لینین سەبارەت بە شۆڕشی ڕوسی و پڕوپاگەندەی بۆرژوازی …

ئامادەکردن و وەرگێرانی لە ئینگلیزیەوە: سالار حمە سەعید…

لینین ی ڕابەری شۆڕشی ڕوسی لە نامەیەکدا کەلە ساڵی ١٩١٨ دا نووسیویەتی و ئاراستەی کرێکارانی ئەمریکای کردووە سەبارەت بە پروپاگەندەکانی بۆرژوازی دەدوێ و دەڵێ کە ئەوان لۆمەمان دەکەن بۆ ئەو داڕمان و وێرانکاریانەی کە بەهۆی شۆڕشەکەمانەوە ڕویداوە.

لینین هێرش دەکاتە سەر بۆرژوازی و دامودەزگاکانی و بە مشەخۆر ناویان دەبات و دەڵێ:” مشەخۆرانی بۆرژوازی ئەو بۆرژوازیانەی کە لە ٤ ساڵی شەڕی ئیمپریالیستی دا دەتوانین بڵێین نزیکەی تەواوی کولتووری ئەوروپایان داڕماندوە و ئەوروپایان گۆڕیوە بە بەربەریەت و وەحشیگەری و برسیەتی”. لینین دەڵێ کە ئەوان ئامۆژگاریمان دەکەن کە  شۆڕش نەکەین لەم وێرانەیەدا واتە پاش ئەم وێرانکاریانەی کە پاش شەڕی ٤ ساڵەیان ئەنجامیان داوە هەڵنەسین بە شۆڕش و ئارامی بپارێزین، لینین دەڵێ: ”ئەم بۆرژوازیانە داوا دەکەن کە ئێمە هەڵنەسین بەشۆڕش بەسەر ئەم وێرانەیەدا و لە نێوەندی ئەم داڕووخان و داڕمانەی بەهۆی ئەم شەڕو جەنگەوە پێکهاتووە نەک لەلایەن ئەو کەسانەی کە بەهۆی شەڕەوە بەدڕەفتاری و وەحشیگەری لەگەڵیاندا ئەنجامدراوە. ئای بۆرژوازی چەند مرۆڤدۆست و چاکەکارە! ”.

ڕابەری شۆڕشی بەلشەفی دەڵێ کە ئەوان هێشتا بەو هەموو تاوانکاریەیانەوە ئێمە تاوانباردەکەن بە تیرۆر وتۆقاندن و کوشت و کوشتار و بەم شێوەیە باس لە بۆرژوازی و خزمەتکارەکانی دەکات: ”خزمەتکارەکانی بۆرژوازی تاوانبارمان دەکەن بە پەنابردنە بەر تیرۆر و تۆقاندن. بۆرژوازی بەریتانی سالی ١٦٤٩ ی خۆیانیان لەبیرچۆتەوە و بۆرژوازی فەرەنسی سالی ١٧٩٣ ی خۆیانیان لەبیرکردووە. تیرۆر و تۆقاندن تەنها کاتێک یاساییە کاتێک بۆرژوازی خۆی پەنای بۆدەبات بۆ سوود و بەرژەوەندی خۆی دژ بە سیستەمی دەرەبەگایەتی (فیۆداڵیزم). بەڵام تیرۆر و تۆقاندن دەبێتە تاوانکارانە  وقێزەون و ترسناک کاتێ لەلایەن کرێکاران و جوتیارانی نەدارەوە بەکارهات دژ بە بۆرژوازی. تیرۆر تەنها کاتێ یاسایی و ڕێگەپێدراوە کە بەکاربێت بەمەبەستی جێگرتنەوەی کەمایەتیەکی چەوسێنەر بە کەمایەتیەکی چەوسێنەری تر”. تیرۆر دەبێتە تۆقێنەر و تاوانکارانە کاتێ بەکارهات بۆ مەبەستی روخاندن و داڕماندنی هەرچی کەمایەتی چەوسێنەرە و کاتێ بەکاربێت بۆ بەرژەوەندی زۆرینەی بەرین و بەرژەوەندی پرۆلیتاریا و نیمچە پرۆلیتاریا و چینی کرێکار و جوتیارانی هەژار و نەدار.

بۆرژوازی ئیمپریالیستی جیهانی هەڵدەستێ بە کوشتاری ١٠ ملیۆن مرۆڤ و پەککەوتەکردنی ٢٠ ملیۆنیش  لە شەڕ و جەنگەکەیاندا، لەشەڕێکدا بۆ بڕیاردان لەسەر ئەوەی کێ دونیا بەڕێوە ببات، داڵە لاشە خۆرە بەریتانیەکان یاخود داڵە لاشەخۆرە ئەڵمانیەکان دەسەڵاتی دونیا بگرنە دەست، بەڵام لە شەڕی ئێمەدا، شەڕی چەوساوە و ستەملێکراوەکان دژ بە چەوسێنەر و ستەمگەرەکان ئاکامەکەی لەدەستدانی نیو ملیۆن بوو یاخود ملیۆنێک لەتەواوی وڵاتاندا. بەڵام لینین ئەم کوشتارە بەوە وەسف دەکات کە لە شۆڕشدا روویانداوە شۆرشێک دژ بە سەرمایەداری شەڕی نێوان پرۆلیتاریای شۆرشگێڕ و بۆرژوازی ستەمکار. بۆرژوازی دەڵێ ئەو زیانە گیانیانەی شەڕی ئیمپریالیستی جیهانی پاساویان هەیە، بەڵام ئەو زەرەر و زیانە گیانیانەی شەڕی نێوان چەوساوە و چەوسێنەران کارێکی تاوانکارانەیە. بەڵام پرۆلیتاریا شتێکی جیاوازی هەیە بۆ وتن. ئێستا لەنێوەندی ترس و تۆقی ئیمپریالیستی دا، پرۆلیتاریا وێنە و رۆشناییەکی بەرچاو و درەخشانی بەدەست دێنێ لە ڕاستیەکی گەورە کە لە تەواوی شۆڕشەکانەوە کرێکاران ڕاستیەکی گەورە فێردەکرێن لەلایەن باشترین مامۆستایانیان کە دامەزرێنەرانی سۆسیالیزمی نوێن. ئەو ڕاستیە ئەوەیە کەهیچ شۆڕشێک سەرناکەوێت مەگەر بەرگری (و موقاوەمەتی) ستەمکار و چەوسێنەران تێک بشکێنرێ. لینین پێی وایە کە کاتێک کرێکاران و جوتیارانی زەحمەتکێش دەسەڵاتی گرتە دەست ئیتر ئەوە ئەرکی بووە کە بەرگری ستەمکاران تێک بشکێنێ. لەدرێژەی قسەکانیدا بۆ کرێکارانی ئەمریکا لینین دەڵێ:” ئێمە شانازی بەوە دەکەین کە ئەم کارە دەکەین. ئێمە پەشیمانین کە بەتوند و تۆڵی و عەزمی پڕ ئیرادەی کافیەوە ئەم کارە ناکەین ” بە واتایەکی تر لینین دەیەوێ جەخت بکاتەوە لەسەر تێکشکاندنی تەواوەتی بەرگری و موقاوەمەتی بۆرژوازی لە بەرامبەر بە شۆرشی کرێکاری کە نابێ بێ موبالاتی و کەمتەرخەمی تیابکرێ، بەڵکو هەرچی زیاتر توندوتۆڵتر بێت تێکشکاندنی بەرگریەکانی چینی بۆرژوازی سەرکەوتنی پرۆلیتاریا مسۆگەرتر دەبێت، وە لێرەدا ڕەخنەی هەیە لەوەی کە بەئەندازەی پێویست شێلگیرانە و بە توندی ئەو بەرگرییە تێک نەشکێنراوە.

لینین لە نامەکەیدا بۆ کرێکاران دەڵێ: ”ئێمە دەزانین کە بەرگری توند و بەهێزی بۆرژوازی بەرامبەر بە شۆڕشی سۆشیالیستی لەهەموو وڵاتاندا شتێکی حەتمییە و ئەم بەرگرییە بەگەشەکردن و گەورەبوونی ئەم شۆڕشە گەشە دەکات و گەورە دەبێ. پرۆلیتاریا ئەم بەرگرییە تێک دەشکێنێ لە خەبات و تێکۆشانیدا دژ بە بۆرژوازی بەرگریکار، وە لەکۆتاییدا پرۆلیتاریا ئامادە دەبێت و پێدەگات بۆ سەرکەوتن و دەسەڵات گرتنە دەست”.

دەبا بۆرژوازی گەندەڵ هەرهات و هاوار بکات لە تەواوی جیهاندا لەبارەی هەر هەڵەیەک کە شۆڕشەکەمان دەیکات، ئێمە نائومێد و دڵ سارد نابینەوە بەهۆی هەڵەکانمانەوە. خەڵک نەبوونەتە قەشە و وەلی چونکە شۆڕش دەستی پێکردوە، چینە زەحمەتکێشەکان کە چەندەها سەدەیە ستەمیان لێدەکرێ و خراونەتە ژێر پێوە و بەزۆر دراون لەمەنگەنەی هەژاری و بێڕەحمی و پشت گوێخستن، ناکرێ لەهەڵە بە دووربن کاتێک شۆڕش دەکەن.

لە بەرهەمە هەڵبژاردەکانی لینین،

Lenin, A  letter to American Workers, 1918 Selected Works

 

تێبینی: ئەم بابەتە لەبۆپێشەوەی ژمارە ٥١ ی بەرواری ١/٥/٢٠١٩ بڵاوبۆتەوە…

Check Also

سەردانی سودانی بۆ کۆشکی سپی

عوسمانی حاجی مارف هەر لەسەرەتای دانیشتنی بایدن و سودانی، بایدن ڕایگەیاند کە ئەمریکا پابەندە بە …

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *