کرێکاران نیشتیمانیان نییە! …

عەبدوڵا مەحمود …

هیچ لەوە رۆشنتر نییە، دنیای ئەمڕۆی ژێر سایەی سەرمایەداری، دنیای نابەرابەریەکی قوڵی ئابورییە. دنیای دزینی بەنەخشەی دەستڕەنجی ئۆردوی چینی کرێکارە. دنیای جەنگ و تیرۆر و کوشتار، دنیای نائەمنی و بێکاریی و گرانی، دنیای بێمافی و هەڵاواردن، دنیای سەرەوخوارە. دنیای کەڵەکەی سەرمایەو هەڵتۆقینی خێرای مەڵتی ملیاردێرەکان و لەبەرامبەردا دنیا بەرین بوونەوەی خێرای هەژاریی و نەبوونی و بێکاری و هێرشە بۆ سەر دەستکەوتەکانی پێشووی خەباتی چینی کرێکار و کۆمەڵگە. دنیای پشتکردنە بەها مەدەنیەکان و جێخستنی پۆستمۆدێرنەو ڕاسیزمی ئاشکرایی دەوڵەتییە.

دنیای ئەمرۆ دنیای هێزێکی بەرینی کۆمەڵایەتی بەرهەم و هێن و چەرخاندنی کۆمەڵگە چینی کرێکاری زوربە و کەمایەتیەکی مفەتەخۆری خاوەن هۆیەکانی بەرهەمهێنان، چینی سەرمایەدارە. دەوڵەت و سوپا و جەنگ و دەستێوەردانی سەربازی، هەڵاواردنی قەومی و ڕەگەزی، جنسی و ڕەنگی پێست، بەرامبەرکێی پێشبرکێی چەک و… تاد، هەموویان بەرهەمی ئەم نیزامەی سەرمایەداریین.

لێرە لە کوردستانیش، هەمان دنیا، دنیای زاڵمانەی سەرمایەدارییە. دنیای نابەرابەری و قڵشتی بەرینی چینایەتییە. چینی کرێکاری بەرهەم هێنی زوربەو کەمایەتیەکی تەوەزەل کە دەستیان بەسەر هۆیەکانی بەرهەم هێناندا گرتووە… کۆمەڵگەیان بۆ زوربەی کۆمەڵگە کردۆتە دۆزەخ و ژیانی شاهانەو فیرعەونیان بۆ خۆیان، سازداوە. ئەوەی بەرهەم دەهێنی و کۆمەڵگە دەسازێنی، بینا و پارک و قوتابخانەو خەستەخانەو رێگاو بان و ئامرازەکانی ژیان و سەرگەرمی دروست دەکات، بازار پر کاڵا دەکات و بەرهەمی دواین پێشکەوتنەکان دەخاتە بازاڕ… خۆی لێیان بێبەش و بەشێکی زۆر ناچیزی بەردەکەوێت و بەشی هەرە زەبەلاح و قەبەشی دەچێتە گیرفانی سەرمایەدارەکانەوە، تەنها بەو هۆیەوە کە دەستیان بەسەر هۆیەکانی بەرهەم هێناندا گرتووە.

ئەم نابەرابەرییە، سەرچاوەی دروستکردنی میژووی ململانێێە، ململانێی چینی بەرهەم هینی کۆمەڵگە لەگەڵ خاوەنداریتی تایبەتی و سەرمایەدا.

بۆرژوازی کورد لە کۆمەڵگەی کوردستاندا، لە ژێر ناوی کۆتایی نەهاتنی کێشەی نیشتمانی و نەتەوەیی… هەرەشەی دەرەکی دوژمنانی کورد، هەموو هەوڵی ئەوەیە ململانێی چینایەتی لە قاڵبی بەرژەوەندی میللی و نەتەوایەتیدا بتوێنێتەوە و پەردەپۆشی بکات. لەوێشەوە شانی خۆی لە دابینکردنی سەرەتاییترین پێداویستیەکانی چینی کرێکار… لە پێداویستی رۆژانەی ژیارییەوە بۆ دابینکردنی ئامرازەکانی بەرگری لەخۆ کردن، خاڵی بکاتەوە. لەبەرامبەردا هەر ئەو بۆرژوازییە کە فرمیسک بۆ ئازادی نیشتمان دەرێژی و نارەحەتی لە هەرەشەی دەرەکی بەیان دەکات، بۆ ساتێک چییە واز لە تاڵانکردنی داهاتی و کوردستان، ناهێنێ. دەڵێن دژی هەرەشەی دەرەکیین، بەڵام دەستی دەرەکی و دوژمنانی کوردی!! هیناوەتە ناو قوڵایی کوردستان و نیشتمانەوە!!  کەچی موچەی کرێکاران و کارمەندان بە پێوانەی بازار هێندە ناچیزە ژیانێکی سەخت و قورسی داسەپاندۆتە سەریان. مافی رێکخراوبوون و کۆبونەوەو خۆپیشاندان… ڕێگە لێگیراوە. شوێنی کار نائەمن و پێداویستیەکانی کار لەئاستی نەبوونیدان. ئۆردۆی بەرینی بێكاران و کەسانی ئامادە بەکار… لە بیمەی بیکاری بێبەشن. باسێک لە بیمەی تەندروستی و کۆمەڵایەتی نییە.

یەکی ئایار… ڕۆژی ناوتن و وەستانەوە بەرووی ئەو هەلومەرجەدایە… کرێکاران لە نیشتیمانی ئازادکراودا بن یان داگیرکراو، خاوەنی وڵات و دەوڵەت بن یان بێ دەوڵەت و وڵات… هێزی سەرەکی سەرچاوەی داهاتی کۆمەڵگەن. کرێکاران بەحەق نیشتیمانیان نییە، نیشتیمانی چینی کرێکار تەنها دەتوانێ سەر زەمینێکی بێ چین و چەوساندنەوە بێت…کۆمەڵگەیەک بێت کە خاوەندارێتی تایبەتی هەڵوەشابیتەوەو بووبیت بە خاوەندارێتی گشتی و هەموان بە پێی توانا کار بکەن و بەپێی پێویست لە داهاتی کۆمەڵگە بەهرەمەند بن.

یەکی ئایاری ئەمساڵ لە کاتێکدا بەڕێوەدەچێت… کە بۆرژوازی کورد لە ئەزموونی دەسەڵاتەوە، تا ئیدارە، حکومەتداری و بازاڕ… شکستخواردووترین مۆیدیلی بە پێوانەی بۆرژوازیش نیشانداوە… چینی کرێکار لەکوردستان لەبەرامبەر بۆرژوازییەکی کۆنەپەرست دایە. بۆژوازییەک هیچ نیشایەک لە شاری بوون و سەدەمی بوونی پێوە نییە. ئەم بۆرژوازییە ناتوانێت ڕێگای بازاڕێکی سەربەخۆ بۆ سەرمایە فەراهەم بکات، بەو هۆیەشەوە توانایی فەرمانڕەوایی یاسایی و نێودەوڵەتی نییە، و لەگەڵ دەسەڵاتی ناوەندیش هەمیشە لەکێشەی سیاسیدایە ناتوانیت بازارێکی ئارامیش بۆ پیشەسازی و بەرهەمێنانی درێژخایەن و کەڵەکەی سەرمایە زامن بکات… ئەو چینە لە سەرمایەداری کورد سەرچاوەی سامان و رێگای کەڵەکەی سەرمایەکەی پشتی بە دزی و تاڵانی نەوت و فەرهودی سامانی ناوخۆیی کوردستان و چاو لەدەستی بەغدا بەستووە، هەڵگری نەخشە و پرۆژەی ئابوری و درێژ مەوداو سەربەخۆی نییە… هەر ئەوەشە وای کردووە، کەچینی سەرمایەدار لە کوردستان چینی کریکار وەکو چینێکی کۆمەڵایەتی و واقعیەتیکی بەرجەستە نەبینێ و لەوڕاستایەشدا، چاو لەهەموو ماف و ویستە سەرەتاییەکانی بپۆشێت.

چینی کرێکار لە کوردستان لە وەها واقعیەتیکدا ناچارە… لە خەباتی خۆیدا و بە ڕیزی ڕیکخراوبوونیەوە بۆرژوازی تەکان بدات و توشی ڕاچەنینی بکات. یەکی ئایار بوارێکە بۆ نیشاندانی توانایەکانی خۆی، خستنەرووی داخوازییەکانی، بۆیە پێویستە چینی کرێکار لە کوردستاندا بەراگرتنی چەرخەکانی بەرهەمهێنان لە کارگەکان و ناوەندە خەدەمیەکان، بە راگرتنی کار لە کێڵگەنەوتیەکان و گواستنەوەی، بە راگرتنی پاککردنەوەی شار، بەسڕکردنی هاتووچۆ… نیشانی بدەن کۆمەڵگە بەبێ کاری بەردەوامی ئەوان لە جوڵە دەکەوێت و بۆگەن دەبێت…

بەرەسمی ناسینی مافی رێکخراوبوون و کۆبونەوە و مانگرتن، زیادکردنی موچە پێ بەپێی گرانی بازاڕ،  بیمەی بێکاری بۆ کەسانی ئامادەبەکار، داسەپاندنی یاساکارێکی پێشرەو… ئەو داخوازییە سەرەتاییانەن کە دەبێ لەم ئایارەدا بەدەستیەوە بگرن و بۆی تیبکۆشن.

تێبینی: ئەم بابەتە لەبۆپێشەوەی ژمارە ٥١ ی بەرواری ١/٥/٢٠١٩ بڵاوبۆتەوە…

Check Also

سەردانی سودانی بۆ کۆشکی سپی

عوسمانی حاجی مارف هەر لەسەرەتای دانیشتنی بایدن و سودانی، بایدن ڕایگەیاند کە ئەمریکا پابەندە بە …

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *