خواستە سەرەکیەکانی کارگەرانی کوردستان لە یەکی ئایاردا …

عەبدوڵا مەحـمود …

ڕێزگرتن لە یەکی ئایار دەمێکە بۆتە نەریتێکی جێکەوتووی بزوتنەوەی کارگەری لەسەراسەری دنیادا. رابەران و هەڵسوڕاوانی بزوتنەوەی کارگەری، ڕیکخراو سەندیکا و نەقابە کرێکارییەکان، تا دەگاتە حزبە چەپ و کۆمۆنیستەکان، هەموو ساڵێک بەر لە ماوەیەک خۆیان بۆ سازدانی مەراسیم و چالاکی جۆراوجۆر و کۆبونەوەو رێپێوان و ئاکسیۆنی گەورەو کاریگەر ئامادە دەکەن، نەخشە ڕێژی دەکەن و  دەیانەوێ لەو رۆژەدا پەیامی چینی کارگەر، خواستەکانیان، وە هێزی چینایەتی و یەکگرتوانەی خۆیان لەپاڵ نەفرەتی قوڵی چینایەتیان لە نیزامی سەرەوخواری سەرمایەداری نیشان بدەن.

ئەم نەریتە لە کوردستانیش دەمێکە جێکەوتووە و هەموو ساڵیک ڕابەران و هەڵسوراوانی بزوتنەوەی کارگەری، حزب و رێکخراوە چەپ و کۆمۆنیستەکان و ئەوانەشی بە ناحەق و بۆ فریوکاری ناوی چەپ و کۆمۆنیستیان لە خۆیان ناوە، خۆیان بۆ یەکی ئایار ئامادەدەکەن و بەرنامە ڕیژی و نەخشە، دادەنێن.

دیارە یەکی ئایار بەجیا لە ناوەرۆکە چینایەتیەکەی، بەجیا لەوەی کە خۆی بۆتە نەریتێکی جێکەوتووی کارگەری جیهانی بۆ نیشاندانی توانەیەکانیان و هێنانە مەیدانی خواستەکانیان و هەڵرشتنی نەفرەت لە نیزامی دیلهێنەری سەرمایەداری، بەڵام لەهەر ساڵیکدا لەدەوری چەند مەسەلە یان خواستی دیاریکراوی ئابوری یان سیاسیدا لە دەوری یەکتری کۆدەبنەوە… و هەر یەکی ئایارێک بە جیا لەرووە جیهانیەکەی کە نوێکردنەوەی پەیامی هاوپشتی کارگەرانە بۆ یەکتری بێگوێدان بە ناسنامەی قەومی و دینی و نەژادی و حزبی و رەنگی پێست و چوارچیوەی وڵاتی و زمان و دوورو نزیکیان لە یەکتری… هاوکات چینی کارگەری هەر وڵاتەش هەڵگری خواستی تایبەتی و پەیامی دیاریکراوی خۆیەتی.

چینی کارگەر لە کوردستان، کە چینی بەرهەمهێن و مۆتۆری چەرخاندنی کۆمەڵگەیە و هەموو سەروەت وسامانی کۆمەڵگە، لەسەر شانی ئەوە، بێبەشترین چینە لە بەهرەمەندبوون لەو سەروەت و سامانە زۆرو زەوەندەیە کە بەرهەمی

دەستڕەنجی خۆیەتی. وە لە هەلومەرجێکی تابڵێی نەخوازراودایە. کەمی کرێ، سەعات کاری زۆر، خێرایی کارو کاری قۆنتەراتی، نەبوونی ئازادی رێکخراوبوون و کۆبونەوەو مانگرتن، جیاکاری نێوان کاری ژنان و پیاوان، هەڵاواردنی نێوان کرێکارانی” خۆوڵاتی و بیانی”، نائەمنی شوێنی کار، نەبوونی بیمە کۆمەڵایەتی و تەندروستیەکان، بیمەی بێکاری بۆ بێکارانی ئامادەبەکار، نەبوونی دەرماڵەی پێویست و دەماڵەی مەترسی کار، نەبوونی خانوبەرەی گونجاو، لەپاڵ گرانی بازاردا… تاد، لەو تایبەتمەندیانەن کە چینی کارگەریی کوردستانی خستۆتە مەوقعیەتیکی یەکجار سەختەوە.

چینی کارگەر لە کوردستان تەنانەت تا ئێستا ناسنامەی چینایەتی خۆی لێ سەندراوەتەوە، بەپێی یاسای رژیمی بەعس بە فەرمانبەرکراون و دەسەڵاتی داسەپاوی بۆرژوازی کوردیش تا ئێستا دەستی بەو یاسا سوک و سڕینەوەی ناسنامەی چینایەتی کریکارانی کوردستانەوە گرتووە.

بۆیە چینی کارگەری کوردستان، لەیەک کاتدا، هەم رووبەرووە بۆ گێرانەوەی ناسنامەی چینایەتی حقوقی و یاسایی خۆی و هەم روو بەڕووە لەگەڵ ئەو هەلومەرجە سەخت و بێمافیانەی، چینی سەرمایەداری و دەسەڵاتی پاڕیزەری ئەو چینە تەوەزەل و کار نەکەر و مافیاییە، دایان دەسەپاندووە.

هاوکات چینی کارگەری کوردستان، لەگەڵ ئەوەدا رووبەڕووە لەدەسەڵاتی بۆرژوازی کورد و چینی سەرمایەداری کورد، هاوکات بەهۆی چارەسەر نەبوونی پرسی سیاسی و حقوقی خەڵکی کوردستانەوە، گوشاری مەیلی ناسیونالیستی لەسەریان قورسایی دەکات و هاوکات کۆتاییهێنان بەو گرفتەش کەوتۆتە سەرشانی بەشی پێشرەوی چینی کارگەریی کوردستان. کە دیارە بە کۆتاییهاتنی پرسی سیاسی و حقوقی خەڵکی کوردستان، هاوپشتی و هاوچارەنووسی نێوان چینی کارگەریی کوردستان لەگەڵ چینی کارگەریی عێراقدا، پەرەپێدەدات و یەکێک لە کۆسپەکانی بەردەم یەکگرتووی چینایەتییان کۆتایی پێدەهێنیت.

ڕابەران و هەڵسوڕاوانی بەشی پێشرەی چینی کارگەر، کۆمۆنیستەکان و چەپی کۆمەڵگە، ئەرکیانە لە پاڵ هێنانە مەیدانی خواستە دەستبەجێ ئابورییەکانیان بۆ باشترکردنی ژیان و گوزەرانی هەر ئەمرۆی خۆیان و خێزانەکانیان، هاوکات ئەرکی هەڵوەشاندنەوەی یاسای بە فەرمانبەرکردنی کارگەرانی رژیمی بەعس، خستنە رووی بەدیلی سیاسی بۆ وەڵامدانەوە بە پرسی سیاسی و حقوقی خەڵکی کوردستان لە ئاستی عێراقدا… لەسەر شانە. بەتایبەتیش کە چینی بۆرژوازی کورد و دەسەڵاتە پارێزەرەکەی نەک هەر دەستەوەستانن لە چارەسەری ئەو پرسە، بەڵکو خۆیان کۆسپێکی سەرەکی بەردەمی پێکدەهێنن. بە واتایەکی تر چینی کرێکاریی و کوردستان و بەشی پێشرەوی ئەو چینە هەم پرسی ئابوری و ژیان و گوزەرانی ئێستای چینی کارگەریان لە ئەستۆیەو هەم وەڵامدانەوە بە پرسی سیاسی خەڵکی کوردستان… دیارە هەڵگرتنی هەنگاو لە پەیوەند بەو دووپرسەوە ڕیگایەکی ناچاری و هاوکات کلیکی دەستکۆتاکردنی دەسەڵاتی بۆژوازی کوردیشە لە کوردستاندا، کە نزیکەی سێ دەهەیە، کۆمەڵگەی کوردستان بەگشتی و چینی کارگەری بەتایبەتی لە بێبەشی و دۆخێکی تابڵێی خراپدا ڕاگرتووە. چینی کارگەری کوردستان بەجیا لە خواستەکانی خۆی، دەبێ ببێتە هەڵگری خوستە و گرفتە بناغەیی و سەرەکیەکانی خەڵکی کوردستان و هەڵگری رێگاچارەش بۆی.

لەگەڵ ئەوەدا کە یەکی ئایار، بۆ چینی کارگەر مەیدانێکی نوێکردنەوەی پەیامی هاوپشتی جیهانی و ڕۆژێکە بۆ هینانەمەیدان و نیشاندانی هێزی چینایەتی خۆی و خستەڕووی خواست و داواکارییە ئابوری و سیاسییەکانی، بەڵام یەکی ئایار ڕۆژێکی دابڕاو لەخەباتی بەردەوام و نەپساوەی بەردەوامی چینی کرێکار نییە، ئاکسیۆنەکانی ئایار، ناتوانێ بێ پێشینە و بێ داهاتوو بێت. رۆژی یەکی ئایار رەمزو سومبلی چینی کرێکاریی جیهانییە، لەدڵی خەباتێکی نەپساوەو و بەرامبەرکییەکی کۆمەڵایەتی بەردەوام و نەپساوەدا. رابەران و هەڵسوڕاوان و بەشی پێشرەوی بزوتنەوەی کارگەری لەگەڵ حزب و رێکخراوە چەپ و کۆمۆنیستەکاندا، ناکرێ و نابێت مامەڵەی یەکی ئایار، وەکو رۆژێک و تەنها رۆژێک بکەن و دایببڕن لە خەباتی هەمیشەیی و بەردەوامی چینی کارگەر… کە تا سەرمایە و سەرمایەداری بچەرخێت، لە ئارادایە. رژێمی هاری سەرمایەداری لە سەراسەری دنیادا، خوازیاری ئەوەیە کە بزوتنەوەی کارگەری و تیکۆشانی ئەو چینە، لە قاڵبی تەنها یەکی ئایاردا کورت بکاتەوەو دایببڕیت لە خەباتێکی بەردەوام و هەمیشەیی. کۆمۆنیستەکان و چەپ و بەشی پێشرەوی چینی کارگەری کوردستان، بۆئەوەی بتوانن پەیامی واقعی چینی کارگەری کوردستان لە یەکی ئایاردا نمایش بکەن و خواستەکانیان بخەنەروو، توانایی و ئاستی خەباتی نیشان بدەن، پێویستە یەکی ئایار وەکو تەنها رەمز و سمبولی لێکهەڵپێکراو لە خەباتی بەردەوام و نەپساوەی چینی کارگەردا، ببینن و مامەڵەی لەگەڵ بکەن.

بژی یەکی ئایار، ڕۆژی هاوپشتی و هاوچارەنووسی جیهانی چینی کارگەر…       

تێبینی: ئەم بابەتە لە بۆپێشەوەی ژمارە ٥٠ بەرواری ١٥/٤/٢٠١٩ بڵاوبۆتەوە…

Check Also

سەردانی سودانی بۆ کۆشکی سپی

عوسمانی حاجی مارف هەر لەسەرەتای دانیشتنی بایدن و سودانی، بایدن ڕایگەیاند کە ئەمریکا پابەندە بە …

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *