گڵکۆی مارکس لەهایگەیت ی لەندەن بۆ جارێکی تر هێرش دەکرێتەوە سەری لەبەرئەوەی:

مارکس زیندوە و ڕێبازەکەی لەهەموو کاتێکی تر زیندووترە…

سالار حمەسەعید…

گاردیان دەنووسێ: ١٣٦ ساڵ پاش مردنی مارکس کەسێک دەیەوێ ڕێگری بکات لە سەرهەڵدانەوەی کۆمۆنیزم.

گڵکۆی مارکس پیرۆز نیە، گٶڕی هیچ ڕابەرێکی کۆمۆنیستی لای کۆمۆنیستەکان جێگەی پەرستن وڕاز و نیاز نیە و مارکسیزم بەم کارە لەناوناچێت.  پەلاماردانی گڵکۆکەی هیچ لە بایەخی مارکس و سۆسیالیزم کەم ناکاتەوە بەڵکو بەپێچەوانەوە ئەم پەلاماردانانە خزمەتێکی گەورەیە کە بۆرژوازی دەیکات بە مارکس. دووبارە مارکس کەوتەوە سەر زاران. بۆرژوازی لەپەلەقاژەدایە، نازانێت هەر ئەوەی کەدەیکات خزمەتە بە مارکس و ڕێبازەکەیەتی. ئەوە درۆیەکی شاخدارە نەزانرێ کێ لەپشت ئەم کارە مناڵانەیەوەیە. بەراستی وەک چۆن لینن کاتێ ڕەخنە دەگرێ لە نەیارانی دەڵێ ئەم باسە هێندە مناڵانە و بێمانایە، منیش دەڵێم ئەم کارەتان کە خزمەتکردن بە بۆرژوازیە هەرکەسێک ئەنجامی دابێت، بەڵام لەراستیدا هێندە مناڵانەیە کە خزمەتی کرد بە مارکس و سۆسیالیزم.

نووسیویانە لەسەر گۆڕەکەی ” ئەندازیاری (ئارکتێکتی) جێنۆساید” وە ” تەعالیمی ڕق و کینە”، هەموو کەس دەزانێ کە مارکس نووسین و تەعالیمەکانی مرۆڤایەتی لێدەتکێ.

ئەمە بەڵگەیەکی زیندووە کە مارکس و ئومێد بەسۆسیالیزم لە هەموو کاتێکی تر زیندووتر و کاریگەرترە. گۆڕی مارکس لەماوەی یەک مانگدا (کەمتر لە دوو هەفتەدا) دووجار دەکەوێتە بەر پەلاماری دوژمنانی مرۆڤایەتی و یەکسانی و ئازادیخوازی. ئەمە بەڵگەیە بۆ زیندوویی مارکسیزم و کۆمۆنیزم، ئەگینا لەم شارە و لەم وڵاتەدا و لەزۆرێک لەوڵاتانی دونیا دەیان گۆڕی نووسەر و بیرمەند و فەیلەسووف هەیە بەڵام لەنێو هەموو ئەمانەدا بۆچی گۆڕی مارکس دەکەوێتە بەر پەلاماری بۆرژوازی و سیستەمە پڕ لە قەیرانەکەی.

مارکس لەهەموو کاتێک زیاتر ”پەیوەندی دارە” وەک رۆژنامەکانی گاردیان و گۆڤاری ئیکۆنۆمیست باسی لێوە دەکات. هەر لەم چەند رۆژەی رابردوودا زیاتر لە ٢ تا ٣ وتاری درێژ لە سەر مارکس و سۆسیالیزم نووسراوە. دوایین وتاری ئیکۆنۆمیست باس لەوە دەکات کە سۆسیالیزم وەڵام نیە بۆ قەیرانێک کە سەرمایەداری پێوەی دەناڵێ. گریمان وایە، ئەی کەواتە ئەم هات و هاوارە بۆچی؟ بۆچی هاوکات لەگەڵ ئەم وتارانەدا ئەم رووداوە روودەدات و پەلاماردانی جێرمی کۆربن کە تەداعی دەبێتەوە بە سۆسیالیزم وکۆمۆنیزم و مارکسیستی توندڕەو وەک رۆژنامەنووسەکانی بۆرژوازی لەقەڵەمی دەدەن. لێرەدا ئەم باسە بەرگری و داکۆکی نیە لە کۆربن . ئەوان سەرگەرمن بە لەیبەر و کۆربن و بەردەوام بەدوای کێشە نانەوەن بۆ جێرمی کۆربن و تاوانبارکردنی بە ” ئەنتی سیمیتیست ” واتە دژ بە ڕەگەزی سامی (بەتایبەت جوولەکە). هەموو ئەمانە پەیوەندیان بەم پەلامارانەوە هەیە کە ئێستا دەکرێتە سەر گۆڕی ڕابەری کۆمۆنیزم.

بەڕاستی جێگەی دڵخۆشییە کە ئەوەی ڕوودەدات، چونکە ئەمە بەڵگەیە بۆ زیندوو بوون و گرنگی ئەم ڕابەرە و ئەم ڕێبازە ئینسانیە ئەگینا ئەوەی لەسەر گۆڕەکەی نووسراوە پێویست بە هیچ دیفاع و داکۆکیەک ناکات بکرێ چونکە ئەوەی کلۆجێک لەبارەی مارکس و مارکسیزمەوە ئاگاداربێت دەزانێ مارکسیزم هەرگیز لە دوور و نزیک نزیکایەتی بەو وتە بێبایەخانەوە نیە. ئەوە هەمووی پلانی بۆرژوازیە بۆ لەکەدارکردنی مارکس و سۆسیالیزم بەڵگەش هەر دووبارە ڕووهێنانە بۆ سۆسیالیزم وە دووبارە گەڕانەوەیە بۆ مارکس و مانیفێستەکەی.

١٦ شوباتی ٢٠١٩

Check Also

سەردانی سودانی بۆ کۆشکی سپی

عوسمانی حاجی مارف هەر لەسەرەتای دانیشتنی بایدن و سودانی، بایدن ڕایگەیاند کە ئەمریکا پابەندە بە …

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *