لینین و ئەدەبیات …

نووسینی: سالار حمە سەعید …

ئەدەبیات ڕوخسار و شکڵ وشێوەی دا بە کولتووری سیاسی لە ڕووسیایەکدا کە ” ڤلادیمێر ئیلیچ لینین ” تیا گەورەبوو. لینین لە دەوروبەرێکدا گەورەبووە کە ئەدەبیات رۆڵ و دەوری گەورەی هەبووە بۆ نموونە هەموو پاش نیوەڕوانێکی رۆژانی یەکشەممە لەماڵەوە بەدەنگی بەرز شکسپیر و گۆتێە و پۆشکین دەخوێنرایەوە. لینین لە قوتابخانەی ئامادەیی دا عاشقی زمانی ” لاتین” بوو تا ئەو ڕادەیەی کە بەڕێوبەری قوتابخانەکەی ئومێدێکی گەورەی هەبوو کە لینین ببێتە زمانناس و واژەناس و پسپۆر و زانا لە زمانی لاتین دا. ئەگەرچی لینین ئاراستەیەکی تری گرتەبەر و مێژوو و بەشەرییەت ئەرکێکی گەورەی پێ سپارد، بەڵام  هێشتا شەوق و ئارەزوو و هەستێکی قووڵی هەبوو بۆ ”لاتین” و هەرگیز وازی لە کلاسیک نەهێنا و لەگەڵیا دەژیا. لینین ”هۆراس” و”ڤێرجل” و ”جۆڤیناڵ” ی بە زمانی ئەسڵی خۆی واتە بەلاتینی خوێندۆتەوە. لینین تامەزرۆی ”گۆتیە” بوو و چەندەها جار ”فاوست”ی ”گۆتیە”ی خوێندۆتەوە لەو دوو سەدەیەی کە لە تاراوگە بووە. لینین زانیاری و مەعریفەیەکی کە هەیبوو سەبارەت بە ئەدەبیاتی کلاسیک باشترین سوودی لێوەرگرت لەوکات و ماوانەی پێش شۆڕشی ئۆکتۆبەری ١٩١٧. لینین زۆر لەکەسانی تر باشتر لەوە تێگەیشتبوو کە ئەدەبیاتی کلاسیکی روسی هەمیشە لە سیاسەت هەڵکێشراوە. ئەدەبیاتی کلاسیک هێندە ڕەگی داکوتابوو لە ناخی لینین دا کە وەک قەڵغانێک وابوو لەبەرامبەر هەر ورووژان و هەڵچوونێک لە هەر گەشەکردنێکی هونەری و ئەدەبی نوێ دا.

دەوری ساڵێک دوای شۆڕشی ئۆکتۆبەر لەمانگی ئابی ١٩١٨ دا رۆژنامەیەک بەناوی ”ئۆڤێستا” لیستێکی بڵاوکردەوە کە تیایدا ناوی ئەو کەسایەتی و ئەدیبانەی کە لەلایەن خوێنەرانی رۆژنامەکەوە پێشنیارکرابوون کە مۆنۆمێنتیان بۆدروست بکرێ. لەسەرووی لیستەکە تۆلستۆی و دوای ئەویش دایستۆڤسکی بوو. هەر ئەوە بوو لەمانگی نۆڤەمبەری هەمان ساڵدا پەردە هەڵماڵرا لەسەر مۆنیۆمێنتەکە بە بەشداری نوێنەری شورای شاری مۆسکۆ. کەئەمە بەیانگەری ئەوەیە کە ڕاوبۆچوونی لینین نەکرابوو بە سیاسەتی دەوڵەت ئەگینا لینین رای جیاوازی هەبوو لەسەر هەر یەکێک لەو ناوانەی کە خوێنەران دەنگیان پیدابوون کە مۆنیۆمێنتیان بۆ دروست بکرێ. لینین ڕاوبۆچوونی تایبەتی خۆی هەبوو سەبارەت بە نووسەرانی ئەو کاتەی رووسیا لە نووسراوێکیدا بەناوی ”لیۆ تۆلستۆی وەک ئاوێنەی شۆڕشی رووسی” سەبارەت بە تۆلستۆی دەڵێ: ”چۆن دەکرێ نووسەرێکی بەهرەمەندی ئاوا شۆڕشگێر بێت و لەهەمان کاتدا کۆنەپەرست بێت”. لینین پێی وایە کە ناکۆکی ودژایەتییەکان لە تێڕوانینەکانی تۆلستۆی دا ڕێکەوت نییە، بەڵکو دەربڕینە لە بارو ڕەوشی ژیانی ڕووسیا لە دوا سێ دەیەی سەدەی ١٩. هەروەها خستنە ڕووی ناکۆکی و دژایەتیەکانی نێو کۆمەڵگەی رووسی ڕێنمایەکی بەسوودبوون بە شیکردنەوە سیاسیەکانی لینین. لینین ناکۆکیە قووڵەکانی نێو کارەکانی تۆلستۆی هەڵوەشاندەوە و شیکاری بۆکرد، بەڕای لینین، تۆلستۆی بەڕۆشنی دەیتوانی دەست بخاتە سەر دەرد و نەخۆشیەکان لە رۆمانەکانیدا. لینین لەلایەکەوە دڵگەرم دەبوو بە پەلامارە توندەکانی تۆلستۆی کە دەیکردە سەر دام ودەزگا پۆلیسیەکانی فەرمانرەوایی قەیسەر، بەڵام لەلایەکی ترەوە مەسیحیەت و پاسیفیزمی تۆلستۆی بێزاری دەکرد. لینین پێی وایە دژایەتی وناکۆکیەکان لە ڕوانگەی ”تۆلستۆی”یەوە بریتی نین لە ناکۆکی ودژایەتیەک تەنها لەناخ و دەروونی خۆیەوە سەری دەرهێنابێت، بەڵکو ڕەنگدانەوەی ئاڵۆزترین دژایەتی بارو ڕەوش و کاریگەرییە کۆمەڵایەتی و داب ونەرێتە مێژووییەکانە کە سایکۆلۆژی و دەروونی چینە جیاجیاکان لە کۆمەڵگای رووسیادا دیاری دەکات لە سەردەمی ریفۆرم و پێش شۆڕشدا. سەرکۆنەکردنی بێ پەروای تۆلستۆی بۆ خاوەندارێتی تایبەتی گواستنەوەی سایکۆلۆژی جەماوەری جوتیارانە لەساتە وەختێکی مێژوویی دا کاتێ سیستەمی سەدەکانی ناوەراستی خاوەندارێتی زەوی وزار تیایدا ببووە کۆت وزنجیرێکی بەرگەنەگرتوو لە بەردەم گەشە وپەرەسەندنی وڵاتدا.

بەڵام ئەو نووسەرەی کە کاریگەری قووڵی هەبوو لەسەر لینین و تەواوی شۆڕشگێڕان و کەسانی ڕادیکالی ئەو سەردەمە، کەسێک بوو بە ناوی نیکۆلای چیرنیشیڤسکی، کە فەیلەسووفێکی ماتریالیست و سۆسیالیست بوو. ڕۆمانێکی بەناوی ”چی دەبێ بکرێ” کە لە ” قەڵای پیتر و پۆڵ” لە  سنت پترسبرگ نووسیوە لەو شوێنەی کەبەهۆی بیروباوەڕی سیاسیەوە زیندانی کرا. ئەم رۆمانە بە دزیەوە لە زیندانەوە نێردرایە دەرەوە و جێگەوڕێگەیەکی تایبەتی بە نووسەردا، ئەم رۆمانە بووە هۆی ڕادیکاڵ بوونی لینین کاریگەریەکی قووڵی لەسەر دانا تەنانەت زۆر پێش ئەوەی بە مارکس و نووسینەکانی ئاشنا بێت. چیرنیشیڤسکی ئاشنا بوو بەمارکس و نامە لەنێوانیاندا ئاڵوگۆڕ دەکرا. لینین یەکەمین نووسراوی گرنگی بە نێوی ”چی دەبێ بکرێ؟ ی نووسی لە ساڵی ١٩٠٢ دا. سەرکەوتنی ئێجگار گەورەی رۆمانەکەی چیرنیشیڤسکی زۆرێک لە رۆمان نووسە جێکەوتووەکانی بێزارکرد بەتایبەتی ”تۆرگنییف”، کە زۆر بە توندی کەوتە پەلاماردانی.

تێبینی: ئەم بابەتە لە بۆپێشەوەی ژمارە ٥٥ بەرواری ١/٧/٢٠١٩ بڵاوبۆتەوە

Check Also

هێرشی ئیسرائیل بۆ سەر ڕەفەح! دوا بزمار لە تابوتی زایۆنیزم و هاوپەیمانە جیهانیەکانی

بەیاننامەی ژمارە ٦ی سێ حیزبی کۆمۆنیستی- کرێکاری لە ناوچەکەدا: ئەمڕۆ ٧ی ئایار، لە دۆخێکی پڕ …

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *