاینگرۆڤ لە گەرەکی مینچنبێری شاری سیدنی سازکرا. مەراسیمەکە بە دەقیقەیەک وەستان بۆ یادی ئازیزی جەبار مستەفا دەستی پێکرد. لە مەراسیمەکەدا سەرەتا وتەی شیرین موراد، هاوژینی هاوڕێ جەبار لە لایەن ئاشنا مولودەوە پێشکەشکرا. پاشان هەرسێ کچەکەی، زاریا، ماردین و لیزا وتەی خۆیان پێشکەشکرد. ئەوان لە وتەکانیاندا باسیان لەکارەکتەری هاوڕێ جەبار کرد وەکو هاوژین و باوکێکی دڵسۆز و خۆشەویست و خەمخۆری خانەوادەکەی. پاشان عدنان کەریم، هاوڕێی دێرینی هاوڕێ جەبار، باسی لە تێکۆشان و خۆڕاگری و ئنساندۆستی ئەو کرد. چیمەن عارف  وتەی کۆمیتەی ئوسترالیای حیزبی کۆمۆنیستی کرێکاری کوردستانی پێشکەش کرد و سوپاسی ئامادەبووانی کرد بۆ بەشداربوونیان لە ڕێوڕەسمەکەدا. بە نمایشکردنی سلایدشۆیەک، کە گەشتێکی خێرا بوو بەناو وێستگە جیاجیاکانی ژیانی هاوڕێ جەبار مستەفادا، مەراسیمەکە کۆتایی هات. شایانی باسە مەراسیمەکە لەلایەن مەنسور ڕەزاقییەوە بەڕێوە دەبرا.

پاش تەواوبوونی مەراسیمەکە، ئامادەبووان تەرمی هاوڕێ جەباریان یاوەری کرد تا دوا مەنزڵگەی لە گۆڕستانی پاینگرۆڤ. لەوێ لەناو ئاپۆرە و ئەڵقەی خانەوادە و دۆست و هاوڕێیانیدا تەرمی هاوڕێ جەبار لەگەڵ سروودی ئانتەرناسیۆنال، سروودی نێونەتەوەیی کرێکاران، بەخاک سپێردرا.

 

ڕۆژی دواتر، یەکشەمە ٦/١/٢٠١٩، لە هۆڵی هۆڵڕۆید فەنکشن سێنتە، لە گەڕەکی مێریلاندس، مەراسیمێکی شکۆدار بۆ ڕێزلێنان لە یادی ئەم ڕابەرەی کۆمۆنیزمی کرێکاری بەرپا کرا. مەراسیمەکە بە هەڵدانی پێکێک شەراب بەیادی هاوڕێی کۆچکردوو دەستی پێکرد. پاشان دەقیقەیەک بێدەنگی ڕاگەیەنرا. ئینجا، ئەنتەرناسیۆنال، سروودی جیهانیی کرێکاران لێدرا. لەمەراسیمەکەدا چەندین وتە پێشکەشکران. ماردین جەبار وتەی خانەوادەی هاوڕێ جەباری پێشکەش کرد. پەیامی ڤێدیۆیی عوسمانی حاجی مارف، سکرتێری کۆمیتەی ناوەندی حیزب نمایشکرا.  پاشان تۆما حەمید بە زمانی عەرەبی وتەی مەکتەبی سیاسی هەردوو حیزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی عێراق و کوردستانی خوێندەوە. هەروەها حەسەن مارف ژیاننامەی هاوڕێ جەباری خوێندەوە، پاشان فایەق پێنجوێنی شیعرێکی پێشکەش بە ژیان و خەباتی هاوڕێ جەبار کرد. دوا بڕگەی کۆتایی ئەم بەشە خوێندنەوەی سوپاسنامەیەک بوو کە ئارام عوسمان هاوسەری ماردنیی هاوڕێ جەبار ئاڕاستەی بەشداربووانی کرد.

بەشی دووەمی مەراسیمەکە لە پاش پشوویەکی کورت، بە وتەی لین سمیس لە ڕێکخراوی هاوپشتی نێوان نەقابەی کرێکارانی ئوسترالیا و عێراق دەستی پێکرد. پاشان جمال عەلی حەلاق کە نووسەر و شاعیرێکی عەرەب زمانە، وتەیەکی پێشکەشکرد، بە دوایدا عەدنان کریم هاوڕێی دێرینی جەبار وتەیەکی پێسکەش کرد. پاشان داود قەفاری لە کۆمیتەی هاوپشتی لەگەڵ بزوتنەوەی کرێکاری ئێران، پەیامی سەرەخۆشی ڕێکخراوەکەیانی بە زمانی فارسی خوێندەوە. بەدوایدا موزەفەر عەبدوڵا هاوڕێی حیزبیی دەیان ساڵەی جەبار وتەی خۆی پێشکەشکرد.

مەراسیمەکە بە نمایشکردنی ژیاننامە و چالاکییەکانی هاوڕێ جەبار لەڕێگەی سلایدشۆی وێنەکانییەوە کۆتایی هات. هەر لە مەراسیمەکەدا ڤیدیۆیەکی چەند دەقیقەیی هاوڕێ جەبار نمایشکرا کە کورتەی قسەکانی بوو لە پانێڵێکدا کە لەسەر هێڕشی ئەمریکا بۆ سەر عێراق لە ساڵی ٢٠٠٣دا بەسترابوو. لەنێوان بڕگەکانی مەراسیمەکە و لەکاتی سلایدشۆکەدا ئۆدیۆی چەند گۆرانیەکی دڵخوازی هاوڕێی کۆچکردوو لێدرا. هەروەها لە مەراسیمەکەدا ناوی ئەو کەسایەتی و ڕیکخراو و حیزبە سیاسیانە خوێندرایەوە کە پەیامی سەرەخۆشیان ئاڕاستەی حیزب و خانەوادەی هاوڕێ جەبار کردبوو. شایانی باسە مەراسیمەکە لە لایەن لینا ئەسعەد و عامر سابیرەوە بەڕێوەدەبرا.

کۆمیتەی ئوسترالیای حزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی کوردستان، سوپاسی بێ پایانی خۆی پێشکەشی هەموو ئەو ئازیزانە دەکات کە لەماوەی ١٨ مانگی ڕابردوودا، لەڕۆژانی سەختی شەڕی دەستەویەخە لەگەڵ نەخۆشی نەگریسی سەرەتاندا، دڵسۆزانە لەپاڵ هاوڕێ جەبار و خانەوادەکەی ڕاوەستان. هەروەها سوپاس و پێزانینی خۆی ئاراستەی هەموو ئەو دۆست و هاوڕێیانە دەکات، کە لە دوا ڕۆژەکانی ژیانی و ڕۆژانی پاش مەرگی ئەم ئازیزەمانەوە، ئامێزی خۆشەویستییان بۆ شیرین و زاریا و ماردین و لیزا و ئارامی هاوسەری ماردین کردەوە و لەمەراسیمەکانی ماڵئاوایی و ڕیزلێنان لەیادی هاوڕێ جەباردا بەشدارییان کرد

کۆمیتەی ئوسترالیای

حزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی کوردستان

08/01/2019

 

 

 

Check Also

سەردانی سودانی بۆ کۆشکی سپی

عوسمانی حاجی مارف هەر لەسەرەتای دانیشتنی بایدن و سودانی، بایدن ڕایگەیاند کە ئەمریکا پابەندە بە …

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *