مارکس و قەیرانی ئابووری سەرمایەداری…

ئامادەکردنی: سالار حمەسەعید….

بەشی دووەم  و کۆتایی

مارکس سەبارەت بە بەرهەمهێنانی سەرمایەداری باس لە ”زیدە بەرهەمهێنان ” دەکات. ئەو پێی وایە کە وشەی ”زێدە بەرهەمهینان” خۆی لەخۆیدا بەرەو بەهەڵەداچوونمان دەبات. لەبەرئەوەی تائەو کاتەی پێداویستییە بەپەلەکانی بەشێکی زۆری کۆمەڵگە تێر و پڕ نەکراوە و دابین نەبووە یاخود تەنها هەرە دەستبەجێ ترین پێداویستییەکان دابینکراون. هەر لەبەرئەوە قسەکردن لەسەر زێدە بەرهەمهێنانی کاڵا بەهیچ شێوەیەک جێگەی باس نییە و بەهەڵەماندا دەبات. بە مانایەکی تر بڕی زۆر و زەبەنەی کاڵا زیاد دەبێ لەپەیوەند بە پێویستی پێ یان واتە پێویست بوون بەو کاڵایانە.  ئەوەی کە دەبێ بوترێ پێچەوانەکەیەتی: بەم مانایە، لەسەر بنەمای بەرهەمهێنانی سەرمایەداری، کەمی لە بەرهەمهێنان دا هەیە . مەرز و سنووری بەرهەمهێنان بریتییە لە قازانجی سەرمایەدار یا سەرمایەداری نەک پێداویستی و نیازەکانی بەرهەمهێنەران (مارکس: تیۆریەکانی زێدەبەها ، لاپەرە ٤٠٦). لێرەدا هەروەک پێشتر باسکرا ئەوەی  بەرهەمهێنان لەسەرمایەداریدا دیاری دەکات قازانج و بڕی ئەو قازانجەیە نەک نیاز و پێداویستیەکانی بەرهەمهێنەرەکان.

خاڵێکی تر کە مارکس جەختی لەسەردەکاتەوە  مەسەلەی  گەشەی هێزەکانی بەرهەمهێنانە، ئەو پێی وایە کە گەشەکردن و پەرەسەندنی هێزەکانی بەرهەمهێنان دەبێتە مایەی کەمبوونەوەی ژمارەی کرێکاران  بەمانایەکی تر بە تەواوی کۆمەڵگە توانا دەبەخشێ کە تەواوی بەرهەمهێنان لە ماوەیەکی کورت تردا بە ئەنجام بگەیەنێت واتە تەواوی بکات، دەبێتە هۆی شۆڕشێک، چونکە ئەندازەیەکی زۆر لەخەڵک لە سەرکار نامێنن وە دەردەکرێن لە کێبەرکێ و لە منافەسەدا نامێنن. واتە یەکێک لە دەرهاویشتەکانی گەشەکردنی هێزەکانی بەرهەمهێنان کێشەی بێکارکردنی کرێکارانە. ئەمە یەکێکی ترە لە دەرکەوتە ڕۆشنەکانی ڕێگر و بەربەستی تایبەتی بەرهەمهێنانی سەرمایەداری، هەروەها پیشانی دەدا کە بەرهەمهێنانی سەرمایەداری بەهیچ شێوەیەک شێوازی موتڵەق (ڕەها)ی گەشەسەندنی هێزەکانی بەرهەمهێنان  و پێکهینانی سەروەت و سامان نییە، بەڵام لەهەندی کاتدا لەگەڵ ئەم گەشەکردنەدا بەریەککەوتن ڕوودەدات. ئەم بەریەککەوتنە بەشێوەی قەیرانی ناوبەناو و دەوری دەردەکەوێ، کە لە بارو ڕەوشێکا ئەو بەشەی خەڵکی کرێکار بێکاردەبن لەژێر سایەی شێوازی کارکردنی کۆندا. ئەندازەی بەرهەمهێنانی سەرمایەداری بریتی یە لەو زێدە کاتانەی کرێکاران. هەرچی زیاتر فرەیی و کارایی لە بەرهەمهێناندا گەشە بکات کاتی زێدە بەرهەمهێنانی کریکاران زیاد دەکات نەک لەبەرئەوەی کاتی کارکردن بۆ بەرهەمهێنانی مەواد و شتومەک بەگشتی کەم دەکا. هەر لەبەر ئەمە ناکۆکی و دژایەتی ڕوودەدات.

گەشەی کەڵەکەکردنی سەرمایە دەلالەت دەکات لە  پەرەسەندن و پەرەگرتنی چەقگیری (چڕبوونەوە)ی دەسەڵات. بەم پێیە سەرمایە کەڵەکە دەبێ و هێزو دەسەڵاتیش لەشوێنێکدا کۆ و چڕ دەبێتەوە و دەسەڵات وهێزی سەرمایەش گەشە دەکات. سەرمایە زیاتر و زیاتر وەک هێزێکی کۆمەڵایەتی دێتە پێشەوە کە نوێنەرەکەی سەرمایەدارە. ئەم هیزە یا دەسەڵاتە کۆمەڵایەتیە چیدی لە هیچ پەیوەندیەکی مومکین و گونجاو دا  نابێت لەگەڵ کاری تاکە کرێکارێک کە دەتوانێ دروستی بکات. ناکۆکی و دژایەتی  لەلایەکەوە لە نێوان هێزو دەسەڵاتی کۆمەڵایەتی گشتی کە سەرمایە گەشەی بۆ دەکات و لەلایەکی ترەوە هێز و دەسەڵاتی تایبەتی سەرمایەدارەکان سەبارەت بەم بارو ڕەوشە کۆمەڵایەتیانەی بەرهەمهێنان، کە هەمیشە و هەردەم ناتەبا و ناسازگارە. بەڵام هێشتا چارەسەری کێشەکەی لەخۆدا هەڵگرتووە، لەبەرئەوەی لەهەمان کاتدا ئاڵوگۆڕی بارو ڕەوشی بەرهەمهێنان  بۆ بارو ڕەوشی گشتی و باو و ئاسایی و کۆمەڵایەتی دەگەیەنێ. ئەم ئاڵوگۆڕە ڕەگ و ڕیشەی لە گەشەکردنی هێزەکانی بەرهەمهێناندا گرتوە لە سایەی بەرهەمهێنانی سەرمایەداری و هەروەها لەو ڕێگەو هۆیانەی کە بەهۆیەوە ئەم  گەشەکردنە ڕوودەدات.  (مارکس: کاپیتاڵ بەرگی سێ یەم ، ساڵی ١٨٩٤، لاپەڕە ٢٦٣).

هەروەها بابەتێکی تریش گرنگە لێرەدا بخرێتە ڕوو ئەویش ”کەم بەکارهێنان” یا کەم سەرف کردن. مارکس باس لە ”کەم سەرف کردن” دەکات و دەڵێ  کە ئەوە هەڵەیە کە وا بزانین کە هۆکاری قەیرانەکان کەمی لە مەسرەفکردن یا کەم بەکارهێنان دابێت یا بەکاربەرەکان واتە ئەوانەی شتومەک وکاڵا سەرف دەکەن و بەکاردەبەن  زۆر کاریگەر و بەسوود نین. مارکس لەو باوەڕەدایە کە سیستەمی سەرمایەداری جگەلە بەکاربردن و سەرفکردنی کاریگەر شتێک ناناسێ وە کاتێک شمەکێک یا کاڵایەک نافرۆشرێت مانای ئەوەیە کە کڕیارێکی کاریگەری بۆ پەیدانەکراوە. مارکس پێی وایە کە بەرهەمهێنانی سەرمایەداری پێک دێت لە هەلومەرجێک کە سەربەخۆیە لە ئیرادەی باش وخراپ، هەلومەرجێک کە رێگە بە چینی کرێکار دەدات کە لەزەت و خۆشی وەرگرێ لەو گەشە و خۆشگوزەرانیە کاتییە (مارکس: سەرمایە. بەرگی دووەم ساڵی ١٨٩٤، لاپەڕە ٤١٠).

٢٤مارسی ٢٠١٩

بۆخوێنەوەی بەشی یەکەم… کلیکی ئەمە بکەن…http://www.bopeshawa.net/index/?p=3014

 

 تێبینی: ئەم بابەتە لە بۆپێشەوەی ژمارە ٤٩ی بەرواری ١/٤/٢٠١٩ بڵاوبۆتەوە

Check Also

هێرشی ئیسرائیل بۆ سەر ڕەفەح! دوا بزمار لە تابوتی زایۆنیزم و هاوپەیمانە جیهانیەکانی

بەیاننامەی ژمارە ٦ی سێ حیزبی کۆمۆنیستی- کرێکاری لە ناوچەکەدا: ئەمڕۆ ٧ی ئایار، لە دۆخێکی پڕ …

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *