“مارکس پێشبینی قەیرانی ئێستامان و ڕێنمایی هاتنە دەرەوەی کرد”

رۆژنامەی گاردیان دەڵێت

“مارکس پێشبینی قەیرانی ئێستامان و ڕێنمایی هاتنە دەرەوەی کرد”

ئامادەکردنی: سالار حمە سەعید

مانیڤێستی کۆمۆنیست پێشبینی سەرمایەداری دڕندە و پۆلەرایز (قوتبی)ی جیهانی سەدەی ٢١ ی کرد. بەڵام مارکس و ئەنگڵز ئەوەشیان خستە پێشچاومان کە ئێمە توانای ئەوەمان هەیە کە دونیایەکی باشتر بخولقێنین. مانیڤێستێک بۆئەوەی سەرکەوتوو بێت پێویستە لەگەڵ دڵمانا وتووێژ بکات وەک شیعر چۆن مێشک و دەروونمان دادەگرێ بە بیر و بیرۆکەیەک کە بەشێوەیەکی سەرنجڕاکێش نوێ و تازەیە. پێویست دەکات چاوەکانمان بکاتەوە لەڕووی هۆکارە ڕاستەقینەکانی گۆڕانکارییە سەرسوڕهێنەر و نا ئارامەکانی دەوروبەرمان.

هیچ مانیڤێستێک سەرکەوتووتر نەبووە لە ئەنجامدانی هەموو ئەمانە بەئەندازەی ئەو مانیڤێستەی کە لە ٤٦ لێڤرپووڵ ستریت لەندەن مانگی شوباتی ساڵی ١٨٤٨ بڵاوکراوەتەوە. مانیڤێستی حزبی کۆمۆنیست هەروەک ئەوەی یەکەمین جار بڵاوکراوەتەوە و لەلایەن دوو لاوی ئەڵمانیەوە نووسراوە: کارڵ مارکس، فەیلەسووفێکی ٢٩ ساڵە و فردریک ئەنگڵزی ٢٨ ساڵە.

مانیڤێست وەک کارێکی ئەدەبیاتی سیاسی بێ هاوتا دەمێنێتەوە.

بەناوبانگترین دێڕەکانی ئەم مانیڤێستە، یەکەمین دێڕی پێشەکیەکەیەتی کە دەڵێ “تارماییەک ئەوروپای داگرتووە، تارمایی کۆمۆنیزم”، کە خاسیەتێکی شکسپیری هەیە. هەروەک چۆن هاملێت رووبەڕووی تارمایی باوکی کوژراوی دەبێتەوە، خوێنەر ناچار دووچاری سەرسوڕمان دەبێت: ئایا بسازێم لەگەڵ وەزعی گشتی باودا؟ بۆ مارکس وئەنگڵز مانیڤێست کێشە و ڕازێکی ئەکادیمی نەبوو تا لە ساڵۆنە ئەدەبیەکانی ئەوروپادا گفتوگۆ و دیبەیتی لەسەر بکرێت. مانیڤێستەکەیان بانگەوازێک بوو بۆ کارکردن. تێبینیکردنی ئەم نزای تارماییە زیاتر بە مانای چەوساندنەوە و لەهەندێ حاڵەتدا زیندانی ماوە درێژ بووە. ئەگەرچی حزبە کۆمۆنیستیەکان لە گۆڕەپانی سیاسەت دا لەبەرچاو نەماون، بەڵام ناخ و دەروونی کۆمۆنیزم کە مانیڤێست دەبزوێنێ زەحمەتە بێدەنگ بێت. لە کۆتایی ساڵەکانی ١٨٤٠ەکاندا سەرمایەداری لەرزۆک و بەشبەش کراو و لە پەلوپێ کەوتوو و ناوچەیی بوو، بەڵام مارکس و ئەنگڵز لە دووربینیانەوە پێشبینی ئاییندەی سەرمایەداریان کردبوو کە جیهانگیرو گڵۆباڵیزەیە. ئەم گڵۆبالیزەبوونە کە لە ساڵی ١٩٩١ ەوە پەیدابوو هەر ئەو ساڵە بوو کە ئەم دامەزراوە مەرگی مارکسیزم و کۆتایی مێژووی ڕاگەیاند. تەنانەت ئابووری ناسە چەپەکانیش پێشبینییە بنەماییەکانی مانیڤێستیان خستە ژێر پرسیارەوە. لەمانیڤێستدا هاتووە کە چۆن ئەم سیستەمە واتە سیستەمی سەرمایەداری هەموو کون و کەلەبەری کۆمەڵگە دەگرێتەوە و هیچ شوێنێک بە بەتاڵی بەجێ ناهێڵێ. زۆرینەی ئابووریناسەکان تەنانەت ئەوانەی کە هاوسۆزیشیان هەبوو بۆ مارکس گومانیان هەبوو لەوەی کە ”بەهرەگیری/ بەهرەکێشی لە بازاڕی جیهانی” خەسڵەتێکی کۆسمۆپۆڵیتی (جیهانی) بداتە بەرهەمهێنان و بەکارهێنان (بەکاربردن) لەهەر وڵاتێکدا”. وە هەروەک ئەگەرچی درەنگیش دەرکەوت کە مانیڤێست ڕاست بووە. هەرکەسێک کە مانیڤێست بخوێنێتەوە ئەمڕۆ سەری دەسوڕمێ کە وێنەیەکی لە جیهان دێتە بەرچاو کە زۆر لە جیهانی ئەمڕۆمان دەچێت، بەشێوەیەکی ترسناک دەلەنگێتەوە لەسەر لێواری تازەگەری و نوێگەری تەکنۆلۆژی دا. لە رۆژگاری مانیڤێستدا مەکینەی هەڵم گەورەترین هەڕەشەو مەترسی بوو بۆ سیستەمی فیۆداڵی/ دەرەبەگایەتی. ئەگەر مانیڤێست هەمان هێز و توانای هەیە بۆ حەماس پێدان و بزواندنمان هەروەکو هەیبوو لەساڵی ١٨٤٨دا، ئەوە لەبەرئەوەیە خەباتی نێوان چینە کۆمەڵایەتیەکان بە ئەندازەی کۆنی ڕۆژگار و زەمەن کۆنە. مارکس و ئەنگڵز لە ١٣ وشەی پڕجورئەتدا ئەمەیان کورت کردۆتەوە: ”مێژووی تائێستای کۆمەڵگەی مەوجود مێژووی خەباتی چینایەتییە”. لە ئەرستۆکراسی فیۆداڵیەوە بۆ ئیمپراتۆریەتی سەنعەتی، مەکینەی مێژوو هەمیشە ناکۆکی بەردەوامی نێوان بە شۆرشگێڕکردنی تەکنۆلۆژیا و سونەتە چینایەتییە مەوجودەکان. چینەکۆنەکان لەناودەچن و تەنها دوو چینێک کە دەمێنێتەوە یەکێکیان هەموو شتێکی هەیە و ئەوی تریان هیچی نییە، بۆرژوازی و پرۆلیتاریا. ئەمە ئەو بارە دژوارەیە کە ئێستا ئێمەی تیاین. لەکاتێکدا ئێمە قەرزاری سەرمایەدارین بەوەی کە هەموو جیاوازییە چینایەتیەکانی کورت کردۆتەوە لەو کەلێنە گەورەیەی کە هەیە لەنێوان مڵکدارەکان و بێ مڵک و ماڵەکان. مارکس و ئەنگڵز دەیانەوێ ئێمە تێ بگەین کە سەرمایەداری بەشێوەیەکی ناتەواو گەشە و پەرەی سەندووە، تاکو ئەو تەکنۆلۆژیایەی دروستی دەکات زیاتر بمێنێتەوە.

لە وشە لەیاد نەچووەکانی مانیڤێست:”کۆمەڵگەیەک کە وەها هۆیەکانی بەرهەمهینان و ئاڵوگۆڕی زەبەلاحی ئامادە و سازکردووە وەک ئەو جادوگەرە وایە کە چیدی ناتوانێ ئەو دۆزەخە بخاتە ژێر ڕکێفی خۆیەوە کە بە تەلیسمی خۆی بانگەوازی بۆ کردووە ”.

بەپێی ئەوەی کە مارکس و ئەنگڵز لە مانیڤێستدا نوسیوویانە ”ڕووخانی بۆرژوازی و سەرکەوتنی پرۆلیتاریا حەتمی یە”. هەرچەندە ئەم پێشبینیە تا ئێستا بەدی نەهاتووە، بەڵام ڕەخنەگران ئەوەیان لەبیرچووە کە  مانیفێست ئومێدێک ئەخاتە ڕوو لە شکڵ و فۆرمی دڵنیایی دا. مانیڤێست چیرۆکێکە بە زمانێکی سەرکەش و یاخی. مارکس و ئەنگڵز پێمان دەڵێن ئەگەر ئێمە ترسی شۆڕشمان هەبێ یاخود خۆمان لە ئەرکی سەرشانمان دووربخەینەوە ئەوا خۆمان لەسەر گێژاوێکی مارپێچی دا دەبینینەوە کە سەرمایە گیانی مرۆڤەکان لێواو لێو دەکات و بێ رەنگیان دەکات.

سنوور و لێواری سەرمایەداری هێندە بەرین و هەمەگیرە کەوا دەکات مەحاڵ بێت جیهانێک بەبێ ئەم سیستەمە لەخەیاڵ و هۆشت دا جێگەی بۆ بکەیتەوە و وادەکات کە تەسلیم بە قەدەری سەرمایەداری بێت، بەڵام لەوکاتەدا بانگەوازی مانیڤێست وەک ئەلتەرناتیڤ بەرامبەر بێدادی و نایەکسانی بەفریاد دێت. کێشەی سەرمایەداری یا کاپیتاڵیزم نامەنتیقیە و نامەعقولە. سەرکەوتنی سەرمایە لە بەرینکردن و فراوانکردنی سنوورەکانیدا لە کەڵەکەکردن لەپیناوی کەڵەکەکردن دەبێتە مایەی ئەوەی کە کرێکاران وەک مەکینە کار بکەن بۆ هەقدەستێکی ئێجگار کەم لەکاتێکدا رۆبۆت وا پرۆگرامکراوە کە شت گەلێک بەرهەم بهێنێ کە کرێکار چیدی ناتوانێ بەرهەمی بهێنێ و رۆبۆت پێویستی پێی نییە. سەرمایە ناتوانێ بەشێوەیەکی مەنتیقی و لۆژیکی مەکینە باشەکان بەکار بهێنێ کە دروستیان دەکات و تەواوی نەوەکان بە مەحروم کردن و لاوازکردنی ژینگە و بێکاری مەحکوم دەکات. ئەگەر سەرمایەداری نادادپەروەری و ناڕەوایی دێتە پێش چاو لەبەرئەوەیە کە هەموو دەکاتە کۆیلە هەژار و دەوڵەمەند و سەرچاوە مرۆیی و سروشتیەکان بەهەدەر دەدات.

یەکێک لەو پێشبینیانەی مانیڤێست سەبارەت بە سەرمایەداری و هەڕەشەیەک کە رووبەڕووی ئەو سیستەمە دەبێتەوە وە دەرکەوتووە کە ڕاستە و ڕاستیەکە ”سەرمایە” هەڕەشەی سەرەکیە بۆ ئەو سیستەمە هەروەک مارکس و ئەنگڵز ئاماژەیان پێداوە لە مانیڤێستدا. بەکورتی ڕاسپاردەی مانیڤێست ئەوەیە کە ئێمە پاڵ بە سەرمایەوە دەنێین بۆ لێوار و قەراغ و سنوورەکانی لەکاتێکدا ئاکامەکانی سنووردار دەکەین وە ئامادەکاری دەکەین بۆ سۆسیالیزم. مارکس و ئەنگڵز مانیڤێستەکەیان لەسەر بنەمای وەڵامێکی سادە و ساکارە ئەویش: خۆشی ڕاستەقینە بۆ مرۆڤەکان  و ئازادی راستەقینەیە. مارکس و ئەنگڵز ئەگەرچی ئەنارشیست نەبوون، بەڵام میانەیان لەگەڵ دەوڵەتدا نەبوو و خوازیاری نەمانی دەوڵەت بوون بە بەدیهاتنی سۆشیالیزم، چونکە لەوباوەڕەدا بوون کە دەوڵەت هی چینێکە و دروست بووە بۆ سەرکوتکردنی چینێکی تر، هەر بەو پێیە ئامانجی کۆتایی کۆمەڵگەیەکی بێ چینایەتی بێت کە پێویستی نە بەدەوڵەت بێت نە بە دامودەزگای سەرکووتگەری تری دەوڵەت.

ئەگەر بە وردی بڕوانینە مانیڤێست و ئەو دونیایەی کە مارکس و ئەنگڵز وێنایان کردووە لەو بانگەوازەدا هیچ پەیوەندییەکی دوور و نزیکی بە سیستەمێک و ڕژێمێک کە لەلایەن ستالینەوە ڕابەری کراوە و بەڕێوە براوە نییە.

تێبینی: ئەم بابەتە لە بۆپێشەوەی ژمارە ٤٥ بەرواری ١٥/٢/٢٠١٩ بڵاوکراوەتەوە…

Check Also

هێرشی ئیسرائیل بۆ سەر ڕەفەح! دوا بزمار لە تابوتی زایۆنیزم و هاوپەیمانە جیهانیەکانی

بەیاننامەی ژمارە ٦ی سێ حیزبی کۆمۆنیستی- کرێکاری لە ناوچەکەدا: ئەمڕۆ ٧ی ئایار، لە دۆخێکی پڕ …

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *