ئینسان پیرۆزە، نەک هیچی تر…..

عەبدوڵا مەحمود….دوای دەربرینی نارەزایەتی هاوڵاتیەک لە کەناڵی ئێن ئارتی، لەدەسەڵاتی تاڵانچی ومافیایی بزوتنەوەی کوردایەتی و پێشمەرگە. هات و هاواری پیرۆزیەکان و شکاندنی شکۆی نەتەوەیەک و پاشانیش رێپێوانی نارەزایەتی ژمارەیەک پێشمەرگەی دێرین!! و قورمیشکراو بۆسەر کەناڵی ئین ئارتی بەدوای خۆیدا هێنا.

نارەزایەتی هاوڵاتیانی کوردستان لە دەسەڵاتی حزبەکانی کوردایەتی و کارنامەیان، لە تاڵانی و نەبوونی و بێکارییەوە تا نەبوونی سەرەتاییترین خزمەتگوزارییەکان، نەک هەر راستیەکی بەردەوام و رەوای ناو هەناوی کۆمەڵگەی کوردستانە، هاوکات ئەم نارەزایەتی دەربڕین و “نا” وتنە، بەدەسەڵاتی فەرهودچی و خۆشخزمەتی بزوتنەوەی کوردایەتی لایەنێک لە پیرۆزییەکانی کۆمەڵگەیە و پێویستە بە ئاراستەی فراونکردن و بەرینبوونەوو رێکخراوبوون و ئاسۆدارکردنیدا، ئاراستە بکرێت.

هات و هاواری حزبەکانی دەسەڵات و ئۆپۆزیسیۆنێکی بودەڵەی خزمەتکار بەدەسەڵاتی بزوتنەوەی کوردایەتی، بەوەی شکۆی پێشمەرگە شکێنراوە، پیرۆزییەکان ژێر پێخراوە… لە بنەرەتدا بۆ تابۆکردنی پیرۆزیەکان و قفڵدانی ئەو پەراوێزە لە ئازادی و کەشی نیمچەکراوەی کوردستانە، کە بزوتنەوەی کوردایەتی لە ٢٨ ساڵی رابردوودا نەیتوانییوە کڵۆمی بدات.

هێنانە سەرشەقام و قورمیشکردنی ژمارەیەک لە پێشمەرگەی دێرین!! بەدژی لێدوانی هاوڵاتیەکدا، کە دەبری هەست و نەستی بەشی هەرە فراوانی کۆمەڵگەی بێبەشی کوردستان و ئەو پێشمەرگانەیە!! کە دەسەڵاتی تاڵانچی و مافیایی بزوتنەوەی کوردایەتی شکۆیانی و شکاندووە، یان خەون و ئارەزووی دەیان لاوی پێشمەرگەی بۆ ئازادی و رزگاری زیندەبەچاڵ کردووە، هیچ نییە جگە لەوەی دەیانەوێ لەو رێگایەوە رەوایەتی بە بە پیرۆزی پێشمەرگە!! بدەن لەسەر بنەمای ژێر پێخستنی پیرۆزییەکانی” ئینسان”…

لای دەسەڵات و موچەخۆرە بن دیوار و گوێ لەمستانیان سیفەت و نازناوەکان و پیشەی کەس و تاکەکان پیرۆزترن لە خودی “ئینسان” بۆیە بێشەرمانە لە جیاتی بەرگریکردن لە ئینسان و مافە رەواکانیان و ویستەکانی ژیانکردن و خۆشگوزەرانیان، پێشمەرگە!! بوون، دەپیرۆزێنن. رەخنەگرتن لە پێشمەرگە، وەکو شکاندنی شکۆی نەتەوەو ژێرپێخستنی پیرۆزییەکان، نیشان دەدەن. ئەوە لە کاتێکدایە، کە خودی کەسایەتی پێشمەگە، بەزیندەبەچاڵکردنی خەونی ئازادی و رزگارییان، بە برسیکردن، بە بێ موچەیی، بە بەکاربردنیان وەکو زەخیرەی دەستی وڵاتانی کۆنەپەرست، کردنیان بە ئامێری حزب و بارهێنانیان بە کوشتنی براکانیان!! لەسەر بەشی دەسەڵات… بۆتە ئولفەتی دەسەڵات. تەنانەت لە پشتەوە رادەستکردنی پێشمەرگەو خەڵکی کوردستان بە دەوڵەتە چنگ خوێناویەکانی ناوچەکە، وەکو لە شەنگال و ١٦ ئۆکتۆبەر نیشانیاندا.. نەک لە یادەوەریی، بەڵکو هێشتا خوێنی بەناحەق رژاویان دەبینرێت… هیشتا لێدوانی ئاراس شیخ جەنگی لەبەردەستە کە سەبارەت بە شەری دژی داعشی پێشمەرگە!!، دوای رادەستکردنی کەرکوک بە حەشدی وەحشی و شیعی، وتی ئەمریکا داعشی نابود دەکردو ئێمەش دواتر سێڵڤیمان دەگرت…

ئەو پێشمەرگە دێرین و قارەمانانەی!! لە بەرامبەر بە تورەیی هاوڵاتیەک و هاوڵاتیاندا… هێنراونەتە سەرشەقام و نارەزایەتیان پێ دەردەبڕن، لەبەرامبەر بەو هەموو بێمافی و سوکایەتی و نەبوونی و تاوانکارییانەی دەسەڵات و ئیمتیاز بەخشینەوەیان بە پیاوانی گرێگرتەی پێشووی سەدەمی بەعس و بە کوشتاری هاوڵاتیانی ناڕازی کە داوای نان و ئاو و عەدالەتیان دەکرد، نقەیان لێوە نەهات و بەشیکیان بوونە بکوژی هاوڵاتیان بۆ پاراستنی ئەزموونی پوچ و دەسەڵاتی تاڵانچی بزوتنەوەی کوردایەتی.

نە پێشمەرگایەتی و حزبایەتی و نە هیچ پیشەیەک لە سلکی سوپا و ئەمنیەت و بەرگری!! دەوڵەتداری و حکومەتداری و وە لەهەموو بوارەکانی تری ژیانی سیاسی و فەرهەنگی وئەدەبی و کۆمەڵایەتیدا تا دەگاتە هەر هەر میژوویەک و میژوو سازیەک… پیرۆز نییە. ئەوەی پیرۆزە و دەبێ بەرگری لیبکرێت، بێگویدانە ناسنامەو نازناو، بێ لەبەرچاوگرتنی پێگەی سیاسی و کۆمەڵایەتی، و ئینتیمای حزبی و باوەڕداری، جۆری کار و پیشەکان… “خودی ئینسانە”…

هیزی چەکدار و ئەمنی، ئاشکراو نهێنی، پیشەیی و ناپیشەیی، ئیجباری یان خۆبەخش، رێکخراو و دەوڵەتی و لەسەر بنەمای زانستی و دامەزراوەیی بیت یان حزبی و نارێکخراو زۆنی… بە جیاتی لە نیەتی تاکەکانی و ناچارییان بۆ ژیان… هیزو بەشی پاراستنی دەسەڵاتن.

هیزی پیشمەرگەی کوردستان” دێرین و تازە” و دەزگا ئەمنی و هەواڵگرییە ئاشکراو نهێنییە هەمەچەشنەکانیان، هیز و ئامرازی پاراستنی دەسەڵاتی بۆرژوازی کورد و حزبەکانی خاوەن قەڵەمرەوی دەسەڵاتن… ئەو دەسەڵاتە تاڵانچی و مافیایی و نۆکەر پیشەییە، بۆیە تا ئیستا لەسەر پێیەکانی خۆی ماوەتەوە… چونکە بۆ مانەوەی بە جیا لە فریوکاری، پشتی بە هیزی چەکدار و ئەمنی بەستووە، تا پارێزگاری لە دەسەڵاتەکەیانی پێ بکەن… دەسەڵاتیش بۆ راگرتنی ئەو هێزە پێویستی بە پاساوی هەمەچەشنە هەیە… پارێزگاری لە خاک و نیشتیمان، بەرگری لە شوناسی نەتەوە و پیرۆزییە قەومی و دینی و کەلتوری و ئەخلاقییەکان. وەستانەوە بەرووی دوژمنانی دەرەوە، ئەو پاساوە پوچانەن، بۆ بەرگری لەدەسەڵات و قازانج پەرستی سەرمایە. خۆ ئەگەر لە زوربەی هەرەزۆری وڵاتانی دنیادا، سوپاو هیزی چەکدار و دەزگای ئەمنییەکان… ژیانی خۆیان و ماڵ و مناڵیان دابینکراو بێت، پۆشتە و خاوەن موچەو ئیمتیازات بن، هیزی رێکخراو و پەروەردەکراوبن، ماف و ئەرکیان دیاریکراوبێت… ئەوا لە کوردستان، زوربەی هەرەزۆری ئەوانەی پێشمەرگەن… لە دۆخێکی هەرە نەخوازراودان. برسی و نەدار و بێمافن و ژیانی خۆیان و خیزانەکانیان لەوپەڕی خراپیدایە، و سەرئەنجامیش کراونەتە ماشینی هەمیشە ئامادەی کۆنترۆڵکراو بۆ سەرکوت و داپڵۆسینی ئازادی و ئازادیخوازن و ئۆردوی نەیاری دەسەڵات. لە بەرامبەریشدا ژمارەیەکی یەکجار کەم لە بەرپرسەکانیان، ژیانی فیرعەونیان بۆ خۆیان و نەوەکانی داهاتوویان، زامن کراوە.

لەپشتی زوربەی هێرشەکان بۆسەر ئازادیی و ئازادییەکان و مافەکانی ئینسان، دەیان پاساوی پوچ و رتوشکراو وەستاون. هیرش و خۆپیشاندان بۆسەر کەناڵی ئین ئارتی، بۆ بەرگری کردن نییە لە شکۆی نەتەوە!! شکۆی پیشمەرگە!! شکۆی مێژوو؟ شکۆی پێشمەرگە دێرینەکان!! و بۆ بەرگری لە خاک و ئاوی کەوسەری کوردستان و هەوای دڵرفێن نییە… بۆ سەرکوتی ئازادی و کپکرنەوەی دەنگە نارازییەکانە، کە هاوڵاتیان لە پێناو ژیانێکی باشتردا، دەری دەبڕن.        

تێبینی: ئەم بابەتە لە بۆپێشەوەی ژمارە ٤٤ بەرواری ١/٢/٢٠١٩ بڵاوکراوەتەوە…

Check Also

هێرشی ئیسرائیل بۆ سەر ڕەفەح! دوا بزمار لە تابوتی زایۆنیزم و هاوپەیمانە جیهانیەکانی

بەیاننامەی ژمارە ٦ی سێ حیزبی کۆمۆنیستی- کرێکاری لە ناوچەکەدا: ئەمڕۆ ٧ی ئایار، لە دۆخێکی پڕ …

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *