حکومەت و کابینەی نـوێ ڕوپۆشێکـە بۆ داپـۆشینی دەسـەڵاتێکی میلیشیایــی تاڵانچـی  و حزبـی…

عەبدوڵا مەحمود …

سەرەتای ئەم مانگە پارتی و یەکێتی و گۆڕان رێکەوتن… ڕیکەوتن لەسەر پشکی پۆست و وەزارەت و بەشی خۆیان لە کابینەی نۆهەمی حکومەتی!! هەرێمدا. هەروەکو پێشتر ڕامان گەیاندبوو بنەمای گفتوگۆ و ململانێی ئەم حزبانە دوورو نزیک پەیوەندی بەوەڵامدانەوە یان چارەسەری هیچ پرسیکی سیاسی خەڵکی کوردستانەوە نەبوو، کێشەی سەرەکی نێوانیان پۆست و بەش بوو، دواین ویستگەی ململانێی و هێنان و بردن لەسەر پۆستی جێگری سەرۆکی هەرێمی کوردستان و ژمارەیان بوو، ئەو پۆستەی کە ئۆپۆزیسۆنە بودەڵەکە و یەکیتی نیشتیمانی دژایەتیان دەکرد و بانگەشەی دامەزراندن سیستەمی پەرلەمانیان لە جێگایدا دەکرد.

بە جیا لەوەی ئەو ڕیکەوتنە تاکوێ بڕ دەکات و کارتی هەڕەشەکان کەی بەرامبەر بەیەکتری بەدەستەوە دەگیرێن، سەرئەنجام لەسەر بەشەکان پێکهاتن. ڕیکەوتننامەکە وەکو چاوەڕوان دەکراو پێشتریش بەرەی بایکۆت و بزوتنەوەی نارەزایەتی جەماوەری بە بەشداری نەکردن لە هەڵبژاردنەکاندا نیشانیاندا، کە ئەم حزبانە بەدەسەڵات بەدەستیانەوە، بە ئۆپۆزیسێۆنیەوە، بە ئیسلامی و قەومیانەوە، بە ئاشتی و ململانێیانەوە، شایستەی حکومڕانی و بەڕێوەبرن و حکومەتداری نین و دوورو نزیکیش ناتوانن حزبی ناو کایەی هەڵبژاردنێکی تەندروست و گەمەی کاری پەرلەمانی و دیموکراسی بۆژوازی بن… بنەمای ڕیکەوتنی ئەم جارەشیان بەڵگەی ڕاستیە سەلماوە گومان هەڵنەگرەکانی پێشوو وە داهاتووشە.

پارتی و یەکێتی کە لەسەر بنەمای پاوانی دوو زۆندا، زۆنی زەرد و سەوزدا، ململانێی دەسەڵات لەسەر ئاستی هەرێمدا دەکەن، پایەی سەرەکی ئەو ململانێیەیان وابەستەی هێزی چەکدار و دەستبەسەراگرتنی داهات و سامان و خۆبەستنەوەو خۆشخزمەتییە بە دوو قوتبی ناوچەیی” تورکیا و ئێران” ە. باقی هەراو زەنای، پێکهێنانی حکومەت، کاراکردنی پەرلەمان، دەسەڵاتی دادوەری، جۆری حکومەتداری و سیستەمی سیاسی… تەنها و تەنها ڕوکەشیکن بۆ داپۆشینی ئەو دەسەڵاتە حزبی و میلیشیایەی کە پاوانی دوو زونەکە کردووە. واتە بەرگی ڕوکەش و یاسایی کردنە بەبەری دوو دەسەڵاتی میلیشیایدا.

پارتی کە خاوەنی قەڵەمڕەویەکی فراوانترو جغرافیایەکی بەرینتری دەسەڵات و هێزی چەکداری زۆرتر و تۆکمەتر و خاوەن داهات و سامانی زۆرتر و دەروازەی زیاتر و وابەستەی پەیوەندییەکی فرەترە بە وڵاتانی ناوچەکە و ناوەندە نێودەوڵەتیەکان، لەسەر ئاستی عێراقیشدا وەکو خاوەنی بڕیار لە کوردستاندا مامەڵەی لەگەڵ دەکرێت… بەو پێگەیەوە توانیویەتی کایەی بەناو دیموکراسی و پەرلەمانی لەژێر سایەی دەسەڵاتی حزبیدا، زۆرتر بۆخۆی قۆرغ بکات و لەهەر هەڵبژاردنێکدا” هەر جۆرە هەڵبژاردنێک” توانیویەتی دەنگ و کورسی زامنکراو و ویستراوەکانی زامن بکات. وەکو هێزی براوە خۆی نیشانی ناوخۆ و عیراق و ناوچەکەو دنیای دەرەوە بدات و رەوایەتی!! دەسەڵاتی خۆی بەسەر کۆمەڵگەدا، بسەپێنێت. هەرچی یەکێتییە تا هاتووە لەبەرامبەر دەسەڵاتی پارتیدا لە کوردستان، پاشەکشەی کردووە، لەسەر ئاستی عێراقیشدا پێگەی لاوازتر و لە زۆنی سەوزیشدا لەلایەکەوە دەسەڵاتی دابەشی باڵە دژ بەیەکە ناوخۆییەکانی بووەو لەلایەکی تریشەوە رووبەڕووبووە لەگەڵ حزبێکی تر کە بزوتنەوەی گۆڕانە. هەموو ئەوانە یەکێتی لاوازتر و ناکۆکییە ناوخۆیەکانیشی قوڵتر کردۆتەوە. تا ئەو جێگایەی بە بزوتنەوەی گۆڕان دەگەڕیتەوە، ئەم بزوتنەوەیە رۆژ بەرۆژ لەلایەکەوە بۆ دەستراگەیشتن بە تەماحە حزبیەکان و لەلایەکی تریشەوە لەژێر گوشاری بەردەوامی یەکێتیدا، مەیلی بەرەو سازان لەگەڵ پارتی بەرەوسەرچووەو پاکیجەکانی پارتی کردۆتە جێگرەوەی پاکیج و هەراوهۆریاکانی خۆی. بانگەشەکانی گۆڕان بۆ لێکجیاکردنەوەی دەسەڵاتەکان، بە نیشتیمانیکردنی هیزە چەکدار و ئەمنیەکان، شەفافیەتی نەوت و گێرانەوەی قورتی دزراوی خەڵک، وەستانەوەی بەڕووی تەوریسی سیاسی، جێگیکردنی دەسەڵات و سیستەمی پەرلەمانی…تاد بووە بەوەی دەسەڵاتی بنەماڵەیی و نەوەی دووەم و سێهەمی حزبی دەسەڵات بەفەرمی بناسێت و بەکردەوە ژینگەسازی بۆ سوڵتانیزمی سیاسی بکات. بزوتنەوەی گۆڕان لە ململانێی نێوان پارتی ویەکێتیدا، پارتی بۆتە بژاردەیەک بۆ ‌هەڵسانەوە و هێزگرتنەوەی یان لانی کەم ڕاگرتنی باڵانسی خۆی. لە بەرامبەردا پارتی توانیویەتی بزوتنەوەی گۆران لە زۆنی سەوزدا وەکو هێزی بەوەکالەتی خۆی و بە نیابەتی بە گژ یەکێتیدا بکات و درزەکانیان بەرینتر بکاتەوە و تا ئەو ڕادەیەیی کە بوار بۆ هیچ ڕیکەوتنێک لە نێوانیاندا نەهێڵێتەوە کە لەداهاتوودا ببێتە مایەی سەرئێشە بۆ پارتی…

بەم دۆخەوە پارتی توانیویەتی ڵغاوی گۆڕان بکات و توانایی یەکێتیش سنوردارتر بکات… وە توانیویەتی ڕیگە لەوە بگرێت یەکێتی بانگەشەی بەهێزبوونەوە و بوونەوە بە یەکێتیەکە جاران، وەک خەونیش چاولێ بکات.

ڕێکەوتنی پارتی و یەکێتی و گۆران لەو دۆخەدا و بەو هاوسەنگی هێزەوە، دەستی پارتی ئاوەڵا کردووە کە هەرچی نەخشەو پرۆژەی سیاسی و بەرنامەی دوورمەدوا و جۆری حکومرانی و  سیستەمی سیاسی جۆری دڵخوازی خۆیەتی، جێبەجێ بکات… لەبەرامبەریشدا بەشیان لە پۆستی راوێژکاری، لاوەکی، دەرەجە نزم، سوک و بێ کاریگەر… پێبدات و هەرەمی دەسەڵات و بڕیاریش لەدەستی خۆیدا وەکو” بنەماڵە” قۆرغ بکات. سەرۆکی هەرێم بەو هەموو دەسەڵاتە فراوان و بەرینەوە، سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران، دامەزراوەی ئاسایشی هەرێم، پەیوەندیەکانی دەرەوە، دارایی… لەدەست و لەژێر کۆنترۆڵی خۆیدایە، جێگرانی زۆر و بۆری بێكارەو وەزارەتی پوچەکانیش وەکو دیکۆر دابنێت و رادەستی یەکێتی و گۆڕانیان بکات تا ڕەزامەندیان وەربگرێت.

ئەو دەسەڵاتەی پارتی و پشگیری بزوتنەوەی گۆڕان بۆ پارتی و لاوازبوونی ڕۆژ بەڕۆژی یەکێتی نیشتیمانی کورستان، قوتبی بوونەوەی زیاتری دەسەڵات لەژێر دەستی پارتی و بنەماڵەی بارزانیدا، تەنها بەوە تەواو نابێت کە پارتی لەبەرامبەر یەکێتی و گۆڕاندا هێزی باڵادەستە، بەڵکو تەواوی کەشی سیاسی کوردستان بەرەو داخرانێکی زیاتر، سەرکوتی سیستماتیکتر، بێمافی زۆرتر، بەرتەسککرنەوەی کەشی نیمچەکراوەی کوردستان، جێخسینی سیستەمی بنەماڵەیی زۆتر دەبات و مەترسیەکانی لەسەر کۆمەڵگەی کوردستان زۆر زیاتر لە پێشوو دەبێت.

بنەمای سەرەکی تەماحی پارتی چ وەکو حزب و چ وەکو حکومەت و پەرلەمان و سیستەمی سیاسی، لەبنەرەتدا بەر لە لێدانی حزبەکان و گۆشەگیرکردنیان لە رێگەی ململانێ یان سازان و ریکەوتن و بەخشینی پۆست پێیان، خامۆش ڕاگرتنی جوڵەو نارەزایەتی شەقامە. پاشەکشەکردنە بە نارەزایەتی قوڵی جەماوەریی، هەوڵە بۆ لاوازکردن و نەهێشتنی هێزی شاراوەی جەماوەری، لەوەی بێتە دەرەوەو بە‌هێزی بەدەر لەکۆنترۆڵ خۆی نمایش بکات.

توڕەیی و نەفرەتی جەماوەری لە نابەرابەری ئابوری، لەدەسەڵاتی حزبی، میلیشیایی، لە تاڵانی ئاشکرا، لە گرانی و بێكاری و لەسەرکوت و بێمافیەکان، تا نەفرەت لە دەسەڵاتی بنەماڵەیی و نۆکەرێتی بۆ وڵاتانی ناوچەکە… لە کوردستاندا قوڵپ دەدات. ئەگەر پێشتر ئەو جوڵانەوە و توڕەیی و نەفرەتە لەلایەن هێزە بەناو ئۆپۆزیسیۆنەکانەوە، بەلارێدا دەبرا، خاودەکرایەوە. ئەوا ئێستا هەر سێ حزبی باڵادەستی ناو خانەوادەی بۆرژوازی کورد دەستیان لەناو دەستی یەک دایە. دەسەڵات و ئۆپۆزیسێۆن… هەڵگری یەک پاکیجی هاوبەشن و راگرتنی چوارساڵی ئارام، لەجوڵە خستنی نارەزایەتی جەماوەری بێبەشی کوردستان، پاشەکشەکردن بە چاوەروانیەکانی چینی کارگەر و زەحمەتکێشی کوردستان… بە کورتیەکەی سەرکوتی سیاسی و بێمافی و لەپاڵ بە تایبەتیکردنی کەرتە گشتیەکان و نەهێشتنی ئەو خزمەتگوازرییە ناچیزانەی تا ئێستا ماون، لەسلکی تەندروستی، خویندن و پەروەردە، شارەوانی،… ئەو پاکییجەیە کە حکومەتی لەسەر پێکدێت… و بنەمای ڕیکەوتنی نیوان حزبەکانی ناو خانەوادەی بۆرژوازی کوردیشە.

خەڵکی کوردستان بەگشتی و چینی کارگەرو بەرهەم هێنی بەتایبەتی، لەبەردەم هەرەشەی حکومەتێکی نوێ و دەسەڵاتێکی کۆنی ئەزموونکراودان… حکومەتێک کە لەدنیای واقعیدا تەنها روکەشیکە بۆ داپۆشینی دەسەڵاتێکی میلیشیایی تاڵانچی حزبی و بنەماڵەیی… و دریژەدان بەو دەسەڵاتە حزبیە ئەزموونکراوە شکستخواردوەی هەرێمی کوردستان…

بۆرژوازی کورد، ریزەکانی لەسەر ئامانجە هاوبەشەکانی سازدەداتەوە، جوڵەو توەرەیی شەقام درک دەکات و مۆری ئەو نارەزایەتی و توڕەییە جەماوەرییەی بەر لەهەڵبژاردنەکان بەدژی نابەرابەی و بۆ موچە و بەدژی گرانی و تاڵانی هەروەها لە هەڵبژاردنەکاندا، بە جەستەی کەوت قورسایی گەورەی سەر ئەم دەسەڵاتەیە. کابینەی نوێی حکومەت و ڕێکەوتنی ئەو لایەنانە چوونە جەنگی جەماوەری ملیۆنی خەڵکی کوردستانە بۆ خامۆشکردن و بێدەنگەکردنیان، و پاشەکشە پێکردنیان..

جەماوەری کارگەر و بێبەشی کورستان، پێویستە بۆ نەبەردی داهاتوویان ئامادەبن. نەبەردی خەباتی چینایەتی. خەباتێک کە ریشەی لە تورەیی و نەفرەتێکی قوڵی کۆمەڵایەتیدایە بەدژی نابەرابەری چینایەتی و دەسەڵاتی تاڵانچی و مافیایی بۆرژوازی کورد، ڕیشەی لە بایکۆتی هەڵبژاردنەکان و سوک تەماشاکردنی پەرلەماندایە، ریشەی لەو راستیەدایە کە باشبوونی ژیان و گوزەرانی خەڵکی کوردستان و تەنانەت ئاڵوگۆری دەسەڵات لە ڕیگای کایەی پەرلەمانی هەڵبژرادنەکانەوە بە شوێنێک ناگات…

بۆیە چینی کارگەر و زوڵملێکراوانی چینایەتی، پێویستە ڕیزەکانیان ڕیکخراوبکەن، ئاسۆی خەباتکارانەی بەرابەربەری خوازی، هەڵوەشاندنەوەی ستەمی چینایەتی، خاوەندارێتی تایبەتی، بکەنە ئاسۆی خەباتێکی لەخوارەوەی فراوانی جەماوەری بۆ راماڵینی دەسەڵاتی بۆرژوازی کورد و حکومەت کارتۆنیەکەیان… رزگاری کۆمەڵگە لە زوڵم و نابەرابەری چینایەتی و زوڵم و بێمافیە هەزارسەرەکانی سەرمایەداری، کارێ چینی کارگەری رێکخراو و حزبی کۆمۆنیستی شۆرشگێرانەی کۆمەڵایەتی خۆیەتی..

ناوەڕاستی ئایاری ٢٠١٩        

 

تێبینی: ئەم بابەتە لە بۆپێشەوەی ژمارە ٥٢ بەرواری ١٥/٥/٢٠١٩ بڵاوبۆتەوە… 

Check Also

سەردانی سودانی بۆ کۆشکی سپی

عوسمانی حاجی مارف هەر لەسەرەتای دانیشتنی بایدن و سودانی، بایدن ڕایگەیاند کە ئەمریکا پابەندە بە …

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *