علی حەمە ساڵحی بزوتنەوەی گۆڕان و هەقارەتی سیاسی بە خەڵکی کوردستان …

عرفان کریم …

بەدوای  تەسلیم بوون و چوونیان بۆ جاری دووەم  بەرەو نێو بارەگا و دامودەزگاکانی پارتی و بنەماڵەی بارزانی و واژووکردنی ڕێکەوتنامەیەک و پێکهێنانی سەنگەرێکی تازە لەگەڵیان، سەرکردەکانی بزوتنەوەی گۆڕان لە ئێستادا بە هەرشێوەیەک بێت هەوڵدەدەن  پاساو بۆئەم  کارەیان بهێننەوە بەدەست بردن بۆ چەندین دەستەواژە و بیانۆی سیاسی چەواشەکارانە، دەیانەوێت ماهیەتی دژە خەڵکی خۆیان لەم سەنگەرەوە، پەردەپۆش بکەنەوە، لەتازەترین لێدواندا، علی حەمە ساڵح یەکێک لەسەرکردەکانی ئەم بزوتنەوەیە، لە گرتیەکی ڤیدیۆیدا، کە لەبەرواری ٩-٥-٢٠١٩بڵاوبۆتەوە، لەبەرامبەر ئەو ڕەخنانەی کە لێیان گیراوە سەبارەت بەدەنگدانی پەرلەمنتارانی بزوتنەوەی گۆڕان بە یاسای سەرۆکایەتی هەرێم، هەندێک چەواشەکاریی و درۆی سیاسی خستۆتەروو، کە بەجۆرێک گەیشتۆتە ئاستێک کە  بێ شەرمانە هەقارەتی سیاسی بەخەڵکی کوردستان بکات. علی حەمە ساڵح دەڵێ (  با خەڵکی کوردستان 45 کورسی نەدایە بە پارتی، یان ئەوانەی بانگەشەی بایکۆتیان کرد و تا توانیان خەڵکیان سارکردەوە بچن بۆ دەنگدان، ئەوان هۆکارێک بوون بۆ ئەوەی پارتی 45 کورسی بێنێت، ئەمڕۆ دێن رەخنە لە بزوتنەوەی گۆڕان دەگرن) لەڕاستیدا ئەوەی بۆ چەند ڕۆژکیش بێت  و یەک خولی هەڵبژاردن لە کورستاندا و لەژێر سایەی دەسەڵاتی چەکدارانی پارتی و یەکێتیدا، ببینێت، دەزانێت کە پرۆسەی هەڵبژاردن  لەکوردستاندا، هیچ کاتێک بەشێویەکی ئاسایی بەڕێوە نەچووە، بەڵکو ئەم پرۆسەیە بە تەزویرکردن و دەستبردن بۆ کردەوەکانی سەرکوت و بەرتیلدان و ڕێگری سیاسی بەرێوەچووە. ئەنجامەکانی ئەم هەڵبژاردنانە هەرچۆنێک بوبێت، ئەوا ئەو  دوو حزبە، دەسەڵاتیان بەشەریکی دابەشکردووە. ئەمە جگە لەوەی کە هیچ کاتێک ئەم دوولایەنە  ملیان نەداوە بەئەنجامەکانی هەڵبژاردن و بەهەر شێوەیەک بێت جومگە سەرەکیەکانی حکومەتیان بە دوو قۆڵی کۆنترۆڵکردوە و لەلایەن خۆیانەوە بەڕێوەبراوە. لەدوایین پرۆسەی هەڵبژاردنەکان بۆ پەرلەمانی کوردستان کەلە بەرواری ٣٠-٩-٢٠١٨ بەڕێوەچوو خەڵکی کوردستان وەک ناڕەزایەتیەک  لەبەرامبەر دەسەڵاتی گەندەڵ و تاڵانچێتی یەکێتی و پارتی و هاوکات وەک دەرک کردنێک بە ناکارابوونی پەرلەمان وەک دەزگایەکی کارتۆنی و بێ ڕۆڵ لەگۆرانکاری ڕیشەیی سیاسیدا، بایکۆتێکی بەرفراوانی ئەم هەڵبژاردنەیان کرد. بزوتنەوەی گۆڕان بەدوای شکستی سیاسی لەم هەڵبژاردنەدا، سەرەتا هات وهاواری ئەوەی دەکرد کە تەزویر و پێشیلکاری کراوە و بەڵگەیان کۆدەکردەوە لەسەر ئەم رەفتارانە، بەڵام لە دواییدا سازشکارانە ملکەچی ئەم ئەنجامانەبون و لە کۆمۆسیۆنی هەڵبژاردندا، واژویان لەسەر کرد. لە ئێستاشدا بۆ چوونەوە بۆ نێو بارەگای پارتی و بارزانی و وەرگرتنی بەشێک لە ئیمتیازاتی دەسەڵات کەتوونەوە پەلاماردانی خەڵک و لایەنگرانی خۆیان کە رەخنەیان لێدەگرن لەسەر ئەم هەڵوێستەیان. ئەم قسانەی علی حەمە ساڵح لەلایەکی دیکەوە مایەی گاڵتەجاڕی ڕیسواییە، ئەو لەلایەک دەڵێت باخەڵکی کوردستان ٤٥ کورسی نەدایە بەپارتی؟ ئەم قسەیە مانای ئەوەیە کە خەڵک کارێکی خراپیان کردوە. لێرەوە دەپرسین، دەی  گریمان و وای دابنیێن کە خەڵک کارێکی باشی نەکردوە و بەهەر هۆکارێک بێت، بەشێک لە خەڵک دەنگی داوە بەپارتی، ئەی باشە خێرە ئێوە نابێ رەخنەتان لێبگیرێت لەسەر ئەم رەفتارە نەشیاوەتان و باوەشکردنتان بەپارتیدا؟ ئەی ئایا ئێوە وەک بزوتنەوەی گۆڕان کارێکی زۆر باشتان کردوە؟ ئەوە مەعلومە کە پارتی بە بێ یەکێتی و سازشی ئێوە ناتوانێت حکومەتێکی جێگیر بۆ کەڵەکەکردنی سەرمایە و پول و بۆ هەژارکردنی خەڵکی کوردستان، پێک بهێنێت. بەڵام ئەوە ماهیەتی سیاسی ئێوەیە کە لە بنچینە و ناوەرۆکدا، هیچ جیاوازیەکتان نیە لەگەڵ پارتی و یەکێتی و دەتانەوێت پێکەوە ئەم کارەبکەن. سەرتاپای ئەو هەموو هاژ و هوژەتان لە بەرامبەر یەکێتی و پارتیدا، تەنها بۆ وەرگرتنی ئیمتیازاتی حکومەتی و موچەی دەیان ملیۆنی زیاترە لە کابنیەی تازەی حکومەتدا. ئەم جارەشیان ئەم ڕاستیە بۆ خەڵکی کوردستان زیاتر ڕۆشن بوەوە، کە ئێوەش ئەندامێکن لە تیمی حزبەکانی بۆرجوازی و گەندەڵ لە کوردستان. هەر بۆیە ئەم جۆرە لە لێدوان لە ئێوە چاوەڕوان دەکرێت.

١٢-٥-٢٠١٩.

Check Also

سەردانی سودانی بۆ کۆشکی سپی

عوسمانی حاجی مارف هەر لەسەرەتای دانیشتنی بایدن و سودانی، بایدن ڕایگەیاند کە ئەمریکا پابەندە بە …

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *