(دایک)ی مەکسیم گۆرکی و دایکەکانی ئێمە …

عەبدوڵا سڵێمان(مەشخەڵ) …

ڕووداوەکانی نێو ڕۆمانی (دایک)ی نووسەری سۆشیالیستی بەناوبانگی ڕووسیا و جیهان مەکسیم گۆرکی، لە پەنجەرەی گەڕەکێکی بەسام و پڕ دووکەڵی کرێکاراندا دەست پێدەکات، تا خوێنەر بتوانێ دیوی ناوەوەی کارەساتە جەرگبڕ و بەسوێکانی ژیانی کرێکاران و لەهەمان کاتیشدا ئەو دیمەنانەی کە پڕن لە خەبات و قوربانیدان، لە گۆشە جیاجیاکانی گرێچنەی ڕۆمانەکەوە (کە وێنای خەبات و تێکۆشانی چینی کرێکاری ڕووسیان) ببینێت و وەک ئەزموونگەلێک چاوی لێبکات. دایک لە ڕۆمانەکە سەرەتا تەمی ترسێک ئاسمانی دڵی داپۆشێ و ناتوانی بڕوا بەوە بکات کە کوڕەکەی و هاوەڵەکانی دەتوانن زۆر کاری مەزن ئەنجام بدەن. دایک ناهەقی نەبوو چونکە دایک سوپا و پۆلیس و جاسوس و بەکرێگیراو و دامودەزگای سەرکوتگەری زۆر و زەبەندی دەبینی. بەڵام لە سیاق و لەگەڵ چوونەپێشەوەی ڕووداوەکان و قاڵبوونەوەی دایک لە خەبات و تێکۆشان و باوەڕی سۆشیالیستیدا، ئیتر لە ژنێکی ترسدارەوە دەگوڕێت بۆ ژنێکی نەترسی خەباتگێڕ. ئەگەر ئەمە نموونەی دایکێکی کرێکار بێت لە کۆمەڵگەی ڕووسی کە لەپێناو خۆشەویستی کوڕەکەی(پاڤێڵ) بچێتە کۆڕی خەباتی نهێنییەوە و پاشان وەک تێکۆشەرێکی سەرسەخت ئاڵای سووری خەبات بەرز ڕابگرێ، ئەوا دایکەکانی ئێمە، ئەو دایکانەی کە لەسەرەتای دەیەی هەشتاکانی سەدەی رابردوو بێئەوەی ڕۆمانی (دایک) بخوێننەوە و بێ ئەوەی مەکسیم گۆرکی بناسن و بێئەوەی لە بنەماکانی سۆشیالیزم حاڵی بووبن، جەسوورانە هەر هەموویان( تاک و تەرا نەبێ) ببوونە (دایک)ەکەی مەکیسم گۆڕکی و هەوڵیان دەدا لە پشت کوڕ و کچەکانیانەوە بوەستن و ببنە قەڵا و پشتیوانییەک بۆیان. دایکی من (یادی بەخێر) لە یەکەم ڕۆژی زیندانیکردم لە ئەمنی کەرکووک، بەهاوکاری خوشکێکم و هاوڕێیەکم یەکەیەکە نووسراو و کتێبەکانی مارکس و ئەنگڵس و لینین و حیزبی کۆمۆنیستی ئێران و هەروەها هەر نووسراوە و کتێبێکی کۆمۆنیستی تریان لەناو کتێبخانەکەم بینیبوو، دەرهێنابوو و دایکم خستبوونییە ناو فەردەیەک و دابوویە کۆڵ و لەناو گەڕەکی کرێکارنشینی ڕەحیماوەدا لە ماڵێکدا بۆی شاردبوومەوە. ئەو دایکانەمان گەرچی دڵیان پڕ ترس بوو ئەوەش ناهەقییان نەبوو، چونکە ڕژێمی سەدام تا بڵێی دڕندە و ستەمکار بوو، لەهەمان کاتیشدا ئومێدیان بە سەرکەوتنی ئێمە هەبوو. ماڵەکانمان جێگای کۆبوونەکان بوو. ئەمە هەر بەسەرهات و حیکایەتی (دایک)ی مەکیسم گۆڕکی و من نەبوو، بەڵکو حیکایەتی هەموو ئەو دایکانە بوو کە ڕۆڵەکانیان (چ کوڕ یان کچ) خەریکی کاری سیاسیی نهێنی و کۆمۆنیستی بوون لە کوردستان. ئەمە حیکایەتی دایکی سەمیر نووریش بوو کە هەرچی جارێک سەرم لێیان بدایە بەوپەڕی ڕێز و ئینجا بە پێکەنینەوە پێشوازی لێ دەکرم. لە سەرەتای نەوەدەکانی سەدەی رابردووەوە ئەو دایکە زەحمەتکێشەم نەبینیبوو تا ئەمساڵ ٢٠١٩ (واتە دوای نزیک بە سی ساڵ) لە دوایین سەفەرم بۆ کوردستان فرسەتی ئەوەم بۆ ڕەخسا، سەری لێبدەم و لە هەواڵی بپرسم. ئەویش سەرباری ئەوەی کە نزیک بە سی ساڵ بوو نەیبینیبووم و نەساغ بوو و نەخۆشی زۆری بۆ هێنابوو، کەچی زۆر بە چاکی ناسیمییەوە. حیکایەتی دایکەکانمان بەشێکن لە خەبات و تێکۆشانمان لەپیناو ئازادی و یەکسانی و دادپەروەری کۆمەڵایەتی. دایکانی ئێمە بڕوایان پێمان هەبوو، چونکە پەروەردەی دەستی خۆی بووین و دەیزانی و دڵنیا بوو لە دڵسۆزی و پاکی و سەرڕاستی و ئیرادەمان. ئەگەر دایکانی ئێمە نەیانتوانیبێ بە جوانی و بێ گرێ وگۆڵە قسەی دڵیان بکەن، ئەوا (دایک)ی (پاڤێڵ)ی مەکسیم گۆڕکی ئەو ڕازە زۆر بە ڕوونی دەدرکێنێ. ( ئەوان ڕۆڵەیەکی پاک و ڕووناکن کە حەقیقەت بۆ ئێوە دێنن، لە ئەنجامی تێکۆشانی ئەواندا حەقیقەت دێتە نێو ژیانی دژواری ئێمەوە ئێمە گەرم دادێنێ و گیانمان وەبەردەنێ. ئێمە لەدەست ستەمی کاربەدەستان و ئەو کەسانەی گیانی خۆیانیان پێ فرۆشتوون ڕزگار دەکا! لێتان ڕوون و ئاشکرا بێ!).دایکەکانمان وردە وردە لەگەڵ هەڵکشانی زەمەن، تەمەنی ئەوانیش بەرەو کۆتایی دەڕوا و جێمان دێڵن و لەگەڵ کۆچی خۆیاندا خەون و هیوا و ئاواتەکان دەبەنە ژێر گڵەوە، بەڵام لە دووتوێی دڵی ئێمە و لەنێو لاپەڕەکانی ڕۆژگاردا جوانترین وێنە لە دڵسۆزی و وەفاداری و خەمخۆری و پێکەنین و فرمێسک هەڵڕشتن و سوعبەت و تەنانەت جنێوە بەناو گاڵتەکانیان جێدێلن. ئەوانە دایکی پاڤێل و مەشخەڵ و سەمیر نووری و هەموو ئەوانە بوون کە دڵیان بۆ سۆشیالیزم و کۆمۆنیزم لێدەدا. ئەو دایکانەی کە دەیانزانی کە (ئێمە سۆشیالیستین. ئەمە مانای وایە دووژمنی خاوەن موڵکایەتی تایبەتین کە بووەتە هۆی ناکۆکی خەڵک.. ئەوان لە دژی یەکتر چەکدار دەکا. ناکۆکی و ناتەبایی لە ئاشتی نەهاتوو پێک دێنێ و بۆ شاردنەوە و پینەکردنی ئەو ناتەباییەش درۆ دەکا. خەڵک فێری درۆ و دووڕوویی و دووژمنایەتی دەکا. ئێمە لەسەر ئەو باوەڕەین کۆمەڵێکی وا کە مرۆڤ تەنیا بەئامڕازی دەوڵەمەندبوون دەزانێ، کۆمەڵێکی نائینسانییە.) ئێمە لە ئاست ئەو میهرەبانییە و ئەو جوانییە و ئەو قوربانییەی دایکانمان چیمان لەدەست دێ، مەگەر سەری ڕێز و نەوازش لەئاست گەورەییان دانوێنین و بڵێن دایکە گیان، دڵنیا بن تا دڵمان لێ بدات و هەناسەمان بێت، هەڵگری هەمان ئەو ئاوات و خۆزگانەین کە ئێوە خەونتان پێوە دەبینی. ئێوە لەژیانتانا بەهۆی خەبات و تێکۆشانی ئێمەوە تووشی گەلێ چەرمەسەری وناڕەحەتی بوون، سەرباری ئەم بەڵێنەش لێمان گەڕێن ناو دڵتان ماچ بکەین و لەنێو تابلۆی جوانی خەباتی سۆشیالیستیدا پەیکەرێکی شایستە بە خۆتان بۆ دروست بکەین.

تێبینی : ڕستە تۆخکراوەکانی نێو کەوانەکان لە ڕۆمانی (دایک)ی (مەکسیم گۆرکی)یەوە وەرگیراون.

١٩ی نیسانی ٢٠١٩

تێبینی: ئەم بابەتە لەبۆپێشەوەی ژمارە ٥١ ی بەرواری ١/٥/٢٠١٩ بڵاوبۆتەوە…

Check Also

سەردانی سودانی بۆ کۆشکی سپی

عوسمانی حاجی مارف هەر لەسەرەتای دانیشتنی بایدن و سودانی، بایدن ڕایگەیاند کە ئەمریکا پابەندە بە …

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *