دەربارەی داخستنی هەندێک شوێنی ئیسلامی لە فەرەنسا لە لایەن حکومەتەوە …

نووسینی: شوان عەزیز

نووسەرێک بە ناوی: کڕیس تۆملینسن لە وێبساییتی برەیتبارت دا لە نووسینێکی کورتدا کە وەک هەواڵیش بڵاوی کردۆتەوە لە ١٧ نۆڤەمبەری ٢٠١٩ دا دەڵێ: حکومەتی فەرەنسا ١٥ شوێن و محەلەو گەڕەکی لەفەرەنسا داخستوون و دەرگاکانی قفڵ داون.

بەپێی ئەم هەواڵە گوایە بەهانەی حکومەت ئەوەیە کە ئەو شوێنانە لەلایەن ئیسلامیزمەوە سەرپەرشتی کراون و لەو شوێنانەشەوە پەرە بە کاری توندڕەوی، جیهادو کاری تیرۆریستی دراوە لە ناو فەرەنساداو تەنانەت کاریان بۆ دەرەوەی فەرەنساش کردووە.

لە ڕاستیدا گرفتە گەورەکە ئەوەیە کە پەیوەندی ئیسلام و جیهادو کاری تیرۆریستی بە شێوەیەک ئاوێزانی یەکتر بوون کە لێک جیاکردنەوەیان بۆتە شتێکی مەحاڵ و هەزاران ساڵیشە بەم شێوەیە بەردەوامە.

ئیسلام وەک دین بە یەکێک لەو دینانە دەژمێررێت کە ئاسمانییەو لە لایەکی تریشەوە یەکێکە لەو سێ دینەی کە سەر بە خێزانی ئیبڕاهیمن. دینی ئیبڕاهیمی پێدەگوترێت.

ئایینی ئیسلامی بە پێی داتاو بەڵگەکان یەکێکە لەو دینانەی کە لە هەموو ئایینەکانی تر بە ئاسمانی و زەمینییانەوە زیاترو خێراتر گەشەی کردووەو بەردەوامە لە مانەوەو گەشەو بڵاوبوونەوەی.

ئەم خێراییە بڵاوبوونەوەی ئایینی ئیسلامیش وەک شارەزایانی ئەو بوارە لێکۆڵینەوەیان لەسەرکردووە، ئاماژە بە هەندێک هۆ دەدەن کە لێرەدا من ئاماژە بە هەندێکیان دەدەم بۆ نموونە:

١- ئەم ئایینە وەڵامی هەیە بۆ هەر پرسیارو کێشەیەک، وە پلانی هەیە بۆ هەر ئەزمەو قەیرانێک (دیارە لە دیدی تێکستەکانی خۆیەوە). زۆر جارانیش لە زۆر شوێنان بڕوای بەدەوروبەر هێناوە و خەڵک باوەڕیان پێکردووەو بەدوای کەوتوون. ئاشکرایە کە لەونێوەدا لە جێبەجێکردنی ئەو پلانەشیدا لە زۆر شوێنان و کاتاندا توندوتیژیشی بەکارهێناوە. ئەو ئایینە خۆی هەڵدەقورتێنێ لە مەسەلەی سیاسی، کۆمەڵایەتی، ئابووری، سەربازی، ئیداری، تەندروستی، هتد.. بە کورتی و بە ڕوونی ئەو ئایینە ئامادەیە خۆی بدا لەقەرەی هەر بابەت و مەسەلەیەکی دنیایی و ئەودیو دنیاش. ئەمەش هێزێکی وای داوەتێ کە زوو تەشەنە بکات و بەردەوامی بەژیانی خۆی بدات. تەنانەت ئەو ئایینە ئامۆژگاری هەیە کە دەچیتە ئاودەست، دەبێ چۆن دابنیشی و قورساییت بخەیتە سەر کام لایەی لەشت بۆ ئەوەی بە شێوەیەکی تەندروست پاشەرۆکە دابەزێنی!!.

٢- ئەو ئایینە توانای خۆگونجاندنی لە ڕادەبەدەر بەهێزە لەگەڵ دەوروبەریدا. بۆ ماوەیەک نامۆ دەبێت، بەڵام ئارامی هەیەو زۆری پێناچێت نامۆییەکەی لەنێو ژینگەگەکەدا نامێنێ.

٣-تێکستی قورئان و قسەی پێغەمبەرەکەیان لەگەڵ تەجرووبەو قسەو مێژووی ڕابەرە دیارەکانی ئەو ئایینە بە جۆرێکە کە دەتوانرێت چەندین خوێندنەوەی بۆ بکرێت. دەتوانرێت لێیان دەربهێنرێت و لێیان بدۆزرێتەوە کە گونجاو بن بۆ بە کارهێنانیان لەچەندین شوێنی جیاجیادا، لە نێو نەتەوەی جیاجیادا، لە نێو ئایینی جیاجیادا. واتە هەمبانە بۆرینەکەی هەژار موکریانییە هەموو شتێکی تێدایە. دەست پێداکەو بهێنەرە دەرێ..

٤- ئەو ئایینە تێکستی هەیە بۆ شەڕ وەک بۆمبی ئەتۆمی کاریگەری هەیە و بۆ ئاشتی و پێکەوە ژیانش تێکستی هەیە کە گورگ و مەڕ دەبێ بەیەکەوە هەڵبکەن. تێکستی هەیە بۆ هەڕەشەو تۆقاندن و ترساندن و هیچ دەزگایەکی ڕاگەیاندنی شەڕ تا ئەو سەردەمەش ناتوانێ بیگاتێ. لە لایەکی تریشەوە تێکستی هەیە بۆ ئاشتی و خۆ تەسلیم کردنی بەرامبەر کە دەبێتە هەنگوین و دەمت ئاو دەکا بۆی.

٥- ئیسلامی سیاسی کە کاکڵەو بڕبڕە پشتی مانەوەی ئەو ئایینەیە، بۆ هەر نەتەوەو شوێنی جوگڕافیەک جۆرێک لە تێکست و جۆرێک لە تەفسیرو حەدیس بەکاردێنن. بۆ نمونە لە سعودیە جۆرێک لە تێکست بەکاردێنن کە ئەوانە لە کەنەداو ئەمەریکاو ئوسترالیا بەکارناهێنن وتەنانەت لە نێو بڵاوکراوە ئیسلامیەکانیشیاندا نایان بینی.

٦- ئەو ئایینە کە ئیسلامی سیاسی پێشڕەویەتی هەر کاتێ وە لەهەر شوێنێ کەمینەیە داوای دیموکڕاسی و بەئاشتی پێکەوە ژیان دەکات و وردە وردەش هەوڵی ئەوە دەدا کە یاساکانی خۆی پلە پلە بە هێواشی بچەسپێنێ لە نێو هەندێک شوێن و دەزگای دەوڵەتی و ئەهلیدا، بەڵام کە دەبێتە زۆرینەو ژمارەیان بەرز دەبێتەوە ئیتر دیموکراسی باوی نامێنێ و تێکستی ئاسمانیان ئامادەیە کە یاساو شەریعەتی ئاسمانی فەرز بکەن.

٧- ئیسلامی سیاسی کە ڕابەرایەتی دینی ئیسلامی دەکا دینێکی سەرتاسەری جیهانییەو بە چەندین ئاراستە کار دەکات. چەندین باڵی هەیە. بۆ نموونە  باڵی سەربازی. ئەو باڵە سەربازیەش چەندین شێوەو جۆری هەیە کە بە پێی پێویست و شوێن و کات هەیانە توندوتیژن و سەربڕن وە هەشیانە لەهەندێک شوێن و کاتی تر میانڕەو و هێواشترن. باڵە مەدەنیەکەشی چەندین شێوەو جۆری هەیەو ئەویش میانڕەو و تووندڕەوی هەیە. هەموو ئەمانەش بە مەدەنی و سەربازیانەوەو بە توندڕەو و میانڕەویانەوە یەک جۆر لە بەڕێوەبەرایەتیان دەکات ئەویش ئیسلامی سیاسیەو ئەو ئیسلامیە سیاسیەش پشتی بە تێکست و حەدیس و ڕابەری ئیسلامی و مێژووی ئیسلامی بەستووە.  ئەمە هەروا هاتووەو هەرواش دەڕوات. تەکتیک و جۆری خەبات و سیاسەتی ئیسلامی سیاسیە کە ئیسلام خوودی خۆی ئایینێکی سیاسیە. لە کۆتاییدا و هێزی هەموو ئەو باڵ و دەستانە دەبێتە ئاوی گەڕاندنی یەک ئاش کە ئەویش ئایینی ئیسلامە.  وەک کورد دەڵێ: هەموو ڕێگا دەچنەوە بانێ…

٨- بازاڕی ئازادو تێكەڵاوی کەڵچەرەکان. وڵاتانی ئەوروپاو ڕۆژئاوا وەک وڵاتی پیشەسازی داواکاری سەرەکی نەوت کە بەرهەمی نەوتی خۆیان لە وڵاتانی خۆیاندا بەشیان ناکات بۆ ئەم مەبەستەش پەنا دەبەنە بەر وڵاتانی ئیسلامی و ئەوانیش داواکاری سیاسی و ئایینی خۆیان دەسەپێنن. بۆ نموونە ئێستا دەبینین کە سعودیە بە سەدان هەزار مزگەوتی لە تەواوی وڵاتانی ڕۆژئاواییدا کە مەسیحی نشینن کردۆتەوە.

٩- ئیسلامی سیاسی زۆر لێزانە لە قۆستنەوەی شێوە سیستەمی سیاسی و بەڕێوەبردنی وڵات کە دیموکراسیە لە وڵاتانی ڕۆژئاوا بە قازانجی گەشەکردنی خۆی بە کاری بهێنن.

ئەوانەی سەرەوە هەموو ئەو هۆیانە نین کە ئیسلامیان وا لێکردوە بە خێرایی گەشە بکاو بڵاو بێتەوە بە جیهاندا، بەڵکو بەدەیان و بەسەدان هۆی تریش هەیە بۆ نموونە ئابووری، سیاسی، کۆمەڵایەتی، ڕۆشنبیری، نەخوێندەواری، برسێتی، بێتوانایی و بێهێزی لە زاڵ بوون بەسەر سرووشتداو تێگەیشتنی بۆ نموونە کارەساتە سروشتیە وێرانکەرەکان و نەبوونی باران و هاتنی وشکەساڵی، ترس، مردن، یاخوود بە شێوەی داگیرکاری و کوشت و بڕین وەک ئەوەی کە داعش کردی،  وە بگرە چەندین هۆی تریش… ئیتر هەر بژمێرە. هەمووی هەر لە بەرژەوەندی ئاییندایە، چونکە ئایین دەیسپێرێ بە ئەودیوی نادیار.

بەڵام لەسەرووی هەموویانەوە سیاسەت و بەرژەوەندی سیستەمی سەرمایەداری کە بەشێوەیەکی گشتی دین و مەزهەبی ئاسمانی زۆر لا گرنگەو هەمیشە لە پشتیەتی وە بە تایبەتی زۆر پشتی ئایینی ئیسلامی گرتووە کە زۆر لەبەرژەوەندی ئەو سیستەمە سەرمایەداریەی ئێستادایە.

کەواتە کورتەی قسە  ئەوەیە: ئەوە تێکستە ئیسلامیەکەیە، ئەوە مێژووی ئیسلامە کە هەر خۆیان نووسیویانەتەوەو شانازیشی پێوە دەکەن، ئەوە قسەو کرداری هاوکاران و هاوڕێیانی پێغەمبەری ئیسلامە و ئەوە بە گشتی مێژووی ئیسلامە لە دوای سێزدە ساڵی مەکەیەوە تاکو ئەمڕو، بە کەمێک جیاوازیەوە، کە وای کردووە  هەر کاتێک باس هاتە سەر جیهادو کاری تیرۆریستی  یەکسەر ئایینی ئیسلامت بێتە ناو مێشک.

بە پێی هەندێک سەرچاوەی فەرەنسی وەک وڕاپۆرتی (لەپارتیسیان) وەزیری دەوڵەت بۆ کاروباری ناوخۆ بە ناوی لۆڕەنت نونەز بە دەزگاکانی ڕاگەیاندنی ڕاگەیاند کە حکومەتی فەرەنسا هەستا بە داخستنی ١٣٠ شوێنی خواردنەوەو ١٢ شوێنی خوداپەرستی کە مەبەستیان دیارە مزگەوت بووە (ش ع) و ٣ خوێندنگای ئیسلامی و لەگەڵ ٩ شوێنی تر کە وەک دامەزراوە کاریان کردووەو سەلماوە کە ئەو جۆرە لە  ئیسلامیزمە سەرپەرشتیان دەکات کە برەو بە جیهادو کاری تیرۆریستی دەدا لە فەرەنسادا.

ئەم وەزیرەی دەوڵەتی فەرەنسا بە میدیاکانی فەرەنسای ڕاگەیاند کە “ئێمە شەڕ دەکەین و دەجەنگین لە دژی ئیسلامی سیاسی ڕادیکاڵ واتا تووندڕەو (ش ع). ” ئەو وەزیرە ئەوەشی ئاشکرا کرد کە “ئەو ئیسلامیە سیاسیە ڕادیکاڵانە یاسای خودایان پێ باشترە لە یاسایەک کە فەرەنسیەکان بۆ خزمەتی ئینسان دایان ناوە. ئەوان دەیانەوێت یاسای ئێمە لابەرن و یاسای خۆیان دابنێن. ئەوان دەیانەوێت پێمان بڵێن یاسای خودای ئەوان لە یاسای ئێمە باشترە بۆ ئیسان، بەڵام هەرگیز ئەمە قبوڵ ناکەین.”

هەر لە سەرەتای ئەم ساڵی ٢٠١٩ وە لە مانگی نیساندا سەرۆکی فەرەنسا، ئیمانیوێل ماکڕۆن ڕای گەیاندو بەڵێنیدا کە بەرەنگاری ئیسلامی سیاسی ببێتەوە.

هەر لەو بارەوە شارەزا لە بواری ئیسلام و ئیسلامی سیاسی،  حەکیم کەرۆوی،  کە لە بنەچەدا تونسییە ڕاپۆرتێکی دوورودرێژی دا بە سەرۆکی فەرەنسا دەربارەی ئیسلامی سیاسی.  حەکیم لەو ڕاپۆرتەیدا بۆ سەرۆکی فەرەنسا ڕێکارەکانیشی ئاشکرا کردووە کە چۆن دەتوانرێت ئیسلامی سیاسی پێشی پێبگیرێت لەفەرەنسادا و پێشنیاری ئەوەی بۆ سەرۆک کردووە کە کاری لەسەر بکات.

هەر ئەو شارەزایە لە ئیسلامی سیاسی لە ڕاپۆرتەکەیدا بۆ سەرۆکی فەرەنسا ناوی ئەو دەوڵەتانەشی دیاری کردووە کە پشتی ڕاستەوخۆی ئیسلامی سیاسی ڕادیکاڵن لەفەرەنسادا و لە جیهانیشدا. بۆ نموونە ناوی تورکیاو سعودیەی هێناوە.

جێگەی باسە کە فەرەنسا ژمارەێکی زۆری موسڵمان تێدایەو ئیسلامی سیاسی، بە قەولی خۆیان ڕادیکاڵێش، قورسایی زۆری خۆی هەیە لەنێو موسڵمانانی فەرەنسادا بە گشتی و بە تایبەتیش ئەوانەی کە ئەسڵیان سەر بە مەغریب و جەزائیر و تونسن. هۆیەکەشی وەک باس دەکرێت مێژووی حکومەتی فەرەنسایە لە داگیرکاری بۆ سەر ئەو وڵاتانە.

ئەم بابەتە لە بڵاوکراوەی ئۆکتۆبەری ژمارە ٦٥ی ١ی دیسەمبەری ٢٠١٩دا بڵاوکراوەتەوە

Check Also

سەردانی سودانی بۆ کۆشکی سپی

عوسمانی حاجی مارف هەر لەسەرەتای دانیشتنی بایدن و سودانی، بایدن ڕایگەیاند کە ئەمریکا پابەندە بە …

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *