لەیادی ڕاپەریندا، ڕاپەڕینێکی تر لەبەردەم خەڵکی کوردستاندایە!….

عەبدوڵا مەحمود

چەند ڕۆژی داهاتوو، ٢٨ هەمین ساڵیادی راپەرینی خەڵکی کوردستانە، بەدژی دەسەڵاتی سەرکوتگەر و دیکتاتوری رژێمی فاشیستی بەعس. بە جیا لەوەی کە راپەرینی خەڵکی کوردستان لە چوارچیوەی ئاسۆی زاڵی بزوتنەوەی ناسیونالیستی کورد و جەنگخوازی ئەمریکا ڕوویدا، بەڵام ریشەی راپەرینی خەڵکی کوردستان، سەرکوت و بێمافی سیاسی و کڵۆمدانی ئازادییەکان و ژێر پێخستنی مافی سیاسی خەڵکی کوردستان بوو، لەسەر بنەمای داسەپاندنی ستەمی نەتەوایەتی بەسەر خەڵکی کوردستاندا.

سیاسەتی دڕندانەی ڕژێمی بەعس، بەرامبەر بە خەڵکی کوردستان و سوتماککردنی کوردستان و زاڵکردنی کەشێکی زاڵی سام ئاوەر بەسەر شارو شارۆچکەکاندا، لە نەبوونی بەدیل و حزبێکی شۆرشگێر و خەباتگێردا، خەڵکی کوردستانی ناچار بە کۆبونەوە لەدەوری هەر ئاسۆ و سیاسەت و نەخشەیەک دەکرد، کەلاوازکردنی ڕژێم یان روخاندنی بخاتە دەستوورەوە. لە هەلومەرجێکی ئاواداو لەدڵی سیاسەتی جەنگی ئەمریکادا بەمەبەستی داسەپاندنی دووبارەی هەیمەنەی خۆی بەسەر دنیادا و لە چوارچێوەی خۆبەستنەوەی رەوت و بزوتنەوە سیاسیە کۆمەڵایەتیەکانی بۆرژوازی بە سیاسەتی ملهورانەی ئەمریکادا و بانگەوازی درۆینەی” ئازادکردنی عێراق” دا، خەڵکی کوردستان بۆ رزگارییان لە ستەم و زوڵمی نەتەوایەتی و سەرکوتی سیاسی بەردەوام، ئیرادەی خۆیان رادەستی حزبەکانی بزوتنەوەی کوردایەتی کرد و لەسەر بانگەوازی ئەوان و بە هاندان و نەخشەی ئەوان، پاش چەخماغەدانی راپەرین و خۆپیشاندان لەخواروی عێراق، هاتنە مەیدان و لە ماوەیەکی کەمدا سەرجەم دام و دەزگا ئەمنی و سەربازییەکان و دەسەڵاتی سیاسی رژێمی بەعسیان راماڵی.

خەون و خولیای راپەریوان، بەپلەی یەکەم بۆ ئازادی و زامنکردنی مافە سیاسییەکانی خەڵکی کوردستان بوو. بۆ دەست ڕاگەیشتن بوو بە خەونی کوردستانێکی ئازاد و سەربەخۆی دوور لەداگیرکاری. ئەم خەون و خولیایە لە ژێر سایەی ڕژیمێکی تاسەر ئیسقان دیکتاتۆرو ملهوری سەرمایەدارییدا، لە وڵاتێکدا کە ستەم نەتەوایەتی بوبووە گرێ کوێرەیەکی ئاڵۆز و سەرچاوەیەک بۆ ململانێی نیوان بزوتنەوەی دەسەڵاتداری بەعسی سەرمایە لەلایەک و بزوتنەوەی ناسیونالیستی وێڵ بەدوای بەشداری لەدەسەڵاتی بەعسدا، رەوا و هاوکات دەمێک بوو ببوو بە پێداویستیەکی گرنگ. ئەوەی کە ئەم خەونەی لەبەین برد، و سەربەخۆی کورستانی کردە کاریکاتۆر، بووە کۆسپ لەبەردەم فەراهەم کردنی ئازادییە سیاسییەکان و مافەکانی خەڵکی کوردستان، بەر لەهەموو فاکتەرێک، نەبوونی حزب و لایەنی سیاسی شۆرشگێر و چەپی بەهێزو هیڵی سیاسی سەربەخۆی پشت بەستو بەڕیگاچارەی بەشی پێشرەوی چینی کرێکار بوو… لە نەبوونی حزب و لایەنی شۆرشگێر و بەهێزو ئاسۆیەکی رۆشنی جیاوازی رزگاری بەخش و سۆشیالیستیدا، بە کردەوە خەڵکی کوردستان بوونە زەخیرە بۆ ئامانجە ناسیونالیستیەکان و سەرئەنجامیش بووە هۆی داسەپاندی دەسەڵاتی حزبە ناسیونالیستە کوردییەکان…بەسەر ژیان و ئیرادەی سیاسی خەڵکی کوردستاندا.

حزبەکانی بزوتنەوەی کوردایەتی لەو دۆخەدا بەدەسەڵات گەیشتن و لەیەکەمین هەنگاوی دەسەڵاتدارێتیاندا، یەکەم: هیرشیان کردە سەر شوراکان و رابەرانی شوراکان، کە تاکە دیاردەی جوان و جورێکی تر لە بەڕیوەبردن و سەرچاوەی نواندنی ئیرادەی راستەوخۆ و ئازادانەی لەخوارەوەی جەماوەری بوو، بەزۆری هێز دایانخستن. دووەم: خۆیان کۆکردەوەو ئامادەکاریان کرد بۆ گفتوگۆ لەگەڵ رژێمی بەعس لەدڵی ئاوارەیی ملیۆنی خەڵکی کوردستاندا. سێهەم، دەستیان برد بۆ کوشتاری ژنان لەژیر ناوی شەرەف و هاوکاریکردنیان لەگەڵ دەزگاکانی بەعس، لە کاتیکدا تاوانبارە سەرەکیەکانی ئەنفال و پیاوە چاو ساغەکانی سەر بەبەعس لێبوردنیان بۆ دەرکرا. چوارەم هەنگاویان، دەستبردن بوو بۆ دزی و تاڵانیەکی کەم وێنە و ئاودیوکردن و هەرزان فرۆشکردنی ممتەلەکاتەکانی دام و دەزگا و کۆمپانیا و کارگە و کارخانەکان و پرۆژەکان و پرۆژە تەواو نەکراوەکان.

ئەم هەلومەجەی کە بناغەکانی دەسەڵاتی ستەم گەرانە، خۆشخزمەت، دژە ژن، تاڵانچی، دژە ئازادی دارشت و ٢٨ ساڵە درێژەی هەیە… راستەوخۆ ریشەی لەو دەسەڵاتەدایە کە لەیەکەمین هەنگاوەکانی دەستگیربوونی لەدەسەڵاتدا، دەستیان بۆبرد.

ئیستا ٢٨ ساڵە، دەسەڵاتی بزوتنەوەی کوردایەتی سات و سەودا بە کیشەی خەڵکی کوردستانەوە دەکات و کردویەتە دەستمایەی درێژەدان بە مانەوەو دەسەڵاتی. ٢٨ ساڵە دژە ئازادی و ئازادییەکان و ژێرپێخستنی ئیرادەی سیاسی بۆتە ناسنامەو سیمایەکی ئینکار نەکراوی. ژن کوشتن و پارێزگاری کردن لەو یاسایانە سەردەمی بەعس و یاسای باری کەسێتی، کە رەوایەتی بە کوشتاری بەردەوامی ژنان دەدات، توند دەستیان پێوەی گرتووە. دزی و تاڵانی و ئاشکرای مافیا ئاسا، بەردەوامی هەیە کە لە سەدی بێخمەو و شوێنەکانی ترەوە دەستی پیکردووە تا گەیشتۆتە دزین و دەست بەسەراگرتنی نەوت و کێڵگە نەوتیەکان و قۆرغ کردنی بازار و داهاتی سەر زەوی و ژیر زەوی.

وە لە ئاکامی ئەو سفەت پیشەیانەیدا، کە بۆتە تایبەتمەندی بزوتنەوەی کوردایەتی و حزبەکانی، جەماوەری کرێکار و دەستکورتی کوردستان تا هاتووە هەژار تر و بێماف تر بوون و خۆیان و چینە داراکانیش دەوڵەمەندترو تەسەڵ تر… و قڵشتی چینانیەتی تا هاتووە فراوان بۆتەوە. ئایندەی سیاسی کوردستان نادیارو ئالۆزکاو راگیراوە، مافە فەردی و مەدەنییەکان، زەوت کراون، ئازادییەکان بە تۆرێک پیرۆزی پوچ، کڵۆم دراون… ئیرادەی سیاسی خەڵکی کوردستان و تاکەکانی تیکشکێنراوە. ژنان و توندوتیژی و کوشتارییان بێ وەستانە، کۆمەڵگە لەهەموو بارێکەوە پاشەکشەی پێکراوە، لە باری فەرهەنگ و کەلتورەوە تا ساناترین خزمەتگوزارییەکان.

دیارە هاوکات لەگەڵ ئەو واقعیە تاڵەدا کە دەسەڵات دای سەپاندووە، تورەیی و نەفرەتی جەماوەریش تا هاتووە بەرەو هەڵکشان چووە، تا رادەیەکی زۆر خۆشباوەری بەدەسەڵات و ئۆپۆزیسێۆن رەویوەتەوە… ئەم چەند ساڵەی دوایی چەندین خۆپیشاندانی فراوانی جەماوەری یەخەگیری دەسەڵات بووە، خەڵکی کوردستان وەکو مافیا تەماشای ئەو دەسەڵاتە دەکەن، خواستی کۆتاییهێنان بەو دەسەڵاتە تا دێت بەرینتر دەبێتەوە.  

ئێستا دوای ٢٨ ساڵ، بەسەر  ڕاپەرینی خەڵکی کوردستاندا بە دژی بەعس، جێگای خۆی داوە بەئامادەکاری بۆ راپەرین و راماڵینی دەسەڵاتی بزوتنەوەی کوردایەتی… پێویستە ئەو ئامادەکارییە، ببێتە خاوەنی نەخشە، ببێتە هەڵگری ئاسۆیەکی رۆشنی رزگاری بۆ چینی کرێکارو بێبەشانی کۆمەڵگە… دەبێ بۆ ئەو نەبەردە قۆڵی خەباتکارانەی لێ هەڵبماڵین…

تێبینی: ئەم بابەتە لە بۆپێشەوەی ژمارە ٤٦ بەرواری ١/٣/٢٠١٩ بڵاوکراوەتەوە…

Check Also

هێرشی ئیسرائیل بۆ سەر ڕەفەح! دوا بزمار لە تابوتی زایۆنیزم و هاوپەیمانە جیهانیەکانی

بەیاننامەی ژمارە ٦ی سێ حیزبی کۆمۆنیستی- کرێکاری لە ناوچەکەدا: ئەمڕۆ ٧ی ئایار، لە دۆخێکی پڕ …

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *