چەند هەواڵی جۆراوجۆری جیهانی…

دوو کرێکار لە کاتی پشو و حەوانەوەیاندا، گیانیان بەخت کرد

ڕۆژی دووشه‌ممه‌ی بەرواری ١١/٢/٢٠١٩، دوو کرێکار لە شوێنى حەوانەوه‌و کاتی پشویاندا لە پرۆژەى لانە سیتی لە شاری کەلار گیانیان لەدەستدا.
به‌ پێی وته‌ی تیمه‌كانی فریاكه‌وتنی ئه‌م شاره‌، ئه‌م دوو كرێكاره‌ به‌ هۆی گازی كاربۆن پشوویان لێ بڕاوەو گیانیان له‌ده‌ستداوە. ئەم رووداوە دەیان رووداوی تر کە ژیانی کریکاران دەکێشێت، راستەوخۆ پەیوەندی بە نائەمنی شوێنی کار و شوێنی گونجاوی ژیانەوە هەیە… ئەگەر کرێکاران شوێنی کارکردنیان ئەمنیەتی و نییە و بەهۆی کەمی پێداویستییە گرنگەکانی کارەوە ساڵانە بە دەیان و سەدان کرێکار کە کوردستان گیان لەدەست دەدەن یان توشی لەدەستدانی ئەندامەکانی لەش یان دەرگیری نەخۆشی درێژخایەن دەبن، ئەوا ئەمجارە کرێکاران بەهۆی نەبوونی شوێنی گونجاو بۆ حەوانەوەو پشویان، دەبنە قوربانی… ئەم ڕوداوانە، دڕندەیی و چاوچنۆکی سەرمایەداران و کۆمپانیاکان دەردەخات، کە لە پێناو قازانج و سودی زۆرتردا، چاویان ژیان و گوزەرانی کرێکاران نابینێ…

شایانی باسه‌، ئەم دوو کرێکارە له‌ ئاوارەكانی سورییه‌ن كه‌ بە مەبەستی کارکردن و دابینکردنی ژیانیان ڕوویان لەکوردستان کردووە.

 

هەفتەی سیانزەهەمی ناڕەزایەتی ئێلەگ زەردەکان

نووسینی: ئەحمەد عبدالستار

وەرگێرانی: ئاراس رەشید

بۆ هەفتەی سیانزەهەمی خۆپیشاندانەکانی ئێلەگ زەردەکان دژ بە ڕژێمی ماکرۆن هاتنەوە سەر شەقام. ئەو ڕژێمەی ملیۆنان لە کرێکار و زەحمەتکێشی برسی کردووە، و دەوڵەمەندەکانیشی دەوڵەمەندتر کردووە بە لێخۆشبوونیان لە باج! دەزگای ئەمنیەکەشی بەچەکەوە لەبەرامبەر خۆپیشاندەرانی بێ چەک وەستاونەتەوە.

بەپێی قسەی وەزارەتی ناوەخۆی فەرەنسا ئەم هەفتەیە ژمارەی خۆپیشاندەران لە ٥٦هەزار کەس تێنەپەڕیوە، بەڵام بەپێی ڕێکخەرانی خۆپیشاندانەکان ژمارەی بەشداربوو گەیشتە ١١٦ هەزار کەس. ئێمەش بەوەی دووەمیان باوەڕ دەکەین، چونکە ٢لەسەر ٣ی خەڵکی فەرەنسی پشتیوانی ئەو بزووتنەوەیە دەکەن، بەپێی داتایەک کە پێنج شەممەی ڕابردوو بڵاویانکردەوە و گوتی” ئەم بزووتنەوەیە نوێنەرایەتی تووڕەیی کۆمەڵایەتی ڕاستەقینەی ئەوکەسانەیە لەم وڵاتە کە کەس دەنگیان نابیستێ”. ئەوەشی زیاد کرد” دەبێت ئەم بزووتنەوەیە بەردەوامی پێبدەین، و لەسەرمانە جەنگەکە ببەینەوە لە پێناو بەدەستهێنانی زیاتری عەدالەتی کۆمەڵایەتی و باج لەم وڵاتە.” ماڵی پتر لە ٥٠ ئەندام پەرلەمان هێرشی کراوەتە سەر، لەوەڵام بە دەرکردنی یاسایەک کە ناوەڕۆکەکەی خۆپیشاندەران بە تێکدەر ناودەبات، بەدواییدا هەڕەشەی هێزیان لێکردوون، پێش دوو هەفتە بەفەرمی خۆپیشاندەران جەنگیان ڕاگەیاند لە دژیان. ئەمڕۆ قسەکەری حکومەت بەنجامین غریفۆ گووتی” ئەوانەی ترس و هەڕەشە دەکەن و خراپەکاری و سوتان ئەنجام دەدەن، ئەوانە ناتوانن بە دیموکراسی پرسەکە یەکلابکەنەوە. ئێمە کۆمارین و بێپەروا دەجەنگین لەگەڵتان”.

جەنابی غریفۆ کۆمارەکەتان دەمێک ساڵە بۆتە ئامرازی زیادکردنی جۆرێک لەژیان بۆ ملیۆنان لەخەڵک، جۆرێک کە بنیاتنراوە لەسەر وەبەرهێنانی کرێکاران و تەواوی خەڵکی هەژار.  بڕیارەکەش ١٣ هەفتە پێش ئێستا دراوە بۆ بزووتنەوەی دیار بۆ تێکدانی ئەو کۆمارەتان، چونکە ئەوە کۆماری ئێوەیە، ئەو کۆمارەی کە لەبەرژەوەندی مرۆڤایەتیدایە ، دەبێت لەژێر دەسەڵاتی کرێکاران بێت بەتەنیا، نەک دەسەڵاتی پارێزەرانی سەرمایە.

 

تیرۆرکردنی نووسەر و ڕۆماننووس و مامۆستای زانکۆ (عەلاء مەشزوب) لە کەربەلا

ڕێکەوتی ٢/٢/٢٠١٩ لەشاری کەربەلا و لەشوێنێکی زۆر هەستیاری ئەمنی نووسەر و مامۆستای زانکۆ عەلاء مەشزوب لەبەر دەرگای ماڵی خۆی تیرۆرکرا. بەپێی دەزگاکانی ڕاگەیاندنی ناوخۆ ئێران لەپشتی ئەو تیرۆرکردنەدایە. بەپێی ڕاگەیاندنەکان ٢کەسی چەکدار بەماتۆرسواری ١٣ گوللەیان لێداوە و تیرۆریان کردووە. لە شەقامی (مەیسەم التمار) لە ناوچەی باب الخان کە ئەو ناوچەیە خومەینی ١٣ ساڵ تێیدا ژیاوە.

ئازایەتی: نووسەری تیرۆرکراو چالاکوانێکی کۆمەڵگەی مەدەنی بووە، بەشداری خۆپیشاندان و ناڕەزایەتیەکانی تەموزی ساڵی ڕابردووی کردوە.

ئەوەی دەگوترێت لەسەر ئەو نووسەرە کە کەسێکی ئازا و لەخۆ بووردوو بووە، ئەوەش تەنانەت لە ڕۆمان و وتارەکانی کە چاپکراون یان لە تۆڕەکۆمەلایەتیەکان و لاپەڕەی خۆی بڵاویکردوونەوەتەوە دەردەکەوێت.

مەشزوب ساڵی ١٩٦٨ لەکەربەلا لە دایک بووە. کۆلێجی هونەرەجوانەکانی زانکۆی بەغدای تەواوکردووە لە ساڵی ١٩٩٣، پاشان ماستەری وەرگرتووە، ساڵی ٢٠١٤ لە هونەرەجوانەکان بڕوانامەی دکتۆرای بەدەستهێناوە.

ساڵی ٢٠١٨ یەکەم کتێبی بەناوی ” نیشتمان و نیشتمان پەروەری” بڵاوبۆتەوە. پاشان کۆمەڵیک چیرۆک و ڕۆمانی تر، لەوانە” لەوانەیە بگەڕێمەوە لات، کوچەی بێوەژنان، تێکەڵەی هاوتا، تاوانی فەیسبووک، ئادەم سامی، مور و حەمامی جوولەکە زۆری دیکە.

شایانی باسە کە لەنووسینەکانیدا زۆر ڕەخنەی لە ڕژێمی جمهوری ئیسلامی و ڕەهبەرەکەی خومەینی گرتووە لە دەستێوەردانیان لە عێڕاق. هەربۆیە ئاماژەی زۆر هەیە کە ئێران دەستی هەبێت لە تیرۆرکردنی.

 

گڵکۆ و پەیکەری مارکس بە گوڵ دەڕازێنرێتەوە

دوای ئەوەی چەند کەسێک هەوڵیاندا لە رێگای چەکوش کارییەوە، پەیکەری مارکسی شۆرشگێرو بیرمەندی کۆمۆنیزم و فەیەلسوفی جیهانی، بشیوێنن، لەبەرامبەردا بۆ ڕیزگرتن لە رۆڵی مارکس بۆ ڕزگاری چینی کرێکارو ئینسانیەت لەدەستی نیزامی دیلیهێنەری سەرمایەداری و بۆ ئیدانەکردنی ئەو هەوڵە ترسنۆکانەیەی کە چاوی بە رۆڵی بێدرێغ و رزگاری بەخشی مارکس هەڵنایەت، بەرواری ١٠ ی ئەم مانگە ژمارەیەکی زۆر لە کەسایەتی سیاسی و کۆمۆنیست و ئینسان دۆست، و بەرابەری خواز سەردانی گڵکۆ و پەیکەری مارکسیان کرد و کۆبوونەوە… هەر لەو نمایشە ریزگرتنەدا، پەیکەرو گڵکۆی مارکس بە چەندان بەستە گوڵ ڕازێنرایەوە…

. تێبینی: ئەم هەواڵانە لە بۆپێشەوەی ژمارە ٤٥ بەرواری ١٥/٢/٢٠١٩ بڵاوکراوەتەوە…

Check Also

سەردانی سودانی بۆ کۆشکی سپی

عوسمانی حاجی مارف هەر لەسەرەتای دانیشتنی بایدن و سودانی، بایدن ڕایگەیاند کە ئەمریکا پابەندە بە …

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *