لە پەراوێزی ڕیکەوتنی پارتی و گۆڕاندا….

….لە هەڤدەی شوباتەوە بۆ ١٧ شوبات!….

عەبدوڵا مەحمود…

لە یەکەمین چەخماغەدانی تورەیی جەماوەریدا بە دژی دەسەڵاتی مافیایی و تاڵانچی بزوتنەوەی کوردایەتی، بزوتنەوەی گۆڕان رێپێوان و خۆپیشاندانی جەماوەری ١٧ شوباتی ساڵی ٢٠١١ بە گێرەشێوێن و ئاژاوەچی وێناکرد و ڕایگەیاند کە ئامادەن لە بەرامبەر توەریی جەماوەریدا هاوکاری دەزگا ئەمنیەکان بکەن. پاشان کاتێک بینیان کە ئەم بزوتنەوەیە بەردەوامی دەبێت، هەوڵەکانیان خستە گەر تا جڵەوی نارەزایەتییە جەماوەرییەکە بگرنە دەست و بە کردەوەش توانیان، پیگەو رۆڵی سەرەکی خۆیانی تیا زاڵ بکەن…

رۆڵی بزوتنەوەی گۆڕان، و زاڵکردنی هەیمەنەی خۆیان بەسەر ئەو خۆپیشاندان و نارەزایەتیانەی دوای ١٧ شوباتدا، لە بنەرەتدا…، پەیوەندی بە پشتیوانی  حزبی گۆڕان لە شۆڕشی وڵاتانی باکوری ئەفریقیا، پەیوەندی بە پشتیوانی بزوتنەوەی گۆڕان لە گۆڕینی سیستەمی سیاسی، یان بۆ پشتیوانی لە خواستە ڕەوکانی خەڵکی ستەم لێچووی کوردستان نەبوو. حزبی گۆڕان بۆ رزگارکردنی دەسەڵاتی بزوتنەوەی کوردایەتی و ئەزموونە پوچەکەی لە تورەیی نارەزایەتی جەماوەری، کە نەیتوانی بە ئاژاوەگێر لە قەڵەمدانی جڵەوی بکات، بە بەشداری و خستنەگەری هێز توانایەکانیان و تۆپخانەی راگەیاندنەکەی ڕیگای زاڵکردنی هەژموونی خۆی بەسەر بزوتنەوەی ١٧شوباتدا، زامن کرد. ئەم زامنکردنی ڕۆڵە سەرەکییە بۆ گوێزانەوەی تورەیی شەقام بوو، بۆ ناو هۆڵی پەرلەمان و بە دەستەوەگرتنی تورەیی جەماوەربوو بۆ هەڵزنین و دەستراگەیشتن بە کێکی شیرینی دەسەڵات و زامنکردنی ژیانی کۆشک نشینی و فیرعەونی بۆ سەرانی دەم گەرم و ئەندام پەرلەمانە تەسەلە موچە ٨ ملیۆنیەکانیان.

لەیەکەمین رۆژی پێگرتنی بزوتنەوەی گۆڕانەوە، ئەرکی گۆران ڕیگەگرتن بوو لە گۆرانکاری کە خەڵکی کوردستان بەدوای لەدەسەڵات کەوتنی رژیمی بەعسەوە، بۆی هاتبوونە سەر شەقامەکان. گۆران وەکو حزب بە دژی گۆڕانکاری کۆمەڵایەتیدا پێی گرت و هاتە گۆرەپانەکە.

هاتنە مەیدانی بزوتنەوەی گۆڕان، بێ ئەوەی هیچ جیاوازییەکی سەرەکی لەگەڵ حزبە تەقلیدییەکانی بزوتنەوەی کوردایەتی هەبێت، لە یەکەمین رۆژەوە ناسنامەی بزوتنەوەی گۆرانی خستە روو. دیارە بزوتنەوەی گۆڕان زۆر هەوڵیدا لەلایەکەوە لەرێگای کۆمەڵیک نووسەرو رۆشنبیر!! و لەلایەکی تریشەوە بە گۆڕینی ناوە رێکخراوەییەکان، بۆ مەکۆ و رایەڵەو بازانە و باژێڕوان، خانە و… واپیشان بدات کە مۆدیلێکی تری حزبە، جیاواز لە حزبەکانی ترە، خاوەنی ئەجندای نوێیە… بەڵام هیچ کام لەوانە نەیتوانی ئەو راستیە پەرەپۆش بکات، کە گۆران لە هەمان قوماش و مەعدەنی کارخانەی حزبسازی بزوتنەوەی کوردایەتییەو هەڵگری هیچ جیاوازییەکی بناغەیی و بەرجەستە، لەگەڵ حزبە تەقلیدیەکانی وەکو پارتی و یەکێتی نییە. گۆران نە لەپرسی پەیوەندی هەرێم بە ناوەندو بەغداوە، نە لەپرسی چارەسەری کیشەی کورد و ئاینندەی کوردستان، نە لە پرسی چۆنیەتی بەڕیوەبردنی و ئیدارەی ناوخۆی هەرێم و پەیوەندی حزبەکان لەگەڵ یەکتری و نە لە پرسی مافە فەردی و مەدەنییەکاندا، هیچ جیاوازییەکی لەگەڵ خەت و دیدو نەخشەکانی پارتی و یەکیتی نەبوو.

لەم رۆژانەدا بەدیاریکراوی لە ١٧ شوباتی ئەمساڵدا کە ڕیکەوتنی پارتی و گۆران، ئیمزاکرا… کاردانەوەیەکی زۆری لە ڕیزەکانی بزوتنەوەی گۆڕان و ژمارەیەکی زۆر لە نووسەرو ڕۆشنبیرانی لایەنگر لەو حزبە بەدوای خۆیدا هێنا. ڕیکەوتنیان لەگەڵ پارتی وەکو روداوێکی نەخوازراو، ناچاوەڕوانکراو، لادان لە ڕیبازی نەوشیروان مستەفا، لەقەڵەمدا.

زوربەی هەرە زۆری کاردانەوەکان، بەیانی راستگۆیی ناکەن و لە راستیدا هەوڵی چەواشەکارانەن، بۆ شێوانی راستیەکان و راستیە ئەزمونکراوەکانیش. لەسەردەمی خودی رێکخەری گشتی پێشوودا، ڕیکەوتنی چوارساڵە” چوارساڵی ئارام” لەگەڵ پارتی واژۆ کراوە، کۆبوونەوەی دووقۆڵی و ژوری تاریک و شاراوە ئەنجامدراوە. لایەنگران و ئەندام و دۆستانی گۆڕانیش، کێشەکیان لەگەڵی نەبووەو بۆیان جێگای شانازی بووە. ئەوەی ئێستا ڕیکەوتنی گۆران و پارتی کاردانەوەی لێدەکەوێتەوە، پەیوەندی بە ڕێکەوتنی گۆڕان و پارتییەوە نییە، بەڵکو راستەوخۆ پەیوەندی بە دابەزینی رۆژ بەرۆژی کێرڤی بزوتنەوەی گۆڕانەوە هەیە، ریشەی لە ئاشکرابوونی پەیامەکانی گۆڕاندایە، کە لەیەکەمین رۆژەوە هەڵگری بووە. تا ئەو جێگایەش بە نووسەر و رۆشبیر و راوێژکارەکان و ئەندازیارانی هێڵی گۆران دەگەڕێتەوە…  کارادنەوە و نیگەرانیان لە ریکەوتنی پارتی و گۆڕان، رووپۆشێکە بۆ شاردنەوەی شکستی پرۆژەیەک کە وەکو خەون و ئایندەی خۆشبەختی دەرخواردی کۆمەڵگەیان دەدا. ئەو بەڕێزانە شەهامەتی دان نان بە شکستی خۆیانیاندا نییە، زاتی رەخنە گرتن لە خۆیان و پرۆژە شکست خواردووەکەیان نییە.

چ گۆڕان و هەر حزبێکی تری بۆرژوازی کورد، ئاساییترین کار ئەوەیە لەگەڵ یەکتری کۆببنەوە، دانوستاندن بکەن، لەسەر پرۆژەی هاوبەش رێک بکەون، بەیەکەوە حکومەت!! سازی بکەن…تاد. وە ناکرێت حزبی سیاسی هەر لە ئۆپۆزیسێۆندا، بێت. حزبێک هەر لە ئۆپۆزیسیۆندا بێت، حزبی دۆراوە، حزبی دەسەڵات سزە.

بزوتنەوەی گۆڕان لەو رۆژەوەی دروست بووە، هەڵگری پەیامێکی رۆشن بووە و لەسەر ئەو هێڵەش ماوەتەوە، پەیامی رزگارکردنی دەسەڵات، پەیامی زیندوراگرتنی ئەزموونی شکستخواردوو هەرێم، پەیامی بەشداری لەدەسەڵات و بەشداربوو لەسامان وداهاتی هەرێم. پەیامی ڕیگەگرتن لە گۆڕانکاری ریشەیی لە سیستەمی حکورانی هەرێمدا… ئەمانە پەیامی رۆشن و ئاشکرای گۆڕان بووە.

لە ١٧ شوباتی ٢٠١١دا، کە بزوتنەوەی گۆڕان لە زمانی ریكخەری کۆچکردویانەوە، خۆپیشاندان و نارەزایەتی و تورەیی خەڵکیان بەدژی دەسەڵات، بە ئاژەوەگێر و لەقەڵەمدا و رایانگەیاند ئامادەی هاوکاری دەزگا ئەمنیەکانن، تا دەگات بە رێکەوتنی ١٧ شوباتی ٢٠١٩ لەگەڵ پارتی حزبی دایک!! یاندا، بۆ دروستکردنی حکومەت و دابەشکاری پۆستەکان، بۆ پاراستنی دەسەڵاتی بزوتنەوەی کوردایەتی و بۆ هەڵزنین بووە بەمەبەستی گەیشتن بەدەسەڵات و بەشداری کردن لەو حکومرانیەدا، کە دزی و تاڵانی، سەرکوت و بێمافی، نۆکەرپیشەیی… بۆتە ناسنامەی.

حزبی گۆڕان، چ لە باری ئەجندای سیاسی و چ لە پەیامێکدا کە بوویەتی، نە خیانەتێکی کردوەو نە لە ڕیبازی ریکخەری پیشوو لایداوە… ئەوەی گۆڕاوەو ئاڵوگۆری بەسەدا هاتووە، ئەجندای سیاسی و پەیامی گۆران، تا هاتووە رۆشن تر دەرکەوتووە، کە هەمان پەیام و ئەجندای حزبەکانی تری بزوتنەوەی کوردایەتییە… ئەمەش وای کردووە رۆژ بەرۆژ پاشەکشە بکات و بەشیکی زۆر لە کادر و هەڵسوڕاوەکانی وازبهێنن، یان رووبکەنەوە ماڵە باوانیان و جەماوەرەکەشیان لێی بتۆرێ.

بزوتنەوەی گۆڕان شانسێکی بۆ هەستانەوە و پێشرەوی نییە. شانسی مانەوەی گۆڕان، بەو قەبارەی ئێستایەوە یان کەمتر، بەندە بەکەڵک وەرگرتن لە ململانێی نەپساوەی نێوان پارتی و یەکێتی نیشتیمانییەوە.

بۆ پارتی و یەکیێتیش، گۆران بۆتە ئەمری واقعێکی ناچاری کە دەبێ مایەی لەسەر دابنین، بۆ کایەکی سیاسی نوێ، بۆ راگرتنی باڵانس و بەکاربردنی وەکو کارتی گوشار و هەرەشە لەیەکتری. بۆ یەکێتی نزیک بوونەوە لە بزوتنەوەی گۆڕان، یان ڕیکەوتن و سازان لەگەڵ یەکتری بۆ ئەوەیە بەر هەژموونی پارتی بگرن و ئەم زۆنە بە موڵکی سەوزی یەکێتی بمێنێتەوە. بۆ پارتیش نزیک بوونەوە لەگەڵ بزوتنەوەی گۆران و ڕیکەوتن و سازان لەگەڵی، بەدەستەوە گرتنی بزوتنەوەی گۆرانە وەکو کارتێکی هەرەشە دژ بە خاوەندارێتی زۆنی سەوز و نائارام راگرتنی سیاسی ئەو زۆنە، لە ململانی سیاسی ئەو زۆنەدا.

نیگەرانی یەکێتش لە ڕیکەوتنی گۆران لەگەڵ پارتی، تەنها ئەوەیە کە دەزانن پارتی دەیەوێ حەلقەی خاوەندارێتی زۆنی سەوز، لە ڕیگای بزوتنەوەی گۆڕانەوە بشکێنێت و پرسی هەرەشەی دووئیدارەیی!! لەلایەن یەکتییەوە، کەم رەنگ بکاتەوە. لە بەرامبەریشدا یەکیتی دەیەوێت گۆڕان لە زۆنی سەوزدا هاوکارو هاو خەتی بێت، تا وەکو هەرەشەیەک لەبەرامبەر بە حکومەتێکی سەراسەریدا، بەکاری بهینێت. دیارە بزوتنەوەی گۆرانیش، لە تەماحی هەردوو لایان بە ئاگایەو دەیەوێت، لەو ململانێیەدا، دەستکەوتەکانی خۆی، بچنێتەوە.

ئەم واقعیەتەش، کە بزوتنەوەی گۆڕان هیشتا کاریگەری لەسەر شەقام و رای گشتی هەیە، هیشتا توانای جوڵاندنی شەقام و سەریەشە دروستکردنی بۆ دەسەڵات بەگشتی و لەزۆنی سەوز بەتایبەتی، هەیە… راستیەکی حاشا هەڵنەگرە.

ڕیکەوتنی بزوتنەوەی گۆران و پارتی، نە رووداوێکی غەریبە و نەیەکەم جاریشە… هەروەکو چۆن بەشدارییشی لە حکومەتدا تازە نییە. وە هیچ ئاڵوگۆرێکیش لە سیاسەت و ئەجندای بزوتنەوەی گۆراندا پێک نەهاتووە، بزوتنەوەی گۆران، هەمان بزوتنەوەی گۆرانە، کە یەکەم رۆژ بۆی پێکهاتووەو لە ١٧ شوباتی ٢٠١١دا، خەڵک بە ئاژاوەچی لەقەڵەم دەدەت و پاشان بەسەر لاشەو قوربانیانی ١٧ شوبات و خۆپیشاندانەکای دواتردا، دەچیتە ناو دەسەڵات و بەڵینی “٤ ساڵ ئارام” دەدات و لەبەرامبەر کارەساتی شەنگالدا، بێدەنگ دەبێت و رۆڵی سلبی لە خۆپیشاندان و بایکۆتی دوو ساڵەی مامۆستایان و کارمەنداندا دەگێرێت و ئەو کاتەش لە پارتی زویر دەبێت، دەبێتە موچە خۆری یەکێتی و مانگانە ٢٥ دەفتەر دۆلار لە یەکیتی وەردەگرێت. لە ١٧ شوباتی ٢٠١٩دا، ڕیکەوتن لەگەڵ بکوژانی خۆپیشاندەرانی ١٧ شوباتی ٢٠١١دا دەکات. بێدەنگە لەبەرامبەر بە دەستگیرکردنی دەیان هەڵسوڕاوی بادینان، لەم ماوەیەدا و بێدەنگە لە تۆمەتبارکردنیان بە خیانەتی نیشتیمانی، چونکە دژی ملهوری تورکیاو بارەگاکانیان خۆپیشاندانیان کردووە. ئاینندە هەمان ئەو راستیانە بەرۆشنتریش نیشان دەدات…

تێبینی: ئەم بابەتە لە بۆپێشەوەی ژمارە ٤٦ بەرواری ١/٣/٢٠١٩ بڵاوکراوەتەوە…

Check Also

هێرشی ئیسرائیل بۆ سەر ڕەفەح! دوا بزمار لە تابوتی زایۆنیزم و هاوپەیمانە جیهانیەکانی

بەیاننامەی ژمارە ٦ی سێ حیزبی کۆمۆنیستی- کرێکاری لە ناوچەکەدا: ئەمڕۆ ٧ی ئایار، لە دۆخێکی پڕ …

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *