ڕۆڵی وردە بۆرژوای لە سیاسەتدا …

بەڵێن ئیسماعیل …

مەبەست لە وردەبۆرژوازی بەو توێژو کەسانە، ئەوترێ، کە لە کۆمەڵگەی سەرمایەداریدا لە مابەینی چینەکانی سەرمایەداری و کرێکاریدا جێگر بووەو بریتیین لەخاوەن کەرەستەکانی بەرهەمهێنان و پیشەسازی و هەرچەند وەک دەوڵەمەندەکان و بۆرژواکان بەشێک لە کەرەستەی وەبەرهێنانیان لە دەستدایە، بەڵام  چینی  دیکە ناچەوسێنێتەوە. وردەبۆرژوا لە ڕەوتی کارو بەرهەمهێناندا بەشداری هەیە و لە بوارێکەوە لە لایەن بۆرژوازی گەورە دەچەوسێندرێتەوە. بە ڕای زۆربەی مارکیسیستەکان؛ وردەبۆرژوا لە سەرەتای گەشەداربوونی سەرمایەداری گەورەترین توێژی کۆمەڵایەتییە، بەڵام ئەم چینە بە کۆکردنەوەی دەستمایە بەدەستی بۆرژوای گەورە لاواز دەبێ و لە کۆمەڵگەی سەرمایەداریدا دەبێتە توێژێکی چکۆلە. مارکس و ئەنگێلس لە مانفێستی کۆمۆنیزمدا ئاماژە بەوە دەکەن کەئاخری وردەبۆرژوازی لەناو پرۆلیتاریادا دەتوێتەوە، بەڕای ئەوان وردەبۆرژوا لەباری ئایدۆلۆژیی سیاسییەوە هەڵوێستی برگەیی و بارەو باری (ناجێگیر) بوون لەبەرچاودەگرێ. مارکس لە ١٨ی برۆمیرلوویس بۆناپارتدا(The Eighteenth Brumaire of Louis Bonaparte(

دەڵێ کە “تایبەتمەندی بەرچاوی وردەبۆرژوازی حەولو تەقەلا بۆهەڵوەشاندنەوەی سەرمایە یان کرێی دەستی نییە، بەڵکو و تێدەکۆشن جیاوازی کەم بکەنەوە و هاودەنگی لەنێوان ئەواندا دروست بکەن “هاورێ لینین دەیگوت کە” وردەبۆرژوازی ئەو بارودۆخە کۆمەڵایەتی و ئابوورییەی هەیبوو، لە نێوان شۆڕش و دژە شۆرشدا لە هاتوچۆدا بوو”. هەتا سەرمایەدار بمێنێ وردەبۆرژوازی لە مەترسی هەڕەشە و دەسەڵاتی ئابووری دایە، بەڵام لەبەرئەوەی سەرمایەی خۆی لە کیس نەدا، ناوێرێ بچێتە ناو شۆرشی دژە سەرمایەداری. بەڕای ئایدئۆلۆژیک و ڕامیاریدا، وردەبۆرژوا دەتوانێ بزووتنەوەیەکی دژە سەرمایەداری دروست بکا، بەڵام تاکو و ئاخر بەردەوام نابێ و لە نیوەی ڕێگادا تووشی قەیران دەبێ و تێکەڵ بە بۆرژوازی دەبێتەوە. بەڕای هاورێ لینین وردەبۆرژوا لە کاتی هەستیاری شۆرشدا {{هێزی شۆرشگێڕی جەماوەر لەناو دەبا}} بەڕای هاوڕێ لینین (وردەبۆرژوا) بەنەیاری سیاسی بە هەژمار دێ. ئەوبزووتنەوەکانی وەک پۆپۆلیزم لە ڕووسیا، لە کاتی شۆڕشە کۆمەڵایەتییەکانی ١٩٠٣ و ١٩٠٥، مەنشوویکەکان و بەشێک لە ڕۆشنبیران بە ناوی وردەبۆرژوازی لە قەڵەم دەدا.

کاریل مانهایم: لەکتێبی (ئایدئۆلۆژی و یوتووپیادا) وردەبۆرژوازی بە پێگە کۆمەڵایەتیەکانی بە محافیزەکار پێناسە دەکا، کە سەبارەت بەبیرو هزری سیاسی هەڵوێست دەگرن و یارمەتی بە کاولکردنی جیهان دەدەن. هێنەرانی ئایدیۆلۆژی محافیزەکار کۆنەپارێز لەگرووپەکانی وەک وردەبۆرژوازی، وەرزێران وئاغاواتى بوون بەشکلی جۆراوجۆرو دژایەتیان لەگەڵ فەلسەفەی ئاگادارکردنەوە مۆدێرن دەکرد. بەڕای مانهایم وردەبۆرژواکان یەکەم نەیاری کۆمەڵگەی سەرمایەداری بوون. لە هەموو جێگایەک وردەبۆرژوا یان چینی ناوینی سوننەتی پێش بەدیهاتنی پێکهاتەی سەرمایەداری مۆدێرن لە چوارچێوەی بازاڕ نیشتیمانی و ڕێکخراوی پیشەسازی خۆی نیشان داوە. وردەبۆرژوا لە ئەورووپا و  لەسەردەمی فیوداڵیدا هەرچەند ئەوکات بڵاوەی سیاسی هەبوو، بەڵام سەربەخۆی زیاتری هەبوو لە هەندێک وڵاتدا لەناو شارە نیوە سەربەخۆکاندا ژیانی دەبردە سەر. وردەبۆرژوازی لەگەڵ چینە سوننەتییەکان هێزێکی بەرگریان لەبەرانبەر پاشاکان و لە زەمینەی نوێسازی ئیداری وماڵیدا دروست کرد. کاتێک وڵاتە نوێسازەکان تووشی قەیران دەبوون، وردەبۆرژوا وەک بەشێک لە هێزە شوڕشگێڕەکان چالاکی سیاسیان دەکرد. هەرچۆنێک بێ؛ شۆرشە بۆرژوازییەکان بە قازانجی سەرمایەی بازرگانی و پیشەسازی مۆدێرن کۆتاییهات.

وردەبۆرژوازی لە ڕۆژهەڵات لەهەمبەر وردە بۆرژوای ڕۆژئاوادا سەربەخۆییان کەمتر بوو، بەڵام ئەو چینە لەگەڵ لاوازبوونی دەسەڵاتی ناوین لە ئاکامی بڕشت و دەسڕۆیی بیانیدا بووە، کە بە  هۆی وابەستەبوونی ئیمپریالیستییەکان، لە ڕاستیدا وردەبۆرژوا تەنیا لە کاتی قەیران و شۆرشدا ڕۆڵی سیاسی دەگێڕاو دوای ئەوەی بارودۆخەکە ئاسایی دەبۆوە، توانایی و زانیاری و ڕێکخراوەیی خۆی لەدەست دەدا. وردە بۆرژوازی لە بارودۆخی پێکهاتەیی ومێژووییدا ڕۆڵی سیاسی خۆی جێبەجێ دەکرد. لەوڵاتانی ڕۆژئاوادا کە ڕەوتی نوێخوازی ئازادی دەستەبەر دەکرا. ڕوودانی شۆرشە توندوتیژەکان و سەرکەوتنی خێرای شۆرشی پیشەسازی، پێکهاتەی سونتەتی بەتەواوی تێکدا، وردەبۆرژوا وتوێژە سوننەتییەکان تووشی گۆڕانکاری بوون و پێناسەی خۆیان لە دەستدا. دوای ئەو ڕووداوە لە وڵاتانی وەک فەڕانسە، بەریتانیا، ئامریکا بزووتنەوە بۆرژواییەکان پێک نەهاتن، بەڵام لەو وڵاتانەی کە شاهیدی ڕوودانی شۆرشی توندوتیژو پیشەسازی خۆبەخۆ نەبوون و بۆخۆیان لە سەرەوە دەستیان بە چاکسازی ونوێسازی کرد، بارودۆخی مێژوویی بۆ چالاکی سیاسی وردەبۆرژوا مسۆگەر بوو. لەوڵاتانی ئاڵمان، ژاپۆن و ئیتالیا بە هۆکاری جۆراوجۆری مێژوویی شۆڕشێکی وەک شۆرشی فەڕانسە و ئینگلیز نەقەوما. بەپێچەوانە لە وڵاتانی ئاغاواتى وسوننەت گەرایی وناسیونالیزمدا لە ڕێگای چاک سازی ئیداری وماڵی ئابوورییەوە دەسپێکی تێپەڕین لە بارودۆخی پێش سەرمایەداری بە بارودۆخی سەرمایەداری و مۆدێرنیزم و پیشەسازی جۆرکرد، لە ئاکامدا هەرچەند چاکسازی کەم بوو، بەڵام لانیکەم کۆمەڵی سوننەتی دەستی لێ نەدرا. ئاکامی ئەم ڕەوتە بەدیهاتنی کۆمەڵگەی دووانەیی بوو، کەلەودا شێوازی وەبەرهێنان و پێکهاتەی کۆمەڵگای قەدیم ونوێ لە قەراخ یەکتر دانران، یەکپارچەیی و شوناسە و ئایدئۆلۆژی وردەبۆرژواکان بەهۆی نەقەومانی شۆرش لەم وڵاتانە وەک خۆیان مانەوە. چینی وردەبۆرژوا چینێکی دژە مۆدێرنیزم و سەرمایەدارین و بەمانای ڕاستەقینە شۆرشگیڕ و ڕادیکاڵ بوون. لەبارودۆخێکدا کە وڵاتانی نوێسازی و چاکسازی خواز (وەک کۆماری وایمار لە ئاڵمان)تووشی قەیران ببوون، بزووتنەوەی کۆمەڵایەتی دژی ئەوان گەشەی کرد، و لەم زەمینەیەدا گرووپەکانی هەڵقوڵاوی وردەبۆرژوازی سوننەتی هێنانی ئایدئۆلۆژی نوێ لەگەڵ مۆدێرنیزم، چاکسازی خوازەکان، سەرمایەداری وسۆسیالیزم بە کێش هاتن، و وە لێک ڕاسان، وردەبۆرژواکان یەکێک لەلایەنگرانی سەرەکی بزووتنەوەی ڕادیکاڵی دژی نوێخوازی، یانی بزووتنەوەی فاشیستەکان بووە، و بەواتەیەکی دیکە پێگەی کۆمەڵایەتی باڵی چەپ یان ڕادیکاڵی بزووتنەوەکان و ڕژێمە فاشیستەکانی دروست کردووە. زۆربەی توێژەرەکان بە ڕاشکاوی پشتیوانی کردنی وردەبۆرژوازی لە بزووتنەوە فاشیستەکان نیشان دەدەن. لە سەرەتای سەدەی بیستەم لە ئەورووپا وردەبۆرژواکان لەگەڵ هێزەکانی بۆرژوازی و چینی کرێکارەکان ڕووبەڕوو بوونەوە و لە ئاکامدا هەستیان بە ناهێمنایەتی وبێهێزی دەکرد. هۆگری وردەبۆرژواکان بە بزووتنەوە ڕاستەکان هەڵوێستێک بوو سەبارەت بە عەقڵانییەتی سەرمایەداری، لە بنەڕەتدا فاشیزم و ئایدۆلۆژی وردەبۆرژوازی هەبووە. بەردەوام لە چالاکییە سیاسییەکانی خۆی، لەلایەن هێزە سوننەتییەکان ومحافیزەکاران بە تایبەت ئاخاوات و وەرزێڕانەوە پشتیوانی لێکراوە. لەڕاستیدا فاشیزم لە وڵاتێکدا دەتوانێ خۆی نیشان بدا کە نیوە سوننەتی و نیوە پیشەیی بێت و هێزەکانی کۆمەڵگە هەروا سوننەتی بمێننەوە.

بۆیە روناکبیرێکی وەک: ئەریک فرۆم؛ لەکتێبی (دەرچوون لە ئازادیدا) هۆگرایەتی وردەبۆرژواکان بە فاشیزم ڕوون دەکاتەوە. بەڕای ئەو ئایدئۆلۆژی دەسەڵاتخوازانەی نازیسم بۆ وردەبۆرژوای ئەڵمان دڵڕفێن بوو. بەڕای فرۆم؛ تایبەتمەندییەکانی ڕەوان ناسی وردەبۆرژوا لەئەڵمان بریتییە لە دەسەڵاتخوازی لەگەڵ هەست بەبێ دەسەڵاتی، فەرمان بردن، کەسایەتی دەسەڵاتخوازو ڕێبەر پەروەر. وردەبۆرژوا لە گەشەو پەرەسەندنی سەرمایەداری پاوانخوازی مۆدێرن دەترسا، و بۆ تۆڵەسەندنەوەی پێویستی بە هێزو دەسەڵات بوو. لە ڕاستیدا گرژیخوازی نازیسم و فاشیزم، ترس و بێزاری و توڕەیی وردەبۆرژوای زیاتر دەکرد. هیتلر لە سەرەتادا خۆی بە ڕزگاری کەری سەرمایەی چکۆلە، و دوژمنی سەرمایەی گەورە نیشان دەدا، و لەدڵی خەڵکدا جێگای خۆی کردەوە. بەم جۆرە هەزاران وردەبۆرژوا بوون بە خاوەن سەرمایە و ماڵ، و تۆڵەی کاتی نەبوونیان کردەوە. فاشیزم سەبارەت بە وردەبۆرژوا هەستی بە سەرتری و گەورەیی دەکرد، و بۆ نیشاندانی هەستی ئازاردەری وسوکایەتی بواری پێویستی تاقی دەکردەوە. کەسایەتی ئازاردەری ئازارخوازی هیتلێر لەگەڵ کەسایەتی وردەبۆرژوای ئاڵمان هاودەنگی هەبوو. نیزامی بیرۆکراسی و پایەکانی فاشیزمیش وەڵام دەرەوەی کەسایەتی دەسەڵاتخوازی وردەبۆرژوا بوو.

هەروەها وردەبۆرژوا لەو وڵاتانەی کە لە بواری سەرمایەدارییەوە گەشەیان نەکردبوو، ڕۆڵی کاریگەری لە بەدیهاتنی ئایدۆلۆژی ناسیونالیستیدا ئەنجام داوە. لەم وڵاتانە دەسڕۆیشتوویی سەرمایەداری لە دەرەوە بە تایبەت لە زەمینەی ئابووری وفەرهەنگییەوە بوو بەهۆی ئەوەی کە چینە سوننەتییەکان و وردەبۆرژواکان هەڵوێست بگرن. بڕشتی ئابووری وزیادبوونی هاوردە زەمینەی لە ناوبردنی ئابووری سوننەتی وردەبۆرژوای سازکرد. هەڵوێستی وردەبۆرژواو چینە سوننەتییەکان بە شێوە ناسیونالیستی زێدەڕۆ سەری هەڵدا. ئەنگێلس، رۆزا لۆکزامبۆرگ و هاورێ لینین ئاماژەیان بە ڕۆڵی و ردەبۆرژوا لە بەدیهاتنی ئایدۆلۆژی ناسیونالیزم کردووە. لە بزووتنەوەی ناسیۆنالیزمەکانی وڵاتانی وەک چین، کوبا، میسر، سوریا، تورکیا و فێتنام، وردەبۆرژوای سوننەتی لەگەڵ وەرزێڕەکان کە بە هۆی پەرەسەندنی بازاڕی جیهانی تووشی زیان و زەرە ببوون. لە بەدیهاتنی ئایدۆلۆژی شۆڕشدا ڕۆڵی بەرچاویان هەبووە.

تێبینی: ئەم بابەتە لەبۆپێشەوەی ژمارە ٥١ ی بەرواری ١/٥/٢٠١٩ بڵاوبۆتەوە…

Check Also

سەردانی سودانی بۆ کۆشکی سپی

عوسمانی حاجی مارف هەر لەسەرەتای دانیشتنی بایدن و سودانی، بایدن ڕایگەیاند کە ئەمریکا پابەندە بە …

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *