ڕژێمی ئێران بەرپرسی زەرەری گیانی و ماڵی خەڵکی لافاو لێدراوە …

نووسینی: ھەتاو عەبدوڵاھی …

بە ھۆی گەرمبوونی زەوی و ئەو زەرەر و زیانانەی کە مرۆڤ بە سروشت و ھەسارەی زەوی بۆ راحەتی بارودۆخی ژیانی خۆی گەیاندووە، رێژەی بەڵا سروشتیەکانی وەک سونامی  بوومەلەرزە و لافاو روو لە زیاد بوونە. ئەم بەڵایانە ھەر جارە و لە شوێنێکی جوگرافیایی و وڵاتێک  ڕوودەدا و ھەرجارە زەرەرو زیانی ئابوری و گیانی زۆری لێدەکەوێتەوە. ھەر وەک باسمان کرد ئەو بەڵا سروشتیانە ھەر جارە و لە ناوچەیەکی جوگرافیایی کە لەبارە بۆ پێکھاتنیان ڕوودەدا و دەبێتە ھۆی ماڵوێرانی و کارەساتی ھەژێنەر دەخوڵقێنێ، بەڵام ئەوەی کارەساتەکە قوڵتر دەکاتەوە ڕودانی ئەو بەڵا سروشتیانە لەو وڵاتانەیە کە سیستمی گەندەڵ و نابەرپرسی ھەیە و باجی کارەساتەکان تەنیا خەڵکی ئەو وڵاتە بە تایبەت چینی کەم داھات دەیدەنەوە. وڵاتانێک کە ئابوری و پارەی وڵات بۆ خەلکی ئەو ناوچانە سەرف ناکەن، بەڵکو دەستیان بەسەر سەروەت و سامانی خەڵک داگرتووە و سەرفی بەرژەوەندی دەوڵەتەکەیانی دەکەن. لە سەرەتای دەسپێکی وەرزی بەھار و ساڵی تازە لە چەندین ناوچەی جوگرافیایی لەوانە ھەرێمی کوردستان و ئێرانی ژێر حاکمیەتی کۆماری ئیسلامی بە ھۆی بارینی زۆری باران و نەبوونی ئەو ستاندارد و کەرەسانەی بەرگری لە دروستبوونی لافاو دەکەن چەندین شار و گوندی ئەو وڵاتە گیرۆدەی ئەو بەڵا ماڵ وێرانکەرە بوون و چەندین گوند بە تایبەت لەو ناوچانەی حکومەت ھیچ گرینگیەک بە ئاسایش و ئەمنیەتی خەلک نادا بە تەواوی نوقم بوون. ولاتی ئێران وڵاتێکی دەوڵەمەند لە بواری وزە و کانگا ژێرزەوینیەکانە، بەلام بە ھۆی بوونی سیستمێکی نابەپرس و گەندەڵ خەلک لە سەرەتاییترین مافە ئینسانیەکان بێبەشن. لە سەرەتای ھاتنە سەرکاری کۆماری ئیسلامی تا بە ھەنووکە خەڵکـ لەگەڵ شەر و ماڵوێرانی و بێدەرەتانی دەست و پەنجە نەرم دەکەن و داھاتی ئێران لە باتی ئەوەی سەرفی خەلک و پێداویستی و ئیمکاناتی ژیان بکرێ سەرفی گروپە توندرەو و تێرۆریستیەکانی وەکوو حەماس و حیزبوڵای لوبنان و باقی گروپە تێرۆریستیەکان دەکرێ. داھاتی خەلک سەرفی ئامانجە دزێو و تێرۆریستیەکانی رژیمی کۆماری ئیسلامی بە مەبەستی دەست تێوەردان لە کاروباری ولاتانی دراوسێ دەکرێ، رێژیم ساڵەھایە بۆ ئەو مەبەستە تێدەکۆشێ تا پەرە بە توندئاژۆیی ئایینی بدات و بە قەولی سەرانی دیکتاتۆری ئەو وڵاتە ھیلالی شیعە لەو ناوچە دامەزرێنێ. بەرپرسانی گەندەڵ و دژە مرۆڤی ئیسلامی ئێران بە پارەی خەلکی ئەو وڵاتە ساڵەھایە خەریکی کڕین و فرۆشی سامان لە ولاتانی رۆژئاوایین. خەلکی ئێران لە پێداویستی زەروری دەرمان و تەندروستی بێبەشن، ئەوە لە حالێکدایە بەرپرسانی پایەبەرزی ئەو نیزامە گەندەڵە لە باشترین نەخۆشخانەکانی ولاتانی دەرەوە ئەوپەرێ چاودێری تەندروستیان بۆ دەکرێ. خەڵکی ئێران بە تایبەتی خەلکی کەم داھات بە ھۆی سیاسەتە ھەڵە و سەرەرۆیانەکانی رژیمی ئێران لە سەرەتایترین پێداویستی ژیان کە پوشاک و خۆراکە بێبەشن و بە دەست گرانیەوە دەنالێنن، بەلام منالانی بەرپرسانی نیزام لە ولاتانی ئامریکا و کاناداو رۆژئاوایی خەریکی عەیش و نوشن و پارەی خەلک سەرفی خواستە نامرۆڤەکانیان دەکەن و ئەو ولاتانەش بە ژێست و پۆزی دیموکراتیک و بۆ بەرژەوەندی خۆیان چاویان بەستووە و پەرە بەو گەندەلیانە دەدەن. ئەگەر بمانەوێ باس لە سیاسەتە نامرۆڤانەکانی کۆماری ئیسلامی دەرحەق بە خەلکی ئێران بکەین لەوانەیە لە بابەتێکی ئاوا دا نەگونجێ بۆیە دەچینە سەر باسی سەرەکیمان کە ھاتنی لافاو لەو وڵاتە و زەرەرو زیانی مادی و گیانی خەڵکە و ئەنگوست دەخەینە سەر ئەو خالانە کە ھۆکاری ئەو ھەموو تراژیدیایەی خوڵقانووە چییە؟  و بۆ خەڵک دەبێ ھەمیشە باجی ھەموو روداوەکان بدەن کە بێگومان دەگەرێتەوە بۆ نەبوونی سیستمێکی تۆکمە و لەبار بۆ بەرگری لە خوڵقانی ئەو روداوانەیە. ھەر وەک لە سەرەتای بابەتەکە ئاماژەمان پێکرد لەگەل بارینی باران و بەردەوامی لە ماوەی چەند رۆژی سەرەتای وەرزی بەھار زۆربەی شارەکانی ئێران توشی ھاتنی لافاو بۆوە. ئەوەی کێشەکەی قوڵتر دەکردەوە نەبوونی کەرەستە و ئەمنیەت و ستانداردە جیھانییەکان لەو وڵاتە بوو کە بوو بە ھۆکاری ئەوەی زۆر زوو خەڵک تووشی خەساری گیانی و ماڵی بن. بەرپرسانی ئێران و نیزامە گەندەڵەکەی لە بەرامبەر ئەو بارودۆخە دەستەوەستان بوون و بەوپەری نابەرپرسیارێتی ھەلسوکەوتیان کرد کە ئەوە شتێکی دوور لە چاوەڕوانی نەبوو. کۆماری ئیسلامی لەو بوارەوە مێژویەکی رەشی بۆ خۆی تۆمار کردووە  کە وەک نمونە دەتوانین ئاماژە بە بوومەلەرزەی بەم و بە تایبەت بوومەلەرزەی ساڵی رابردووی کرماشان و سەلاسی باوەجانی و سەر پلی زەھاو بکەین کە دەوڵەتی ئێران گوێی بە کێشە و بەدبەختی خەڵک نەدا و تەنانەت یارمەتی خەڵکی سڤیلیش کە بۆ خەڵکی بوومەلەرزە لێدراویان کۆ دەکردەوە بە ھاوئاھەنگی سپای تێرۆریستی پاسداران دەدزرا و دەستی بە سەردادەگیرا.

خەلکی سەلاسی باوەجانی و کرماشان تا بە ھەنوکەش لە ژێر کانتینێر و خێوەت دا دەژین و لە سەرەتاییترین مافە ئینسانیەکان بێبەشن، خەڵکێکی مرۆڤدۆست کە سەرەرای ئەوەی خۆیان لەو بارودخە ھەژێنەرەدا بەسەر دەبەن  دوای ھاتنی لافاو بۆ لۆڕستان و باقی شوێنەکان بە شێوەی خۆڕسک یارمەتیان کۆدەکردەوە و خەڵکی ئەو ناوچانەیان تەنیا نەھێشت. خەڵکی شارەکانی شیراز، ئەھواز، خوزستان، کرماشان، لۆڕستان و خورەم ئاباد لە باقی شارەکانی تر زیانی زۆرتریان بەرکەوت کە بە داخەوە مەرگی چەندین کەسی بە دواوە بوو. لەو کاتەدا بەرپرسانی نیزام لە باتی یارمەتی گەیاندن بە خەڵک لە لایەک خەرێکی شانتاژ و خۆدەرخستن بوون و  لە لایەکی ترەوە بە ھاوئاھەنگی سپای تێرۆریستی پاسداران یارمەتی خەڵکی ناوچەکانی تر کە بە شێوەی خۆڕسک لەلایەن کەسانی دڵسۆزەوە کۆکرابونەوە دەدزراو و دەستی بەسەر دادەگیرا. ڕووھەڵماڵراوی دەسەلاتی ئێران گەیشتە ئەو جێگایەی کە بە ئاشکرا لقی خاچی سوری نێودەوڵەتیەکەی خێوەتی بەبڕە پارەیەکی زۆر بە خەڵک دەفرۆشت و پارەکەی دەچوو گیرفانی دەوڵەتەوە. ئەو بارودۆخە بوو بە ھۆکاری  ئەوەی رقی پەنگ خواردووی خەڵک بتەقێتەوەو نارەزایەتی دەرببڕن کە بینیمان خەڵکی ئەو ناوچانە بە تایبەتی ئەھواز ڕژانە شەقام و ڕق و بێزاری خۆیان لە حکومەت دەربڕی و کۆماری ئیسلامیش وەک ھەمیشە ئەم نارەزایەتیانەی بئ وەلام نەھێشتەوە و بە گوللە و باتۆم وەلامی خەلکی کارەسات لێدراوی دایەوە. ئەوەی جێگای سەرسوورمانە ئەوە بوو کۆماری ئیسلامی تا چەند رۆژ لەمەوبەر حازر نەبوو بۆ یارمەتی خەلک ھێزی مرۆڤی و مادی بۆ ناوچە لافاو لێدراوەکان بنێرێ دوای نارەزایەتی خەڵک لەو بارودۆخە کە ماڵ و گیانیان بۆتە قوربانی ھێزە سەرکوتکەرەکانی بە ئامرازی سەرکوتەوە ناردە ئەو شوێنانە تا ھاواریان لەگەرودا کپ کات و وەکوو ھەمیشە بە توندوتیژی وەلامی خواستە ڕەواکانی خەڵکی دایەوە.

 

ئێستاش دوای چوونی سپای تێرۆریستی پاسداران بۆ ناو لیستی تێرۆرەوە لەو بارودۆخە کە خەڵک نانیان نییە بخۆن کۆماری ئیسلامی و سپا تێرۆریستەکەی پارەیەکی زۆر سەرفی میدیاو راگەیاندن و شانتاژ دەکەن. ئەگەر بمانەوێ باس لە بەدبەختی و چەرمەسەری خەلکی ئێران لە ژێر سایەی حاکمیەتی گەندەڵی کۆماری ئیسلامی بکەین لەوانەیە لە دەیان بابەتی لەو جۆرە دا نەگونجێ، تەنیا دەتوانین بلێن تا کاتێک کۆماری مرۆڤ کوژی ئیسلامی ئێران لەسەر کاربێ بەدبەختی و چارەڕەشی یەخەی خەڵک بەرنادات و خەڵکی ئەو ولاتە رۆژ بە رۆژ بارودۆخیان خراپتر دەبێ. ئازادی رەھا و بوونی ژیانێکی مرۆڤی بۆ ھەموو تاکەکان بەندە بە نەمانی کۆماری ئیسلامی کە ئەوە بزوتنەوەیەکی بە ھێزی کۆمەڵایەتی پێویستە.

تێبینی: ئەم بابەتە لە بۆپێشەوەی ژمارە ٥٠ بەرواری ١٥/٤/٢٠١٩ بڵاوبۆتەوە…

 

Check Also

سەردانی سودانی بۆ کۆشکی سپی

عوسمانی حاجی مارف هەر لەسەرەتای دانیشتنی بایدن و سودانی، بایدن ڕایگەیاند کە ئەمریکا پابەندە بە …

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *