دیمانە لەگەڵ کامەران لەتیف؛ ناسراو بە مامۆستا کامەران. بەڕێوەبەری سەنتەری بەرگری لەمافەکانی مناڵانی کوردستان بەبۆنەی ڕۆژی جیهانی مناڵان…

کامەران لەتیف: ڕاکێشانی مناڵان بۆ جیهانی سیاسەت یان هەربیروباوەڕ و ئایدیۆلۆژیایەک بێت، یاخود ناچارکردنیان بەپۆشینی حجاب و نوێژ و ڕۆژووگرتن بێت، پێشێلکاریەکی ڕاستەوخۆی مافەکانی مناڵانە…

بۆپێشەوە: بەجیا لە ستەمی کۆمەڵایەتی دەوڵەتەکان لەسەر مناڵان، ستەمی دایک و باوک لەسەر مناڵان لە ترساندنەوە تاوەکو لێدان و توندوتیژی، هێشتا وەقعیەتی خێزانە دەمارگیرەکانە بە دین ناسیۆنالیزم… چۆن دەڕواننە ئەو دیاردەیە؟

کامەران لەتیف: ستەمی دايك وباوك لەسەر مناڵان هەروەک خۆتان ئاماژەتان پێدا، لە ترساندن و توندوتیژی و سوکایەتی و کارپێکردن و بارهێنانیان بەفەرهەنگی دواکەوتووی ناسیۆنالیزم و بیری پیاوسالاری و چەندین بیروبۆچوونی دواکەوتوانەی تری ناوکۆمەڵگە، بەداخەوە بەشێکی دانەبڕاوە لە واقعی ئەمڕۆی کوردستان. بێگومان ئەوەش ڕەگو ڕیشەی هەیە.

بەداخەوە مناڵان هەمیشە بوونەتە قوربانیەکی گەورەی ئەم ستەمەی کە لەناو خێزاندا خۆی بەرهەم دێنێتەوە، و زۆر بەئاسانی تێدەپەڕێت. دایک و باوک بەبێ مەبەست بەشێکن لەو ستەمە دواکەوتووەی کە ستەم لەسەر مناڵان ئەکەن، و ڕۆژانە بەبەرچاومانەوە چەندین توندوتیژی و سوکایەتی بەمناڵان دووبارە دەبێتەوە!

بۆپێشەوە: چۆن دەڕواننە ڕاکێشانی منداڵان بۆ ناو جیهانی سیاسەت یان حجاب کردنیان و ناچارکردنیان بە کردنی نوێژ و ڕۆژوو و نەریتەکانی دیکەی ئایینی؟

کامەران لەتیف: ڕاکێشانی مناڵان بۆ جیهانی سیاسەت یان هەربیروباوەڕ و ئایدیۆلۆژیایەک بێت، یاخود ناچارکردنیان بەپۆشینی حجاب و نوێژ و ڕۆژووگرتن بێت، پێشێلکاریەکی ڕاستەوخۆی مافەکانی مناڵانە. چونکە پێویستە مناڵان بەدووربگیرێن لەهەر هەوڵێک بۆ بەکارهێنانیان بۆ مەبەستی سیاسی یان ئایینی… و پێویستە ئەمە بەیاسا ڕێکبخرێت، کە مناڵان نەخزێنرێنە نێو جیهانی سیاسەت و هیچ ئایدیۆلۆجیایەکی دیکە، بەتایبەت لە خوێندنگا و دامودەزگا فەرمیەکانی حکومەتدا. بەجیا لەمەش پێویستە دەوڵەت لێپرسینەوە و سزاو ڕێکاری یاسایی توند بەکاربێنێت لەبەرامبەر ئەوکەسانەی کە مناڵان بۆ ئەو مەبەستانە بەکاردێنن. ئەم دیاردەیە بەزۆری لەنێو کۆمەڵگە دواکەوتووە داخراوەکاندا بوونی هەیە، ئەمەش فرسەتێکی باش ئەڕەخستێنێت بۆ ئەو گروپ و دەستەوتاقمە ئیسلامییە توندڕەوانەی لە ئایندەدا گەشە بەئەندام و لایەنگرانی خۆیان دەدەن، چونکە زۆر کارئاسانی دەبێت بەوەی لەپێشتردا کاریان لەسەر بیروهۆشی مناڵانێک کردبێت، لەگەورەبووندا بەئاسانی دەبێتە ئەندام و لایەنگریان. پێویستە مناڵ؛ ژیانی مناڵی خۆی بەسەربەرێت و چێژی لێوەرگرێت وبەدوور بێت لەهەموو ئەم پێشێلکارییانە.

بۆپێشەوە: کێ بەرپرسە لە پەروەردەی مناڵ؛ دایک و باوک یان دەوڵەت؟

کامەران لەتیف: بەدڵنیاییەوە دەوڵەت بەرپرسی یەکەمە لەپەروەردەی مناڵان. دیارە پەروەردەی مناڵان ئەرکێکی کۆمەڵایەتی و هەمەلایەنەیە کە دەوڵەت ڕۆڵی سەرەکی تێدا دەبینێت، باوک و دایکیش ڕۆڵی خۆیان هەیە و هاوکار دەبن لە چوارچێوەی ئەو پرۆسەیەدا.

لە وڵاتانی پێشکەوتوودا مناڵ پەروەردەکردن پرۆسەیەکی پەروەردەییە، واتە تەواوی دامودەزگا پەروەردەییەکان پێویستە بچنە خزمەتی پەروەردەوە. هەروەها دەوڵەت لە پێناوەدا بودجەی پێویست دابین بکات بۆ بەرەوپێشبردنی گەشەی هزر و بەدەنی مناڵ لەڕووی پەروەردە و خوێندن و تەندروستی و تەواوی بوارەکانی ترەوە.

بۆپێشەوە: هەلومەرجی نەخوازراوی ئابووری چ کاریگەریەکی لەسەر منالان هەیە؟

کامەران لەتیف: هەلومەرج و خراپی باری ئابووری؛ گەورەترین فاکتەرە کە کاریگەری لەسەر کۆمەڵگە و مناڵان بەتایبەتی دادەنێت. کاریگەری ئابووری چەندین کێشەی کۆمەڵایەتی دروست دەکات کە ڕاستەوخۆ ڕەنگدانەوەی خراپی دەبێت لەسەر مناڵ. بۆ نموونە: کاتێک خێزانێک بەهۆی قەیرانی ئابووریەوە یاخود کەمی داهاتیان و کەمدەرامەتیان، بەناچاری مناڵەکانیان دەخەنە بەرکارکردن بۆپڕکردنەوە و دابینکردنی بژێوی ژیانی خێزانەکە، ئەمەش دەبێتە هۆکاری دوورخستنەوەی مناڵ لە خوێندن و پەروەردە، کە دواتر مناڵەکە ڕەنگە تووشی دەیان کێشەی تر ببێتەوە لە دەرەوەی دەسەڵاتی خێزان…

بۆیە هەلومەرجی ئابووری خێزان، یەکێکە لە بنەماسەرەکییەکانی کۆمەڵگەی تەندروست، و لە وڵاتە پێشەکەوتووەکاندا مناڵ تادەگاتە تەمەنی ١٨ ساڵی بڕێکی دیاریکراو مووچەی مانگانەی هەیە کە دەدرێتە بەرپرسی بەخێوکەرەکەی (دایک و باوک یا هەرکەسێکیتر). لەکوردستاندا لە چوارساڵی ڕابردوودا زۆر بەڕۆشنی خراپی باری ئابووری کاریگەری لەسەر تەواوی کۆمەڵگە و خێزانەکان دروستکردبوو بەتایبەتیش مناڵان. شایەدی چەندین ڕووداوی کۆمەڵایەتی نەخوازراوی بەدوای خۆیدا هێنا، هەر بەم پێیەش ڕووداوەکانی (کوشتن ،دزی، تاوانە جۆراوجۆرەکان…تاد) ڕوویان لەزیادبوون دەبێت. هەروەها زۆرێک لەخێزانەکان لەبەر باری ناهەمواری ئابووری ناچار بوون کچەکانیان لە تەمەنێکی زووتردا بەشوو بدەن، کەئەمەش لەداهاتوودا کێشەی کۆمەڵایەتی و هەندێکجار تەندروستیشی لێدەکەوێتەوە.

بۆیە دەوڵەت ئەرکیەتی کە ژیان و گوزەرانی هاوڵاتیان بەرەوباشتر بوون بەرێت، تاوەکو خراپی باری ئابووری کاریگەری لەسەر تاک و لەدواییشدا کۆمەڵگە نەبێت.

بۆپێشەوە: دەمارگیری ئایینی و بیروباوەڕی باوی خودی خێزانەکان، چ کاریگەرییەکی لەسەر مناڵان و مافەکانیان هەیە؟

کامەران لەتیف: دەمارگیری ئایینی خێزانەکان و کاریگەری لەسەر مناڵان بەتایبەتی ئەو خێزانانەی زۆر پەیوەستن بە ئایینەوە، ڕەنگدانەوەی لەسەر مناڵەکان زۆرە… بەداخەوە لەلایەن هیچ دامودەزگایەکەوە کۆنتڕۆڵ نەکراون، واتە خێزانێک ئەگەر موسوڵمان بێت ڕاستەوخۆ مناڵەکانیشیان دەکەنە موسوڵمان، و ئەگەر مەسیحیش بێت بەهەمان شێوە مناڵەکان دەکەنە مەسیحی… واتە مناڵ هیج دەسەڵات و هەڵبژاردەیەکی نییە لە دیاریکردنی ئایین و بیروباوەڕەکەی. بەپێچەوانەوە کاریگەری خێزانەکان بەسەر مناڵەوە لەژێر فشار و هەندێکجار بەزەبری توندوتیژی و هەڕەشە مناڵەکان دەبێ ببنە کەسێکی ئایینی!

دیسانەوە حکومەت هیچ ڕۆڵیک نابینێت لەم پێشێلکارییانەی بەرامبەر مناڵان دەکرێت، بەپێچەوانەوە حکومەت ئاسانکاری دەکات لەم پڕۆسەیەدا. بە نموونە: وەختێک پشووی هاوین دەستپێدەکات بەدەیان فیرقەی قورئان خوێندن لەمزگەوتەکان دەکرێنەوە، کە سەرجەمیان لەلایەن حکومەتەوە ڕێگەپێدراون و مۆڵەتیان هەیە! ئەمەش پێشێلکارییەکی دیکەیە لەبەرامبەر مناڵان، و لەڕووی نێودەوڵەتییەوە ڕێگەپێنەدراو و قەدەغەکراوە. لە کوردستان مناڵ لە تەمەنی(٥،٤) ساڵیەوە ئاڵودە دەکرێت بەئایینەوە، چ لە خوێندنگا یاخود لە نێو خێزانەکان یان لە مزگەوت و شوێنە گشتیەکان. ئەوەی جێگەی زۆر نیگەرانییە ئەوەیە کە ئەم پێشێلکارییانەی لەبەرامبەر مناڵان دەکرێت، زۆر بەکاریکی ئاسایی تەماشایان دەکرێت!

بۆبنەبڕکردنی ئەم دیاردەیە؛ پێویستە ڕێکخراوەکانی مناڵان و ئازادیخوازان و تەواوی چین و توێژەکانی کۆمەڵگە هەستیار بن بەمافەکانی مناڵان و کار لەسەر هۆشیاری تاک بەتاکی کۆمەڵگە بکەن و ئاستی ڕۆشنبیریان بچێتە سەر.

تێبینی: ئەم دیمانەیە لە بۆپێشەوەی ژمارە ٥٣ بەرواری ١/٦/٢٠١٩ دا بڵاوکراوەتەوە… 

Check Also

سەردانی سودانی بۆ کۆشکی سپی

عوسمانی حاجی مارف هەر لەسەرەتای دانیشتنی بایدن و سودانی، بایدن ڕایگەیاند کە ئەمریکا پابەندە بە …

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *