ڕێکەوتنی لایەنەکان لەسەر پۆست و داهات و دەسەڵات و بەشی سیاسییە دوورو نزیک پەیوەندی بەئاکامی هەڵبژاردنەکانەوە نییە!…

سەرئەنجام پارتی و یەکێتی دوای زیاتر لەشەش مانگ تێپەڕین بەسەر هەلبژاردنەکانی کوردستاندا خەریکن ڕیک دەکەون، ڕیکەوتنێک بەدوای هەڵبژاردنێکی شکستخواردوودا، کە بایکۆت تیایدا سەرکەوت و زیاتر لە سەدا شەستی خەلکی کوردستان بەشداریان تیادا نەکرد. بەشداری نەکردنی خەڵکی کوردستان لە هەڵبژاردنەکاندا راستەوخۆ ئاکامی دوو هۆکاری سەرەکی بوو. یەکەم: خەڵکی کوردستان بەکردەوە ئومێدیان بە پەرلەمان تا هاتووە لاواز بووەو بۆیان رۆشن بۆتەوە کە دەسەڵاتی سیاسی لەکوردستان و پرۆسەی حوکمڕانی لە رێگای هەڵبژاردنەکانەوە ناگۆڕیت و ئاڵوگۆری سیاسی و ئابوری و کۆمەڵایەتی و باش بوونی ژیانی خەڵکی کوردستان لە رێگایەوە بە شوێنێک ناگات…دووەم: لایەنێکی سەرەکی بایکۆت دریژکراوەی ئەو نارەزایەتیە جەماوەرەییە بوو کە رۆژ بەرۆژ هەڵدەکشاو بەرەو سەر دەرۆشت و دریژەی هەیە.

ئێستا کە یەکێتی و پارتی خەریکن و رێکەوتنیان مور کردووە، مۆری هەردوو ئەو هۆکارانەی پێوەیە کە بایکۆتی سەرخست و پرسی پێکهێنانی کابینەی نۆهەمی حکومەتیش تا ئێستا دواخستووە. دوو هۆکار گرفتی بەردەم رێکەوتنی پارتی و یەکیتی بوون، لەلایەکەوە ناکۆکی پارتی و یەكیتی لەگەڵ یەکتری لەسەر پۆست و دەسەڵات و ناکۆکی ناوخۆی باڵەکانی یەکێتی لەگەڵ یەکتری.

دیارە ڕیکەوتنی پارتی و یەکێتی و گۆڕان جگە لەسازان لەسەر پشکەکانی ئابوری و دەسەڵاتی سیاسی، دوورو نزیک پەیوەندی بەئاکامەکانی هەڵبژاردنەوە نییە، و پارتی و یەکێتیش نیشانیاندایەوە کە ئەمان هێز و لایەنی دیموکراسی لە هەرە لایەنە پوچ و پەرپوتەکەشیدا نین… وە نیشانیاندایەوە کە ئەمانە وەکو دوو هێز پشت بە هیزی چەکدار و داسەپاندنی دەسەڵاتیان لە رێگای هێزەوە دەبەستن نەک دەنگی هاوڵاتیان و رادەی دەنگ هینان و کورسیەکانیان. بەوەش بە ئاشکرا ئەو راستیە بۆ خەڵکی کوردستان دەسەلمێنەوە، کە دوو هیزی میلیشیایی کۆنەپەرستی بان هەڵبژاردن و کایە باوەکانی دیموکراسی بۆرژوایین.

بێگومان رێکەوتنی پارتی و یەکێتی، ڕیکەوتنێکی کاتییە. پارتی و یەکێتی و هەموو ‌هێزە بۆرژوازییەکانی ناو خانەوادەی بۆرژوازی کوردی، یەکێک لە پایەو کۆڵەکەکانی راگرتنی هیزو جەماوەر و لایەنگرانیان، نمایشکردنی جیاوازی و ناکۆکییە وەهمیەکان یان دروستکراوەکانیانە، جیاوازی ناکۆکیەک کە نە ریشەی لە دیدی جیاوازی سیاسی بۆ پرسە سیاسیە بناغەیەکانی کۆمەڵگەی کوردستان و نە جیاوازی هێل و دیدی فکری و ئاسۆ و خەتی جیاوازە، بەڵکو هەموویان دەیانەوێت، ململانێکانی نێوانیان لەسەر پشکی پۆست و داهات و دەسەڵات، دابپۆشن و بەرگی جیاوازی روانین بۆ سیستەمی سیاسی و حکومرانی بەبەردا بکەن. ئەوە رێگەیەکە تا هیزو توانای ناوخۆیی حزبی و لایەنگرانیان، رابگرن و ئابدەیت بکەنەوە. ڕیکەوتنی ئەمجارەی نیوان پارتی و یەکێتی و پارتی و گۆڕان، کە لەسەر بنەمای ڕێکنەکەوتن.. پایەکانی داڕیژراوەو هەڵگری ململانێیەکی قوڵی داهاتووە، لەسەر پشک و دەسەڵات و پۆست و جۆری هاوبەشیتی لە حکومڕانیدا.

لە هەلومەرجی باڵادەستی سیاسی پارتی لە ئێستادا لەهەموو بارێکدا هەموو ڕیکەوتنێک چەندەش کاتی بێت، بە قازانجی پارتی تەواو دەبێت و لە خێرو بێری سازانەکە دەخوات، پارتی چ بەپێی ئەمری واقعی سیاسی کوردستان و دەسەڵاتدارێتی و پشتیوانییە ناوچەیی و جیهانیەکەی و چ بە پێوانەی ئاکامی هەڵبژاردنەکان… یەکێتی دەکاتە هێزی پاشکۆی سیاسەتەکانی خۆی. جومگە سەرەکیەکانی دەسەڵاتدارێتی لە سەرۆکی حکومەتەوە بۆ سەرۆکی هەرێم، بۆ دەزگای ئاسایشی هەرێم و ناوخۆ و ئابوری و پەیوەندیەکانی دەرەوە لەدەستی خۆیدایەتی. بەجیا لەوانەش ئەوە پارتییە کە خاوەنی ئەجندای سیاسی و پرۆژەی سیاسی دور مەودایەو یەکیتیش دەستخاڵییە لە هەر پرۆژەو ئەجندایەکی سیاسی دیاریکراو. ئەوە بەجیا لەوەی یەکێتی دەرگیری ململانێیەکی قوڵی ناوخۆییەو دواکەوتنی رێکەونیشی لەگەڵ پارتی بەشی زۆری پەیوەندی بە ناکۆکیە ناوخۆیەکانی یەکێتیەوە هەبوو. بۆ پارتی ئەگەر چەندین پۆستی زیادیش بدات بە یەکێتی بە نرخی پێگەی سیاسی یەکێتی و دەسەڵاتدارێتیەکەی، بەڵام دەسەڵاتی واقعی لەوە تێناپەڕیت کە لەزۆنی سەوزدا هەیەتی. خودی پێداگری یەکێتیش بۆ بەشی زۆرتر و خۆ قورسگرتنی پەیوەندی بە هەڵبژاردنەکان و ئاکامەکانی و بەشی یەکێتیەوە نەبوو، بەڵکو نازینە بە دەسەڵاتێک کە لەزۆنی سەوزدا هەیەتی. بردنەوەی پارتی لە کایەی حکومرانی هەرێمدا و لە پێکهێنانی کابینەکاندا ئەوە بووە بەهەر نرخێک بووە یەکێتی رابکێشیتە ناو کابینەی نوێ و حکومەتەوە و لەبەر چاوی ڕای گشتی دنیا، مۆری حکومەتێکی سەراسەری یەکگرتوو بدات لە تەوێڵی کابینەی نوێ کە سوکانی ئاژوتن بڕیاری سیاسی لەسەر ئاستی هەرێم و لەگەڵ ناوەندو ناوچەکە لەدەستی خۆیدا بێت. پارتی باش دەزانی کە بەبێ یەکیتی خاوەن دەسەڵات لە زۆنی سەوزدا حکومەت لاسەنگ و بەفەرمیش داننان دەبێ بە دوو ئیدارەیی و دوو حکومەتیدا. پارتی یەك حکومەتی لە هەرێم دەوێت کە دەسەڵات و بریاری کۆتایی لەدەستی خۆیدا بێت و یەکیتی و گۆڕانیش قبوڵی ئەو برا گەورە!!یەیی پارتی بکەن. یەکیتی و گۆڕان بە ریکەوتنیان لەگەڵ پارتی ئەو ئامانجەی پارتیان وەدیهێنا. بەجیا لەوەش ئەگەری زۆرە ئەو رێکەوتنەی یەکیتی لەگەڵ پارتی لەداهاتویەکی نزیکدا ململانیی باڵەکانی ناو یەکیتی قوڵتر بکاتەوە… دیارە رێک نەکەوتنیشی هەر دەبووە قوڵبونەوەی و لیکترازانی زیاتری یەکیتی. چونکە بەشداری یەكیتی لە کابینەی نوێ و بەشداری نەکردنیش لە کابینەی نۆ یەکێک لە ئاریشە ناوخۆییەکانی باڵەکانی یەکێتییە. یەکێتی بەجیا لەدەسەڵاتی لەزۆنی سەوزدا، تەماحی بەشداری لە حکومەتدا، هەمیشە هەبووە ناتوانێ ببێتە هیزی ئۆپۆزیسیۆنی دەسەڵات. هەر حزبێک خۆی دەسەڵات و خاوەنی هیزی چەکدار و پشتیوانی ناوچەیی بێت، ناتوانێ رۆڵی ئۆپۆزیسیۆن بگێرێت… پارتی و یەکێتی کەخۆیان دوو حزبی خاوەن دەسەڵاتن بە پشتیوانی هیزی چەکدار و ئەمنی و پشتیوانی وڵاتانی ناوچەکە، دەنگ بهێنن یان نا، کورسیان هەبێت یان نا، هەڵبژاردن بکرێت یان نەکرێت، ئەوان هیزی بڕیار بەدەست لە زۆنی ژێر قەڵەمرەی خۆیاندان و هەرگیزیش لەرێگای هەڵبژاردن و بەخۆشی خۆیان نە وازدەهێنن و نەبەشی دەسەڵات دەبەخشنە هیچ هێزێکی تری سیاسی. ئەو دانپیاننانەی شیخ جەعفەری بەپرسی هیزی ٧٠ هیزی پێشمەرگەو ئەندامی مەکتەب سیاسی یەکێتی لە چەند رۆژی رابردوودا کە وتی ئەگەر جیگری وەزیری پێشمەرگە بدرێت بە گۆڕان گوێی لێ ناگرین… باشترین بەڵگەی ئەو راستییە، کەدەسەڵات لە کوردستان بە هەڵبژاردن و بە خۆشی و بەئاشتی گۆڕانی بەسەردا نایەت، تەنها نارەزایەتی جەماوەری، ڕاپەرین و شۆڕشی لەخوارەوەی جەماوەییە دەتوانێت دەورو دوکانیان بپێچێتەوە.

چۆن پارتی توانای حکومداری لە زۆنی سەوزدا رەمزی و لە ئاستی نەبووندایە، یەکێتیش لە زۆنی زەرد، خاوەنی هیچ دەسەڵاتێک نییە و لەوەش واوەتر یەکێتی لە زۆنی سەوزیشدا دەسەڵاتی سنوردار و پر کێشەیە لەگەڵ هێزەکانی تر بەتایبەتی حزبی گۆڕان و بۆ مامەڵە لەگەڵ عێراق و وڵاتانی ناوچەکەو رای گشتی و نێودەوڵەتیش.

ئەوەی پەردەیەکی بەرووی ململانیی حزبەکاندا و ڕیکەوتنی نێوانیاندا نەهێشتۆتەوە، ئەو راستیەیە کە چ ململانێی نیوانیان و چ ڕیکەوتنیان، دوور و نزیک پەیوەندی بەهیچ خواست و ویستێکی سەرەکی خەڵکی کوردستانەوە نییەو هیچ کام لەو حزبانە دۆسیەو کەیسێکی خەڵکی کوردستانیان نەکردۆتە مەبنای ململانێی و ڕیکەوتنیان، کیبەرکێی و ناکۆکی و سازان و ڕیکەوتن هەموو لەسەر پشکی پۆست، پشکی داهات، پشکی دەسەڵات، پشکی بەشداری بڕیاری سیاسی و هاوبەشێتییە… بۆیە ململانێکان، لەسەر داسەپاندنی بەشی دەسەڵات و زۆرتر کردنییەتی بەسەر خەلکی کوردستاندا.

تائێرە باس لە چوارچێوەو ململانێی و یەکیتی و پارتیی و حزبەکانی ترە لەگەڵ یەکتری و جەنگی پۆست و دەسەڵات و داهاتە، بەڵام دیوی دووەمی ململانییکە لەسەر ئاستی کوردستاندا، لەلایەکەوە هەردوو حزبەدەسەڵات بەدەست و حزبەکانی بەشدار لەدەسەڵات، و نارەزایەتی و خەڵکی کوردستان بەو دەسەڵات و حکومەتە لایەنێکی سەرەکیەتی…

خەڵکی کوردستان هەر کیشەیان لەگەڵ دەسەڵاتێک نییە، نەفرەت و نارەزایەتی تەنها لە زۆنیکدا نییە، تەنها نەفرەتیان لە حزبەکان نییە، کیشەیان لەگەڵ کۆی سیستەمی سیاسی و حکومەتدراری و سەرجەم حزبە بۆرژوازییەکانی کوردستانە بە دەسەڵات و ئۆپۆزیسێۆنەوە.

نزیک بە ٣٠ ساڵ حکومرانی و دەسەڵاتی سیاسی و ئەزموونی هەریمی کوردستان، و کابینە یەک لەدوای یەکەکانی ئەزمونێکی شکست خواردووە، ئاوس بە دەریایەک کیشە و کوێرەوەری و بیمافی و پاشەوپاش گێرانەوەی کۆمەڵگەی کوردستانە لەهەموو ئاستەکانی ژیانی سیاسی و ئابوری و کۆمەڵایەتی و فەرهەنگی و کەلتورییدا. ئەم دەسەڵاتە کە پشتی بە هێزی چەکدار، پاوانی داهاتی هاوڵاتیان، قۆرغی حکومداری، خۆشخزمەتی بە وڵاتانی ناوچەکە بەستووە، تەنها و تەنها بەشۆڕش و ڕاپەرینی جەماوەری کەنار دەخرێت.

خەڵکی کوردستان نابێت هیچ جۆر خۆشباوەرییەکیان بەکابینەی نۆهەمی حکومەت و ڕیکەوتنی ئەو هێزانە هەبێت… شەڕو ئاشتی ئەم حزبانە، لەسەر خوێن مژین و بیمافی و سەرکوتی خەڵکی کوردستانە… خەڵکی کوردستان پێویستە بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ئەو دەسەڵاتە رەشە، ڕیگای خۆیان، ڕیگەی بەرینکردنەوەی نارەزایەتیەکان، رێکخراوکردنی، ئاسۆدارکردنی، وەدەستبردن بۆ ڕاپەرین و شۆرش بگرنە بەر… شۆرشێک بە ئاسۆی ئازادی بەرابەری و حکومەتی کرێکارییەوە… لە پێناو ژیانێکی ئازاد، شایستە و تەسەل و  ئینسانی.

ئەم بابەتە لە بۆپێشەوەی ژمارە ٥٠ی ١٥ی ئەپریلی ٢٠١٩ بڵاوکراوەتەوە

 

Check Also

سەردانی سودانی بۆ کۆشکی سپی

عوسمانی حاجی مارف هەر لەسەرەتای دانیشتنی بایدن و سودانی، بایدن ڕایگەیاند کە ئەمریکا پابەندە بە …

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *