باچیتر ڕێگا نەدەین سفرەی کرێکاران بەتاڵ بێ!…

 عبدالرحمن رسول 

پڕکردنی سفرەی بەتاڵی  کرێکاران و خەڵکی زەحمەتکێش بەندە بە گەشەدانی  تێکۆشانی یەکگرتووانەی خەڵکی ناڕازی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران ئەویش بە ڕێکخراوبوونیان لە دەوری ئامانجە ئینسانییەکان  گەشتنیان بەمافەکانیان ئاسانتر دەکات. باچیتر ڕێگا نەدەین سفرەی کرێکاران وزەحمەتكێشان خاڵی و بەتاڵ بێت .

کرێکاران وزەحمەتکێشان چینی ماندووی کۆمەڵگەکانن کە بەتێکۆشانی کارکردنیان ژینگەی کۆمەڵگە پاک ڕادەگرن و بەرهەمی جۆراوجۆر بۆکۆمەڵگە بەدەست دەهێنن، بەکار کردنەکانیانەوە کە دیواری ئەپارتمان و بینا بەرزەکان وناوچە گەشت و گوزارییەکان دروست دەکرێ و خزمەتگوزاری پێشکەش بە میوانان و گەشتیاران دەکرێ و پاک وخاوێنی نەخۆشخانەو شوێنە گشتییەکان و شەقامەکانی شارەکان دەپارێزدرێت. خیابان و ڕێگاکان دروست دەکرێ، بەکورتی بەهۆی ماندووبوونی کرێکارانەوەیە کە تاکەکانی کۆمەڵگە بەهرەمەند دەبن لە بەرهەمە ماددییە ژێر زەوی وسەرزەوییەکانی کۆمەڵگە.

 لەگەڵ هەموو ئەم ماندووبوونیانەشیاندا لەژێر دەسەڵات وسیستەمە چەوسێنەرەکانی چەشنی کۆماری کۆنەپەرستی ئیسلامی ئێراندا زۆر بێڕوحمانە کرێکارانی ئێران و ڕۆژهەڵاتی کوردستان بێماف دەکرێن وزۆر بەتوندی دەچەوسێندرێنەوە، بۆ ماوەی چەندین مانگ کرێی کارکردنیان پێ نادەن یان لەسەرکار دەریان دەکەن، دەیان خەنە ڕیزی بێکارانی کۆمەڵگەوە، یاخود بێبەش دەکرێن لەبیمەی سەلامەتی وبیمەی تەندروستیان و شوێنی نیشتەجێ بوونیان بۆدابین ناکرێت. کاتێکیش هەرچینێک وبەشێکی کۆمەڵگە دەست بە ناڕەایەتی و خۆپیشاندان دەکەن بۆ هێنانەدی مافەکانیان لەلایەن هێزە سەرکوتگەرەکانی ڕژێمی ئیسلامییەوە سەرکوت دەکرێن، زیندانی دەکرێن ئەشکەنجەو ئازار دەدرێن. گرینگە لەگەڵ دەست پێکردن وبەردەوام بوونی ناڕەزایەتی و خۆپیشاندانەکانی کرێکاران و مامۆستایان و ژنان و جوتیاران و قوتابیاندا داوای دەستبەجێ ئازادکردنی زیندانیانی خۆپیشاندەرو زیندانیانی سیاسی بکرێت  و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و ڕێکخراوەکان و ناوەندەکانی تایبەتمەند بە داکۆکی کار لە مافەکانی مرۆڤ ومافەکانی کرێکاران ئاگاداربکرێتەوە بۆئەوەی فشارەکان گشتگیر بکرێت بۆسەر ڕژێمی ئیسلامی مەلاکان. هەر مرۆڤێکی بە ویژدان وشیار باش دەزانێت کە کرێکاران ئەو بەشە گرینگەی  کۆمەڵگەن کە ڕەنج و ماندووبوونی زۆر دەبەخشن بۆ بوژانەوە وپێشکەوتنی کۆمەڵگە بۆیە پێویستە بە بەردەوامی ڕەچاوی پاراستن و دابینکردنی مافەکانی کرێکاران بکرێت. هەر کەم تەرخەمێک لە هەر بوارێکەوە بێت بەرامبەر بە کرێکاران نیشانەی هەبوونی سیستەم و دەسەڵاتێکی ملهوڕی چەوسێنەر دەردەخات. کۆماری تیرۆریستی ئیسلامی ئێران بە درێژایی تەمەنی دەسەڵاتی بەتوندترین شێوە کرێکارانی چەوساندۆتەوە و بێماف و بێکاری کردوون .

ئەم سیستەمە سەرمایەدارییە دینییەش هەرچی داهات و سەروەت و سامانی گشتی کۆمەڵگە هەیە لەلایەن کەمینەیەک لەبەرپرسە باڵاکانی کۆمەڵگەوە تەخشان وپەخشانی پێدەکرێت و دەدزرێت و تاڵان دەکرێت. یاخود پوڵ و پارەی گشتی وڵات دەخرێتە خزمەتی گەشەی ڕێکخراوە توندڕەو تیرۆریستییەکانی ئیسلامی لە وڵاتە جۆراوجۆرەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست هەروەک سوریا وعێراق و دەوڵەتانی تر. بەدرێژایی چل ساڵ لە دەسەڵات و سیستەمی مەلاکان کرێکاران وزەحمەتکێشان وکۆڵبەرانی کوردستان زۆر بەتوندی دەچەوسێندرێنەوە و کێشەو قەیرانەکانیان بۆ زیاد دەکرێت، لەگەڵ درێژەدان بە کێشەو قەیرانەکان و بێکار کردنی کرێکاران، تەنها خەڵکی کرێکارو هەژار و زەحمەتکێشی کۆمەڵگەی ئێران و ڕۆژهەڵاتی کوردستان باجی زیاتر و قورستر و ناخۆشتر دەدەن. بۆیە ناکرێت ڕێگە بدرێت ئەم سوکایەتی وئەشکەنجە وئازارانەی  خەڵکی کرێکار وکۆڵبەرانی زەحمەتكێش و جوتیاران بەردەوام بێت، پێویستە نەخشە ڕێگایەک هەبێت کە کارو تێکۆشانی لەسەر بکرێت بۆکۆتاییهێنان بەئەشکەنجە وئازارەکانی هەمووان، ئەو نەخشە ڕێگایەش ئەوەیە کە ئازار و ئەشکەنجەکانی رۆژانەی هەمووان کۆبکەینەوە وبیکەین بەیەک ئازار وئەشکەنجەی گشتی. دواتر کاری جدی بکرێت بۆبنیادنان وگەشەدان بە تێکۆشانێکی یەکگرتووانەی هاوبەشی سەرجەم چەوساوەکانی کۆمەڵگە  وئازادیخوازان و یەکسانیخوازانی کۆمەڵگە…

کرێکارانی شارەوانی و بەشە جیاوازەکانی کۆمەڵگە کە قورسترین پیشەیان ھەیە بە ھۆی قەیرانێک کە سەرانی کۆماری ئیسلامی بۆ خەڵکی ھەژاری ئێران و رۆژھەڵاتی کوردستانی ساز کردووە ماوەی چەند مانگە موچەیان وەرنەگرتووە و وەک نارەزایەتییەکی مەدەنی ھەموویان پێکەوە سفرە خاڵی یەکەی ماڵەوەیان لەسەر جادەی بەر دەرگای بەرپرسانی شارەدەری رژیمی دواکەوتوانەو دژە مرۆڤانەی ئیسلامی ڕاخستووە. سەرانی رژیمی تیرۆریستی ئیسلامی بۆ شەڕ و ماڵوێرانی لە ناوچەکە بە میلیاردھا دولار خەرج دەکات، گەندەڵی و دزی مەلاکان و ئاغازادەکان بانکەکانی ئێران و بانکەکانی ئەوروپا و دەوڵەتانی تر پڕ کردووە، کەچی دەگوترێ  پارەی کرێکارانی ھەژاری نییە. ئەمە دونیای پێچەوانەی خواست و داواکارییەکانی مرۆڤەکانی کۆمەڵگەیە پێویستە بگۆڕدرێت.

دەبێ تێکڕای خەڵکی کوردستان و ئێران دەستخۆشی لە نارەزایەتی مەدەنیانەی کرێکارانی شارەوانی بکەن و پشتیوانی لە داخوازیەکانیان بکەن..

پێدانی هە‌قدەستی تەواو لە کاتی خۆیدا و پێدانی بیمە کۆمەڵایەتی و تەندروستی و سەلامەتی ژیانی کرێکاران بە مافێکی ڕەوای تەواوی کرێکارانە و ناکرێت لە ژێر هیچ بیانوێکدا پێدانی هەقدەست و بیمەکانیان دوا بکەوێت.. 

لە٢ی ڕێبەندانی ١٣٩٧ی هەتاویی کرێکارانی شارەداری مەریوان بە نیشانەی نارەزایەتی دەربرین بە پێنەدانی ١٨مانگ حەقدەست، لەبەر شارەداری مەریوان سفرەی بەتاڵیان ڕاخستووە. هۆکار ئەوەیە کە حەقدەستیان پێ نەدراوە ئەوانیش دەستیان بە نارەزایەتی و مانگرتن کردووە بۆیە ئەرکی هەریەکە لە تێکۆشەرانی ئازادیخوازو مرۆڤ دۆستان و تەواوی خەڵکی کوردستانە کە بێنە مەیدان بۆ نیشاندانی پشتیوانی لە خواستەکانی کرێکاران .

گرینگە خەڵکی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران وشیاربێت و ئەوە بزانێت دابینکردنی داواکاری و خواستە ڕەواکانی کرێکارانی نارازی هەنگاوێکی بەهێزی بەرەوپێشچوونی کۆمەڵگەیە بەرەو هێنانەدی ماف و ئازادییەکانی تەواوی تاکەکانی کۆمەڵگە. ئەگەرچی بە دڵنییایەوە سیستەمی فاشیزمی ئیسلامی ئێران بەهیچ جۆرێک مل بەدابینکردنی خواست و داواکارییەکانی ئێستایی کرێکارانی ناڕازی نادات  کەواتە ئەرکی هەموولایەکە بە گەشەدان بەهاوخەباتی  تێکۆشانی ئازایخوازانە  خەباتی ناڕەزایەتییەکانی شارەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران بە گوڕترو بەجۆشتر بکات، بۆئەوەی هەرچی زووترە گوێ بیستی سەرکەوتنی تێکۆشانەکانی کرێکاران بین .

 سەرجەم ناڕەزایەتییەکان بکرێن بەیەک ئاراستەی گشتگیر کەتەواوی شارەکان بگرێتەوە وپەرتەوازەیی و پەرشوبڵاوی ‌هێزە جیاوازەکان هەڵبوەشێندرێتەوە هەموویان بکرێنە یەک ناڕەزایەتی گشتگیر وبەهێزی جەماوەری، کە سەرجەم بەشەجیاوازەکانی کۆمەڵگە لەخۆبگرێت. هەربۆیە تاکە ڕێگای چارەسەر بۆ کۆتایی هێنانی سەرجەم کێشە و قەیرانەکانی ئێران و کوردستان، بەرپاکردنی شۆڕش و ڕاپەڕینە بۆ گۆڕانکاری لەسیستەمی چەوسێنەرو نابەرابەر و سەرکوتگەری سیستەمی ئیسلامییە و دامەزراندنی سیستەمێکی شورایی ئازاد و بەرابەرە.

ئەویش بە بەهێزکردن و گەشەدان بە تێکۆشانی هاوبەش و یەکگرتووانەی بزووتنەوەی شورایی خەڵکی کودستان و ئێران مسۆگەر دەبێت، پێویستە ئەم جارە لە ئاڵوگۆڕکردن و گۆڕانی سیستەمەدا خەڵکی بە تاقی کردنەوەی جۆرە سیستەمێکی جیاوازتر لە جۆرە سیستەم ودەسەڵاتەکانی ڕابردوو لە جۆری دەسەڵاتی سەرکوتگەری دینی و قەومی ڕوبەڕوویی قۆناغی داهاتووببێتەوە، ئەویش لە سەرەتای هەنگاوەکانی بۆ پێشەوەدا دەسەڵات و ئیدارەدانی خەڵک تاقی بکاتەوە لەجۆری شوراییدا، کە باشترین هەنگاو و نەخشە ڕێگایە کە کۆمەڵگە بەرەو کۆمەڵگەیەکی ئازاد و بەرابەر ئاراستە بکات.

لە قۆناغی ئێستای ئێران سەردەمێکی هەستیارە بەهۆی هەبوونی وشیاری خەڵکی ناڕازی شارەکانی ئێران و کوردستان بەگشتی وکرێکاران و زەحمەتکێشان بەتایبەتی کە زۆر ئازایانە و تێکۆشەرانە هاتوونەتە مەیدان بۆ بەدیهێنانی ماف و ئازادییەکانیان، پێویستە خەڵک وشیاربێت بەجۆرێک کە دابینکردن و بەدیهێنانی ماف و ئازادییەکان و کۆتاییهێنان بە کێشە وقەیرانەکان بێ ڕاپەڕین و شۆڕش مەحاڵە هەرگیز بەدی نایە و سیستەمی تیرۆریستی ئێستای ئیسلامی بەهیچ جۆرێک مل نادات بەدابینکردنی خواست و داواکارییەکانی خەڵکی ناڕازی ئێران وکوردستان، بۆیە تەنها ڕێگاچارە ڕێکخرابوونی خەڵکی ناڕازییە لەجۆری بزووتنەوەی شورایی دا کە لەنێوخۆیاندا بە گفتوگۆ و ڕاگۆڕینەوە و هەڵبژاردنی شوراکانی خۆیان دەست بە تێکۆشانی جۆراوجۆری سیاسی و ڕۆشنبیری و فەرهەنگی و کۆمەڵایەتی بکەن. لەپێناوی گۆڕانکاری لە سیستەمی چەوسێنەر و نابەرابەرو سەرکوتگەر و گۆڕانکاری لە کۆمەڵگەدا بەرەو کۆمەڵگەیەکی باشتر و ئازاد و بەرابەردا. ئەمەش بە جۆرێک سەکەوتوو دەبێت کە هەر لەسەرەتاوە بەجۆری کرداری هەڵسووران و تێکۆشانی شۆڕشگێرانەی خەڵکی ناڕازو ئازادیخوازو یەکسانیخواز بکرێتە ناو یەک نەخشەی یەکگرتووانەی جێگیر و نەگۆڕ لە ڕێگای تێکۆشانەکاندا کە تێکۆشانی شوورایی لەهەر هەنگاوێک بۆپێشەوە نوێبونەوە لە خۆبگرێت و بە جۆرێکی شورایی هەنگاو بنێت کە تەواو پێچەوانە بێت بە هەنگاوەکانی پیرۆزکردنی خێڵایەتی وحیزبایەتی…

 

تێبینی: ئەم بابەتە لە بۆپێشەوەی ژمارە ٤٤ بەرواری ١/٢/٢٠١٩ بڵاوکراوەتەوە…

Check Also

سەردانی سودانی بۆ کۆشکی سپی

عوسمانی حاجی مارف هەر لەسەرەتای دانیشتنی بایدن و سودانی، بایدن ڕایگەیاند کە ئەمریکا پابەندە بە …

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *