لینین: بۆچی شۆڕشی بەلشەفی (بۆلشەفیکی) سەرکەوت؟…

ئامادەکردنی: سالار حمە سەعید…

یەکێک لەباسە گرنگەکانی لینین لە نووسراوێکی دا سەبارەت بە “کۆمۆنیزمی باڵی چەپ”  باسی شۆڕشی بەلشەفی و هۆکارە هەر گرنگەکانی سەرکەوتنی شۆڕشی بەلشەفیەکانە.

لینین لەم  نووسراوەدا باس لە هۆکارەکانی سەرکەوتنی شۆرشی بەلشەفی دەکات. لینین لەوباوەڕەدایە کە هۆکاری یەکەم بریتییە لە دیسپلین. ئەو پێی وایە کە ئەگەر ئەو دیسپلینە توند وتۆڵ و ئاسنینەی نێو حزب نەبوایە نەک دوو ساڵ و نیو تەنانەت دوو مانگ و نیویش نەیدەتوانی لەدەسەڵاتدا بمینێتەوە هەروەها ئەگەر ئەو پشتیوانییە بێ دریغ و بێ ئەم لاولایەی جەماوەری بەرینی چینی کرێکار نەبوایە، نەیدەتوانی بەردەوام بێت لەدەسەڵاتدا. سەرکەوتن بەسەر بۆرژوازیدا مەحاڵە بەبێ شەڕێکی سەخت و دژوار و سەرکێشانەی مان ونەمان. شەڕێک کە پێویستی بە پێداگری و نەفەس درێژی و سووربوون و یەکگرتوویی لە ئیرادەدایە.

لینین لەوباوەڕەدایە کە ئەزموونی سەرکەوتووانەی دیکتاتۆریەتی پرۆلیتاریا لە روسیا زۆر بە ڕوونی پیشانی دا کە ”مەرکەزییەتی موتڵەق” واتە ‘بەناوەندیکردنی ڕەها’ (بە سێنتراڵکردن) و توندوتۆڵترین دیسپلینی پرۆلیتاریا دادەنری بە یەکێک لە بنەمایی ترین مەرجەکانی سەرکەوتن بەسەر بۆرژوازیدا.  بەڵام چۆن ئەو دیسپلینە توندوتۆڵەی حزبی بەلشەفی جێبەجێکرا و چۆن تاقیکرایەوە؟ لەڕاستیدا وەک لینین دەڵێ لەڕێگەی هوشیاری چینایەتی کرێکارانەوە ئەم کارە ئەنجامدرا. مێژووی دریژی بەلشەفیزم ڕوونیدەکاتەوە کە چۆن ئەم دیسپلینە پۆڵایینە ووردە ووردە بنیات نرا وچۆن هێڵرایەوە و دەستی پێوە گیرا لەژێر سەختترین بارودۆخدا تا پرۆلیتاریای بەسەرکەوتن گەیاند.

لینین ئەو پرسیارە دەکات لەم نووسراوەی دا کە چۆن توانرا دیسپلینی توندوتۆڵی پرۆلیتاریا دەستی پێوە بگیردرێ و بهێڵرێتەوە وە چۆن بەهێزکرا. بەلشەفیزم وەک رەوتێکی بیر و فیکری سیاسی لە ساڵی ١٩٠٣ەوە بوونی هەیە، و مێژووەکەشی پیشانماندەدات کە چۆن و بۆچی توانی ئەو دیسیپلینە بپارێزێ، وە هەروەک باسکرا لەڕێگەی هۆشیاری چینایەتی پرۆلیتاریای پێشڕەوەوە وە لەڕێگەی خۆنەویستی و دڵسۆزی و قارەمانیەتی و سووربوون و قوربانی دانی ئەم چینە بۆ شۆڕش و بەهۆی توانای پرۆلیتاریا لەبەستنەوەی خۆی و ئاوێتە بوون و تێکەڵ بوون لەگەڵ جەماوەری بەرینی زەحمەتکێشان دا، ئەم کارە گەورەیە کرا.

لینین پێی وایە کە ڕابەریی (قیادەی) سیاسی ڕاست و دروست و پیادەکردنی ستراتیژ وتەکتیکی سیاسی لەلایەن ئەم ڕابەرییە پێشرەوەوە هۆکاری سێ یەمی سەرکەوتنی بەلشەفیەکان بوو لە شۆرشەکەیاندا. وە بەڵگەش ئەوەیە کە جەماوەری بەرین لەڕێگەی ئەزموونی خۆیانەوە گەیشتبوونە ئەو باوەڕە کە ڕابەریەکە ڕابەرییەکی ڕاستە و سیاسەتەکانی راست و دروستە. بەبێ ئەم مەرجانە، دیسپلین لە حزبێکی شۆڕشگێڕانەدا کە بتوانێ حزبی چینی پێشرەو بێت، کە ئەرک وکاری هەڵتەکاندنی بۆرژوازیە و گۆڕینی تەواوی کۆمەڵگەیە، ناکرێ بەئەنجام بگات. بەبێ ئەو مەرجانە هەموو هەوڵ و تەقەلایەک بۆ دانان و جێبەجێکردنی کاری دیسپلین بەشێوەیەکی حەتمی  ئاکامەکەی داڕمانە. لەلایەکی تریشەوە دەبێ بوترێ کە تەواوی ئەم بارو ڕەوشانە هەمووی پێکەوە و دەستبەجێ سەرهەڵنادەن. ئەمانە بەرهەمی هەوڵ و تێکۆشانی درێژخایەن و ئەزموونی دژوارەوە دەخولقێنرێ. گەیشتن بەم ئاکامە لەڕێگەی تیۆری شۆڕشگێڕانەی راست و دروستەوە، بێ گرێ و گۆڵەتر دەبێ، بەڵام ئەمە دۆگم نییە (واتە کۆمەڵە بیروباوەڕێکی جێگیرنییە کە چاوەڕوانی قبووڵکردنی لێ بکرێ بە بێ چەند و چۆن). کەواتە تەنیا لەڕێی بیروباوەڕی ئامادەکراو و دۆگمەوە ناکرێ، بەڵکو کۆتا شکڵ و شێوازەکەی تەنیا لەئەنجامی پەیوەندی نزیکی چالاکی پراکتیکی لەگەڵ جەماوەری بەرین و راستەقینە وجوڵانەوەی راستەقینەی شۆڕشگێرانەوە دەبێت.

٦ی نیسانی ٢٠١٩

ئەم بابەتە لە بۆپێشەوەی ژمارە ٥٠ی ١٥ی ئەپریلی ٢٠١٩ بڵاوکراوەتەوە

Check Also

سەردانی سودانی بۆ کۆشکی سپی

عوسمانی حاجی مارف هەر لەسەرەتای دانیشتنی بایدن و سودانی، بایدن ڕایگەیاند کە ئەمریکا پابەندە بە …

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *