ژیاننامەی هاوڕی جەبار مستەفا…

ئەندامی کۆمیتەی ناوەندی حزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی کوردستان…

هاوڕێ جەبار مستەفا، ئەندامی کۆمیتە ناوەندی حزبی کۆمۆنیستی کریکاریی کوردستان و کەسایەتیەکی ناسراو و کاریگەری ناو بزوتنەوەی کۆمۆنیستی لە عێراق و کوردستاندا، بەرواری ٣١/١٢/٢٠١٨ بۆیەکجاری ماڵئاوایی لێکردین و بەجێی هێشتین. هاوڕێ جەبار مستەفا زیاتر لە چوار دەیە، بێوەستان تێکۆشا و خۆنەویستانە درێژەی بەخەباتی کۆمۆنیستیدا لەپێناو دنیایەکی باشتر و بێبەری لە زوڵم و زۆری هەزار سەرەی نیزامی زاڵمانەی سەرمایەداری.

ژیاننامەی هاوڕێ جەبار لێوان لێو و سەرڕێژە لە هەورازو نشێو، خەباتی نهێنی و زیندان و کاری کۆمۆنیستی ئاشکرا و ڕێكخراو… ئەم خەباتەی هاوڕێ جەبار بەچەندین وێستگەی جیاجیادا، نەک هەر هاوڕێ جەباری کردۆتە سیمایەکی ناسراو و خۆشەویستی ناو بزوتنەوەی کۆمۆنیستی و مارکسیستی لەسەر ئاستی عێراق و کوردستاندا، بەڵکو هاوکات، کردویەتی بە کاراکتەرێکی سەرەکی لە دروستکردنی مێژوویەکی پرشنگداری بزوتنەوەی کۆمۆنیستی. لێرەدا بەجیا لە ژیاننامەکەی بەشێک لە وێستگە سەرەکیەکانی کاری سیاسی و کۆمۆنیستی ئەو دەخەینە ڕوو…

  • هاوڕێ جەبار مستەفا لە ساڵی ١٩٥٢ لەشاری سلێمانی و لە خێزانێکی زەحمەتکێشدا، چاوی بەدنیای نا یەکسان و سەرەوخواری سەرمایەداری هەڵێناوە. هەر لە شاری سلێمانیش خوێندنی سەرەتایی تەواو کردووە. پاشان لەسەرەتای شەستەکاندا، لەگەڵ خێزانەکەیدا بۆ دابینکردنی ژیان و گوزەرانیان روویان کردوتە شاری بەسرەو لەوێ خوێندنی ناوەندی و ئامادەیی تەواو کردووە. هەر لەویش لە قوناغی ئامادەییەوە تیکەڵی کاری سیاسی بووە و پەیوەندی بەچەند کەسێکی کۆمۆنیست و مارکسی ئەو سەردەمەوە کردووە لەشاری بەسرە.
  • لەساڵی ١٩٧٣- ١٩٧٤ لە کولیەی ئاداب بەشی ئابوری زانکۆی سلیمانی وەرگیراوە. هەر لەو ساڵانەدا لەدرێژەی کاری سیاسی و رێکخراوەیدا پەیوەندی بە کۆمەڵەی مارکسی- لینینیەوە دەکات…
  • لەساڵی ١٩٧٦ دا، بەهۆی جیاوازی سیاسی و فکری لەگەڵ کۆمەڵەی مارکسی-لینینی و گۆشکراو بە بیری ماوتسی تۆنگ جیادەبێتەوە، هۆکاری سەرەکی جیابوونەوەی لە کۆمەڵەی مارکسی- لینینی، ناکۆکی بوو لەسەر مەسەلەی پێکهێنانی حزبی کوردستانی یاخود حزبی عێراقی بۆ چینی کرێکار.
  • لە ڕێکەوتی ٥/٥/١٩٧٧ بەهۆی کار و چالاکی سیاسی و رێکخراوەیی و ڕۆڵی بەرچاوی لەناو خوێنکاران و ئەڵقە مارکسیەکاندا، بەر شاڵاوی هێزە سەرکوتگەرەکانی بەعس دەکەوێت و دەستگیر دەکرێت. لەوکاتەدا هاوڕێ جەبار لەگەڵ گروپێک کاری دەکرد کە پێیان دەوتن “عێراقیەکان”.
  • هاوڕێ جەبار لەلایەن دادگای رژێمی بەعسەوە حوکمی پینج ساڵ و سێ مانگی بەسەردا دەسەپێنرێ. هاوڕێ جەبار لە زینداندا بەجیا لە خۆڕاگری و راوەستاویی بەرامبەر بە جەلادەکانی بەعس،  زیندانیش دەکاتە وێستگەو مەیدانیكی خەباتی مارکسیستی و ڕۆڵی بەرچاو دەگێرێت، لە بەمارکسیست کردنی ژمارەیەک لە هاوەڵەکانی لە زینداندا، بەجۆرێک کاتێك دەستگیر دەکرێت تەنها خۆی و هاوڕێیەکی دیکەی دەبن، بەڵام کاتێک ئازاد دەکرێن، دەبنە ١٥ کەس و چەندین لایەنگر… هاوڕێ جەبار مستەفا لەساڵی ١٩٧٩دا بەر لێبوردنی گشتی دەکەوێت و ئازاد دەکرێت و دەگەرێتەوە بۆ زانکۆ و  لەساڵی ١٩٨٠دا، لە زانکۆی موستەنسریە لەشاری بەغدا، بەشی ئابوری تەواو دەکات.
  • هاوڕێ جەبار دوای ئازادبوونی لە زیندان و تەواوکردنی خوێندن پەیوەندی دەکاتەوە بەو هاوڕێ و ئەڵقە سیاسی و رۆشنبیریانەی کە لەهەوڵدا بوون بۆ پیکهینانی حزبێکی مارکسیستی و سەراسەری چینی کرێکار، تا لەساڵی ١٩٨١دا، رێکخراوی” یەکێتی تیکۆشانی کارگەران” لەگەڵ ژمارەیەک لە هاوڕێیانیدا پێکدەهێنێت. لە پیکهێنانی ئەو رێکخراوەدا هاوڕێ جەبار مستەفا رۆڵێکی سەرەکی و پایەیی دەگێرێت.
  • لەساڵی ١٩٨٥ دا، لە دوای هەڵوەشانەوەی رێکخراوی یەکێتی تێکۆشانی کارگەران، هاوڕێ جەبار لەگەڵ بەشێک لە ئەڵقە کۆمۆنیستیەکانی ئەو سەردەمە، دەکەونە ژێر کاریگەری حزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی ئێران و پەیوەست دەبن بە هێڵی مارکسیزمی شۆرشگێر و پاشانیش کۆمۆنیزمی کرێکاریی دەبێتە دنیابینیان بۆ درێژەدان بە خەبات و چوارچیوەیەکی سیاسی و فکری و تیۆری بۆ پیکهێنانی حزبی چینی کرێکار لە عێراقدا.
  • لەساڵی ١٩٨٩، لەگەڵ ژمارەیەک لە هاوڕێیانیدا ڕیکخراوی “یەکێتی خەباتی کۆمۆنیزمی کرێکاریی” پێک دەهێنن، کە هاوڕێ جەبار لە پێکهێنانی ئەو رێکخراوەشدا، رۆڵی کاراو بەرجەستە دەگیڕێت، تا پێکهێنانی حزبی کۆمۆنیستی کریکاریی عێراق… بەر لە پێکهاتنی حزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی عیراقیش، لەساڵی ١٩٩١دا، لە راپەرینی خەڵکی کوردستاندا بۆ وەردەرنانی رژێمی بەعس و پاشانیش لە وەرێخستنی بزوتنەوەی شوراییدا دەوری بەچاو و رابەری دەگێرێت.
  • لەساڵی ١٩٩٣ دا، هاوڕی جەبارو رێکخراوی یەکێتی خەباتی کۆمۆنیزمی کرێکاریی، لەگەڵ رێکخراوەکانی ئەو سەردەمە، پەیوەست دەبن بە حزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی عێراقەوە و هاوڕێ جەباریش وەکو کادرێکی رابەری لەچوارچیوەی ئەو حزبەدا، درێژە بە خەباتی کۆمۆنیستی و رێکخراوەیی خۆی دەدات، و رۆڵێکی زۆر بەرجەستە دەگێرێت بۆ لێکگردانی بزووتنەوەی کۆمۆنیستی کوردستان لەگەل بزوتنەوەی کۆمۆنیستی لە ناوەڕاست و باشوری عێراقدا…
  • لەساڵی ٢٠٠٨ دا، هاوڕی جەبار لەگەڵ ژمارەیەک لە هاوڕێیانی، بە لەبەرچاوگرتنی دۆخی سیاسی کوردستان، حزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی کوردستان پێکدەهێنن، هاوڕێ جەبار لەناو حزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی کوردستان، درێژە بەخەباتی کۆمۆنیستی خۆی دەدات و وەک رابەرێک لە ریزی پێشەوەی هەڵسورانی سیاسی حزبدا دەبێت لە ناوخۆی کوردستان و لە رێکخراوی دەرەوەی حزب لە ئوسترالیا.
  • شایانی باسە، هاوڕی جەبار مستەفا خاوەنی قەڵەمێکی بەبرشت بوو، کە لە ویستگەکانی ژیانی خۆیدا سەدان نوسین و وتاری نوسیوە و بۆماوەی دووساڵ بەرنامەی (ئاسۆی کرێکار)ی ئامادە کردوە کە لە رادیۆی پێشەنگەوە بڵاودەبووە. هەروەها کتێبێکی بەناوی (خەباتی ئابوری چینی کرێکاری) بەزمانی کوردی بڵاوکردۆتەوەو بەهۆی ئەوەی، لەپاڵ زمانی کوردیدا، زمانەکانی عەرەبی و فارسی بەباشی زانییوە، رۆڵێکی بەرچاوی هەبوە لە وەرگێرانی ئەدەبیاتی کۆمۆنیزمی کرێکاری لە زمانی فارسییەوە بۆ هەردوو زمانی عەرەبی و کوردی.. لەو بەرهەمە زۆر بەپێزانەی هاورێ جەبار بۆسەر زمانی عەرەبی وەریگێڕاوە باسەکانی هاورێ مەنسوری حیکەمەتە سەبارەت بە ئەفسانەی بۆرژوازی میللی و پێشکەوتنخواز لەژێر ناوی( خصائص تطور الانظمة الراسمالیة التابعة- ایران نموذجا)
  • سەرباری ئەو کارانەی، هاورێ جەبار کەسێکی عەمەلی و چالاك و هەڵسوڕاو بووە. لە دەیان خۆپیشاندان و چالاکی جەماوەریدا کە لە وڵاتی ئوسترالیا بۆ بەرگری لە خەڵکی کوردستان ئەنجام دراوە، بەشداری چالاکانەی کردوە. بەشداری دەیان کۆڕو کۆبونەوەو کۆنگرەو کۆنفرانسی رێکخراوە کۆمۆنیست و چەپەکان و رێکخراوە کرێکاریەکانی ئوسترالیای کردوە.و نوێنەرایەتی حزبی کردوە.

هاوڕێ جەبار تا دوا ساتەکانی ساڵی ٢٠١٨ و بەدیاریکراوی لە بەرواری ٣١/١٢/٢٠١٨ دا، بەهۆی نەخۆشی شێرپەنجەوە، بۆ هەمیشە چاوەکانی لێک ناو دڵە گەورەکەی بۆ هەمیشە لە لێدان کەوت… نەسرەوتوانەو ماندوونەناسانە درێژە بەخەباتی کۆمۆنیستی خۆی دەدات. بۆیە ماڵئاوایی یەکجاری هاوڕێ جەبار خەسارەتێکی گەورەیە لە حزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی کوردستان و لە بزوتنەوەی کۆمۆنیستی لەسەر ئاستی عێراق و ناوچەدا… کەپڕکردنەوەی تابڵیی سەختە…

بەرزو بەڕیز بێت، یادی خەباتکارانەو کۆمۆنیستی هاوڕێ جەبار...

١/١/٢٠١٩

 

Check Also

سەردانی سودانی بۆ کۆشکی سپی

عوسمانی حاجی مارف هەر لەسەرەتای دانیشتنی بایدن و سودانی، بایدن ڕایگەیاند کە ئەمریکا پابەندە بە …

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *