تێکۆشان بۆحکومەتی شوورایی زامنی مافەکانی کرێکارە …

عبدالرحمن رسول  …

یەکی ئایار ڕۆژێکی گرینگ و پڕبەیاخە لە تێکۆشانی چینایەتی چینی کرێکار بۆ نەمانی یاساکانی نابەرابەری و چەوسانەوەی کرێکاران و زەحمەتکێشان، ١ی ئایار ڕۆژی هاوپشتی و هاوتێکۆشانی و بەرەنگاربونەوەی چینی کرێکارە دژ بە سیستەمی چەوسێنەر و زاڵمانەی سەرمایەداری. ئەبێت یادکردنەوەو بەرزڕاگرتنی ئەم ڕۆژە بۆ بەهێزکردنی تێکۆشانی چینی چەوساوەبێت کە زنجیرەکانی چەوسانەوەو کۆیلایەتی بۆ یەکجاری بپچڕێنن. پەیامی ئەو چینەی کە زۆرترین قوربانی ماندووبوون لەڕوویی دەروونی وجەستەیی وهێزی دەبەخشێت بۆ کۆمەڵگە، کە بەردەوام بەکرداری پەیامی ئاوەدانکردنەوە وبنیادنانی کۆمەڵگەی جێبەجێ کردووە، تێکۆشانی ئەم چینە چەوساوە پێویستە بە جۆرێک بێت کە هاتنەمەیدان بۆ رزگاری کۆمەڵگە لە ستەم و نایەکسانی و نابەرابەری و چەوسانەوە بێت ئەویش بەڕێکخراوبوونیان لەناو بزووتنەوەی شووراییدا. وزەو ئیرادەی تێکۆشانیان بەیەکگرتوویی و هاوخەباتیان لە پێناو توندکردنەوەی خەبات و تێکۆشان لەپێناوی  ئازادی و یەکسانی نێوان ژنان و پیاوان و دامەزراندنی سیستەمێکی شوورایی خەڵکدابێت. مێژوویی تێکۆشانی چینی کرێکار بۆ چەسپاندنی یادکردنەوەو بەرزڕاگرتنی ١ی ئایارو کردنی بەجەژنی جیهانی چینی کرێکار سەرەتا  تێکۆشان بوو بۆجێبەجێکردنی ٨ سەعات کار لەڕۆژێکدا. یەکەمین جار لە ئوسترالیا هاتەکایەوە. کرێکارانی ئوسترالیا لە ساڵی ١٨٥٦ بەکۆمەل بڕیارییان دا یەک ڕۆژ کار رابگرن وکۆبوونەوەو نارەزایەتی ئەنجام بدەن لە پێناوی چەسپاندنی ٨سەعات کار لە ڕۆژێکدا. گرینگی بەکۆمەڵ بڕیاردانیان بووە دەستکەوتی بەبەیاخ، کەئەو ڕۆژەی ئەو مەراسیمەیان تیایدا بەرپاکرد ٢١ ی نیسان بوو. لەساڵی ١٨٨٦ دا کرێکارانی ناڕازی باوەریان وابوو (١)ی ئایار پێویستە ببێت بە ڕۆژی جیهانی چینی کرێکار. لەم ڕۆژەدا چەندەها کرێکار دەستیان لە کار کێشایەوە و داخوازی (٨) سەعات کاریان لە ڕۆژێکدا بەرزکردەوە. هەنگاو بەهەنگاو تێکۆشانی کرێکاران بەرەو سەرکەوتنی باشتر چوو بەهۆی یەکگرتوویی وهاوخەباتیانەوە. لە ئەنجامدا، کۆنگرەی کرێکارانی ئەنتەرناسیونال لەساڵی ١٨٨٩، بڕیاریان دا ٨ سەعات کار لە ڕۆژێکدا  داخوازی و داواکاریان بێت. لەسەرووی هەموویانەوە نوێنەرانی یەکێتییە کرێکاراییەکانی فەرەنسا کەزۆر ڕادیکاڵانە داوایان دەکرد١ی ئایار ببتە رۆژی جیهانی چینی کرێکار و  وەستانی کار لە سەرانسەری جیهان. نوێنەرانی کرێکارانی ئەمریکا بانگێشتی هاورێیانیان کرد بۆ مانگرتن لە1ی ئایاردا لە ساڵی ١٨٩٠دا. کۆنگرە بڕیاری دا ئەم ڕۆژە ببێتە ڕۆژی  جیهانی چینی کرێکار. بڕیاردانی هاوڕێیانەو کۆمەڵکاری ساڵ لەدوایی ساڵ تێکۆشانی کرێکاران وزەحمەتکێشان گەشەکردنی بەخۆیەوە بینیوە و کاریگەری هەبووە بۆ هێنانەدی مافەکانیان. وە گۆڕانکاری بەسەر جۆری تێکۆشانیاندا هاتووە، بەڵام بەهۆی سیستەمە چەوسێنەرەکانەوە بەشێکی زۆر لەمافەکانیان پێشێل دەکرێت و دەچەوسێندرێنەوە لەلایەن سەمایەداران ودەسەڵاتدارانی کۆمەڵگە جیاوازەکانی جیهاندا. ئەمەش بەهۆی هەبوونی سیستەمی ملهوڕی قۆناخی ئێستایی سیستەمی سەرمایەداری کەبەهۆی سوود وەرگرتن ویارمەتی سیستەمی عەشیرەتی ودینی ومەزهەبی و قەومی وناسیۆنالیستییەوە بەردەوام پایەکانی سیستەمی ملهوڕی وچەوسانەوەی بەهێزتر کردووە تا بەردەوام گەشە بەبێکاری و هەژاری و نابەرابەری خۆی بدات، تاوەکو پارێزەرانی سیستەمی سەرمایەداری خۆیان زیاتر دەوڵەمەندتر بکەن بەکۆکردنەوەی سامان و پارە وپوڵی گشتی مرۆڤەکانی کۆمەڵگە بەڕێگەی دزی وگەندەڵی و چەوسانەوە، هەربۆیە دەتوانین بڵێین لەهەموو کاتێك زیاتر ناتەبایی و ناکۆکی خۆی لەگەڵ  ژیانی مرۆڤ و کۆمەڵگەی مرۆڤایەتیدا خستۆتەڕوو. ئەم ناکۆکی وچەوسانەوەو نابەرابەری و شەڕو ئاوارەیییە کۆتایی نایەت، تا وەکو ئەم سیستەمە چەوسێنەرە بمێنێت. ژیان لەسایەی سیستەم و دەسەڵاتی چینی باڵادەستدا بۆ کرێکارو زەحمەتکێش و زۆربەی هەرەزۆری دانیشتوانی گۆی زەوی بووە  کۆیلایەتی ئاساو بە برسێتی، هەژاری، بێ بەشبوون لە خزمەتگوزارییە سەرەتاییەکانی سەردەم، نائارامی، نەخۆشی، شەڕ، ئاوارەیی، کاولکاری و کۆمەڵکوژی. بەشێکی کەمیش کە پێکهاتوون لەدەسەڵاتداران و سەرمایەداران کە کەمینەی کۆمەڵگەکانی جیهان پێکدەهێنن زۆر ئاسوودەو بەختەوەرن. هەرچی سامان و پوڵی کۆمەڵگە هەیە لەلای خۆیان کۆبۆتەوە کەبەدزی وگەندەڵی وچەتەیی کۆیانکردۆتەوە پارەو سامانیان. بە گوێرەی ڕاگەیاندنەکانی جیهانی ٢٦ سەرمایەدار بەقەد نیوەی دانیشتوانی جیهان پوڵ و سەرمایەیان هەیە، بەڵام بەشێکی زۆر لەجیهاندا ڕۆژانە پارەی ژەمێک خواردنیان دەست ناکەوێت. چینی کرێکار لە وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لەبارودۆخێکی زۆر نالەبار و نامرۆڤانەدا دەگوزەرێت ڕۆژانە بەهۆی سەخەتی کاریانەوەو ڕەچاونەکردن و نەبوونی یاسای سەلامەتی و پارێزگاریکردن لەگیانی کرێکاران لەکاتی کارکردندا. چینی کرێکار لەئێران، بەهۆی زاڵبوون و بەردەوامبوونی سیستەمی کۆنەخوازو کۆنەپارێزو تیرۆریستی ئیسلامی ئێران و هەروەها بە گەمارۆیی ئابووری؛ بۆ بژیوی ژیان و دابینکردنی پێداویستییە سەرەتایییەکان رۆژ لە دوای رۆژ کرێکاران و دەستفرۆشان وزەحمەتکێشان هەژارتر دەبن و کەمبوونی مووچەی کرێکاران لە ئێران وای کردووە، کە ئەم  چینە ناتوانن ژیانێکی سەرەتایی و مرۆڤانەیان هەبێ و ئاسوودەبن.

کرێکاران و زەحمەتکێشانی ڕۆژهەڵاتی کوردستانیش بارودۆخیان زۆر خراپترە لەکرێکارانی ئێران. خەڵکی کوردستان  بەگشتی و کرێکاران و زەحمەتکێشان بەتایبەتی بەهۆی بەرزبوونەوەی ڕێژەی بێکاری وهەژاری و نالەبارەدا دەگوزەرێن هەربۆیە چیتر ئه‌م دۆخه‌ سەخت و نامرۆڤانەیە شایستەی قبوڵکردن نییە. ئیتر بەسە چیتر ناکرێ ژیانی ئێستاو نه‌وه‌کانی داهاتویان بسپێرین بە‌ سیاسه‌ت و مامەڵه‌ی مافیاکانی ئیسلامی ئاخوندی ئێران.

بەگوێرەی ڕاگەیاندنەکانی ئێران چەند کەس لەکرێکارانی کارخانەی “چوار گونبەد” لە شاری سیرجان، ڕۆژی یەکشەممە ڕێکەوتی ٥ی خەرمانان، ۱۳۹۸بە هۆی دواکەوتنی مووچەونەبوونی، بە نووسراوە لەسەر پارچەیەک  داکوتانی لەسەر دەروازەی ئەم کارخانە، بانگەوازیان بۆ فرۆشتنی گۆرچیلەکانی کردووە.

ڕەمەزان شاسواری، بەرپرسی شورای ئیسلامی ئەم کارخانە لە وتووێژیکدا لەگەڵ هەواڵدێری ئیلنا وتوویەتی: کارخانەی مسی “چوار گونبەد” بە بەراورد لەگەڵ کارخانەکانی دیکە، سەرەڕای ئەوەی کە مووچەی کەمترە، دوو مانگیشە کرێکارەکانی ئەم کارخانەیە مووچەیان وەرنەگرتووە.

هەروەها شاسواری باسی لەوە کردووە، کە ئەم کارخانە لە دوو ساڵی ڕابردوودا، یەکەمجار بە کەمکردنی کاتژمێری کارەکەیان و کەمکردنی ڕێژەی گرووپە کاریییەکان، هەتا کەمکردنەوەی مووچە، لە ئاکامدا وای لێ هاتووه، کە کرێکارانی ئەم کارخانە نانی شەویان نەبێت.

ئەمە لە حاڵێک دایە، کە حامدی هادیان، بەرپرسی ئیدارەی کاری شاری سیرجان بە هەواڵدەریی ئیلنای وتووە: “ڕێکلامی فرۆشتنی گورچیلەی کرێکارانی ئەم کارخانە پێکەنینییە و جیددی نییە”، هەروەها باسی لەوە کردووە، کە لە کوێ دونیا کرێکارێک بە وەرنەگرتنی یەک مانگ مووچە، گورچیلەکانی خۆی دەفرۆشێت، ئەم کرێکارانە ویستوویانە گاڵتە بکەن.

ئەم شێوە بیرکردنەوەی بەرپرسانی ڕێژیمی تیرۆریستی کۆماری ئیسلامی و گاڵتەکردن بە ژیانی خەڵک لە ئێراندا وای کردووە، کە ڕێژەی هەژاری لەم وڵاتە گەیشتووتە ئاستێک کە هاووڵاتییانی ئەم وڵاتە بۆ بژیوی ژیانیان ئامادەن ئەندامانی جەستەی خۆیان بفرۆشن، پێدانی مووچەی مانگانەی ٩٣٠ هەزار تمەنی، لەم بارودۆخە ئابوورییە کە لە ئێراندا هەیە زۆرتر لە شانۆیەکی کومێدی دەچێت.

لە لایەکی دیکەشەوه، عەلی خودایی یەکێک لە ئەندامانی کرێکاریی شۆرای باڵای کار لە وتووێژیکدا لەگەڵ ڕۆژنامەی “شەرق” لە ڕۆژی دووشەممە ڕێکەوتی ٦ی خەرمانان، بە پاساو هێنانەوە، کە ئەم کێشە لە زۆربەی کارخانەکان هەیە، لە خاوەن کارخانەکان داکۆکی کردووە و وتوویەتی: بە بڵاوکردنەوەی وێنەی ئەو نووسراوە و گۆشارهێنان بۆ ڕای گشتی هیچ شتێک چارەسەر نابێ و ئەو کەسانەی کە بیریان لە نووسینی ئەم نووسراوە بانگەشەیییە کردووە، لەگەڵ دژکردەوەی توند بەرەو ڕوو دەبنەوە. واتە هەڕەشەی ئاراستەکردوون.

ئەوەتە، بەهۆی بێ ڕوحمی و سەرکوت وچەوسانەوە وبێکاری وهەژاری زۆرەوە خەڵکی کوردستان بەناچاری ڕوودەکەن کاری تاقەت پڕوکێنی کۆڵبەری کە وێڕای کاری سەخت و پڕ ئازار وناڕەحەتی ڕێگا و سەرما وگەرماوە دووچاری بوونە قوربانی بوون و کەم ئەندام بوونیش دەبنەوە بەهۆی تەقەکردن و دانانی مین وئەلغام لەڕێگاکانیان لەلایەن چەکدارانی تیرۆریستی ئیسلامی ئاخوندەکانی ئێرانەوە، کە بەوهۆیەوە ڕۆژانە کۆڵبەران دەبنە قوربانی و کەم ئەندام دەکرێن، کاتێک کەم ئەندامیش دەکرێن هیچ جۆرە هاوکارییەکی ماددی و یارمەتیەک نادرێن بۆچارەسەرکردن و تیمارکردن و دابینکردنی خۆیان و خانەوادەکەیان کە زۆرینەی جار خەڵک کۆمەک وهاوکارییان پێشکەش دەکات، لەنێو ڕێزی کۆڵبەراندا کەسانی بەتەمەن و گەنج هەیە. لەناو کەسانی بەتەمەندا نەخۆشی درێژخایەن هەیە و لەنێو گەنجانیشدا گەنج ولاو هەیە خاوەن بڕوانامەی جۆراوجۆر هەیە کەبەهۆی بێکاری زۆرەوە تووشی کاری کۆڵبەری بوون. ئەرکی سەرجەم ژنان و پیاوانی کرێکارو مامۆستایان وجەماوەری زه‌حمه‌تکیش و کۆڵبەران و ئازادیخواز ویەکسانیحوازە یه‌کگرتووبن خۆیان  ڕێکخراو بکەن لەبزووتنەوەی شوورایی خەڵکی کوردستاندا. ناکرێت چیتر مرۆڤە چەوساوەکانی کۆمەڵگەی کوردستان پەرش و بڵاو بن. پێویستە خۆیان ڕێکخراو بکەن لەجۆری بزووتنەوەی شوورایی دا لەناوەندی کارکردن و شوێنی نیشتەجێ بوونیاندا و لەگەڕەکاندا بەهەرجۆرێک بۆیان دەکرێت شووراکان پێک بهێن و گەشە بە بزووتەوەی شوورایی بدەن، بۆئەوەی لەدوایی ڕووخانی سیستەمی تیرۆریست و دژە ئینسانی ئیسلامی ئێران خەڵکی کوردستان لەڕێگەی شووراکانی خۆیانەوە یاسا و سیستەمی شوورایی و حکومەتی شوورایی لەڕۆژهەڵاتی کوردستان دابمەزرێنن، بۆئەوەی وەکو خەڵکی باشووری کوردستانیان لێ بەسەرنەیەت کە ساڵ لەدوایی ساڵ ڕوبەڕوویی کێشەوقەیرانی زیاتر دەبنەوە دەبێت جیاوازتر تێکۆشان بکەن بۆ هێنانەدی ماف و ئازادییەکانیان ئەویش گەشەدانە بەبزووتنەوەی شوورایی خەڵکە، هەروەها خەڵکی ڕۆژهەڵاتی کوردستان پێویستە هاوکار وپشتیوان بن لەگەشەدان بە ناڕەزایەتییەکان و ڕێکخراوبوونی کرێکاران و خەڵکی زەحمەتکێش و چەوساوەی ئێران بۆ هێنانەدی ماف و ئازادییەکانیان وتێکۆشان بۆ هێنانەدی سیستەم و حکومەتێکی شوورایی لەئێراندا. لەبەرئەوەی بەدامەزراندنی حکومەتی شوورایی لەئێران زامنی ماف و ئازادییەکانی خەڵکی کوردستان مسۆگەرترە…

 

تێبینی: ئەم بابەتە لەبۆپێشەوەی ژمارە ٥١ ی بەرواری ١/٥/٢٠١٩ بڵاوبۆتەوە…

Check Also

سەردانی سودانی بۆ کۆشکی سپی

عوسمانی حاجی مارف هەر لەسەرەتای دانیشتنی بایدن و سودانی، بایدن ڕایگەیاند کە ئەمریکا پابەندە بە …

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *